پەروەردە ‌و فێركردن لەنێوان كەرتی گشتی ‌و تایبەتدا

25 August 2024
پەروەردە ‌و فێركردن لەنێوان كەرتی گشتی ‌و تایبەتدا
پەروەردە ‌و فێركردن لەنێوان كەرتی گشتی ‌و تایبەتدا
پەروەردە ‌و فێركردن لەنێوان دوو نەوەی جیاوازدا
لە ساڵی نوێ‌ خوێندنا سەرجەم مامۆستایان 20كاژێر راهێنان پێدەكرێت ‏


كورتەیەك لە بەرنامەكە

رۆڵی پەروەردە‌و فێركردن لە پێشكەوتی وڵاتدا چییە؟ ئایا پەروەردە‌و ‏فێركردن لەنێو ناوەندە ناحكومیەكاندا جیاوازی هەیە ‌و پێشكەوترە؟ ‏یاخوود دۆخی ئەوانیش باش نییە، ئەم جۆرە پەروەردەی ئێستا هەمانە هیچ ‏جۆرە پێشكەوتنێكمان تێدا دروست دەكات؟ لەم بەرنامەیە بەدواداچوون بۆ ‏وەڵامی ئەو پرسیارانە‌و چەندین پرسیاری دیكەش كرا، مامۆستایەكی ‏بەزموونی بەرنامەكە رای وایە بەم جۆرە بەروەردەی ئێستا هەمانە هیچ ‏گۆڕانكاریەك دروست نابێت. بەرپرسێكی حكومیش لە بواری پەروەردە دان ‏بەوەدا دەنێ‌ كە پەروەردەكەیان پێویستی بە گۆڕانكاریە هەر بۆیە دەستیان ‏بە راهێنان كردوە تاوەكو ئێستاش راهێنانیان بە 600 مامۆستا كردوە ‏تاوەكو لە رێگای ئەو راهێنەرانەوە، تەواوی مامۆستایان لە ساڵی نوێی ‏خوێندن لانی كەم 20كاژێر راهێنان لەسەر چۆنێتی وانە گوتنەوە‌و پەروەردە ‏كردن وەربگرن.‏
ئەم جگەلەوە جەخت لەوەش كرایەوە قوتابخانە ناحكومییەكان جیاوازی ‏چینایەتیان دروست كردوە ‌و قوتابخانە حكومییەكانیش بەدەست چەندین ‏گرفتەوە دەناڵێنن لەنمونەی سێ‌ دەوامی لە یەك قوتابخانەدا.‏


ئەوەی گۆڕاوە، تەختە رەشەكە بووەتە سپی
مامۆستایەكی قوتابخانەی ناحكومی میوان لەبەرنامەكەدا باسی لەوە كرد ‏لەسەردەمی خوێندكاری ئەوەوە بۆ ئێستا یەك شت گۆڕاوە ئەویش ‏تەختەڕەشەكەی قوتابخانەكان گۆڕاوە بۆ سپی رەخنەی ئەوەشی لە ‏مامۆستایان گرت بەوەی دەستیان نییە لە خو نوێ‌ كردنەوە، ئەو كە ‏منداڵەكانی لە قوتابخانەی حكومین ئاماژەی بەوەدا لە قوتابخانەی ‏منداڵەكانیەوە بانگكراوە كە پارە كۆبكەنەوە بۆ كڕینی هەندێ‌ پێداویستی ‏قوتابخانەكە ئەو گوتی "ئەركی دایك ‌و باوكان نییە، لە خوێندنگای حكومی ‏پارە بدەن بۆ كڕینی پێداویستی، تەنانەت قوتابخانە هەیە كارگوزاری نییە، ‏مامۆستاكان لەسەر بودجەی خۆیان كەسێكیان بەكرێ‌ گرتووە".‏
مامۆستایەكی دیكە ئەوەی روونكردەوە كە راستە پلان بۆ گۆڕانكاری هەیە، ‏بەڵام تاوەكو ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە ئەو گوتیشی ‏‏"ئەوەی گرفتە وەزارەتی پەروەردە، بودجە بۆ پڕۆژە گۆڕانكارییەكانی دابین ‏ناكات هەندێ‌ لە پێداویستی قوتابخانەكان كەسانی دەوڵەمەند دابینی ‏دەكەن".‏
مامۆستایەكی دیكە رەخنەی ئەوەی گرت هەندێ‌ یاسا بەسەر قوتابخانە ‏ناحكومییەكاندا جێبەجێ‌ دەكرێت بەسەر حكومییەكاندا ناكرێت بەنمونە ‏لەقوتابخانە ناحكومییەكاندا 200قوتابی دەبێت توێژەرێكی هەبێت، بەڵام ‏لە حكومییەكاندا ئەوە جێبەجێ‌ ناكرێت.‏


‏"قسەی قوتابیەك لە ناخەوە برینداری كردم"‏
‏"خۆزگە مامۆستاكان گەورە دەبوون ‌و لە ئێمە تێدەگەیشتن، خۆزگە لەگەڵ ‏ئەم سەردەمدا خۆیان دەگونجاند‌و زانیارییەكانیان نوێ‌ دەكردەوە" ‏قوتابییەكی نمونەیی ئەو قسەیە بە مامۆستا سەربەست كەریم، بەڕێوەبەری ‏راهێنان ‌و پەرەپێدانی ‏پەروەردەیی لە ‏سلێمانی دەڵێت، مامۆستا سەربەست ‏دوای گێڕانەوە ئەو قسەیە گوتیشی "قسەی ئەو قوتابیە لە ناخەوە برینداری ‏كردم". ئەو بەرپرسەی پەروەردە دان بەوەشدا دەنێ‌ كە شێوازی ‏وانەگوتنەوە لە كوردستاندا نەریتییە ‌و پێویستی بە گۆڕانكارییە ئەو ‏گوتیشی "ئەبێت دیدیی ئێمە بۆ پەروەردە بگۆڕێت".‏
مامۆستا سەریەست ئەوەش ناشارێتەوە كە ئێستا بۆشاییەكی گەورە لەنێوان ‏خوێندكار ‌و مامۆستایاندا هەیە، بەكردنەوەی چەندەها دەورە بۆ مامۆستایان ‏هەوڵدەدەن ئەو بۆشاییە نەهێڵن.‏
‏ ‏
سەربەست كەریم ئەوەشی خستەڕوو یەكێك لە ئامانجەكانیان ئەوەیە ‏لەجیاتی مامۆستا خوێندكار بكەنە سەنتەر ‌و مامۆستاش بكەنە هاریكار ‌و ‏رێبەر ‌و گوتیشی "ئەگەر مامۆستایانی ئێمە خۆیان نوێ‌ نەكەنەوە كێشەی ‏گەورە لە ناوەندەكانی خوێندن دروست دەبێت". ‏

ئەبێت لە ساڵی نوێی خوێندن مامۆستایان ئەم خولە ببینن
بەڕێوەبەری راهێنان ‌و پەرەپێدانی ‏پەروەردەیی لە ‏سلێمانی ئەوەش ‏دەخاتەڕوو بۆ ئەمساڵی خوێندن لە سلێمانیدا 176راهێنەریان هەیە هەر ‏یەكەشیان 10قوتابخانەی لەلا دەبێت بۆ راهێنانی مامۆستایان "لە ساڵی ‏خوێندنی 2024 بۆ 2025 سەرجەم  مامۆستایانمان دەبێت 20كاژێر ‏راهێنان وەربگرن، ئەگەر ئەو راهێنانەی بە مامۆستایان دەكرێت بەردەوام ‏بێت ئەوە سەرەتایەكە بۆ گۆڕانكاری گەورە".‏
سەربەست كەریم رەخنەی ئەوەش لە قوتابخانە ناحكومییەكان دەگرێت ‌و ‏بۆچوونی وایە جیاوازی چینایەتیان دروست كردوە ئەو گوتیشی "بە چ ‏لێكۆڵینەوەیەك خوێندن لە قوتابخانە ناحكومییەكان باشترە لە ‏حكومییەكان؟ بەراستی لە هەندێ‌ قوتابخانەی ناحكومی لەسەر حسابی ‏خۆش ژیانی قوتابی كۆمەلێك شتی دیكە لەبیر كراوە". مامۆستا سەربەست ‏ئەوەش ناشارێتەوە كە بەبێ‌ دابینكردنی پێداویستییەكانی خوێندن ‌و ‏پێداویستییەكانی مامۆستا پەروەردەیەكی باشمان نابێت ئەو بەرپرسەی ‏پەروەردە ئەو راستییە ناشارێتەوە كە خوێندكارانی ئەم سەردەمە بەهۆی ‏ئەوە زمانی دیكە دەزانن دنیا بینیان فراوانترە لە قوتابیانی رابردوو

‏6874بینای قوتابخانە هەیە چەندی سێ‌ دەوامییە؟
هەرێم جەمال كە میوانێكی دیكەی بەرنامەك بوو گومان دەكات بەهۆی دۆخی ‏سیاسی كوردستانەوە، پلانی وەزارەتی پەوەردە وەكو خۆی جێبەجێ‌ ‏بكرێت، ئەو ئاڕاستەی قسەكانی بەرگری كردن بوو لە سیاسەتی ئێستا ‏وەزارەتی پەروەردە ‌و باسی لەوە كرد لە هەرێمی كوردستاندا 1ملیۆن ‏‌و906هەزار‌و 144 قوتابیی هەیە هەر ئەمساڵیش 141هەزار ‌و ‏‏176قوتابی چووەتە قۆناخی یەكی خوێندن ئەو گوتی "ئیدارەدانی ئەو ‏هەموو قوتابییە پێویستی بە ئابووریەكی بەهێز هەیە، هەر كابینەی نۆ دا ‏زیاد لە 100ملیار دینار بۆ پێداویستییەكانی پەروەردە خەرج كراوە، هەر ‏ساڵی رابردوو 58هەزار رەحلە بۆ دانیشتنی قوتابی كڕدراوە زیاد لە ‏‏126قوتابخانەی نوێ‌ دروستكراوە بەوهۆیەوە قوتابخانەی سێ‌ دەوامی زۆر ‏كەمكراوەتەوە، لە هەرێمی كوردستاندا 6874بینای قوتابخانە هەیە، بڕوا ‏ناكەم 74یان سێ‌ دەوامییان تێدا بێت".‏

گیسكەكەی هەیاسی خاس ‏
هەرێم جەمال ئەوەش ناشارێتەوە كە بەردەوام گرفتی جۆراوجۆر بۆ ‏مامۆستایان دروست دەكرێت ئەو گوتی "وەك گیسكەكەی هەیاسی خاس مان ‏لێدەكەن، سێ‌ مانگ باشمان دەكەن ‌و چوار مانگ خراپ، لەگەڵ رێزمدا ‏دۆخی مامۆستا بەو جۆرەیە". ئەو مامۆستایە دژی ئەوانەش كە پێیان وایە ‏كورد لە باشووری كوردستان 32ساڵە حكومڕانی خۆی دەكات ئەو دەڵێت ‏‏"لە 2005 وە بەكرداری دەسەڵات ‌و بودجەمان هەبووە". ئەو بۆچوونیشی ‏وایە ئەبێت واقع لەگەڵ قسەی بریقەدار لێكجیابكرێتەوە ‌و راستییەكانیش بە ‏بەڵگەوە بخرێنە روو ئەو گوتی "لە هەرێمی كوردستاندا6874 ناوەندی ‏خوێندنی حكومیمان هەیە لە بەرامبەر ئەوەدا 577ناوەندی خوێندنی ‏ناحكومیمان هەیە واتە رێژەی قوتابخانەی ناحكوومی هەر زۆر كەمترە لە ‏حكومی لەگەڵ ئەوەشدا بە زۆری یەكەمەكانی كوردستان لە قوتابخانە ‏حكومییەكاندان".‏


‏"پێش زانست مرۆڤبوون پێویستە"‏
جیهاد محەممەد، كە وەك سەرپەرشتیاری تیمی پەروەردەی ‏سەردەم ‏لەبەرنامەكەدا بەشداربوون بۆچوونی وایە قسەكانی مامۆستا هەرێم واقعی ‏نین، بەڵكو بەرگرین لە سیاسەتی وەزارەتی پەروەردە ئەو گوتی "خودی ‏وەزیری پەروەردە رەخنەی لە سیستەمی پەروەردە هەیە بۆیە قسەكانی ‏مامۆستا هەرێم واقعی نین". ئەو رەخنەی ئەوەش دەگرێت ناكرێت لە ‏‏120هەزار مامۆستا تەنیا 600مامۆستا راهێنان وەربگرن لە كاتێكدا ‏تاوەكو ئێستاش پەروەردە كەی ئێمە پەروەردەیەكی تەقلیدییە نەك ‏پێشكەوتووخوازو دیموكرات بەبۆچوونی مامۆستا جیهاد بەردەوام هەوڵ ‏هەبووە كە فلسەفەی پەروەردەی هەبێت، بەڵام جێبەجێ‌ نەكراوە مامۆستا ‏جیهاد محەممەد ئاماژەبەوەشدەدا لە فەلسەفەی پەروەردەی نوێدا هیچ ‏منداڵێك نییە تەمبەڵ بێت، "بەڵام لە كوردستان تاوەكوئێستاش جیاوازی ‏دەكرێت لەنێوان منداڵی تەمبەڵ ‌و زیرەك". ئەو كە خۆی بە خەمخۆرێكی ‏بواری پەروەردە دەزانێ‌ جەختلەوە دەكاتەوە  كە دەبێت مووچە‌و ‏پێداویستییەكانی دیكەی مامۆستایان بەباشی دابین بكرێت ‌و دەشڵێت "ئێمە ‏كە باسی پێشكەوتوو پڕۆسەی پەروەردە دەكەین لە هەندێ‌ وڵاتی ئەورووپی ‏ئەبێت ئەوە روونبێت كە ژیانی مامۆستایانیان لە زۆر بواردا باش كراوە هەر ‏بۆ نموونە لە نەرویج مووچەی مامۆستا زۆر بەرزە، ئەگەر دوو هاوژین ‏هەردووكیان مامۆستا بن بەناچاری مووچەكەیان دادەبەزێنرێ‌".‏
ئەو مامۆستایە كە بیست ساڵی تەمەنی لە ئەوروپا بەسەربردوە ئەوە ‏ناشرێتەوە كە خوێندنی ئێمە پسپۆڕ دروست دەكات، بەڵام مرۆڤ بوونی تێدا ‏دروست ناكات بەنمونەش دەڵێت "بەشێك لە دادوەر‌و پزیشكەكانی ‏سەردەمی بەعس كە بەهۆیانەوە منداڵ گەورە دەكرا ‌و سزای لە سێدارە ‏دەدرا خۆ هەموویان پسپۆڕبوون‌و شارەزایی باشی یاساكانیش بوون، بەڵام ‏مرۆڤبوونیان تێدا نەبوو بۆیە پێش پێدانی زانست دەبێت مرۆڤ بوون لە ‏نەوەكانماندا دروست بكەین".‏


ئەبێت شوان ‌و گاوانەكانیش بەشداربن
دووری خێزانەكان لە پڕۆسەی پەروەردە گرفتێكی دیكەیە بەبڕوا ‏سەرپەرشتیاری تیمی پەروەردەی ‏سەردەم ئەبێت خێزان بەردەوام ‏پەیوەندی هەبێت لەگەڵ ناوەندەكانی خوێندن ئەو دەڵێت "ئەبێت شوان ‌و ‏گاوانەكانیش بەشداری لە پڕۆسەی پەروەردە بكەن، نەك بەتەنیا ‏مامۆستایان".‏
بەبڕوای جیهاد محەممەد بەیەك هەفتە‌و یەك مامۆستا ناكرێت راهێنان بە ‏‏600مامۆستا بكرێت ئەو گوتی "دەبوو جگەلە مامۆستا فایەق كۆمەڵێك ‏پسپۆڕی پەروەردەیی رهێنانیان بە مامۆستایان بكردایە دەبوو مامۆستایانی ‏راهێنەر مامۆستای دەروونناسیشیان هەبوایە". جیهاد محەممەد جەختلەوە ‏دەكاتەوە ئەم جۆرە پەروەردەی ئێستا هەیە هیچ جۆرە پێشكەوتنێكمان ‏تێدا دروست ناكەت ئەو دەڵێت "هەرچی توند‌وتیژی لەم وڵاتەدا هەیە ‏سەرچاوەكەی پەروەردەیەكی خراپە".‏
ئەو لەگەڵ ئەوەش نییە كە منداڵ لە ماڵەوە بخرێتە ژێر فشارێكی زۆر هەموو ‏كۆششەكەی لە ماڵەوە بكات هەروەك دەڵێت "ئەبێت منداڵ نیوكاژێر ئەركی ‏ماڵەوەی هەبێت نەك زیاتر".‏


‏"لێدان نەماوە، بەڵام توند‌وتیژی هەرهەیە"‏
د.شەماڵ لەتیف، مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی ‌و پسپۆڕی كۆمەڵناسی ‌و ‏پەروەردە ‌و ‏كلتور باس لەوە دەكات كە راستە لێدانی راستەوخۆ لە ‏قوتابخانەكاندا  نەماوە، بەڵام هێشتا توند‌وتیژی رەمزی هەیە ‌و گوتی ‏‏"توند‌وتیژی رەمزی كەمتر نییە لە توند‌وتیژی جەستەیی". بەبڕوای ئەو ‏مامۆستایەی زانكۆ لەم سەردەمەدا پێناسەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ‏پەروەردە گۆڕاوە ئەوەیش ئەوەیە كە دەبێت پەروەردە گۆڕانكاری دروست ‏بكات ئەو گوتیشی "ئەبێت پڕۆژەی پەروەردەیی سەرپێبخەین ‌و واز ‏لەسیستەم بهێنین، هەرچەندە بۆ دۆخی پەروەردەی هەرێمی كوردستان ‏وشەی سیستەم زۆر تەواوە". د.شەماڵ لەتیف ئەوەش ناشارێتەوە كە  ‏قەرەباڵخی قوتابخانەكان ‌و بوونی قوتابخانەی سێ دەوامی و دوو دەوامی كە ‏هێشتا ماوە گرفتی گەورەی دروست كردوە ‌و گوتی "بەنمونە لە قوتابخانەی ‏كانی بەردینەی شاری سلێمانی نزیكەی هەزار قوتابی هەیە بەشێكی بینای ‏قوتابخانەكە تاوەكوئێستاش كابینەیە". ‏
نائازادبوونی قوتابی لەنێو پۆلدا بەبڕوای د.شەماڵ لەتیف یەكێكی دیكەیە لە ‏گرفتەكان ئەو دەڵێت "لە سیستەمی نوێدا ئەبێت جەستەی قوتابی لەنێو ‏پۆلدا ئازاد بێت، بەڵام لە زۆربەی قوتابخانەكانی ئێمە جەستەی قوتابی ئازاد ‏نییە". مامۆستاكەی زانكۆی سلێمانی رەخنەی ئەوەشی هەیە كە دواین شت ‏كە لە هەرێمی كوردستاندا بیری لێدەكرێتەوە پرۆسەی پەروەردەیە. ‏
لەرابردوو زۆر باس لە هێنانی سیستەمی سویدی كرا بۆ كوردستان د.شەماڵ ‏لەتیف جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەو جۆرە سیستەمە لە كوردستاندا هیچی ‏لێ‌ سەوز نەبوو.‏

‏"جگەلە وەزارەت ئەبێت لیژنەیەكی باڵا بۆ پەروەردە هەبێت"‏
بەبۆچوونی د.شەماڵ لەتیف، دارشتنی سیاسەت ‌و فەلسەفەی پەروەردەیی ‏لە هەرێمی كوردستان نابێت بەتەنیا بە وەزارەتێك بسپێدرێ‌ ئەو دەڵێت ‏‏"ئەبێت لیژنەیەكی شارەزا هەبێت لەسەرووی وەزارەتی پەروەردە، ئەوان ‏فەلسەفەی پەروەردە دابڕێژن". ئەو مامۆستایە زانكۆ هێشتا بەداخە بۆ ‏ئەوەی لە داڕشتنی پڕۆژە یاسای پەروەردە مامۆستا‌و قوتابیان دەستیان ‏نەبوو لە كاتێكدا یاساكە بەسەر ئەواندا جێبەجێ‌ دەكرێت.‏
د.شەماڵ لەتیف مامۆستایانیش بەدەرناكات لە كێشەكە‌و بۆچوونی وایە : ‏خودی مامۆستا لە پڕۆسەی پەروەردەدا بەشێكە لە گرفتەكە ئەو گوتی ‏‏"بەشێك لە مامۆستایان هەر ئەوەندە فێری قوتابی دەكەن كە لە ‏پڕۆگرامەكاندا هەیە، هیچ خۆیان كات بۆ خۆپێگەیاندنیان تەرخان ناكەن".‏
هەر لەبەرنامەكەدا ئەحمەد رەسوڵ كە وەك مامۆستایەكی راهێنەر ‏ ‏بەشداربوو ئاماژەبەوەدا، كێشەكانی كۆمەڵگا بەهەمان بڕ ‌و شێوە لە نێو ‏سیستەمی پەروەردەشدا هەیە "بۆیە بۆ گۆڕانكاری لە كۆمەڵگادا دەبێت لە ‏پەروەردەوە دەستپێبكەین". ئەو راهێنەرە روونیشكردەوە ئامانج لە ‏پڕۆسەی خوێندنی كوردستان ناڕوونە "هەر ئەوەندە دەزانین بۆ ‏بەدەستهێنانی بڕوا نامەیەك دەخوێنین، لە ئامانجە قوڵ ‌و فراوانەكەی ‏تێنەگەیشتووین".‏


ئەم بەرنامەیە شەوی 25-08-2024 پێشكەشكرا ‌و میوانە ‏سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە
‏- سەربەست كەریم، بەڕێوەبەری راهێنان ‌و پەرەپێدانی ‏پەروەردەیی لە ‏‏سلێمانی ‏
‏- ئەحمەد رەسوڵ، مامۆستای راهێنەر ‏‏
‏ - جیهاد محەممەد، سەرپەرشتیاری تیمی پەروەردەی ‏سەردەم  ‏‏
‏- د.شەماڵ لەتیف، پسپۆڕی كۆمەڵناسی ‌و پەروەردە ‌و ‏كلتور ‏‏
‏- هەرێم جەمال، نوێنەری قوتابخانە و پەیمانگە ‏ناحكومیەكان لە ‏‏پەروەردەیی سلێمانی ‏