"50% بەربژێرە نوێیەكانی پەرلەمان هیچ بڕوانامەیەكیان ‏نییە"‏

23 June 2024
"50% بەربژێرە نوێیەكانی پەرلەمان هیچ بڕوانامەیەكیان ‏نییە"‏
‏حیزبەكان چ جۆرە كەسانێك دەنێرنە پەرلەمان؟
‏"50% بەربژێرە نوێیەكانی پەرلەمان هیچ بڕوانامەیەكیان ‏نییە"‏


لە 406 یاسای پەرلەمان 25 جێبەجێ‌ كراوە ‏

‏"10 ساڵە، پەرلەمان نەیتوانیوە وەها لە حكومەت بكات لە ساڵێكدا ‏‏12مانگ بەبێ‌ گرفت مووچە بدات". قوتابییەكی زانكۆی لوبنانی فەرەنسی ‏لە بەشێكی ئەم بەرنامەیەدا  لەسەر رۆڵی پەرلەمان ‌و پەرلەمانتار وەهای ‏گووت. نێوەڕۆكی بەرنامەكە لەسەر رۆڵی پەرلەمان ‌و لێهاتوویی ئەو كەسانە ‏بوو كە دەبنە پەرلەمانتار ‌و دەبنە نوێنەری خەڵكی ‌و جگەلە یاسادانان ‌و ‏پەسەند كردنی بودجەی ساڵانە چاودێری كارەكانی حكومەتی هەرێمی ‏كوردستانیش دەكەن. ‏
د.سەروەر عەبدولڕەحمان سەرۆكی دامەزراوەی ‏پەی ‏بۆ ‏پەروەردەو ‏‏گەشەپێدان، كە بەشێك لە كارەكانیان چاودێریكردنی كارەكانی پەرلەمانی ‏كوردستانە ئاشكرای دەكات "بەدرێژی ساڵانی كاركردنی پەرلەمانی ‏كوردستان406 یاسا دەركردوە، بەڵام نزیكەی 25یاسایان وەك خۆی ‏جێبەجێ‌ كراوە ‌و 136یاساش هەڵوەشاونەتەوە یان كاریان پێناكرێت". ‏د.سەروەر عەبدولڕەحمان گوتیشی "20یاسای پەرلەمان هەر نەچونەتە ‏بواری جێبەجێ‌ كردنەوە". سەرۆكی ئەو رێكخراوەی چاودێری پەرلەمانی ‏كوردستان ئەوەش دەخاتەڕوو بە درێژایی كاركردنی پەرلەمانی كوردستان ‏‏277یاسا پێشل كراون یان وەكو پێویست جێبەجێ‌ نەكراون ‌و ئەو گوتیشی ‏‏"ئەوەندەی بەدواداچوونمان كردوە 25یاسای پەرلەمان وەك خۆیان ‏جێبەجێ‌ كراون".‏

خولەكانی پەرلەمان كامیان باشتر بووە؟
‏"لە كوردستان ئەزموونی دواخستنی هەڵبژاردن دەوڵەمەندترە لە ئەنجامدانی ‏هەڵبژاردن". د.سەروەر عەبدولڕەحمان بەو جۆرە پێناسەی ئەزموونی ‏هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات ‌و دەشڵێت "خولی یەكەمی ‏پەرلەمانی كوردستان 12ساڵی خایاندوە، بەشێك لە خولەكانی دیكەش ‏بەهەمان شێوە ماوەیان درێژكراوەتەوە، دەبوو تاوەكوئێستا نۆ خولی ‏پەرلەمان هەڵبژارنی بۆ بكرایە، كەچی هێشتا نازانین كەی هەڵبژاردنی خولی ‏شەشەم دەكرێت؟".  دامەزراوەكەی د.سەروەر عەبدولڕەحمان لە ماوەی ‏‏10ساڵی رابردوو 30 راپۆرتیان لەسەر كارەكانی پەرلەمانی كوردستان ‏بڵاوكردۆتەوە. سەبارەت بە خولەكانی پەرلەمانی كوردستانیش ئەو سەرۆك ‏رێكخراوە ئەوە دەخاتەڕوو لە رووی یاسادانانەوە خولی دوومی پەرلەمانی ‏كوردستان سەركەوتووترین خول بووە ‌و خولی سێیەمی پەرلەمانیش ‏چالاكترین خول بووە".‏
د.سەروەر عەبدولڕەحمان كە خۆی پێشتر پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی ‏بووە لە پەرلەمانی كوردستان، بەداخیشە بۆ ئەوەی تاوەكو ئێستا ‏پەرلەمانی كوردستان هەشت جار تەمەنی خۆی درێژكردۆتەوە ‌و دەشڵێت ‏‏"سەرباری هەموو ئەو كێشانە ئەوە ماوەی ساڵ ‌و نیوێكە هەرێمی كوردستان ‏لە بۆشایی یاسایدایە ئەوەش كارێكی ئێجگار خراپە". ‏
بەبڕوا د.سەروەر، لە هەرێمی كوردستاندا رۆڵی پەرلەمان لە ئەركەوە بۆ ‏‏(ئیمتیاز ) گۆڕدراوە ‌و رۆژە رەشەكانی پەرلەمانی كوردستانیش لە شەڕی ‏ناوخۆوە هەنگاو بەهەنگاوە دەستیپێكروە "هەر ئەوەش كوالێتی پەرلەمانی ‏ساڵ لەدوای ساڵ بەروو دابەزین بردوە".‏
یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی پەرلەمان پەسەندكردنی یاسای بودجەیە، ‏بەڵام پەرلەمانی كوردستان ماوەی 10 ساڵە یاسای بودجەی پەسەند ‏نەكردوە "ئەوەش بەكەم‌وكوڕییەكی گەورەی پەرلەمانی كوردستان هەژمار ‏دەكرێت".‏

لە تەلەفزیۆنەوە دەستلەكاركێشانەوەكەی خۆی بینیوە ‏
ئەزموونێك كە بەشێك لە حیزبەكانی هەرێمی كوردستان تاقییانكردۆتەوە ‏ئەوەیە، كەسی بەربژێر پێش هەر كارێك نوسراوێكی دەستلەكاركێشانەوەی ‏پێ‌ واژۆ دەكرێت ‌و دواتر ئەگەر ئەو كەسە چووە پەرلەمان ‌و بەهەر هۆكارێك ‏سەرپێچی بڕیارەكانی حیزب بكات ئەوا راستەوخۆ بەبێ‌ ئاگاداری ‌و ویستی ‏خۆی دەستلەكاركێشانەوەكەی دەنێرنە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەش ‏د.سەروەر عەبدولڕەحمان نموونە لەسەر خۆی ‌و بەربژێرەكانی یەكێتی ‏دەهێنێتەوە كە ئەو نوسراوەیان پێ‌ واژۆ كراوە "لە 2013 ئەوە بەسەر ‏زۆرینە بەربژێرەكاندا سەپێنرا بەر لە هەڵبژاردن دەستلەكاركێشانەوەیان پی ‏واژۆ كرا، فەرهاد سەنگاوی یەكێكە لە قوربانییەكانی ئەو كارە لە ‏تەلەفیزیۆنەوە دەستلەكاركێشانەوەكەی خۆی بینیبوو". هەرچەند مێژووی ‏كاری پەرلەمانتاری لە هەرێمی كوردستان بەراوورد بە عێراقی دوای ساڵی ‏‏2003 زیاترە، بەڵام د.سەروەر عەبدولڕەحمان ‌و زۆر كەسانی دیكەش، ‏بۆچوونیان وایە لە رووی یاسادانانەوە پەرلەمانی عێراق چالاكترە لە ‏پەرلەمانی كوردستان.‏

لە قەیتانی پۆستەڵەوە تاوەكو ئێف شانزە
بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان جگەلە پارتی بەربژێری هەموو ‏حیزبەكان نێدرایە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، بەپێی ئەو لیستی لە كۆمسیۆنەوە ‏دەست دامەزراوەی پەی كەوتووە "لە 856كاندیدی حیزبەكان جگەلە ‏پارتی، 50% یان هیچ بڕوانامەیەكیان نەبوو تەنیا نوسیویانە دەزانن ‏بخوێنەوە‌و بنوسن".د.سەروەر عەبدوەلڕەحمان ئەوەش دەخاتەڕوو "ئەو ‏جۆرە كاندیدانە دەچنە پەرلەمان بۆیە حاڵی پەرلەمان بەوجۆرەیە، ‏پەرلەمانتار هەبووە لە ساڵێكدا وشەیەكی نەگوتووە، بەداخەوە پەرلەمانتار ‏هەبووە زۆر ناچالاك بووە، بەڵام جارێكی دیكە دەرچۆتەوە". ‏
بەڵێنەكانی بەربژێر لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن زۆرجار هەموو سنوورەكان ‏تێدەپەڕێنێ‌ لەوبارەیەوە د.سەروەر دەڵێت "كاتی خۆی بەربژێرێك بە ‏كۆمەڵێك پێشمەرگەی دەگوتبوو بەڵێنتان پێدەدەم لە قەیتانی پۆستەڵەوە ‏بۆتان دابین بكەم تاوەكو ئێف شانزە"‏
د.سەروەر باس لەوەش دەكات، هەندێ‌ پەرلەمانتار بەجۆرێك كار دەكەن ‏ئاگایان لەو بەڵێنانە نامێنێ‌ كە پێش دەرچوونیان داویانە بە نموونەش ‏دەڵێت "ئەوانەی بەڵێنی گەڕانەوەی مووچە فەوتاوەكانیان دا كە خۆیان ‏چوونە پەرلەمان نەك مووچە فەوتاوەكانیان نەگەڕاندەوە، بەڵكو خۆیان ‏هەشت مانگ بە نایاسایی مووچەیان لە پەرلەمان وەرگرت".‏
گرفتێكی دیكەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە هەموو پسپۆڕە جیاوازەكانی ‏تێدا نییە بەنموونە "لە خولی پێنجدا پسپۆڕانی كشتوكاڵ ‌و ئەندازیار ‌و دارایی ‏بوونیان نەبوو، هەر لەو خولەدا 28دەرچووی یاسای تێدا بوو، كەچی ‏زۆرترین پێشلكاری یاسایی كرا".‏

پەرلەمانتارێكی پێشووی پارتی: نەدەبوو لە پەرلەمان ئەو ‏هەڵەیە بكەین
‏د. عومەر نوورەدینی، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی ‏كوردستان، ‏كەئێستا ‏مامۆستای زانكۆی لوبنانی فەرەنسییە، دان بەوەدا دەنێ‌ لە خولی ‏سێیەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵەیەكیان كردوە تاوەكوئێستاش كاریگەری ‏ئەو هەڵەیە رەنگدانەوەی لەسەر كارەكانی پەرلەمانی كوردستان هەیە ‌و ‏دەشڵێت "هەڵەیەك كە لە خولی سێیەم كردمان ئەوەبوو لیستی داخراومان ‏گۆڕی بۆ لیستی كراوە، بەڕاستی نەدەبوو ئەو هەڵەیە بكەین".‏
بە ئەندازەی میوانەكانی دیكەی ئەم بەرنامەیە د. عومەر نوورەدینی بۆ ‏كارەكانی پەرلەمان رەشبین نییە ‌و بۆچوونی وایە پەرلەمانی كوردستان هەر ‏لەسەرەتاوە بە دەركردنی كۆمەڵێك یاسا بناخەی سیستەمێكی سیاسی ‏باشی داڕشتووە، ئەو باس لەو مەترسیانەش دەكات كە لەسەر پەرلەمانی ‏كوردستان بەبەردەوامی هەیە ‌و گوتی "لەگەڵ لەدایك بوونی پەرلەمانی ‏كوردستان وڵاتانی هەرێمی، شەش مانگ جارێك بۆ لەنێوبردنی ‏كۆدەبونەوە".‏
د. عومەر نوورەدینی ئەوەش دەخاتەڕوو  لە پەیڕەوی ناوخۆی هیچ حیزبێكی ‏كوردستاندا باسی ئەوە نەكراوە پرسی كاندیدبوون بۆ پەرلەمان چۆنە؟ یان ‏چ جۆرە كەسێك دەبێتە بەربژێری حیزب بۆ پەرلەمان. نوورەدینی ئەوە ‏بەپێویستییەكی سەردەمەكە دەزانێ‌ ‌و داواكارە حیزبەكان بۆ لەمەودوا بیر ‏لەو كارە بكەنەوە. سەبارەت بە بەڵێنەكانی پێش هەڵبژاردنیش دەڵێت ‏‏"نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت، لە هیچ شوێنێكی دنیادا بەڵێنی پەرلەمانتاران ‏هەمووی جێبەجێ‌ ناكرێت".‏
بەبڕوای د. عومەر  لەم سەردەمەدا كاریگەری سوشیالمیدیا لەسەر پەرلەمان ‏‌و حیزبەكان زیاتر بووە ‌و دەشڵێت "رێنمایی بۆ كادرانی پارتی هەیە كە ‏نابێت حیزبەكەیان حیزبی فەیسبووك بێت، دیارە ئەمە جیاوازە لەوەی تۆ ‏بتەوێ‌  بۆ كارەكانت سوود لە سۆشیالمیدیا وەربگریت".‏

‏"ئۆپۆزسیۆن نەبوون، بەڵكو رەوتێكی پۆپۆلستی بوون"‏
د. عومەر نوورەدینی لەو بڕوایەدایە، هیچ سیستەمێكی سیاسی بەبێ‌ بوونی ‏ئۆپۆزسیۆن، بوونێكی كامڵی نابێت، ئەو وەك خۆی باسی دەكات  لە 2003 ‏دا رەخنەی ئەوەی گرتووە كە كەم‌وكوڕییەكی پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە ‏كە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی نییە، لەگەڵ دروستیبوونی بزووتنەوەی گۆڕان ‌و ‏ئامادەبوونیان لە پەرلەمان وەك دەنگێكی جیاواز ‌و خاوەنی نزیكەی 25 ‏كورسی پەرلەمان، وەها لێكدرایەوە كە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی دروست ‏بووە، بەڵام د. عومەر نوورەدینی هەرگیز وەها نابینیوە ‌و دەڵێت "ئەوەی لە ‏كوردستان هەبوو ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی نەبوو، بەڵكو بزووتنەوەیەكی ‏پۆپۆلستی بوو، چونكە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی هەرگیز باسی ئەوە ناكات ‏بڵێ‌ دەبێت دەسەڵات بڕوخێ‌، بەڵكو كار دەكات بۆ ئەوەی بە خەباتی ‏مەدەنی بچێتە دەسەڵات".‏
گلەییەك كە د. عومەر نوورەدینی لە پەرلەمانی كوردستانی هەیەتی، ئەوەیە ‏كە پەرلەمان نەیتوانیوە پرسی دەستوور یەكلایی بكاتەوە ئەو دەڵێت ‏‏"نەبوونی دەستوور هۆكارێكە بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا، ‏كاتی خۆی زۆر هەوڵدرا دەستوورێك هەبێت، بەڵام بەداخەوە نەكرا، ‏بەبۆچوونی من بوونی دەستووری خراپ لە نەبوونی دەستوور باشترە".‏


فارووق رەفیق: من مەڕی رەشم‏
لەكاتی قسەكانی ئەو دوو پەرلەمانتارەی پێشووی كوردستان (د.سەروەر ‌و ‏د.عومەر) فارووق رەفیق، كە وەك نوسەر‌و توێژەرێك لە بەرنامەكەدا ‏بەشداربوو تەواو بێ‌ دەنگ بوو، دوای قسەكانی ئەو دوو میوانە فارووق رەفیق ‏باسی لەوە كرد هەرگیز نەیتوانیوە لەبەرنامەدا بۆ ماوەیەكی درێژ بەبێ‌ ‏دەنگی بمێنێتەوە، بەڵام قسەكانی ئەو دوو پەرلەمانتارەی پێشووی ‏كوردستان بۆ ئەو جێگای سەرنج بووە ئەو گوتیشی "لە ئینگلیزیدا بە كەسی ‏یاخی دەڵێن مەڕی رەش، بۆیە من مەڕی رەشم، هەمیشە یاخیم لەو شتانەی ‏دەبنە جێ‌ سەرنجم". ‏
فارووق رەفیق، جەخت لەوە دەكاتەوە پەرلەمان شوێنێكە بۆ گفتوگۆ‌و ‏قسەكردن "پێم سەیرە كەسێك لەوێ‌ بێت ‌و قسە نەكات". فارووق رەفیق ‏سەرەنجی لەسەر ئەوانەش هەیە كە قسەیان زۆر كردوە "ئەوانەش كە لە ‏پەرلەماندا قسەی زۆریان كردوە دەبێت بزانین چیان گوتووە؟ چونكە هەبووە ‏قسەی زۆر كردوە، بەڵام پڕۆژەیەكی پێنەبووە". بەبڕوای ئەو نوسەر‌و ‏توێژەرە "پەرلەمانی كوردستان زۆر لەوە وێرانترە كە پێشبینی دەكرێت".‏

لە بێئیشیدا ناردویانەتە پەرلەمان ‏
ئەو توێژەری كورد جەخت لەوە دەكاتەوە  هەندێ‌ كەس لە بێكاریدا ‏حیزبەكان دەیانێرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی كارێكیان بۆ بدۆزنەوە، نەك بۆ ‏پرسێكی گرنگی وەك نوێنەرایەتیكردنی گەل "هەتاوەكو باسی بردەرێكیان ‏كرد كە ببوە پەرلەمانتار دەواتر پێیان گوتبوو بابچێتەوە سەر ئیشەكەی ‏پێشووی، نەیانزانیبوو ئەو برادەرە پێشتر ئیشی هەر نەبووە تاوەكو بچێتەوە ‏سەری". فارووق رەفیق ئەوەش دەخاتەڕوو پەرلەمان لە ئاست زۆر پرسی ‏گرنگ  بێدەنگی هەڵبژاردەوە ‌و دەڵێت "هۆی چییە پەرلەمان بێدەنگە ‏بەرامبەر ئەو سوكایەتییەی بە بەشێك لە نوسەران ‌و توێژەران دەكرێت؟ من ‏زانیاریم هەیە پارە لە وڵاتانی دراوسێ‌ رژاوە بۆ شكاندنی هەندێ‌ نوسەر‌و ‏توێژەری كورد، كەچی پەرلەمان لە ئاستی ئەو پرسە‌و زۆر پرسی دیكەش ‏بێدەنگە".‏
فارووق رەفیق رەخنەی لە بەشێك لە نوسەر‌و توێژەرانیش هەیە ‌و دەڵێت ‏‏"كۆمەڵێك رۆشنبیر هەیە دەڵێن سیاسەت واتە درۆ‌و دەلەسە، بەبڕوای من  لە ‏هەرێمی كوردستان كێشەیەكی گەورەمان هەیە ئەویش ئەوەیە پەروەردەی ‏مەدەنیمان نییە بۆیە لە زۆربەی بوارەكان گرفتمان هەیە".‏
بەڵێنە گەورەكانی بەربژێری حیزبەكان لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن فارووق ‏رەفیق یشی نیگەران كردوە ‌و دەڵێت "هەندێ‌ بەربژێر بەڵێنی وەها دەدەن ‏دەڵێی كە دەرچوون كەون بەڕێوە دەبەن هێندە بەڵێنەكانیان گەورەیە". ‏
رەخنەكانی ئەو نوسەری كورد هەر لە حیزبەكانی دەسەڵات نییە، بەڵكو لەو ‏حیزبانەش كە لە بەرەیی ئۆپۆزسیۆنن "من رەخنەی قوڵم لە ئۆپۆزسیۆنی ‏ئەم وڵاتە هەیە، ئۆپۆزسیۆن دەبێت بیركردن‌و رووئیایەكی نوێ‌ هەبێت، نەك ‏بڵێ‌ باوەڕم بە كتێب نییە".‏

ئەم بەرنامەیە شەوی 23-06-2024 پێشكەش كرا‌و میوانە ‏سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە ‏
‏- فارووق رەفیق، نوسەر‌و توێژەر ‏
‏- د. عومەر نوورەدینی، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی ‏كوردستان و ‏‏مامۆستای زانكۆ ‏
‏‏‏- د.سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی دامەزراوەی ‏پەی ‏بۆ ‏پەروەردەو ‏‏گەشەپێدان ‏