لەگەڵ رەنج - دۆخی منداڵانی ئۆتیزم لە دهۆك

20 August 2023
لەگەڵ رەنج - دۆخی منداڵانی ئۆتیزم لە دهۆك
‏"نازانین چی لەم جەرگانەی ‏خۆمان بكەین"‏
دۆخی منداڵانی ئۆتیزم لە دهۆك


كەس هەیە ئەم هاوارە وەك خۆی ببیسـتێ‌؟ ‏

‏"ئازار نانوسرێتەوە، كەس هەیە ئەم هاوارە وەك خۆی ببیسـتێ‌؟ ماڵی ئێمە ‏بەردەوام پڕە لە هاواری منداڵە ئۆتیزمەكەم، موعاناتی ئێمە لە بژاردان نایە، ‏تۆ دەفتەرێك بێنە تاوەكو بەیانی موعاناتی ئێمە بنووسە هەر تەواو نابێت، ‏نازانین چی لەم جەرگانەی خۆمان بكەین! بۆكوێیان بەرین؟ وا كردنەوەی ‏قوتابخانە نزیكبووەتەوە نازانین چی بكەین، دەیابینە قوتابخانە یان وەریان ‏ناگرن یاخوود پێمان دەڵێن دەبێت مامۆستایەكی تایبەتی بۆ بگرن، ئەوەش ‏لە توانای دارایی ئێمەدا نییە، ئەوەی منداڵی ئۆتیزمی نەبێت نازانێ‌ خەرجی ‏چەند قورسە، ئێمە لەبیركراوین، زۆر ماندوین، نازانین هاوارمان بۆ كێ‌ بەرین" ‏ئەوە قسەی بەشێك لەو دایك‌و باوكانە بوو كە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە ‌و لە ‏شاری دهۆك بەشداری ئەم بەرنامەیەی لەگەڵ رەنج یان كرد.‏


كچی من لەبیر نەكەن؟
لەم بەرنامەیەدا دایكێك قسەی كرد بەڵام سەرەتا داوای ئەوەی كرد ‏رووخساری پیشان نەدرێت، ئەو دایكە كە خۆی نابینابوو باسی دۆخی ژیان ‌و ‏گوزەرانی خێزانەكی دەكرد كە چۆن لە دۆخێكی سەختدا ژیان دەكەن، ئەو ‏دایكە ئەوەشی خستەڕوو مێردەكەی خاونپێداویستی تایبەت ‌و منداڵەكانیشی ‏ئۆتیزمیان هەیە بەتایبەت كچێكی زۆر حاڵی خراپە، بەقسەی ئەو دایكە بێت، ‏هیچیان مووچەیەكیشیان نییە، تەنها بە یارەمەتی خەڵكی دەژین. ئەو هاوار ‏لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەكات، كچە ئۆتیزمەكەی لەبیر نەكەن ‌و ‏مووچەیەكی بۆ ببڕنەوە تاوەكو كەمێك ژیانیان باش بێت هەر وەك خۆی ‏دەیگووت "كچا من ژبیر نەكەن". ‏


‏"بەهۆی ئۆتیزم 50 خێزان هەڵوەشاوەتەوە"‏
سەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزم لە ‏كوردستان كەمال جەباری‏ لەبەشێكی ئەم ‏بەرنامەیەدا جەختلەوە دەكاتەوە دایك و باوكی منداڵانی ئۆتیزم لە ژیانێكی ‏زۆر ناخۆشدا دەژین و لە زۆر رووەوە گرفتیان هەیە، ئەو دەڵێت "بۆ ‏گەیاندنی ئەو گرفتانە لە هەموو دەرگەكانمان داوە و زیاتر لە 100 ‏نووسراومان بە شوێنە فەرمییەكان داوە، بۆ ئەوەی ئاوڕ لە منداڵانی ئۆتیزم ‏بدرێتەوە، بەڵام بەڵێنیان پێداوین و دواتر لەبیریان كردووە".‏
‏ كەمال جەباری،‏ پێیوایە، ئەگەر كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان 50٪ـی ‏ئۆتیزمی بە كۆمەڵگە ناساندبێت، تۆڕی میدیایی رووداو بەتەنیا 50٪ـەكەی ‏دیكە بە كۆمەڵگا ناساندووە  ئەو گوتیشی "خێزانی ئۆتیزم لە دۆزەخێكی ‏هەمیشەیدا دەژین، بەهۆی زۆری گرفتەكانیانەوە بەداخەوە نزیكەی ‏‏50حاڵەتی جیابوونەوەی ژن‌و مێردمان هەیە تەنها لەبەر ئەوەی بەرگەی ئەو ‏دۆخە نەخوازراوەیان نەگرتووە".‏
بەپێی یاسا، هەر خێزانێك منداڵێكی ئۆتیزمی هەبێت، تەنیا دایك یان باوكی ‏مۆڵەتی پێدەدرێت بە مووچەكەیەوە لەماڵەوە ئاگای لەو منداڵە بێت، كەمال ‏جەباری ئەوە دەخاتەڕوو داوایان لە پەرلەمان كردووە یاساكە هەموار ‏بكەنەوە " لەبەرئەوەی دایك یان باوك بەتەنیا ناتوانێت ئەو بەرپرسیاریێتییە ‏قورسە رابپەڕێنێت و دەبێت مۆڵەت بە دایك و باوكەكە بەیەكەوە بدرێت".‏
‏ لە یاسای ماف و ئیمنتیازاتی كەمئەندامان، لە مادەی هەشتمدا هاتووە، هەر ‏دایكێكی خاوەن منداڵی ئۆتیزم و كەمئەندام ئەگەر فەرمانبەری حكومەت ‏نەبێت و مووچەی نەبێت، دەبێت مووچەی فەرمانبەرێكی دەوڵەتی پێبدرێت، ‏بەڵام لە 2011ـوە ئەو یاسایە دەرچووە و تاوەكو ئێستا جێبەجێ نەكراوە.‏


‏"700منداڵی ئۆتیزم لە دهۆك تۆماركراوە، بەڵام ژمارەكە ‏لەوە زیاترە"‏

‏ سەگڤان جەمال، بەرپرسی سەنتەری ئۆتیزم ی حكومی لەشاری دهۆك وەك ‏میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باسی لەوە كرد لە ساڵی 2012ـوە سەنتەری ‏حكومی لە دهۆك راهێنان بە منداڵانی ئۆتیزم دەكات، ئەو دەڵێت "بەڵام یەك ‏سەنتەر بەتەنیا بەس نییە بۆ ئەو پارێزگایە، پێویستە حكومەت لە هەموو ‏قەزاكاندا سەنتەری راهێنان بكاتەوە بۆ ئەوەی ئەو بارگرانییەی لەسەر دایك ‏و باوكی منداڵانی ئۆتیزم هەیە، سووك بێت".‏
هەر بەپێی زانیارییەكانی سەگڤان جەمال؛ لە پارێزگای دهۆك نزیكەی 700 ‏منداڵی ئۆتیزم تۆماركراون، "بەڵام ژمارەی منداڵانی ئۆتیزم زۆر لەوە زیاترە، ‏ئێمە لە سەنتەرەكەماندا توانای وەرگرتنی 100 منداڵمان هەیە كە ‏زۆربەیانمان دوای تەواوكردنی راهێنانەكان رەوانەی قوتابخانە كردووە و ‏ئێستا 67 منداڵی ئۆتیزممان لایە."‏

‏ ‏
‏"زانستی پزیشكی وەڵامی بۆ هۆكاری ئۆتیزم پێ ‏نییە"‏
‏ د. تاهیرە عەبدولڕەزاق، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەكانی منداڵان وەك ‏میوانێكی دیكەی بەرنامەكە  لەبارەی منداڵانی ئۆتیزم دەڵێت؛ "بەشێك لەو ‏منداڵانە بەردەوام وشە و رستە دووبارە دەكەنەوە و تاوەكو ئێستاش زانستی ‏پزیشكی بە هۆكاری ئەمەیان نەزانیوە، هەندێكجار كۆمەڵێك دەنگ، ‏گۆرانییەك یان قسەیەك چەند بارە دەكەنەوە، بەڵام زانستی پزیشكی ‏نازانێت هۆی چییە."‏
د. تاهیرە عەبدولڕەزاق پێیوایە، هەڵگرتنی بەرپرسیاریێتی ئۆتیزم لە ‏وڵاتێكدا ئەركێكی زۆر قورسە و دەبێت لایەنی تەندروستی، پەروەردە، ‏كۆمەڵایەتی و حكومەت هەمووی بەیەكەوە هاوكاربن بۆ هەڵگرتنی ‏بەرپرسیاریەتییەكەی.‏
‏ وەكو ئەو دكتۆرە ئاماژەی پێدەدات؛ "لە هەموو پارێزگای دهۆكدا یەك ‏سەنتەری راهێنان بۆ منداڵانی ئۆتیزم دانراوە، كە ئەوەش زۆر كەمە، ئەو ‏سەنتەرە تایبەتانەشی هەن، هیچ چاودێرییەكی پزیشكییان بەسەرەوە نییە ‏و بەڕێوەبەری تەندروستی ئێستا نازانێت ئەو سەنتەرە تایبەتانە چ راهێنانێك ‏بەو منداڵانە دەكەن".‏
‏ ‏
لە زاخۆ 170 منداڵی ئۆتیزم هەن

‏ محەممەد ساڵح، بەڕێوەبەری لیژنەی ئۆتیزم لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی ‏كۆمەڵایەتیی زاخۆ وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە  ئەوە دەخاتەڕوو "لە ‏ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 170 منداڵی ئۆتیزم تۆماركراون و رۆژ لەدوای ‏رۆژیش فۆرمی نوێ بۆ پشكنین پێشكێش دەكرێت، كە لە كۆی ئەو ژمارەیە ‏تەنیا 25 منداڵ هاوكاری مانگانە بە بڕی 150 هەزار دینار لە حكومەت ‏وەردەگرن."محەممەد ساڵح ئەوەش دەخاتەڕوو تاوەكو ئێستا سەنتەرێكی ‏حكومی بۆ راهێنانی ئۆتیزم لە زاخۆ نییە ئەو دەڵێت "زۆرجار دایك و ‏باوكەكان ناچاردەبن رێیەكی دوور ببڕن و منداڵەكەیان ببەن بۆ دهۆك، بەڵام ‏ئێستا باڵەخانەیەك بۆ سەنتەری ئۆتیزم تەرخانكراوە و لەوانەیە تاوەكو ‏شەش مانگی دیكە تەواوبێت و توانای وەرگرتنی 70 منداڵی ئۆتیزمی هەیە، ‏رەزامەندی بۆ دروستكردنی سەنتەرێكی دیكەی حكومیش دەرچووە."‏
‏ ‏
‏"ئامارەكانی ئۆتیزم دروست نین"‏
‏ ‏
بەرپرسی لقی دهۆكی كۆمەڵەی ‏ئۆتیزمی كوردستان پێیوایە، هیچ یەك لەو ‏ئامارانەی لەسەر ئۆتیزم بڵاودەكرێنەوە دروست نین، "تەندروستی ئامارێكی ‏هەیە و چاودێری كۆمەڵایەتیش ئامارێكی دیكە كە هیچیان لەیەك ناچن."‏
خالید جەمال، بەرپرسی لقی دهۆكی كۆمەڵەی ‏ئۆتیزمی كوردستان‏ لە ‏بەشێكی ئەم بەرنامەیەدا گوتی  "ئەو سەنتەرەی بۆ راهێنانی ئۆتیزم لە ‏دهۆك دانراوە، منداڵی بچووك وەرناگرن، داوامان ئەوەیە منداڵانی سێ ‏ساڵانیش وەربگرن، منداڵ لە شەش ساڵییەوە ببەی بۆ راهێنان، زۆر درەنگە ‏و دەبێ زووتر راهێنانیان پێبكرێت، بەڵام سەنتەری ئۆتیزمی دهۆك تەنیا ‏منداڵ لە تەمەنی شەش ساڵییەوە وەردەگرێت". بەگوتەی بەرپرسی لقی ‏دهۆكی كۆمەڵەی ‏ئۆتیزمی كوردستان؛ "هیچ ئامارێكی دروست نییە بۆ ‏ئەوەی بزانرێت چەند منداڵی ئۆتیزم لە دهۆك هەن، لەبەرئەوەی زۆر كەس ‏هەن ناچن ناوی منداڵە ئۆتیزمەكانیان تۆمار بكەن، ئێستا ئاماری تەندروستی ‏ژمارەیەكە و ئاماری چاودێریی كۆمەڵایەتی بە جۆرێكی دیكەیە".‏
‏ ‏
‏"پلانی پەروەردەیی بۆ ئۆتیزم نییە"‏
‏ دكتۆر بەمۆ نامیق، شارەزا لە بواری ئۆتیزم كە لە ستودیۆی سلێمانییەوە ‏بەشداری بەرنامەكەی كرد جەختی لەوە كردەوە دەبێ گشتگیرانە لە پرسی ‏ئۆتیزم بڕوانرێ‌، ئەو گوتی "ناكرێ لێرە قوتابخانەیەك چارەسەر بكەیت و ‏سەنتەرێك دابنێیت و پێتوابێت كێشەكە چارەسەر بووە، لە وڵاتێكی وەكو ‏بەڕیتانیا، هەموو قوتابخانەیەك بەشی خاوەن پێداویستیی تایبەتیان هەیە و ‏كەسێكیان بۆ منداڵی ئۆتیزم دامەزراندووە لە قوتابخانە ئاگای لێیبێت، ‏هاوكات مامۆستایەكی دیكەش دانراوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی ئەم مامۆستایە ‏بكات"‏
دكتۆر بەمۆ نامیق دووپاتیكردەوە؛ "لە بەریتانیا لە هەر پۆلێكدا كە منداڵێك ‏یان چەند منداڵی ئۆتیزمی تێدابێت، دایك و باوكی سەرجەم منداڵەكانی دیكە ‏كۆدەكەنەوە و وێنەی ئەو منداڵەیان پێشاندەدەن و دەڵێن ئەو منداڵە ‏ئۆتیزمی هەیە، فێریان دەكەن كە ئەو منداڵەیان بینی بە چ شێوەیەك ‏هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكەن، بەدەر لەوە هیچ قوتابخانەیەك لەو وڵاتەدا نییە، ‏بتوانێت منداڵی ئۆتیزم رەت بكاتەوە."‏

ئەم بەرنامەیە شەوی 20-08-2023 بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە شاری ‏دهۆكەوە پێشكەش كرا‌و میوانە سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە

‏- كەمال جەباری، سەرۆكی كۆمەڵەی ئۆتیزم لە ‏كوردستان
‏- سەكڤان جەمال، بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم لە دهۆك ‏
‏- خالید جەمال، بەرپرسی لقی دهۆكی كۆمەڵەی ‏ئۆتیزمی كوردستان
‏- د. تاهیرە عەبدلڕەزاق،  پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەكانی منداڵان
‏- محەممەد ساڵح، سەرۆكی لیژنەی ئۆتیزم لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری ‏كۆمەڵایەتی زاخۆ
‏- دكتۆر بەمۆ نامیق، شارەزای ئۆتیزم ‏ ‏