لەگەڵ رەنج - بەرنامەیەکی تایبەتی رووداو لەبارەی چیرۆکەکانی ئەنفال و نوگرەسەلمان

26 May 2024
لەگەڵ رەنج - بەرنامەیەکی تایبەتی رووداو لەبارەی چیرۆکەکانی ئەنفال و نوگرەسەلمان

بەرنامەی لەگەڵ رەنج لەبارەی ئەنفالکراوان بوو، رەنج سەنگاوی لەگەڵ چەندین کەسایەتیی دیاری کورد لە نووسەر و هونەرمەند و مامۆستایانی زانکۆ و ئەکادیمی و هەروەها دەیان کەسوکاری ئەنفالکراو، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بەرەو نوگرەسەلمان لە بیابانی عەرعەر لە پارێزگای سەماوە بەڕێکەوتن و بەماوەی زیاتر لە 15 کاژێر تاوەکو گەیشتن، ئەو نوگرەسەلمانەی بە دەیان هەزار ژن و پیاوی گەنج و پیر و هەروەها منداڵی تێدا زیندانی کراون ودواتر زیندەبەچاڵکران.

لەوێ کەس وکاری ئەنفالکراوان بە چاوی خۆیان هۆڵ و ژوورە تاریکەکانی قەڵای نوگرەسەلمانیان بینی و بە چاوی پر فرمێسک باسی ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان کرد.

ئاوی تاڵ‌ و سەموونی رەق

‏"لە رۆژی جەژنی رەمەزاندا چاوەڕێی خواردنێكی ‏خۆشبووین، كەچی پاقلەی ‏نەكوڵاویان بۆ هێناین". ژنە شایەتحاڵێكی نوگرەسەلمان واهای گووت ‏‎‏ ‏‎‏ ‏

ژنە شایەتحاڵێكی دیكە دەڵێت "چوار خوشكین لەم قەڵای نوگرەسەلماندا ‏برایەكەمان لێرە لەباوەشماندا لە برساندا مرد15رۆژ بۆی گریاین‎، قوربانی ‏زۆرمان دیوە بەڵام هەمووی بە قوربانی خاك ‌و خۆڵی كوردستان بێت". ‏یەكێكی دیكە دەڵێت ‏‎‏"لەم نوگرەسەلمانەدا رۆژانە ئاوی تاڵ‌ و سەموونی ‏رەقمان دەخوارد‎‏". شایەتحاڵێكی دیكە گوتی "ئەگەر یەكگرتوو بین ئەو ‏رۆژانە نابینینەوە، ئەگەر ‏وەك ئێستاش پەرتەوازەبین دێتەوە رێگەمان".‏

‎تاقانەیەكی ئەنفالیش دەڵێت "ئەنفال لە فرە خاوەنیدا بێ‌ خاوەنە".‏

هەر بەپێی قسەی كەسوكاری ئەنفالكراوێك لەو بیابانەدا هەندێجار كە بیر ‏ئیش دەكات ئێسكی مرۆڤ لەگەڵ خۆی دەهێنێ‌ "لەم بیابانەدا بیر هەیە چوار ‏ئینج ئاوی لێبێتە دەرەوە لەگەڵ ‏خۆیدا ئێسكی مرۆڤ دەهێنێت".‌‏‎‏ یەكێكی ‏دیكە دەڵێت "لێرە 15 تەرمی كەس‌وكارمان سەگ دەیخوارد".‏‎‏ هەموو ئەو ‏شایەتحاڵ ‌و كەس‌وكاری قوربانیانە لە نوگرەسەلمان بۆ بەرنامەی لەگەڵ ‏رەنج قسەیان كرد.‏



‏57 وڵاتی ئیسلامی لەسەر ئەنفال هیچیان نییە

فارووق رەفیق نووسەر‌و لێكۆڵینڤان وەك یەكێكە لەو كەسانەی بۆ بەشداری ‏لە بەرنامەكە هاتبووە نوگرەسەلمان رەخنەی لە وڵاتانی ئیسلامی هەیە ‏بەوەی قسەیەكیان لەسەر ئەنفالی كورد نەكردوە گوتی "57 وڵاتی ئیسلامی ‏هەیە یەك دێڕیان لەسەر ئەنفال نییە". بەبڕوای ئەو نووسەرە ئەنفال كۆتایی ‏نەهاتووە ‌و بەردەوام وەك ئەگەرێكی كراوە لەبەردەم ‏‎كورد بوونی هەیە  ‏‏"ئەنفالی نۆیەم ئەنفالی كوردانی ئێزدی بوو‎‏".‏

فارووق رەفیق جەخت لەوە دەكاتەوە لە عێراقدا میللەتی سەردەست ئەنفالی ‏كردووە نەك بەتەنیا بەعس ‏‎ئەو دەشڵێت "لە عێراق رۆشنبیرێك شك نابەم ‏تێگەیشتنی هەبێت لەبارەی ‏دۆزی كورد‎ەوە".  فارووق رەفیق باس لەوەش ‏دەكات بۆ ئەو ئەنفال هەر 14ی نیسان نییە بەڵكو هەموو رۆژێكە‏‎‏ ‏

‏"ئێمە فێڵمان لە یادەوەریی خۆمان كردووە ئێستاش لەنێو ئەنفالداین‎‏". ‏

ئەو رۆشنبیرەی كورد جەخت لەوە دەكاتەوە دوای ئە‌و گەشتەی رووداو بۆ ‏نوگرەسەلمان "پێویستە بە جۆرێكی دیكە ئەنفال ببینین‏‎، چونكە لە عێراقدا ‏شێلگیرییەكی زۆر هەیە بۆ توواندنەوەی كورد‏‎‏". ‏



‏"نوگرەسەلمان هۆڵۆكۆستی ئێمەیە" ‏

‎‏ فارووق رەفیق ئەوەش دەخاتەڕوو ئەویش وەك تاكێكی كوردی بەرامبەر ‏ئەنفال هەست بەكەمی دەكات، چونكە یەكەمجاریەتی سەردانی ‏نوگرەسەلمان دەكات "هەست بەشەرم دەكەم كە یەكەمجارەمە دێمە ‏نوگرەسەلمان‎‏". ‏

فارووق رەفیق باس لەوەش دەكات، دەبێت زۆر لەوەی ئێستا گرنگی زیاتر ‏بە پرسی ئەنفال بدرێت چونكە "نوگرەسەلمان هۆڵۆكۆستی ئێمەیە". ئەو ‏رەخنە لە رۆشنبیرانی عەرەبیش دەگرێت بەوەی بەرامبەر ئەو پرسە بێدەنگ ‏بوون ‏

‏"لە سێ‌ رۆشنبیری عەرەب زیاتر هیچ كەسیان شكنابەم  ‏هەست بە ‏ئازارەكانی ئێمە بكات".‏‎‏  فارووق رەفیق جەخت لەوە دەكاتەوە "ئەو هێزەی ‏ئەنفالی دروستكرد دووبارە هاتووەتەوە تاوەكو هەمان كار ‏بكاتەوە، لە ‏عێراق كۆمەڵێك هێز هاتوون بە تۆپزی دەستیان بەسەر ‏دەسەڵاتدا گرتووە ‏بەبڕوای من لە عێراق شتێك نییە بەناوی دەوڵەت". فارووق رەفیق ئەوەش ‏دەڵێت كە ئێمە وەكو كورد جینۆساید كراوین‏‎‏ "لەبەر ئەوەی كوردین ئێمە ‏جینۆساید كراوین".‏‎‏ ‏

‏"سەتەی بیستویەك سەتەی ‏هەستانەوەی كورد دەبێت"‏‎

ئەبوبەكر كاروانی كە وەك سیاسەتڤانێك لەبەرنامەكەدا بەشداربوو‎، لەو رێگا ‏دوور‌ودرێژەی نوگرەسەلمانی دەڕوانی دەیگووت "ئەم رێگەیە دەمانباتەوە ‏بۆ شوێنێك كە ئێمە تێیدا ‏بابەت بووین بۆ مردن‎‏". كاروانی باس لەوەش ‏دەكات سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتیەی بەسەر كوردا هاتووە مانەوەی كورد ‏گرنگی خۆی هەیە ئەو گوتی "كورد لە دوای لۆزان ‌و ئەنفال ‌و كیمیاباران هەر ‏مایەوە بە كرداری ئەنفال ئەوان ویستیان ئێمە لە عێراقدا كۆتایی پێبهێنن، ‏بەڵام بۆیان نەچووەسەر، هەر بۆیە لەو بڕوایەدام سەتەی بیستویەك سەتەی ‏‏هەستانەوەی كورد دەبێت‎‏".  هەر لەنێو ئەو پاسەی رووداو كە بەروو ‏نوگرەسەلمان دەڕۆیشت ئەبوبەكر كاروانی چەند پارچە شعرێكی ‏دەخوێندەوە "بۆ ئەوەی لە رووی رۆحییەوە نەخنكێت ناچارین هەندێجار ‏پەنا بەرینە ‏بەر شعر‌و ئەدەب‎‏".‏

بەم جۆرە تاوانی ئەنفال بچووك دەكرێتەوە

‏ د. شێركۆ كرمانج، كە وەك نووسەر ‌و ئەكادیمیەك لەبەرنامەكەدا بەشداربوو. ‏لەوبڕوایەدابوو بەستنەوەی تاوانی ئەنفال تەنیا بە بەعسەوە ‏بچووكردنەوەی ‏تاوانەكەیە، ‏‎چونكە ئەو لەو بڕوایەدایە دەبێت ئەنفال بە دەوڵەتی عێراقی ‏ببسترێتەوە نەك بەتەنیا حیزبێكی وەك بەعس‎‏. د.شێركۆ كرمانج جەخت ‏لەوە دەكاتەوە "تاوەكو لەم عێراقەدا بژین ئەگەرەكانی ئەنفالكردنمان ‏‏هەمیشە هەیە‎‏". لەلای ئەو نووسەر ‌و ئەكادیمییە ئەنفال ‌و تەعریب ‏دووانەیەكن نابێت لە یەكتر ‏جیابكرێنەوە ئەو داواكاریشە لە حكومەتی ‏هەرێمی كوردستان زەوییەكانی نزیك قەڵای نوگرەسەلمان بكڕێتەوە‎‏ بۆ ‏ئەوەی جووتیارانی ناوچەكە ناچار نەبن زەویەكان بكێڵن ‌و شوێنەواری گۆڕە ‏بەكۆمەڵەكان بشێوێنن ئەو گوتی "كڕینی پارچە زەوییەك لێرە بۆ حكومەتی ‏هەرێمی كوردستان دەبێت‎ ‎‏ چی تێبچێت؟".‏‎


‏"هیچ رووفاتێكی ئەنفالكراوانی بادینان نەگەڕێنراونەتەوە" ‏

عەلی بەندی، لێكۆڵینڤان لە بواری ئەنفال ‌و جینۆساید هاورێیەكی ئەم ‏گەشتەی رووداو بوو بۆ نوگرەسەلمان، ئەو جگەلە هاوخەمی بۆ ئەنفلكراوانی ‏گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو ئەنفالی بادینان مەزنترین قۆناخی ئەنفال بوو‎، ‏چونكە دوو هەزار كەسی بادینان لە ئەنفالدا بێسەروشوێنن‎‏ بوون ‌و هاوكات

چوار هەزار كەسیش بەتەواوتی لەنێوچوون‎‏ عەلی بەندی "تاوەكوئێستا هیچ ‏رووفاتێكی ئەنفالكراوانی بادینان نەگەڕێنراونەتەوە،‏‎‏ زۆرجار دەڵێن ‏مۆنۆمێنت بۆ ئەنفالكراوانی بادینان دەكەین ‏لەكاتێكدا یەك روفات ‏نەگەڕێنراوەتەوە ئیتر دروستكردنی‎‏ مۆنۆمێنت چ سوودێكی هەیە؟". هەر ‏بۆیە داوا لە هەردوو  حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و عێراق یش دەكات ‏بەزوویی كار‏بكەن بۆ گەڕانەوەی رووفاتی ئەنفالكراوانی ‏بادینان.‏‎‏ مەسعود ‏ئەیوب كە وەك زیندانیەكی سیاسی‎‏ لە سنووری دهۆكەوە هاتبووە ‏نوگرەسەلمان، جەختی  لەوە كردەوە بۆ ئەوان جیاوازی لەنێوان ئەنفالی ‏بادینان ‌و گەرمیان نییە ‏ئەو گوتی "هەموومان براین‎، هاتنیشمان بۆ ئێرە ‏بەڵگەی ئەوەیە". بورهان زێباری كە وەك شاعیرێكی سنووری دهۆك هاتبووە ‏بەرنامەكە ‌و 17 شعری لەبارەی ئەنفالكراوەكان هەیە‎‏ باس لەوە دەكات ئەو ‏ئەنفالەی لە بادینان كراوە زۆر گەورەبووە تەنانەت لە گەرمیان ‌و بارزانیش ‏ئەوە ‏نەكراوە‎‏ ئەو گوتی "لە ئەنفالی بادینان هەر لە گوندەكەدا گەورە‌و ‏بچووك ‏ریزكراون ‌و كوژراون‎‏ بەراستی ئەوەی لە بادینان كراوە بۆ بنەبڕكردنی ‏تەواو كورد بوو".‏‎‏ ‏


ئەنفال كەرەستەیە بۆ هەزاران كاری هونەری

عەبدوڵڵا سەرگرمە، میوسیزیان ‌و ئاوازدانەر هاوڕێیەكی دیكەی گەشتەكەی ‏رووداو بوو بۆ نوگرەسەلمان، عەبدوڵڵا سەرگرمە باسی لەوە كرد ئەنفال ‏كەرەستەیە بۆ هەزاران كاری هونەری ئەوەشی خستەڕوو ئەو گەشتەی رووداو ‏بۆ نوگرەسەلمان بۆ ئەو دەبێتە هەوێنی چەندین كاری هونەری دیكە لەسەر ‏تاوانی ئەنفال ئەو گوتیشی "میللەتی ئێمە نەك بە لاشە، بەڵكو بە هەموو ‏جۆرێك ئەنفاكراوین". ئەو هونەرمەندە لە پەنجەری پاسەكەوە لە بیابانە ‏نەبڕاوەكەی عەرعەری دەڕوانی ‌و جار جارەش چاوەكانی پڕ فرمێسك دەبوو  ‏لەكاتی لابردنی چاویلكەكەی لەبەر خۆیەوە گوتی "بەم رێگەیەدا هەزار ‏كەسی كورد بەبێ‌ هیچ تاوانێك بەرەو ‏مەرگ براون‎‏". عەبدوڵڵا سەرگرمە ‏كاتێك گەیشتە قەڵای نوگرەسەلمان قەڵاكەی بەو وێرانیە بینی گوتی ‏‏"شەرمەزارییە بۆ حكومەتی عێراق كە ئێرەی پشتگوێ‌ ‏خستووە،‎‏ هیوادارین ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك ئەركێكی خۆی ئێرە ئاوەدان ‏بكاتەوە".‏‎‏ ‏

هەندێجار كەشێكی خەماوی باڵی بەسەر نێو پاسەكەدا دەكێشا سەید ‏ئەحمەد رواندزیی بەو كەمانەی بەدەستی خۆی دروستیكردبوو ئاوازێكی ‏خەمگینی دەژەند ‌و هونەرنمەندێكێش بەناوی حوسێن عەلی كە خەڵكی ‏كەركووكە ‌و هاوسەفەری گەشتەكە بوو بە لاوانەوەیەك فرمێسكی لەچاوی ‏گەشتیارەكان دروست دەكرد. سەید لە دوای دانانی كەمانچەكەی دیگووت ‏‏"ئەنفال بۆ ئێمەی كورد كارەساتێكی گەورە بوو‏‎‏ بۆیە دەبێت هەمیشە كاری ‏مەزنی هونەری بۆ بكرێت". ‏

‎‏ ‏
چۆن برسێتی ئێمە ‌و قووڵپی گریانی دایكم ‏دەنووسرێتەوە؟

‎وریا محەممەد، كە وەك رزگاربووی ئەنفال‎‏ لەبەرنامەكەدا بەشداربوو باسی ‏لەوە كرد ئەو تەمەنی دوو ساڵ بووە كە لەگەڵ خێزانەكەی بەو رێگایەدا ‏براوتە نوگرەسەلمان، وریا بەردەوام لە جامی پاسەكەوە لە رێگا نەبڕواكەی ‏نوگرەسەلمانی دەڕوانی دەیگووت "لەوكاتەی فامم كردووەتەوە هێندەی ‏ئێستا دۆخی دەروونیم ‏خراپ نەبووە، ئاخر تاوانی ئێمە چی بووە بەو ‏جۆرەیان لێكردین، چۆن برسێتی ئێمە ‌و قووڵپی گریانی دایكم ‏‏دەنووسرێتەوە؟". بە گوتەی وریا محەممەد، ئەگەر لێبووردنی گشتیی ‏نەبوایە ئەوا ئەویش یەكێك دەبوو لەو كەسانەی بە زیندوویی لە چاڵ دەنرا ‏ئەو گوتیشی "لە نوگرەسەلمان بەهۆی لێدانەوە برایەكەم چاوێكی ‏لەدەستدا".‏‎‏ ‏

‎‏ ‏
كوڕەكەم پێی گوتم باوكت لە كوێیە؟ ‏

هەڵۆ باهیر، وەك كەسوكاری ‏ئەنفالكراوێك لەبەرنامەكەدا بەشدار بوو ئاماژەی ‏بەوەدا لەبەر ئەوەی باوكی ئەنفالكراوە كە باس لە باوكایەتی دەكرێت ‏هەست ‏بە كەمی ‌و نیگەرانیی دەكات‎‏ "چەند رۆژێك لەمەوبەر كوڕەكەم پێی گوتم ‏باوكت لە كوێیە؟ بەراستی نەمزانی چی وەڵام بدەمەوە‎‏". ‏

هەڵۆ بەسەرهاتێكی راستەقینەی نەنكی دەگێڕێتەوە دەڵێت "تاوەكو مردیش ‏هەر بە هیوای گەڕانەوەی كوڕەكەی بوو، زۆرجار بەمنی دەگووت رۆڵە هەڵۆ ‏ئەگەر من نەمابووم ‌و باوكت كە هاتەوە نیشانەیەكی وەها بە ‏سكیەوەیەتی ‏بیناسنەوە".‏‎‏ د. مەریوان عەبدولمەجید كە وەك توێژەر لە بواری جینۆساید ‏لەبەرنامەكەدا بەشدار بوو باس لەوە دەكات سەردانیكردنی نوگرەسەلمان ‏پێویستە ببێتە كوولتوور ساڵانە خەڵك سەردانی ئەو قەڵایە بكات ئەو ‏گوتیشی "كەسوكاری ئەنفالكراوەكان داوا دەكەن ‏ئەنجامدەرانی ئەنفال ‏سزابدرێن".‏‎‏ د.مەریوان جەختلەوەش دەكاتەوە بۆ ئەنفال دەبێت قۆناخی ‏خەفەت تێپەڕێنین‏‎‏ ‌و كاری جدی بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی پرسەكە بكەین ‏چونكە هەموو كاتێك "ئەگەری دووبارەبوونەوەی تاوانی ئەنفال هەیە".‏‎‏ ‏

‎‏ د. هونەر ئەمین پسپۆڕی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی ‌و مامۆستا لە زانكۆی ‏‏چەرموو ‏‏‏‎‏ یەكێكی دیكە بوو لە میوانەكانی بەرنامەكە ئاماژەی بەوەدا لە ‏نوگرەسەلمان قۆناخی دوومی تاوانی ئەنفال ئەنجامدراوە ئەو دەڵێت ‏

‏"100 ساڵی دیكەش تاوانی ئەنفال بەكراوەیی وەك دۆسێیەك ‏هەر دەمێنێ ‌و ‏‏‌‏‎پێویستیشە پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵانە وەك پرسێكی ‏نیشتیمانی ‏سەیربكرێت".‏‎‏ ‏


‎چۆن كارێكی بەرزی سینەمایی لەسەر ئەنفال بكرێت؟

كەریمۆك غەفور، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە بواری سینەما‌ و ‏جینۆساید ‏هاوگەشتێكی دیكەی رووداو بوو بۆ نوگرەسەلمان ئەو خەم بۆ ئەوە دەخوات ‏تاوەكوئێستا كارێكی بەرزی سینەمایی بۆ ئەنفال نەكراوە ئەو دەڵێت "من ‏هۆڵۆكۆستم لە رێگەی سینەماوە ناسی‎، بۆیە پێویستە ئێمەش كارێكی بەرزی ‏سینەمایی لە ئاستی گەورەیی كارەساتی ئەنفال بكەین". كەریمۆك غەفور ‏ئەوەش دەخاتەڕوو لە جیاتی ئەنجامدانی كاری هونەری بەرز 36ساڵە كورد ‏بە قوڕگی پڕ گریانەوە هەر هاوار دەكات "ئێستا كاتی ئەوە هاتووەقۆناخی ‏هاوار‌و گریان تێپەڕنین".‏‎ ‎شاخەوان مستەفا، كە وەك بەڕێوەبەری سینەمای ‏هەولێر‎‏ هاوگەشتی رووداو بوو بۆ نوگرەسەلمان جەختی لەوە كردەوە ‏لەداهاتوودا گەشتەكەیان بۆ نوگرەسەلمان رەنگدانەوەی لەسەر كارەكانیان ‏دەبێت هەر وەك گوتی "چوونمان بۆ نوگرەسەلمان رەنگدانەوەی دەبێت لە ‏‏كارەكانی داهاتوومان‎‏". ‏


ئەنفال لە 1988دا تەواو نەبوو ‏

د. موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی و هونەری ‏سلێمانی وەك ‏یەكێكی دیكە لە میوانەكانی بەرنامەكە باسی لەوە كرد‏‏‏‎‏ كاتی خۆی بۆچووی ‏وەها بووە كە 1988دا ئەنفال تەواو بووبێت، بەڵام وەك خۆی گوتی "كەچی ‏لە ‏شنگال ‌و عەفرین ‌و كوبانێ ئەنفالمان بینییەوە".‏‎‏ د. موحسین ئەدیب، ‏دانبەوەشدا دەنێ‌، كە كوالێتی كاری هونەری كوردستان لەئاستی گەورەیی ‏‏كارەساتی ئەنفال دا نەبووە دەشڵێت "تاوەكوئێستا ئەنفال نەكراوەتە ‏دۆسێیەكی نێودەوڵەتی".‏‎‏  لە كۆتایی قسەكانیشی بەڕێوەبەری گشتیی ‏رۆشنبیریی و هونەری ‏سلێمانی ئەوەی خستەڕوو "ئەنفال بە هەشت قۆناخ‌و ‏بە بەرنامەرێژیی كرا نەك بە ‏توڕەبوونی حیزب ‌و كەسێك‎‏". ‏



ئەم بەرنامەیە شەوی 26-05-2024 پێشكەشكرا‌و میوانە ‏سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە

‏- د. موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی و هونەری ‏سلێمانی ‏‏‏‎‏  ‏

‏- عەبدوڵڵا سەرگرمە - میوسیزیان ‏‏ ‏‎‏  ‏

‏- ئەبوبەكر كاروانی، سیاسەتڤان‎‏  ‏

‏- د. هونەر ئەمین – مامۆستای زانكۆی ‏چەرموو ‏‏‏‎‏ ‏

‏- كەریمۆك غەفور - هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە بواری سینەما‌ و ‏‏جینۆساید ‏‏‏‎‏  ‏

‏- كازم ئەحمەد - توێژەر لە بواری جینۆساید‎‏ ‏

‏- هەڵۆ باهیر - كەسوكاری ‏ئەنفالكراو  ‏‏‏‎‏ ‏

‏- د. مەریوان عەبدولمەجید - توێژەر لە بواری جینۆساید‎‏ ‏

‏- وریا محەممەد - رزگاربووی ئەنفال‎‏ ‏

‏- ئیبراهیم مەلا زادە -  توێژەر لە بواری جینۆساید‎‏ ‏

‎‏- فارووق رەفیق - نووسەر‎‏ ‏

‎‏- د. شێركۆ كرمانج – نووسەر ‌و ئەكادیمی‎‏ ‏

‏‎‏- شاخەوان مستەفا - بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر‎‏ ‏

‏- سەید ئەحمەد - میوسیزیان ‏‎‏ ‏

‏- عەلی بەندی -  لێكۆڵینڤان لە بواری ئەنفال ‌و جینۆساید ‏‏‎‏ ‏

‏- بورهان زێباری - شاعیر‎‏ ‏

‏- مەسعود ئەیوب -  زیندانی سیاسی‎‏ ‏