كاریگەری ئەو دەرمانانەی لە رێگای مریشكەوە دەگاتە لەشی مرۆڤ ‏

11 August 2024
كاریگەری ئەو دەرمانانەی لە رێگای مریشكەوە دەگاتە لەشی مرۆڤ ‏
كاریگەری ئەو دەرمانانەی لە رێگای مریشكەوە دەگاتە لەشی مرۆڤ ‏
مریشكی سور‌و ئومەهات بۆ خواردن شیاوە؟
ئەو دەرمانانەی لە پڕۆژەكاندا دەدرێتە مریشك لە ژێر چاودێریدان؟
مریشكی تەندروست دەبێت تەمەنی چەند بێت ‌و چەند كیلۆ بێت؟



كورتەیەك لە بەرنامەكە

ئایا دەرمانی قەدەخەكرا بۆ چارەسەر نەخۆشییەكانی مریشك لە كێڵگە ‏پەلەوەرییەكاندا بەكاردێت؟ ئایا خاوەن پەلەوەرخانەكان پابەندی ئەوە ‏دەبن  كە مریشك دەرمانی پێدرا نابێت بۆ ماوەیەك بخرێتە بازاڕەوە؟ ئایا كێ‌ ‏فاكسینی مریشك دەفرۆشێ‌؟ پزیشكی ڤێتێرنەری یان كەسانی دیكە؟ ئایا ‏مریشكی سووری ‌و ئومەهات ‌و مریشكی هێلكەكە خواردنیان ئاساییە؟ ئایا ‏دەرمانی (فوڕاڵتادۆن) كە بە دەرمانە زەردەكە لەلای خاوەن ‏كێڵگەپەلەوەرییەكان ناسراوە ‌و هۆكارە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە لە ‏كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێمی كوردستاندا بەكار دێت؟ پزیشكێكی ‏ڤێتێرنەری ئاشكرای دەكات  "هەندێ‌ پزیشك تاوەكوئێستاش دەرمانی ‏‏(فوڕاڵتادۆن) دەفرۆشن". لەبارەی خواردنی مریشكی سوور‌و ئومەهات ئایا ‏گونجاوە بۆ خوارن یان نا؟ لە بەرنامەكەدا دووبۆچوونی جیاوازی دژبەیەك ‏خرایەڕوو

بزانە بۆچی شروبی منداڵ دەدرێتە مریشك
‏"هەموو جۆرە فاكسینێكم بۆ مریشكەكانم بەكارهێنا، بەڵام سودی نەبووە ‏دواجار پەنام بردەبەر شروبی منداڵەكەم، ئەوەم دایە مریشكەكانم سوپاس ‏بۆخوا زۆر سوودم لێبینیوە". خاوەن كێڵگەیەكی پەلەوەر لە بەشێكی ئەم ‏بەرنامەیەدا وەها گووت. خاوەن كێڵگەیەكی دیكە باسی لەوە كرد سیر ‌و ‏پیاز بە تێكەڵاوی دەدەتە مریشكەكانی زۆریش سوودم لێبینیوە بەجۆرێك ‏بەهۆی ئەو سیر‌و پیازەوە 50% كەمتر دەرمانی ڤێتێرنەری بەكاردەهێنێ‌.‏
بەكارهێنانی ئەو هەموو رێگایە بۆ چارەسەر نەخۆشییەكانی مریشك، هێشتا ‏نەبووەتە هۆی كەمبوونەوەی رێژەی مرداربوونەوەی مریشكی كێڵگەكان ‏خاوەن كێڵگەیەكی پەلەوەر دەڵێت "لە دوو مانگدا 50هەزار مریشكم ‏فڕێداوە" خاوەن كێڵگەیەكی دیكە دەڵێت "16هەزار مریشكم لەدوو هۆڵدا ‏بەهۆی نەخۆشی لەنێوچوو". بەقسە خاوەن كێڵگەیەكی دیكەی پەلەوەر ‏هۆكاری بەشێكی نەخۆشییەكانی مریشك تێكەڵكردنی جوجەڵەی وڵاتە ‏جیاوازەكانە كە هەر یەكەیان جۆرە نەخۆشییەكی هەیە خاوەن كێڵگەیەكی ‏پەلەوەر دەڵێت "جوجەڵەی ئازەری ‌و ئێرانی كە خراپە تێكەڵاوی جوجەڵەی ‏هۆڵەندی  ‌و بلجیكی دەكرێت".‏

‏ ‏
هەشت ملیۆن مریشك هەیە كێڵگە پەلەوەرییەكەی مۆڵەتی ‏نییە
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی پەلەوەرخانەكانی سلێمانی و ‏گەرمیان ‏لەبەرنامەكەدا ئەوەی ئاشكرا كرد لە هەرێمی كوردستان 700بۆ ‏‏800پەلەوەرخانەی بێ‌ مۆڵەت لە هەرێمی كوردستاندا هەیە ‌و بەرهەمی ئەو ‏كێڵگانەش حەوت بۆ هەشت ملیۆن مریشكە، بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی ‏كێڵگەپەلەوەرییەكان ئێستا نەخۆشییەكی زۆر مریشك لە جۆرەكانی ‏‏(نیوكاسڵ ‌و گەمبۆرۆ ‌و ئای بی) لە كێڵگەكانی پەلەوەر بڵاوبووەتەوە ئەو ‏گوتی  "كێڵگەی پەلەوەری هەیە لە 24كاژێردا شەش هەزار مریشكی ‏مرداربووەتەوە". ئایا ئەو فاكسینانەی بۆ مریشك بەكاردێت كاریگەری هەیە ‏لەسەر كەمبوونەوەی نەخۆشییەكانی مریشك؟ بەبڕوای نازم عەبدوڵڵا ‏كەمترین كاریگەری هەیە چونكە بازاڕی فاكسینی پەلەوەر بەدەست  كەسانی ‏بازرگانەوەیە نەك پسپۆڕانی بوارەكە "لەبازاڕدا فاكسینی فەڕەنسی ‌و ئێرانی ‏‌و توركی ‌و سینی ‌و هۆڵەندی هەیە هێندە زۆرە بە راستی سەرمالێشێواوە ‏لەو بڕوایەدام 80% فاكسینەكان كار ناكات".‏

سیر‌و پیاز دەدەنە مریشك
سەبارەت بە سەرپێچی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانیش نازم عەبدوڵڵا گرنتی ‏‏80% پەلەوەرخانەكان دەكات كە سەرپێچی نەكەن ‌و كارەكانیان بەباشی ‏بكەن، ئەو دەڵێت "ئەو 20% گرنتی ناكەم، دوو بۆ سێ‌ ملیۆن مریشك ‏دەخەنە بازاڕەوە". هەر بەپێی قسەی نازم عەبدوڵڵا، لە بواری كەرتی ‏پەلەوەردا  400 بۆ 500هەزار هەلی كار رەخساوە، بەڵام لایەنی ‏پەیوەندیدار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كەرتەی فەرامۆش كردوە ‏ئەو دەڵێت "ناكرێت ئەم كەرتە بەكەم سەیر بكرێت، چونكە نزیكەی ‏‏500هەزار كەس كاری تێدا دەكەن بۆیە دەبێت چارەسەری كێشەكانی كاری ‏لە پێشینەی دەسەڵات بێت". نازم عەبدوڵڵا ئەوەشی پشتڕاستكردەوە كە ‏زۆرینەی خاوەن كێڵگەپەلەوەرییەكان سیر‌و پیاز پێكەوە دەدەنە ‏مریشكەكانیان گوتی "80% كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی سیر‌و پیاز ‏دەدەنە مریشك ‌و سودیشیان لێبینیوە".‏
لە كۆتایی قسەكانی نازم عەبدوڵڵا پشتگیری تەواوی لە مریشكی نێوخۆی ‏كرد ‌و گوتی "پیسترین مریشكی نێوخۆیی لە مریشكی دەرەكی باشترە".‏


لە ویشدانی خۆیانەوە سەرپێچی ناكەن
د. رەهێڵ عەبدوڵڵا، ئەندامی دەستەی كارگێڕی ‏‏(رێكخراوی ‏ڤێتێرنەری لە ‏‏‏‏پێناو ژیان) وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە جەختی لەوە كردوە خاوەن ‏كێڵگە پەلەوەرییەكان ئەگەر سەرپێچی نەكەن، لە ویشدانی خۆیانەوەیە، ‏چونكە چاودێری لەسەریان زۆركەمە، بەپێی قسەی ئەو پزیشكە ڤێتێرنەرییە  ‏لە سێ‌ بۆ حەوت رۆژ فاكسین لە گۆشتی مریشكدا دەمێنێتەوە هەر بۆیە ‏
مریشك پێش خستنە بازاڕی دەبێت هەفتەیەك تاوەكو 10رۆژ هیچ ‏دەرمانێكی پێنەدرێت. د.رەهێڵ عەبدوڵڵا گومانی ئەوەش دەكات دەرمانی ‏‏(كلۆرامفینیكۆل) كە قەردەخەكراوە، لە هەندێ‌ كێڵگەی پەلەوەرییەكانی ‏كوردستان بەكاربێت.‏

مریشكی سوور بخورێ‌؟
د.هەرێم هابیل، پزیشكی ڤێتێرنەری ‌و پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ‏پەلەوەر وەك ‏میوانێكی دیكەی ئەم بەرنامەیە لەگەڵ ئەوەیە خەڵكی مریشكی سوور بخوات ‏تەنانەت دەگاتە ئەوەی كە بڵێ‌ "لەلای خۆم مریشكی سوورم لە مریشكی ‏سپی ‌و گۆشتی ئاژەڵیش پێ‌ تەندروسترە". ئەو ناشارێتەوە كە مریشكی ‏سوور رێژەی پڕۆتینی كەمترە دەشڵێت "ئەگەر رێژەی ئەنتی بایەتیكی لە ‏گۆشتەكەیدا بەرزبوو ئەوكاتە نەگونجاوە بۆ خواردن، ئەگینا خواردنی  ‏ئاساییە". بەبڕوای د.هەرێم ئەوانەی لە كەرتی پەلەوەر كار دەكەن، نەك ‏هاوكاری ناكرێن، بەڵكو خەدری زۆریشیان لێدەكرێت ئەو گوتی ‏‏"پەلەوەرخانە هەبووە لە یەك رۆژدا 8000مریشكی مرداربووتەوە بە ‏دینارێكیش قەرەبوو نەكراوەتەوە". سەبارەت بەپێدانی سیر‌و پیاز بەیەكەوە ‏بە مریشك لە پێناو گەشەپێدانی‌و گەرەبوونی د.هەرێم هابیل باسی لەوە كرد ‏ئەگەر مریشكەكە نەخۆش نەبێت (جاترە ‌و رەشكە‌و  سیر‌و پیاز) بە سوود ‏پێبدرێت، بەڵام ئەگەر نەخۆش بوو ئەوا نابێت سیر‌و پیازی بدرێتێ‌.‏

دەرمانێكی مەترسیدار وەك قەتری چاو دەفرۆشرێ‌
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەكانی ‏پەلەوەر باس لەمەترسی دەرمانی ‏كلۆرامفینیكۆل دەكات كە لە بنەڕەتدا بۆ چارەسەر نەخۆشییەكانی پەلەوەر ‏بەكارهاتووە، بەڵام ئێستا قەدەخە كراوە ئەو گوتی "هەرچەندە ئەو دەرمانە ‏قەدەخەیە، چونكە هۆكارە بۆ توشبوون بەشێرپەنجە، بەڵام وەك  قەترەی  ‏چارەسەری چاو لە دەرمانخانەكاندا دەفرۆشرێ‌".‏
هەربەپێی قسەی د.هەرێم هابیل دەرمانی (فوڕاڵتادۆن) كە بە دەرمانە ‏زەردەكە لەلای خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان ناسراوە ‌و هۆكارە بۆ توشبوون ‏بە شێرپەنجە تاوەكوئێستاش هەندێ‌ لەپزیشكانی ڤێتێرنەری دەفرۆشن ‏ئەوەش بەپێی قسەی ئەو پزیشكە زۆر مەترسیدارە، چونكە "ئەو دەرمانە ‏‏25رۆژ لە مریشكدا دەمێنێتەوە".‏
د.هەرێم هابیل ئەوەش ناشارێتەوە دەرمانە قەدەخە كراوەكانی ڤێتێرنەری ‏لە ناوەڕاست ‌و خواری عێراقەوە بە قاچاخ دێتە هەرێمی كوردستانەوە.‏


بۆچوونێكی دیكە لەسەر مریشكی سوور
بەپێچەوانەی بۆچوونەكەی د.هەرێم هابیل، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە ‏سلێمانی ‌جەمال حوسێن جەخت لەوە دەكاتەوە كە مریشكی سوور نابێت ‏بخورێت، چونكە بەهای خۆراكی نییە ئەو دەشڵێت "مریشكی سوور لە هیچ ‏شوێنێكی دنیا بۆ خواردن بەكارنایەت، مریشكی سوور‌و ئومەهات لە ئێران ‏هەر نییە لە سویدا هەر دەسوتێنرێ‌". بەپێی بەدواداچوونەكانی جەمال ‏حوسێن مریشكی سوور، نەك هەر بەهای خۆراكی نییە، بەڵكو ئەنتی ‏بایەتیكیش  لە لەشیدا زۆرە‌و گوتیشی "لە تاقیگە ئەوەی سەلمێنراوە كە ‏ئەنتی بایەتیك لە لەشیدا زۆرە بۆیە من لەگەڵ ئەوە نیم خەڵكی بخوات". ‏بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی باسی لەوەش كرد، ئێستا لە ‏وەزارەتی كشتوكاڵ گفتوگۆكان لەسەر مریشكی سوور بەردەوامە.‏

لە سلێمانی زیاد لە 150 كێڵگەی پەلەوەری بێ‌ مۆڵەت هەیە
نوێنەرەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوە نەشاردەوە كە لە سلێمانیش ‏پرۆژەیەكی زۆری كێڵگەی پەلەوەری بێ‌ مۆڵەت هەیە ‌و گوتی "لە سلێمانی ‏زیاد لە 150كێڵگەی پەلەوەری بێ‌ مۆڵەت هەیە، بەداخەوە لە كاتی كۆرۆنا ‏‌و جەنگی داعش  پڕۆژە بێ‌ مۆڵەكان زۆر زیاتر بوون". سەبارەت بە ‏لێپێچینەوە لەو كێڵگە بێ‌ مۆڵەتانە جەمال حوسێن ئەوەی خستەڕوو ‏سەرجەم  پڕۆژە بێ‌ مۆڵەتەكانی داوەتە داواكاری گشتی ئەو گوتیشی ‏‏"بەشێكیان ئەوەندە خراپن وەك گەوڕی ئاژەڵیش نابن، دەڵێن هەندێكیان ‏هۆڵەكانیان پاكناكانەوە دووبارە مریشكی تێدەكاتەوە".‏
جەمال حوسێن، نكوڵی لەوەش ناكات، لەگەڵ ئەوەی هێنانی دەرمانی ‏ڤێتێرنەری بە رێنمایی رێكخراوە، بەڵام بە قاچاخ هێنانی هەر هەیە ‏‏"دەگوترێ‌ لەژێر تایەی ئۆتۆمبیلەوە بە قاچاخ دەهێنن".‏
جەمال حوسێن جەخت لەوە دەكاتەوە سێكتەری پەلەوەر "بە بودجە چاك ‏دەبێت نەك بەشیعر‌و شانامە". لە كۆتایی قسەكانی بەرپرسەكەی وەزارەتی ‏كشتوكاڵ باسی لەوەش كرد نوسراویان بۆ دام‌ودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان كردوە كە مریشكی نێوخۆیی بەكاربهێنن نەك مریشكی بەستووی ‏دەرەكی.‏

فاكسین سودێكی وەها نییە
زریان مستەفا، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كورستان ‏بۆ ‏بەخێوكرنی ‏پەلەوەر ‏وەك میوانێكی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو ئەو فاكسینانەی بۆ ‏مریشكەكانیان بەكاردەهێنن كەمترین كاریگەری هەیە ئەو گوتی ‏‏"فاكسینیشمان بەكارهێناوە، كەچی رێژەی مرداربوونەوە زیادی كردوە". ‏سەبارەت بەبەكارهێنانی دەرمانی  (فوڕاڵتادۆن) كە بەدەرمانە زەردەكە ‏ناسراوە زریان مستەفا گوتی "23ساڵە لەم بوارە كار دەكەم، لەم ‏بەرنامەیەدا گوێبیستی دەرمانە زەردەكە بووم" جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی ‏كورستان ‏بۆ ‏بەخێوكرنی ‏پەلەوەر داوا لە خەڵكی دەكات بۆ پشتگیریان ‏بەرهەمی مریشكی نێوخۆیی بەكاربهێنن نەك دەرەكە".‏
د.زانیار ئارێز، پزیشكی ڤێتێرنەری وەك بەشداربوویەكی دیكەی بەرنامەكە ‏بەپێویستی زانی لەنێوخۆی كوردستان كارگە بۆ دروستكردنی دەرمانی ‏ئاژەڵی دروست بكرێت ئەو گوتی "وەك چۆن كارگەی دەرمانی چارەسەر ‏مرۆڤ هەیە پێویستە بەهەمانشێوە دەرمانی چارەسەری ئاژەڵیش هەبێت".‏


سەربڕینخانەی نافەرمیش هەیە
دەوەن موحسین، نوێنەری كوشتارگەكانی پەلەوەر لە ‏هەرێمی ‏‏كوردستان ‏میوانێكی دیكەی ئەم بەرنامەیە بوو، ئەو باسی لەوەكرد، لە هەرێمی ‏كوردستان 10سەربڕینخانەی فەرمی هەیە ‌و گوتیشی "لەگەڵ ئەوەی ‏‏10سەربڕینخانەی یاسایی هەیە، 10سەبڕینخانە‌و زیاتریش نافەرمی هەیە‌و ‏كەسیش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناكات ‌و هیچ چاودێرییەكیشیان لەسەر ‏نییە".‏
دەوەن موحسین ئاشكراشی كرد وەزارەتی كشتوكاڵ بەنیازە مریشكی ‏هەرێمی كوردستان هەناردەی بەشێك لە وڵاتان بكات داواشی لە خەڵكی كرد ‏وەك پاڵپشتییەك بۆ ئەوان بەرهەمی مریشكی نێوخۆی بەكاربهێنن ‌و گوتیشی ‏
‏"بەوداخەوە تاوەكوئێستا پێشمەرگەی كوردستان مریشكی بەستووی ‏دەرەكی دەخوات".‏

ئەم بەرنامەیە شەوی 11-08-2024 پێشكێش كراو میوانە ‏سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە
‏1- جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی ‌و ‏نوێنەری ‏‏وەزارەتی كشتوكاڵ ‏

‏2- نازم عەبدوڵڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی پەلەوەرخانەكانی سلێمانی و ‏گەرمیان ‏‏‏‏
‏3- زریان مستەفا، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كورستان ‏بۆ ‏بەخێوكرنی ‏‏پەلەوەر ‏
‏4- د. رەهێڵ عەبدوڵڵا، ئەندامی دەستەی كارگێڕی ‏‏(رێكخراوی ‏ڤێتێرنەری ‏لە ‏‏‏پێناو ژیان) ‏
‏5- دەوەن موحسین، نوێنەری كوشتارگەكانی پەلەوەر لە ‏هەرێمی ‏‏‏كودرستان   ‏
‏ ‏6- د.هەرێم هابیل، پزیشكی ڤێتێرنەری ‌و پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ‏‏پەلەوەر ‏‏
‏7- زانیار ئارێز، پزیشكی ڤێتێرنەری