لەگەڵ رەنج - حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای چەند منداڵ لە خێزانەكان دەكات؟

24 November 2024
لەگەڵ رەنج - حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای چەند منداڵ لە خێزانەكان دەكات؟
بۆچی وەچەخستنەوە بەرەو كەمبوونەوە چووە
‏هەندێ‌ لە خێزانەكان دەڵێن یەك منداڵ كەمە ‌و دووانیش زۆرە
‏حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای چەند منداڵ لە خێزانەكان دەكات؟


كورتەیەك لە بەرنامەكە

لەسەر كەمی ‌و زۆری منداڵ دووبۆچوونی دژ بەیەك لە بەرنامەكەدا دروست ‏بوو، بۆچوونی یەكەم مەحموود عوسمان، سەرۆكی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی ‏‏سەرژمێری ‏نوێنەرایەتی دەكرد جەختی لەوە دەكردەوە كە تەعریب وەها ‏كردوە لە كەركووك ژمارەی عەرەب زیاد بێت نەك وەچەخستنەوەی زۆر ‏لەلایەن نەتەوەی عەرەبەوە ئەو بۆچوونی وابوو لە كەركووك ژمارەی ‏لەدایكبوونی كورد‌و عەرەب نزیكە لە یەكترییەوە عەرەب بەشێوەیەكی كەم ‏منداڵبوونیان زیاترە د.هۆگر مەحموود، مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی ‏نوێنەرایەتی بۆچوونی دووم دەكات پێی وایە پێویستە كورد بەتایبەت لە ‏ناوچەكێشەلەسەرەكان نەوەی زۆر بخاتەوە تاوەكو كێبڕكێ‌ لەگەڵ نەتەوەی ‏عەرەب بكات. ئەو مامۆستایەی زانكۆی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەكات كە ‏جۆرە بنێشتێك هاتۆتە كوردستانەو هۆكارە بۆ تێكدانی هاوسەنگی هۆڕمۆنی ‏لەلەشی ئافرەتدا بۆ ئەوەش باس لە نوسراوێكی نهێنی دەكات.‏
مامۆستایەكی ئاینیش بۆچوونی وایە ئەگەر حكومەت داوای منداڵی زیاتر ‏دەكات، ئەوا پێویستە سەرەتا سەركردەو بەرپرسەكان پێوەی پابەند، ‏بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانیش ئەوە ناشارێتەوە كە رێژەی ‏منداڵبوون بە تایبەت لە سلێمانی زۆر كەمی كردوە لەوەش مەترسیدارتر باس ‏دەكات دەڵێت "رێژەی منداڵ بوون لە سلێمانی بە نەشتەرگەری گەیشتۆتە ‏‏65% ئەوە زۆر مەترسیدارە". هەر لەم بەرنامەیەشدا ئاشكرا دەبێت ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان هانی چەند منداڵ دەدات خێزانەكان بیان بێت.‏
ئایا لە رووپێوەی ‌و سەرژمێرییەكانی كوردستان، پرسیاری زۆر هەستیار لە ‏خێزانەكان دەكرێت یان نا؟ مەحموود عوسمان وەڵامی ئەوەش دەداتەوە.‏
لە كۆتاییەكانی بەرنامەكەشدا پزیشكێكی چارەسەری نەخۆشییەكانی ‏منداڵان ئەوە رووندەكاتەوە ژمارەی ئەو خێزانانەی یەك منداڵیان هەیە زۆر ‏زۆر زیادیان كردوە. ئەوەشی بە مەترسی ناوبرد.‏

دەوڵەمەندەكان منداڵی كەم ‌و هەژارەكانیش منداڵی زۆریان ‏دەبێت ‏
وەك بەرگرییەكی پێشوەختە لە بۆچوونەكانی مەحموود عوسمان، سەرۆكی ‏ژووری ئۆپراسیۆنەكانی ‏سەرژمێری ئەوەی خستەڕوو‏ وەچەخستنەوە نەك لە ‏كوردستاندا، بەڵكو لەسەر ئاستی دنیاش كەمبووتەوە ‌و گوتی "وڵاتانی ‏ئەورووپی خەریكە گەشەی دانیشتوانیان دەبێتە سفر". بەپێی ئەزموونی ‏خۆشی بەرپرسەكەی سەرژمێری ئەوەشی خستەڕوو، خێزانە دەوڵەمەندەكان ‏منداڵی كەمتر دەبێت ‌و خێزانە هەژارەكانیش منداڵیان زۆر دەبێت بۆیە منداڵ ‏خستنەوەی زۆر یان كەم، كەمتر پەیوەندی بە هەژار ‌و دەوڵەمەندییەوە ‏هەیە.‏
مەحموود عوسمان باس لەوەش دەكات لەدوای 2018وە رێژەی گەشەی ‏دانیشتوانی 15پارێزگاكەی عێراق لە چوارەوە بۆ 2.5 دابەزیووە رێژەی ‏گەشەی دانیشتوانیش  لە هەرێمی كوردستان 2.3 یە ئەو گوتیشی "لەسەر ‏ئاستی هەرێمی كوردستان كەمترین رێژەی لەدایك بوون لە سلێمانییە ‌و ‏لەدهۆكیش جاران زۆرترین منداڵ لەدایكدەبوو كێبڕكێی لەگەڵ ئەنبار دەكرد، ‏بەڵام ئێستا وەها نەماوە لەوێش بەرەوو دابەزین چووە".‏


بزانە خەرجی خێزان لە 2013دا چەند بووە؟
مەحموود عوسمان، ئاماژەبەوەش دەكات باشترین باری ژیانی خەڵكی ‏هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013بوو، خەرجی خێزان بەگشتیی ‏‏2260هەزار دینار بوو، هەر لەو ساڵەدا رێژەی هەژاری بۆ 3% كەمببووە، ‏مەحموود عوسمان ئەوە ناشارێتەوە پێشتر لە گوندەكانی كوردستاندا ژن ‏هەبووە 10بۆ 12منداڵی بووە، "بەڵام ئەوە بووە رابردوو". ئەو دەخوازێ‌ لە ‏ناوچەكێشەلەسەرەكانیش ماددەی 140 بەزوویی جێبەجێ‌ بكرێت  بۆ ئەوە ‏وەك خۆی دەڵێت "لەو ناوچانەش رزگارمان بێت لەوەی داوای منداڵی زیاد لە ‏خەڵكی بكەین". مەحموود عوسمان ئەوە ناشارێتەوە كە لەمەبەدوا بەپێی ‏دوا سەرژمێری بودجەی پارێزگاكان دیاری دەكرێت ئەو گوتیشی "ئینشاڵا ‏بودجدەمان لە جاران كەمتر نابێت". هەر بەپێی قسەی بەرپرسەكەی ‏سەرژمێری قەبارەی خێزان بە گشتیی لە عێرقدا كەمی كردوە
مەحموود عوسمان دەڵێت "قەبارەی خێزان لە هەولێر 5.5 لە سلێمانی ‏پێنجە‌و لە دهۆكیش نۆوە دابەزیوە بۆ شەش، زۆرترین هەژاریش لە دهۆكە ‏چونكە منداڵیان زۆر دەبێت".‏


لەدایكبوونی كورد لەناوچەكێشە لەسەرەكان چۆنە؟
مەحموود عوسمان ئەوەشی خستەڕوو رێژی لە دایك بوونی كورد لە ناوچە ‏كێشەلەسەرەكان نزیكە لە خێزانە عارەبەكانەوە مەحموود عوسمان ئەوەش ‏رووندەكاتەوە لەكەمپی ئاوارەكان لە سلێمانی خێزان هەبوو لە سێ‌ ژن  ‏‏18منداڵی هەبوو  ئەو گوتیشی "لە كەركووك ئەگەر تەعریب نەكرێت سێ‌ ‏نەتەوەكە (كورد ‌و عەرەب ‌و توركمان) وەكو یەكین. لە رابردوو هەمیشە رێژە ‏كورد زۆرتر  بووە بەنموونە لە1957 دا رێژەی كورد لە كەركووك 48% ‌و ‏عەرەب 27% ‌و توركمانیش 21% بووە، بەڵام  بەعس لە 20ساڵدا رێژەی ‏عەرەبی 27% گەیاندبووە 75% ئەوەش بە تەعریب نەك بەمنداڵ ‏خستنەوە". سەبارەت بە گەشەی دانیشتوانی كوردیش بەتایبەت تاوەكو ‏ساڵی  2040 گوتی "ئەو كاتە رێژەی گەشەی دانیشتوانی كورد دەبێتە ‏‏1.8‌و عەرەبیش دادەبەزێ‌ بۆ دوو، بەڵام ژمارەشمان دەگاتە هەشت ملیۆن ‏كەس، راستیەكەیش هەیە دەبێت هەمیشە لەبەرچاومان بێت بمانەوێ‌ یان ‏ناعەرەب 80% دانیشتوانی عێراق پێكدەهێنێ‌.‏

پرسیاری هەستیار ‌و سەرجێی دەكرێت؟
‏ سەرۆكی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی ‏سەرژمێری ‏ئاماژە بەوەشدەكات لەم ‏سەرژمێریدا پرسیارە زۆر هەستیار ناكەن، بەڵام لەرووپێویدا سەرژمێرە ‏ئافرەتەكانیان پرسیاری زۆر تایبەت لە ژنان دەكەن، بەبێ‌ ئەوەی ناویان ‏لەگەڵ زانیارییەكاندا تۆمار بكەن. ئەو گوتی "لە ئەوروپاش پرسیارە ‏هەستیارەكان بەبێ‌ ناو تۆمار دەكرێت". هەر بەپێی ئامارەكانی دەستەی ‏ئامار تاوەكو 50 ساڵی دیكەش هەرێمی كوردستان پێویستی بە هێزی كاری ‏دەرەكی نابێت، چونكە دەرچوویەكی زۆری زانكۆكان هەیە كە بەبێ‌ كار ‏دەمێنێنەوە.‏
هەربەپێی ئامارەكانی لای مەحموود عوسمان ساڵانە رێژەی لەدایكبوون لە ‏هەرێمی كوردستان زیاد دەكات بەجۆرێك وەك ئەو دەڵێت "لە 2020دا ‏‏147هەزار لەدایكبووون هەبووە لە 2030دا دەبێت 166هەزار ‌و لە ‏‏2040دا دەگاتە 168 هەزار، یەك راستیش هەیە پێویستە هەمووان بیزانن  ‏
تاوەكو 2050 كۆمەڵگایەكی گەنج دەمێنینەوە هەموو وڵاتكیش ئەوەی ‏نییە". بەڵام لەبەر كەمبوونەوەی رێژەی مردن خەڵكانی بەتەمەنیش زیاد ‏دەكات هەروەك مەحموود عوسمان دەڵێت "ئێستا 288هەزاركەسی 65 ‏ساڵ ‌و سەرووترمان هەیە". لە كۆتایی قسەكانی بەرپرسەكەی سەژمێری ‏ئاماری دوو نەخۆشی باوی لە پارێزگای سلێمانی خستەڕوو گووتی "لە ‏سلێمانی 16هەزار كەس نەخۆشی شەكرە ‌و 22هەزار كەس زەختیان هەیە ‏بۆ دووملیۆن ‌و 500 هەزار كەسی تەواوی پارێزگاكە ئەو دوو ژمارەیە زۆر ‏نییە"‏


حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێ‌ خێزان چەند منداڵی ‏هەبێت؟
تاوەكوئێستا روون نەبووە حكومەتی هەرێمی كوردستان مەبەستیەتی ‏خێزانی كورد چەند منداڵی هەبێت؟ مەحموود عوسمان وەڵامی ئەو ‏پرسیارەی لایە دەڵێت "حكومەت لەگەڵ ئەوەدایە قەبارەی خێزان پێنج ‏كەس بێت واتە سێ‌ منداڵ ‌و دایك ‌و باوك". شتێكی دیكە كە بۆ مەحموود ‏عوسمان جێگای شانازییە زۆری پەیوەندی كردنی منداڵی شەش ساڵانە بە ‏قوتابخانەكانەوە هەروەك ئەو دەڵێت "بەپێی ئەو ئامارانەی لەلای ‏ئێمەیە97% تەمەنی شەش ساڵانەكانمان پەیوەندی بە خوێندنەوە دەكەن ‌و ‏زیاتر لە ملیۆنێك‌و 500هەزار خوێندكاری بنەڕەتیمان هەیە، جگەلەوە هەر ‏لە پارێزگای سلێمانیدا 46هەزار خوێندكاری زانكۆمان هەیە لە 15 زانكۆ ‏دەخوێنن ‌و ساڵانەش شەش هەزار دەرچووی كۆلیژمان لە سلێمانیدا هەیە".‏

تێكڕایی تەمەن 16ساڵ زیادی كردوە
هەر بەپێی قسەی مەحموود عوسمان، پێشتر تێكڕای تەمەن لە هەرێمی ‏كوردستان 59 ساڵ بوو ژنانیش زیاتر دەمردن، بەڵام ئێستا هاوكێشەكە ‏تەواو پێچەوانەبووەتەوە ‌و تێكڕای تەمەن گەیشتۆتە75ساڵ بەجۆرێك ‏تێكڕای تەمەن بۆ پیاوان 74ساڵ‌و بۆ ژنانیش 76ساڵە "واتە ئافرەتان ‏ساڵێك زیاتر دەژین". مەحموود عوسمان جەختی لەوە كردەوە كە هاوردە ‏رێژەی عەرەبی لە كەركووك زیاد كردوە نەك وەچەخستنەوەی زۆر ‌و ئەوە ‏راستیەشی گەیاندووەتە توركمانەكانیش ئەو گوتی "لە دانیشتنێكدا بە ‏ئەرشەد ساڵح یم گووت ئەو 600 هەزار عەرەبە هاوردەیەی هاتوونەتە ‏كەركووك زیانی بۆ ئێوەش وەك توركمان دەبێت".‏
سەبارەت بە رێژەی مردن لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەش بەدواداچوون ‏كراوە وەك مەحموود عوسمان باسی دەكات "پێشتر ساڵانە لە هەزار كەس ‏تێكڕا شەش كەسی هەرێمی كوردستان دەمردن، بەڵام ئێستا رێژەكە ‏دابەزیوە بۆ چواركەس  لە 2030دا دەبێتە سێ‌ كەس ئەوەش بەهۆی ‏زیادبوونی خزمەتگوزاری تەندروستییە".‏


رێژەیەكی مەترسیدار لە سلێمانی تۆمار دەكرێت
دكتۆر شلێر غەفوور، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵ بوون لە ‏سلێمانی وەك ‏میوانێكی ئەم بەرنامەیە سەباری ئەوەی دانی بەوەدانا كە رێژەی لەدایك ‏بوون بەتایبەت لە سلێمانی بەروو كەمبوونەوە چووە ئەوەشی خستەڕوو ‏رێژەی لەدایك بوون بە نەشتەرگەری ئاستێكی مەترسیداری تۆمار كردوە ‏گوتی "رێژەی منداڵ بوون لە سلێمانی بە نەشتەرگەری گەیشتۆتە 65% ‏ئەوە زۆر مەترسیدارە لە حاڵەتی ئاسایی رێژەی لەدایكبوون بە نەشتەرگەری ‏دەبێت 15% بۆ 20% بێت".         ‏
دكتۆر شلێر غەفوور ئەوەش دەخاتەڕوو ئەگەر ژن لە سێ‌ منداڵ زیاتری بوو ‏بە نەشتەرگەری ئەوا كێشەی جەستەیی بۆ دروست دەبێت ئەو ‏گوتی"سككردنێك بۆ دانەیەكی دیكە لانی كەم دەبێت دووساڵ بینی ‏هەبێت".‏
لەبارەی ئەوەش بۆچی پێشتر ژنان، منداڵیان زیاتر دەبوو بەڵام ئێستا بەو ‏جۆرە نییە. ئەوەی بۆ زیاد لە هۆكارێك گەڕاندەوە ‌و گوتی "ژنانی پێشوو ‏كەمنداڵیان زۆر دەبوو، لە ژینگەیەكی باشتردا دەژیان، ژنی ئێستا كەمنداڵی ‏دەبێت فشاری دەروونی زۆر زیاتری هەیە،جاران ژن لە منداڵیان بوو ‏نەدەترسان، بەڵام ئێستا ترسێكی زۆریان هەیە".‏

خوار 20ساڵ ‌و سەروو 40ساڵ خواستی منداڵیان زۆرە
لە ژناندا ئەو تەمەنانەی كە نەگونجاوە منداڵیان ببێت بەقسەی دكتۆر شلێر ‏زیاتر ئەو تەمەنانە داوای منداڵ دەكەن ئەو گوتی "تەمەنی خوار 20ساڵ‌و ‏سەروو 40ساڵ زیاتر خواستی منداڵبوونیان هەیە، ئەوەی زۆر مەترسیدارە ‏منداڵ بوونە لەو ژنانەی تەمەنیان لە خوار 18ساڵە". سەبارەت بەوەش چ ‏تەمەنێك گونجاوە بۆ منداڵ بوونی ژنان گوتی "لە 19ساڵی بۆ 35 ساڵی ‏باشترین كاتە بۆ منداڵ بوون".‏
دكتۆر شلێر غەفوور ئەوەش دەخاتەڕوو بەپێچەوانەی رابردوو لەلای ژنی ‏ئێستا پڕۆسەی منداڵ بوون زۆر ترسناك ‌و ئاڵۆز بووە
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون جەختلەوە دەكاتەوە  هەموو ‏فشارەكان لەسەر ژنانە دەڵێت "كاتێك ژنمان لە ماڵ هێنایە دەرەوە بۆ ‏كاركردن لە دەرەوە، كارەكانی پێشوشی هەر لەسەر شان مایەوە، ئەوەش ‏هۆكارێكی كەمی وەچەخستنەوەیە". لە كۆتایی قسەكانی دكتۆر شلێر ‏گوتیشی "ئێستا نەخۆشی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە باوەكانی سەر ‏سكپڕبوون بۆیە پێویستە ژنان لەو بارەیەوە زۆر ئاگاداری تەندروستی خۆیان ‏بن".‏

بنێشتێكی گوماناوی
د.هۆگر مەحموود، مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی، كە نوێنەرایەتی ئەو ‏بۆچوونە دەكات كە كورد نەوەی زۆر بخاتەوە تاوەكو ژمارەمان زۆربێت لە ‏بەرامبەر نەتەوەكانی دیكە، بەتایبەت لە ناوچەكێشەلەسەرەكان د.هۆگر ‏مەحموود جەخت لەوە دەكاتەوە لەبەر ئەوەی كورد نەتەوەیەكی بندەستە ‏پێویستە نەوەی زۆر بخاتەوە تاوەكو بەدوور بێت لە لەنێوچوون، ئەو باسی ‏لەوە كرد لە یەكێك لە وڵاتانی چواردەورمان بنێشتێكی گوماناوی نێدراوەتە ‏كوردستان بۆ تێكدانی هاوسەنگی هۆرمۆنی ژنان تاوەكو منداڵیان كەم یان ‏هەر نەبێت ئەو گوتی "بەپێی نوسراوێكی نهێنی عێراق ئاگاداری ئەو كارە ‏بووە، بۆیە رێگری لەوە كردوە بچێتە شارەكانی عێراقەوە". ‏
هۆگر مەحموود ئەوەشی خستەڕوو هەر كاتێك زانیبێتیان كورد رێژەی زۆر ‏بوووە سەرژمێریان دواخستووە ئەو گوتی "لە حەفتاكاندا بەهەشتی مەلا ‏مستەفا داوای كردبوو لەسەر بنەمای نەتەوە سەرژمێری بكرێت، ئەو كاتە ‏كورد 40% بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی رێژەی كورد زۆربوو رێگریان كرد".‏
بەبۆچوونی د.هۆگر مەحموود لەو شوێنەی كەسەكان لە بنچینەدا كوردن، ‏بەڵام كوردی قسەناكەن یاخوود نایزانن نابێت دڵمان بەوانە خۆش بێت ‏هەروەك گوتی "لە 2003دا لە بەسڕا 450 هەزار كورد هەبووە، بەڵام ‏ئەوانە زمانی لەدەستداوە واتە هیچ سودێكی نییە".‏
هۆگر مەحموود ئەو ژمارەیەش بەراست نازانێ‌ كە دەگوترێ‌700 هەزار ‏عەرەب لە كوردستاندا هەیە بۆچوونی وایە ژمارەكە لەوە زیاترە گوتی ‏‏"بەپێی بەدواداچوونەكانم 680 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە كوردستاندا ‏بە عەرەب فرۆشراوە". ‏
د.هۆگر مەحموود چەند ئامارێكی دیكەی خستەڕوو كە بەڵگەی ئەوەیە رێژەی ‏عەرەب بەردەوام زیاد دەكات بەنموونەش باسی سلێمانی كرد گوتی "لە ‏‏2020دا 3379 منداڵی نەتەوەی دیكە لەسلێمانیدا لە دایك بووە لە ‏‏2021دا ژمارەكە بووەتە 6941 منداڵی لە 2022دا گەیشتۆتە 8683 ‏منداڵ".‏
لە كۆتایی قسەكانی مامۆستاكەی زانكۆی سلێمانی باسی لەوەش كرد ئەگەر ‏هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی رامیاری تەواوی هەبێت كێشە نییە با ‏منداڵیش كەم لەدایك بێت، "بەڵام بەردەوام ئەوان زیادبن ‌و ئێمە كەم لە ‏داهاتوودا ئەگەر هەیە ئێمە ببینە كەمینە نەك لە كەركووك بەڵكو لە هەرێمی ‏كوردستانیش".‏

ئیسلام لەگەڵ ئەوەیە سامانی مرۆیی زیاد بێت
ئەحمەد پوشێنی، پێشنوێژ‌و گوتارخوێن كە وەك مامۆستایەكی ئاینی ‏لەبەرنامەكەدا بەشداربوو ئەوەی خستەڕوو  دەبوو زووتر ‌و بەپلان كار لەسەر ‏هۆكارەكانی كەمبوونەوەی لەدایك بوون بكرایە ئەو گوتی "دەبێت كار لەسەر ‏چۆنێتی منداڵیش بكەین، نەك بەتەنیا چەندێتی". لەبارەی بۆچوونی ئاینی ‏ئیسلام  ئەحمەد پوشێنی ئەوەی روونكردەوە كە ئاینی ئیسلام لەگەڵ ‏ئەوەدایە سامانی مرۆیی لە زیادبووندا بێت‎ ‎وگوتیشی "بەڵام زیادبوونەكەش ‏نابێت لەسەر چەندێتی بكەوێت، بەڵكو دەبێت مرۆڤی بە كوالێتی پەروەردە ‏بكەین، بە كوردی ‌و بە كورتی ‌و بەروونی لەگەڵ ئەوەدام وەچەخستنەوەمان ‏زۆر بێت، ئیسلامیش لەگەڵ ئەوەدایە".‏
ئەحمەد پوشێنی جەخت لەوە دەكاتەوە هیچ كاتێك نابێت لە رزقی منداڵ ‏بترسین، چونكە "منداڵ لە ناو سكی دایكی خوای گەورە رزقی دابین كردوە"‏
ئەحمەد پوشێنی ئەوەشی لەبیر نەكرد، كاتێك داوای منداڵی زۆر لە خەڵكی ‏دەكرێت دەبێت سەركردە ‌و بەرپرسەكان لە خۆیانەوە دەستپێبكەن، ئەوجا ‏داوا لە خەڵكی بكەن.‏


ئەو خێزانانەی لەیەك منداڵیان هەیە ژمارەیان زۆر بووە
دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، پسۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان ‌و بەڕێوەبەری ‏پێشووی نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی، وەك میوانێكی بەرنامەكە باسی ‏لەوە كرد منداڵ كەمی ‌و زۆریش هەردووكیان مەترسین ‌و گوتیشی "بەڵام ‏ئەوەی زۆر مەترسییە ئەوەیە ئەو خێزانانەی لەیەك منداڵیان هەیە ژمارەیان ‏زۆر زۆر بووە".‏
دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا ئەوە ناشارێتەوە ئەو خێزانانەی منداڵیان كەمە بۆ ‏داهاتوو مەترسی لەسەر منداڵەكەیان زۆر دەبێت ‌و گوتیشی ‏
‏"ئەو خێزانانەی یەك منداڵیان هەیە لە داهاتوودا منداڵەكەیان هەستیاری ‏لوتیان زیاد دەبێت ‌و لایەنی كۆمەڵایەتیشی زۆر خراپ دەبێت ‌و تووشی ‏گۆشەگیری دەبێت، بەڵام ئەو خێزانانەی منداڵیان زۆرترە كێشەی ‏تەندروستیان كەمترە".‏
دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا بەبەڵگەی زانستی پشتیوانی خۆی بۆ زیادبوونی ‏منداڵ خستەڕوو ‌و گوتی "بەداخەوە ئەو خێزانانەی باری داراییان زۆر باشە، ‏كەمترین منداڵیان هەیە ‌و ئەو خێزنانەش كە زۆر هەژارن منداڵێكی زۆریان ‏دەبێت" ‏
دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا هەرگیز لەگەڵ ئەو بۆچوونە نییە كە دەڵێت با ‏ژمارەی  منداڵ كەم‌وپوخت بێت ‌و دەڵێت "گرفتەكەمان لەوەدایە ئەگەر بەم ‏جۆرە بڕۆین منداڵی كەم‌وپخوتیشمان  نامێنێ‌".‏
ئەو رەخنەی لە حكومەتیش گرد بەوەی كەمترین خزمەتگوزاری پێشكەش ‏دەكات ئەو گوتی "بۆ چارەسەری نەخۆشی نەخۆشخانەی تایبەت زیاد ‏دەبێت نەك حكومی، هەر وەك چۆن بۆ چارەسەری گرفتی خوێند رۆژ بە رۆژ ‏قوتابخانەی ناحكومی زیاد دەكات".‏
دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا بەڵگە بەو نەخۆشخانەیە دەهێنێتەوە كە خۆی پێشتر ‏بەڕێوەبەری بووە دەڵێت "راستە نەخۆشخانەی منداڵان نۆژەنكراوەتەوە، ‏بەڵام بەسواڵ‌و سەدەقە نۆژەن كراوەتەوە نەك پارەی حكومەت دەبێت ‏حكومەت چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكان بدۆزێتەوە نەك پینە‌وپەڕۆ ‏بكات".‏


‏ئەم بەرنامەیە شەوی 24-11-2024 پێشكەش كرا‌و میوانە سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە 
- مەحموود عوسمان، سەرۆكی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی ‏سەرژمێری ‏
‏- ئەحمەد پوشێنی، پێشنوێژ‌و گوتارخوێن 
‏-دكتۆر شلێر غەفوور، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵ بوون لە ‏سلێمانی ‏‏
‏-دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، پسۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان ‏‏‏
‏- د.هۆگر مەحموود، مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی