لە كەرتی تایبەت تاوەكو چەند مافی كرێكاران پارێزراوە؟

28 July 2024
لە كەرتی تایبەت تاوەكو چەند مافی كرێكاران پارێزراوە؟

مافی كرێكاران لە كەرتی تایبەت
لە كەرتی تایبەت تاوەكو چەند مافی كرێكاران پارێزراوە؟

كورتەیەك لە بەرنامەكە
چۆنێتی خانەنشینكردنی كرێكاری رۆژانە لە یاسای نوێی كاردا، مافەكانی ‏كرێكاران، قسەی وەزیری كار بۆ ئەو خاوەنكارانەی كرێكارەكانیان ‏دەستەبەرناكەن، هۆكاری درەنگ یەكلایی بوونەوەی كێشەی كرێكاران لە ‏دادگای كار، ئەگەر كرێكارێك لەلایەن خاوەنكارەكەی ‌غەدری لێكرا ‏پەیوەندی بە چ ژمارەیەكەوە بكات؟، كرێكار دەبێت لە هەفتەیەكدا چەند ‏كاژێر كار بكات؟ ئایا لە كەرتی تایبەت تاوەكو چەند مافەكانی كرێكار ‏پارێزراوە؟ ئەمانە هەموو ئەو مژارانە بوون كە لەم بەرنامەیەدا رووناكیان ‏خرایەسەر
كرێكارێك دەڵێت "شوێنی زۆر گرنگ هەیە گرێبەستی كار بۆ كرێكارەكانی ‏ناكات". 
وەزیری كار جەخت لەوە دەكاتەوە تاوەكو كرێكارگرێبەست ‏نەكات ‌و دواتر دەستبەرنەكرێت هیچ مافێكی پارێزراو نابێت ئاشكراشی ‏دەكات كاتێك فەرمانبەریان ناردۆتە شوێنكارێك بۆ دەستەبەركردنی ‏كرێكارەكانی، خاوەنكارەكە تاوەكو ئاستی مردن لە فەرمانبەرەكەیان داوە، ‏نوێنەری سەندیكای كرێكارانیش جەخت لەوە دەكاتەوە 95% ‏خاوەنكارەكان پابەندی یاسای كارو یاسای خانەنشینی نابن، مامۆستایەكی ‏زانكۆش كە شارەزایی یاسای كاری عێراقیە جەختلەوە دەكاتەوە "ئەگەر ‏یاسای كاری ساڵی1987ش جێبەجێ‌ بكرێت 90% خواستی  كرێكاران ‏بەدی دێت".


شتی سەیر لەسەر چەوسانەوەی كرێكارانی ژن هەیە
‏"لە هەندێ‌ شوێنی كەرتی تایبەت مۆڵەتی دایكایەتی هەر بوونی نییە، ‏هەفتەی دوو رۆژ پشوو هەر نییە، لە سووپەرماركێتەكاندا پشووی جەژن ‌و ‏بۆنەكان ‌و هەینی هەر نییە" شنۆ عومەر، پشكنەر لە لقی سلێمانی ‏سەندیكای كرێكارانی كوردستان لە دەستپێكی ئەم بەرنامەیە ئەو قسانەی ‏كرد ‌وگوتیشی "ئەوەندەی ئێمە بەدواداچوونمان كردوە كرێكاری ژن دووجار ‏دەچەوسێنرێتەوە وەكو ژن ‌و وەكو كرێكاریش". بەپێی گێڕانەوەكانی شنۆ ‏عومەر لە بەشێك  لە كارگەكانی نان، حەوتی بەیانی بۆ شەشی ئێوارە كار بە ‏كرێكار دەكرێت لە هەندێ‌ شوێنیش 10 كاژێر كار بە كرێكار دەكرێت مانگی ‏بە 150هەزار دینار، شنۆ عومەر بەر روخسارێكی خەماوییەوە دەڵێت "كەس ‏ئاگای لە كێشەكانی  ژنانی كرێكار نییە". ئەو پشكنەرە باس لەوەش ‏دەكات ژن هەیە هێندە كاری قورسیان پێكردوە تووشی نەخۆشی ژنانە ‏بووە. لەبارەی ئەوەش بۆچی ژنانی كرێكار لە پای پێشلكردنی مافەكانیان ‏سكاڵا تۆمار ناكەن گوتی "زۆربەی كرێكاران ناتوانن سكاڵا تۆمار بكەن، ‏چونكە دەترسن كارەكانیان لەدەست بدەن، كرێكار هەبووە ناومان بۆ ‏دەستەبەركردن تۆمار كردوە، لەسەر ئەوە دەریان كردوە". لە كۆتایی ‏قسەكانی شنۆ عومەر جەختلەوە دەكاتەوە خاوەن كار هەیە وەكو كۆیلە ‏مامەڵە لەگەڵ كرێكارەكانی دەكات.‏

‏16كاژێر كاركردن بە 10هەزار دینار ‏
هەر لە بەرنامەكەدا بەشێك لە كرێكاران قسەی دڵیان كرد كرێكارێك دەڵێت ‏‏"كرێكار هەیە16كاژێر بە 10هەزار دینار كار دەكات". بەشێك لەو ‏كرێكارانەی لەم بەرنامەیەدا بەشداربوون كرێكاری رۆژانەی بێ‌ ‏خاوەنكاربوون، ئەوان جەختیان لەوە دەكردەوە ئیشیان زۆر كەمە ‏‏"كرێكاری رۆژانە هەیە لە مانگێكدا رۆژێك كاری دەستدەكەوێت". ئەو ‏كرێكارانە ئەوەشیان خستەڕوو سەندیكا ی كرێكاران كەمترین بەرگری لە ‏كرێكاری رۆژانە دەكات كرێكارێك گوتی"لەكاتی كاردا كەوتمە خوارەوە ‏ساڵێك ‌و شەش مانگ لەقاچ كەوتم، كەسێك نەبوو لێمپرسێتەوە". لەبارەی ‏دەستەبەركردنی كرێكاران ‌و كردنی گێربەستی كاركردن بەتایبەت بۆ ئەو ‏كرێكارانەی كە خاوەنكاری هەمیشەییان هەیە كرێكارێك دەڵێت "شوێنی زۆر ‏گرنگ هەیە گرێبەستی كار بۆ كرێكارەكانی ناكات".‏

پەرلەمان نەینارد خۆمان بەنیازین بینێرین
كوێستان محەممەد، وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان ‏ئەوەی خستەڕوو یاسایەكی كاری زۆر باشیان ئامادەكردبوو، ناردبویانە ‏پەرلەمان، بەڵام پەرلەمان نەیناردۆتە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان ئەو ‏گوتی ‏
‏"وەكو ئەنجوومەنی وەزیران بەنیازین خۆمان یاسا بنێرین بۆ رۆژنامەی ‏وەقایعی كوردستان".ئێستا لە كوردستان بەپێی یاسای كاری ساڵی ‏‏1987ی عێراق كار دەكرێت بەپێی لێكدانەوەكانی كوێستان محەممەد ئەو ‏یاسایە كەمتر مافی داوەتە كرێكاری نەوجەوان ‌و كرێكاری ژن وەزیری كار ‏جەخت لەوە دەكاتەوە پێش هاتنی ئەو بۆ وەزارەت بەڕێوەبەرایەتی كار‌و ‏دەستەبەری كۆمەڵایەتی بەتەواوەتی پەراوێزخرابوو تەنانەت وەك خۆی ‏دەڵێت "كەس نەیدەزانی خانەنشینی كرێكار چییە، سەلامەتی تەندروستی ‏هەر ناوی نەبوو، لە زۆربەی شوێنەكان بەڕێوەبەرایەتی كار هەر نەبوو ئێمە ‏دامانمەزراندا، تەنانەت  لەسەردەمی ئێمەوە پشكنەری كار هەیە". وەزیری ‏كار زۆر بە شانازییەوە دەڵێت "سێ‌ بەرامبەری  هەموو كابینەكانی پێش ‏خۆمان كارمان كردوە، پێش ئێمە 10% كرێكار دەستەبەر كرابوون، ئێستا ‏‏60%یان دەستەبەر كراون".‏


تاوەكو ئاستی مردن لە فەرمانبەرەكەیان داوە
كوێستان محەممەد ئاماژەبەوەش دەكات زۆر خاوەن كار خۆیان لە ‏دەستەبەركردنی كرێكارەكانیان دەدزنەوە تەنانەت باس لە قایمقامی ‏قەزایەكی كوردستان دەكات كە گوتویەتی دەستەبەركردن سەرانییە لە ‏خەڵكی وەردەگیرێ‌ ئەو گوتیشی "فەرمانبەرمان هەیە كە چووە بۆ ‏دەستەبەركردنی كرێكاران تاوەكو ئاستی مردن لێیان داوە، جگەلەوە خاوەن ‏كار هەیە كە خۆی موفەوەزی ئاسایشە كەچی لە كارمەندی ئێمەی داوە". ‏دۆسییە دادیەكانی كرێكاران لە دادگای كار بە سەتان ‌و یەكلایی ناكرێنەوە ‏هۆكارەكەشی بۆ كەمی دادوەری كار دەگەڕێتەوە هەروەك كوێستا محەممەد ‏دەڵێت "هەزاران دۆسیەمان لە دادگای كار هەیە ‌و یەكلایی نەكراونەتەوە ‏هۆكارەكەشی بۆ كەمی دادوەری كار دەگەڕێتەوە ئێستا لە هەڵەبجە دادوەری ‏كارمان نیە لە سلێمان ‌و هەولێر ‌و دهۆك هەریەكەی یەك دادوەرمان هەیە، ‏داوامان لە ئەنجوومەنی دادوەری كردوە دادوەرمان بۆ زیاد بكەن، چونكە ‏داوەر هەیە هەر خۆی بەتەنیا پێنج هەزار دۆسیەی لایە، دەڵێت  لە مانگێكدا ‏هەر دەتوانم 10 دۆسیە یەكلایی بكەمەوە".‏

هۆشیارییەك لە وەزیری كارە وە بۆ كرێكاران 

كوێستان محەممەد رێنمایی كرێكاران دەكات بەردەوام ئاگاداری ئەوەبن كە ‏بەبێ‌ گرێبەستی كار بەهیچ جۆرێك كارنەكەن، چونكە "یاسا ناتوانێ‌ بەرگری ‏لە كرێكارێك بكات كە گرێبەستی كاری نەبێت". لەبارەی كەمترین مووچەی ‏كرێكاری ناكارامەش كوێستان محەممەد روونیكردەوە پێش ئەو 275هەزار ‏دینار بوو، دواتر كردویانەتە 350هەزار دینار گوتیشی "ئێستا لیژنەیەك ‏هەیە پێداچوونەوە بەو 350هەزار دینارەش دەكات، چونكە بۆ رۆژگاری ‏ئەمڕۆ كەمە بەبۆچوونی خۆم لە 500هەزار دینار كەمتر بێت باش نییە".‏

ئاگاداری ژمارە 5500 بن
كوێستان محەممەد داوا لە كرێكاران دەكات لە هەر شوێنێك مافەكانیان ‏پێشلكرا ئەوا پەیوەندی بە ژمارە 5500 بكەن ‌و دەڵێت "بۆ دڵنیاییەوە ‏بەدواداچوون بۆ كێشەكانیان دەكرێت‌و ناویشیان پارێزراو دەبێت".‏
سەبارەت بەوەش وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند هاوكارن ‏بۆ دەستەبەركردنی ئەو كرێكارانەی كەرتی تایبەت كە پەیوەندی بەوانەوە ‏هەیە وەزیری كار روونیكردەوە بۆ دەستەبەركردنی كرێكار وەزارەتی ‏پەروەردە باشترینە، چونكە مامۆستایانی قوتابخانە ئەهلییەكان دەستەبەر ‏كراون هاوكات هەردوو وەزارەتی تەندروستی ‌و بازرگانیش لەوڕوەوە ‏هەنگاوی باشیانناوە ئەو گوتیشی "هەر بۆ نمونە لە سنووری سلێمانی ‏‏22هەزار شوێنكار پارەی دەستەبەری كرێكار دەدەن".‏

هەفتەی 48كاژێر كاركردن هەیە
هەر لەم بەرنامەیەدا كوێستان محەممەد جەختی لەوە كردوە هەر كارێك لە ‏هەفتەیەكدا زیاتر لە 48كاژێر كاری پێكرا دەبێت پارەی زیادەی پێبدرێت ‏
سەبارەت بە پارەی نێو سندوقی خانەنشینی وەزیری كار ئەوەی خستەڕوو ‏كە سندوقەكە ئێستا ترلیۆنێك ‌و161ملیار دیناری تێدایە گوتیشی "لە ‏شەش مانگی 2024دا  13ملیار‌و 355ملیۆن ‌و742هەزار‌و 989دینارمان ‏داوەتەوە بە راژەی كۆتای كرێكار". كوێستان محەممەد باسی لەوەش كرد ‏خانەنشینی كرێكاران بەهیچ جۆرێك دوانەكەوتووە ‌و پاشەكەوتیشی ‏لێنەكراوە هەر بۆنموونە خانەنشینێك لە 2013دا  نۆ مووچەی وەرگرتوە، ‏بەڵام  كرێكارێكی خانەنشین 12مووچەی وەرگرتوە، كوێستان محەممەد ‏جەختی لەوەش كردەوە هەموو كارگەیەك دەبێت 75% كرێكارەكانی، ‏كرێكاری نێوخۆیی بن ‌و 70% ئەو 75%ش  دەبێت گەنجی دانەمەزراوبن.‏

ئەو كرێكارانەی خاون كاریان نییە چۆن خانەنشین دەبن؟
لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا كوێستان محەممەد ئاشكرای دەكات كە ‏یاسای خانەنشینیان بە جۆرە داڕشتووە كە كرێكاری رۆژانەش خانەنشین ‏بكرێت ‌و گوتی "ئەو كرێكارەی خاوەن كاری نییە، حكومەت 12% پارەی ‏خانەنشینی بۆ دەدات خۆشی 5% ئەوەش هەنگاوێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی ‏هیچ كرێكارێك نەبێت بەبێ‌ خانەنشین".‏
ئایا هێنانی كرێكاری بیانی كاری وەزارەتی كارە یان وەزارەتی ناوخۆ؟ بۆ ‏وەڵامی ئەو پرسیارە كوێستان محەممەد جەخت لەوە دەكاتەوە كە هێنانی ‏كرێكاری بیانی كاری ئەوانە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ بەناوی پێدانی مافی ‏مانەوەی گەشتیاری بەردەوامە لە هێنانی كرێكاری بیانی، كوێستان ‏محەممەد دەڵێت "چوار ساڵە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لە كێشمەكشمی ئەوەدام ‏ئەو پرسە یەكلایی بكەمەوە، لە 2023دا تەنیا یەك كرێكار لە رێگای ئێمەوە ‏هاتووە، لەكاتێكدا  وەزیری ناوخۆ خۆی دەڵێت 100هەزار كرێكار هاتووە".‏
هەر بەپێی قسەی وەزیری كار "زیاتر لە 6هەزار كەس لەم كابینەدا لە ‏وەزارەتی كار خولی جۆراوجۆریان بینیوە 30% بونەتە خاوەنی كاری خۆیان‏

بۆ پارەی خێزانە كەمدەرامەتەكان وەزیری كار دەچێتە بەغدا
لە بەشی كۆتایی بەرنامەكەدا كوێستان محەممەد ئەوەی خستەڕوو  لە مانگی ‏‏9ی 2015 پارەی چاودێری كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان وەستاوە كە ‏پێشتر 88هەزار خێزان سوودمەند دەبوون ‌و پارەیان لێوەردەگرت، بەڵام ‏پێدانی ئەو پارەیە لەلای حكومەتی عێراق بەردەوامە بەجۆرێك 2ملیۆن ‏خێزان لێی سوودمەند دەبن ئەو گوتی "بۆ گەڕانەوەی ئەو پارەیە بۆ ‏هەریچمی كوردستانیش لە سەرەتای مانگی هەشتی دەچمە بەغداد".‏




‏95% خاوەن كارەكان پابەندی یاسای كار ‌و خانەنشینی نابن
چالاك رەئوف، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان ‏
وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە جەخت لەوە دەكاتەوە وەكو سەندیكا لە ‏دۆخی كرێكاران رازی نین، چونكە زۆرینەی خاوەنكارەكان پابەندی یاسای ‏كار نابن هەروەك ئەو گوتی "95% خاوەنكارەكان پابەندی یاسای كارو ‏یاسای خانەنشینی نابن". چالاك رەئوف نموونە بە پشووی رۆژی یەكی ئایار ‏دەهێنێتەوە كە سەباری ئەوە پشووە بەڵام كار بە كرێكارەكانیان دەكەن ‏
چالاك رەئوف ئەوەش ناشارێتەوە كە لەم كابینەیەدا  وەزارەتی كار، كاری ‏باشی بۆ بەرژەوەندی كرێكاران كردوە ئەو گوتی "كابینەكەنا، بەڵام ‏وەزارەتی كار ئیشی زۆر باشی بۆ كرێكاران كردوە".‏
سەبارەت بە كارەكانی خۆشیان چالاك رەئوف باسی لەوە كرد لە ‏‏1/11/2023وە بۆ 1/6/2024، 12هەزارو483شوێن كاریان بەسەر ‏كردۆتەوە هەر لەو مایەوەیەشدا ناوی 12هەزارو165كرێكاریان بۆ ‏دەستەبەركردن تۆمار كردوە. چالاك رەئوف ئاشكراشی كرد خودی حكومەت ‏هەرێمی كوردستان كرێكاری گرێبەستی هەیە، بەڵام خانەنشینان ناكات.‏

‏"سەندیكا كرێكاران بەسەرچوون ناتوانن بەرگری لە كرێكار بكەن"‏
نەوزاد بابان، كە وەك  هەڵسوڕاوێكی مافەكانی كرێكاران لەبەرنامەكەدا ‏بەشداربوو باسی لەوە كرد سەندیكایەك كە خۆ ماوەی بەسەرچووبێت چۆن ‏دەتوانێ‌ بەرگری لە مافی كرێكاران بكات ئەو دەڵێت "سەندیكای كرێكاران ‏لە1992 وە هەڵبژاردنی نەكردوە، ئیتر چۆن دەتوانێ‌ بەرگری لە كرێكاران ‏بكات". نەوزاد بابان ئەوەشی خستەڕوو، هەندێك  لە خاوەنكار بەتایبەت ‏ئافرەتی كرێكار بۆ كار كردن وەرناگرن، بەڵكو مەبەستیانە بۆ كاری دیكە ‏بەكاریان بهێنن ئەو گوتی "كچێكی ناسیاوی خۆمان هەیە بۆ كاركردن چۆتە ‏ماركێتێك، دواتر هەر ئەو كچە پاش ماوەیەك وازی لە كارەكەی هێنان، كە ‏لێیان پرسی بوو گوتبووی منیان بۆ شتی دیكە دەوێت نەك كاركردن
لە كۆتایی قسەكانی هەڵسوڕاوەكەی مافەكانی كرێكاران جەختی لەوە ‏كردەوە چارەسەری كێشەی كرێكار بە لیژنەو لیژنەكار ناكرێت، بەڵكو ‏‏"دەبێت كرێكاران خۆیان رێكخراو بكەن".‏

‏"ئافرەت تەنیا بۆ بازاڕگەرمی خۆیان وەردەگرن"‏
د.ژیا عەباس، سەرۆكی بەشی كاری كۆمەڵایەتی لە زانكۆی سلێمانی وەك ‏میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو هەندێ‌ شوێن كار ئافرەت تەنیا ‏بۆ بازاڕگەرمی خۆیان وەردەگرن بەكاردەهێنن ئەو گوتیشی "هەندێ‌ جار ‏تۆمەت بۆ ئافرەتی كرێكار دروست دەكرێت". سەبارەت بەوەش بۆچی ‏ئافرەتانی كرێكار ناچن سكاڵا تۆمار بكەن د.ژیا عەباس ئەوەی خستەڕوو ‏ئافرەتان لە ترسی لەدەستدانی كارەكانیان كەمترین جار سكاڵا تۆمار ‏دەكەن گوتی "بەراوورد بە پیاوان هەلی كار بۆ ژنان كەمترە، بۆیە كەمجار ‏دەبینی ئافرەتان سكاڵا لە خاوەنكارەكان بكەن، چونكە بەردەوام ترسیان ‏لەوە هەیە كارەكانیان لەدەستبدەن".‏
د.ژیا عەباس داواكاریشە دەرچوونی كاری كۆمەڵایەتی دەرفەتی ‏دامەزراندنیان لە كەرتی تایبەت بۆ بڕەخسێ‌.‏

‏"یاسا كۆنەكەش جێبەجێ‌ بكرێت بۆ كرێكاران باشە"‏
د.ئومێد عزیز، مامۆستا لە كۆلیژی تەكنیكی ‏كارگێڕی زانكۆی پۆلی تەكنیكی ‏سلێمانی وەك میوانێكی دیكەی ئەم بەرنامەیە ئەوەی خستەڕوو‏ "ئەگەر ‏یاسای كاری ساڵی1987ش جێبەجێ‌ بكرێت 90% خواستی كرێكاران بەدی ‏دێت". ئەو مامۆستایەی زانكۆ وەك خۆی باسی دەكات، چاوەڕێی زیاتریان ‏لە وەزارەتی كار هەبووە ‌و گوتی "وەزارەتی كار لە ئاست گەورەیی ‏كێشەكانی كرێكاران كاریان نەكردوە، بەتایبەت وەزیری كار لەزۆر شوێن ‏دەتوانێ‌ دەسەڵاتەكانی خۆی باشتر بەكاربهێنێ‌، ئەگەر لە شوێنكارێك ‏سەرپێچی كرا ئەوا راستەوخۆ دەتوانێ‌ ئەو شوێنە دابخات".‏

ئەم بەرنامەیە شەوی 28-07-2024 پێشكەش كرا‌و میوانە ‏سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە

‏*كوێستان محەممەد، وەزیری كار ‌و كاروباری كۆمەڵایەتی

‏* چالاك رەئوف، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان ‏

‏* د.ئومێد عزیز، مامۆستا لە زانكۆی پۆلی تەكنیكی سلێمانی ‏كۆلیژی ‏تەكنیكی ‏كارگێڕی ‏
‏* د.ژیا عەباس، سەرۆكی بەشی كاری كۆمەڵایەتی لە زانكۆی سلێمانی‏
‏* نەوزاد بابان، هەڵسوڕاوێكی مافەكانی كرێكاران ‏‏‏