لەگەڵ رەنج - خراپترین ساڵی بۆ هەنگوینی كوردستان ئەمساڵ بوو هەنگوینی تاڵتان بیستووە؟

26 January 2025
خراپترین ساڵی بۆ هەنگوینی كوردستان ئەمساڵ بوو
هەنگوینی تاڵتان بیستووە؟

كورتەیەك لە بەرنامەكە

كەمبوونەوەی بەرهەمی هەنگوین لەم ساڵدا، بووتە هۆی كۆكردنەوەی ئەو ‏هەموو هەنگەوانە لەم بەرنامەی لەگەڵ رەنج دا "بە شێوەیەكی گشتیی ‏ساڵانە 700تۆن بەرهەمی هەنگوینمان هەیە، ساڵ هەبووە 1000تۆن ‏هەنگوینمان هەبووە، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمان بۆ  نزیكەی 50تۆن دابەزیووە ‏‌و دەكرێت بڵێن خراپترین ساڵ بۆ بەرهەمی هەنگوین لەم كوردستان ئەمساڵ ‏بووە". كاروان نووری، كە لە سلێمانی كاری هەنگەوانی دەكات بەوە جۆرە ‏لەبەرنامەكەدا باسی لە بەرهەمی ساڵانەی هەنگوین كرد‌و هۆكاری ‏كەمبوونەوەی هەنگوینیشی بۆ بێپلانی بەرپرسانی پەیوەندیدار گەڕاندەوە ‌و ‏ئاشكراشی كرد هەنگوین هەیە هەنگی هەر نەدەیوە، بەڵام بەتامی هەنگوین ‏دروستی دەكەن لەبازاڕیشدا بە هەنگوینی هەنگ دەیفرۆشن.‏
‏"ئێوە بیستوتانە شاژنی هەنگ لە ژیانیدا یەكجار لەگەڵ نێرەی هەنگ جووت ‏دەبێت؟". پسپۆڕێكی بواری هەنگ‎ ‎بەو جۆرە باس لە جووت بوونی شاژنی ‏هەنگ دەكات.‏
فێڵێك كە زۆرجار دەكرێت فرۆشتنی هەنگوینی ئاسایی یان ساختەیە، ‏بەناوی هەنگوینی شاخ ‌و هەنگوینی دارەوە، هەنگەوانێك باس لەوە دەكات ‏بەناوی هەنگوینی شاخەوە سەتان فێڵ كراوە ‌و دەشڵێت "هەنگوین فرۆش ‏هەیە بۆ هەنگوینێكی ئاسایی دەڵێت كیلۆی بە 40هەزار دینارە، بەڵام دواتر ‏بە پێنج هەزار دینار دیفرۆشێ‌". ‏
لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا ئەوە دەخرێتەڕوو كە هەنگوینی سروشتی ‌و ‏هەنگوینی ساختە چۆن لە یەكتری جیا دەكرێتەوە ‌و خەڵكی ئاسایی چۆن ‏هەنگوینی ساخت بناسێتەوە، دواجار سەرۆكی تۆڕی هەنگەوانانی كوردستان ‏سوپاسی بەرنامەكەی كردوە گوتی "لە رێگای بەرنامەی ئێوەوە خەڵك زۆر ‏ئاشنای هەنگ ‌و كاری هەنگەوانی بوون".‏

هەنگوینی تاڵ
سەر‌و ریشی لە بەخێوكردنی هەنگدا سپی كردوە ‌و زیاتر لە 40ساڵە ‏هاودەمی كاری هەنگەكانە، عارف شێروانی سەرۆكی تۆڕی هەنگەوانانی ‏كوردستانە بەئەزموونی كاركردن گەیشتووە بەوەی كە بڵی "بەڵێ‌ هەنگوینی ‏تاڵیش هەیە". لە دەستپێكی قسەكانی ئەو كەسە بەئەزموونەە دنیایی ‏هەنگەكان سوپاسی بەرنامەی لەگەڵ رەنج ی كرد گوتی "لە رێگای بەرنامەی ‏ئێوەوە خەڵك زۆر ئاشنای هەنگ ‌و كاری هەنگەوانی بوو، ئەوە جێگای ‏دەستخۆشییە".‏
ئەو شانازی بەوەش دەكات كە توانیویانە هەنگوینی كوردستان لەسەر ‏ئاستی دنیا بناسێنن "لە 2009دا  هەنگوینی كوردستان لە پاریسی ‏فەڕەنسا پلەی یەكەمی بەدەستهێنا ئەوە بە هەوڵ‌و ماندووبوونی ‏هەنگەوانانی كوردستان بوو".‏
ئەوەی عارف شێروانی نیگەران كردوە ئەوە جۆرە دەنگۆیانە بووە كە پێشتر ‏لەسەر هەنگوینی كوردستان كراوە ئەو دەڵێت "پێشتر دیعایەی ئەوە دەكرا ‏بەهۆی كیمیابارانكردنەوە هەنگوینی كوردستان تێكچووە هەر كەسێك ‏بیخوات تووشی شێرپەنجە دەبێت، بەداخەوە بۆ ئەو جۆرە قسانە، ئێستا ‏دەركەوت نەك هەر خراپ نییە بەڵكو لەسەر ئاست دنیا هەنگوینی كوردستان ‏یەكێكە لە هەنگوینە باشەكان".‏

شیلەی گوڵی دڕكاوی
زانیارییەكی دیكە كە بۆ زۆرینە جێگای سەرنجە ئەویش ئەوەیە باشترین ‏هەنگوین لە شیلەی گوڵی دڕكاوەییەوە بەدەستدێت. ئەو گووتی ‏‏"خۆشەبەختانە 85% گوڵی كوردستان دڕكاوییە". هەڵگرتنی هەنگوین ‌و ‏پاراستنی یەكێكە لە بنەكانی پاراستنی هەنگوینەكە بەپێی زانیارییەكانی ‏عارف شێروانی دەبێت هەنگوین لە بتڵی شووشەدا هەڵبگیرێت نەك شتی ‏دیكە ئەو دەڵێت "لە ترسی شكان ‌و رژانی خەڵكی نایەوێ‌ هەنگوین لە ‏شوشەدا بێت، دەڵێن با لە پلاستیكدا بێت، چونكە بشكەوێ‌ هەنگوینەكە ‏خەسار نابێت". ‏
بۆ ئەوە هەنگوینێكی بێ‌ فێڵمان دەست بكەوێت، عارف شێروانی ‏ئامۆژگاریمان دەكات هەنگوین راستەوخۆ لە هەنگەوانان بكڕین نەك دەستی ‏دوو ئەو دەڵێت "ئێستا زۆربەی خەڵكیش فێری ئەوە بووە هەنگوین لە ‏هەنگەوان بكڕێت، چونكە هەنگوینی باش بە زۆری لەلای هەنگەوانان دەست ‏دەكەوێت، زۆربەی هەنگوینی هەنگەوانە باشەكان لە هاوینەوە داواكراوە ‌و ‏فرۆشراوە بەراستی هەنگوینی ئەسڵ نامێنێتەوە". عارف شێروانی گلەیی ‌و ‏گازەندەی لە ماركێتەكانیش هەبوو بەوەی زیاتر گرنگی بە هەنگوینی هاوردە ‏دەدەن نەك هەنگوینی خۆماڵی.‏

بیبەسـتێ‌ باش یان نا، ساختە ‌و ساخ چۆن جیابكەینەوە؟
لەبەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا عارف شێروانی ئەوش رووندەكاتەوە بە چیدا ‏بزانین هەنگوینەكەمان ساختە نییە هەنگوینێكی باشە؟ "هەنگوینی باش ‌و ‏سروشتی دەبێت لە نێو بەفرگردا بیبەستێ‌، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە ئەگەر ‏هەنگوین بە شەكریش كرابێت هەر دەیبەستێ‌، یەك جیاوازیان هەیە ‏هەنگوینی باش ‌و ساخ بە 72كاژێر ‌و هی شەكریش بە 90 كاژێر ‏دەیبەستێ‌".‏
شێروانی باس لەوەش دەكات پلەی گەرمی هەنگوین گەیشتە حەوت بۆ ‏چواردە پلە دەیبەستێ‌، هاوكات زانیاری ئەوەشیدا هەنگوینی ساخ لە ‏بەستەردا (سەلاج)دا نایبەستێ‌، شێروانی دەشڵێت "هەنگوینی باش بە ‏تاقیگە دواتر بە متمانەی خاوەنەكەی بناسنەوە". شانازییەكی دیكەی عارف ‏شێروانی ئەوەیە كە مامەڵەكردن لەگەڵ هەنگ زۆر سوودی پێگەیاندن ‌و گوتی ‏‏"هەتاوەكو هەنگ پێمانەوە بدات لەش مان بەهێزتر دەبێت ئەوەی جێگای ‏سەرنجە یەك هەنگەوان لە كوردستاندا كاتی خۆی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ‏نەمرد".‏

تێزاب ‌و مەعجیزە لەنێو هەنگوین
پێشتریش عارف شێروانی لە بەرنامەكانی رابردوو باسی لەوە كردوە كە ‏تێزاب ‌و مەعجیزەی پاكەرەوە دەكەنە هەنگوینەوە بۆ ئەوەی نەیبەستێ‌ ‌و ‏وەها پیشانبدرێت كە هەنگوینەكە ساخە، شێروانی لەو بۆچوونەی رابردووی ‏پەشیمان نییە ‌و دەڵێت "ئێستاش لە دەرەوەی كوردستان ئەو كارە ‏دەكرێت
هەیە تێزاب هەشە موعجیزە دەكاتە هەنگوینەوە، خراپەییەكە لەوەدایە بە ‏قاچاخ لەو جۆرە هەنگوینانە دەهێنرێنە كوردستان ‌و ساخدەكرێنەوە".‏
عارف شێروانی بەوەش نیگەرانە ئەوەی لەكوردستان هەنگوین دەخوات زیاتر ‏وەك دەرمان دەیخوات نەك خۆراك ‌و گوتیشی "8% خەڵكی كوردستان ‏هەنگوین دەخۆن، بەڵام لە وڵاتێكی وەكو یەمەن 58% ‌و سعودیاش 50% ‏خەڵكی هەنگوین دەخۆن".‏
هەر بەپێی زانیارییەكانی سەرۆكی تۆڕی هەنگەوانانی كوردستان، هەنگ دوو ‏جۆری هەیە هەندێكیان بە هەنگی بزن ‌و هەندێكی دیكەشیان بەهەنگی مەڕ ‏ناودەبرێن "هەنگی بزن رەنگی رەشە، بەڵام هەنگی مەڕ رەنگی زەردە". لە ‏كۆتایی قسەكانی عارف شێروانی ئەوەشی خستەڕوو دنیا بەرەو ئەوە ‏دەڕوات گرنگی زیاتر بە هەنگ دەدرێت ‌و گوتی "تەنانەت لەبەرنامەی تڕەمپ ‏دایە هەنگ لە ئەمریكا زۆر بكات بەڵێنی داوە گرنگی تەواو بە هەنگ بدات".‏

هەنگوینی كوردستان لە 1000تۆنەوە بۆ 50تۆن

كاروان نووری كە لە شاری سلێمانی كاری هەنگەوانی دەكات  باس لەوە ‏دەكات ساڵ هەبووە بەرهەمی هەنگوینی كوردستان گەیشتۆتە 1000تۆن، ‏بەڵام ئەمساڵ رێژەكەی بۆ 50تۆن دابەزیوە ئەو گوتی "هەموو ئەو ‏كەمبوونەوەیە پەیوەندی بە بێپلانییەوەیە هەیە، لەم وڵاتە هیچ پلانێكی ‏روون بۆ گەشەكردنی ئەم كەرتە نییە".‏
كاروان نووری لە وەسفی هەنگەوانی باشدا دەڵێت "هەنگەوانی باش ئەوەیە ‏رێژەی مردنی ساڵانەی هەنگەكانی 15% زیاتر نەبێت".‏
ئەو بە دروستی نازانێ‌ هاوكارەكانی كاری دووەمیان بكەنە هەنگەوانی ‌و ‏دەڵێت "ناكرێت هەنگەوانی بكینە پیشەی دوومان ‌و سەركەوتووش بین". ‏
بەبڕوای كاروان نووری هەڵەی باوی وا هەیە لەكاری هەنگەوانیدا دەكرێت، زۆر ‏لەوە خراپترە كە دەڵێن تێزاب دەكەنە هەنگوینەوە، لەنموونەی ئەو كارانە ‏
گوتی "دەرمانی نەخۆشی هەنگ هەیە لە دنیادا قەدەخەیە، كەچی لە ‏كوردستاندا بەكاردێت". ‏

هەنگ چەند جۆر بەرهەمی هەیە؟ ‏
كاروان نووری ئەوەش رووندەكاتەوە كەهەنگ هەشت جۆر بەرهەمی هەیە، ‏بەڵام خەڵكی تەنیا بە هەنگوین ئاشنان، بۆ نموونەی ئەو بەرهەمانە گوتی  ‏‏"هەڵاڵە كە بەرهەمێكی هەنگە پڕۆتینی زۆرە‌و بۆ لەشی مرۆڤ زۆر بەسوود". ‏ئەو هەنگەوانە زانیاری ئەوەشیدا لە ژینگەی كوردستاندا 20بۆ 25رۆژ هەنگ ‏شیلەی گوڵەكان كۆدەكاتەوە، بەڵام لە ژینگەی هەندێك وڵات 60 بۆ 85 رۆژ ‏هەنگەكان شیلەی گوڵەكان كۆدەكەنەوە ‏
لەبارەی ئەوەش بەچیدا هەنگەوان بزانێ‌ كێشەی گەورەی لە بەخێوكردنی ‏هەنگەكانیدا هەیە گوتی "هەر كاتێك مردن لەبەردەم سندوقی بەخێوكردنی ‏هەنگەكاندا هەبوو ئەوا دەبێت هەنگەوانەكە بزانێ‌ كێشەیەكی گەورە لە ‏بەخێوكردنەكەدا هەیە ‌و پێویستی بە چارەسەرە".‏
ئەو لەوەش نیگەرانە كە خەڵكی كوردستان تاوەكوئێستا هەنگوینی ‏بەخواردنی سەرەكی دانەناوە، هەر بۆیە خەڵكێكی كەم هەنگوین دەخۆن. ‏لەبارەی باشترین كاتیش بۆ خواردنی هەنگوینە گوتی "باشترین كات بۆ ‏خواردنی هەنگوین ئەوەیە لە نێوان دوو ژەمەدا بخورێ‌ یان بەیانیان زوو ‏بخورێ‌".ئەو هەنگەوانە رێنمایی ئەوەش دەدا كە نابێت هەنگوین لە بەفرگردا ‏هەڵبگیرێت. لە كۆتایی قسەكانی كاروان نووری ئەوەشی ئاشكرا كرد هەندێك ‏هەنگوین هەیە هەنگی هەر نەدیوە ‌و گوتی "هەنگوین هەیە دروست دەكرێت ‏هەنگی هەر نەدیوە، بەڵكو تەنیا بۆ تام  هەنگوینی تێدەكرێت".‏


دەرمانی هەنگیش خراپە
ڤاروا ناوی نەخۆشییەكی باوی هەنگە ‌و هەموو هەنگەوانان پێی ئاشنان، ‏بەڵام كەمیان دەتوانن چارەسەرێكی باشی بۆ بدۆزنەوە، چونكە ئەو ‏دەرمانانەی بەكاریدەهێنن  بەباشی كاری خۆی ناكات، د.عەبدولڕەحیم ‏عومەر، پسپۆڕی بواری هەنگ باس لەوە دەكات ئەو دەرمانەی بۆ نەخۆشی ‏ڤاروا لە كوردستان بەكاردێت باش نییە ئەو دەڵێت "ئەگەر حكومەت كوالێتی ‏دەرمانەكەی چاك بكات، ئەوا بەدڵنیاییەوە نەخۆشی ڤاروای چارەسەر ‏دەبێت".‏
د.عەبدولڕەحیم عومەر بەئاسایی دەبینێ‌ هەنگەوان رۆژانە 50مێش هەنگی ‏بمرێ‌، بەڵام لەوە زیاتر دەبێت بەدوای چارەسەردا بگەڕێ‌
زانیارییەكی دیكە كە رەنگە بۆ زۆرینەی خەڵكی نوێ‌ بێت، ئەوەیە 80% ‏پیتاندنی رووك لەسەر هەنگە د.عەبدولڕەحیم عومەر دەڵێت "جۆرە هەنگێك ‏هەیە تەنیا بۆ پیتاندنە، عێراق زۆرجار هاوردەی دەكات".‏
د.عەبدولڕەحیم عومەر ئەوەش دەخاتەڕوو كە هەنگەكان مەملەكەتێكی ‏سەربەخۆی تایبەت بە خۆیان هەیە نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو یاسا‌و رێنمایی ‏تایبەتی كاركردنی خۆیان هەیە "بۆیە دەبێت بە هەستیارییەوە مامەڵەیان ‏لەگەڵدا بكرێت نابێت وەهایان لێبكرێت پێتەوە بدەن، چونكە ئاشكرایە ‏هەنگ بەكەسێكەوە بدات خۆی دەمرێ‌".‏
د.عەبدولڕەحیم عومەر رێنمایی ئەوە دەداتە هەنگەوانان كە پوورەی هەنگ ‏نابێت لە 15هەزار مێش هەنگ كەمتری تێدا بێت، لەبارەی چۆنێتی ‏ناسینەوەی شاژنی هەنگیش گوتی "شاژن بە قەباریدا دەناسرێتەوە".‏


نێرەی هەنگ بۆچی لەكاتی جووت بوون دەمرێ‌؟
بەپێی زانیارییەكانی د.عەبدولڕەحیم عومەر شاژنی هەنگ لە ژیانیدا یەكجار ‏جووت دەبێت ئەویش لە كاتی جووت بوون لەگەڵ نێرەی هەنگ نێرەی ‏هەنگەكە دەمرێ‌ د.عەبدولڕەحیم عومەر دەڵێت "لەكاتی جووت بوونی نێرەی ‏هەنگ دەنگێك دروست دەبێت ‌و راستەوخۆ نێرەكە دەمرێ‌، لەوبارەیەوە ‏چەندین لێكۆڵینەوەی ورد كراوە ئەو دەنگە بیستراوە".‏
د.عەبدولڕەحیم عومەر هێما بەوەش دەكات  هەنگی كوردی كە ناوی (میدە) ‏لە عێراق ‌و سوریا ‌و ئێراندا دەژی ئەو دەڵێت "هەنگی كوردی زۆر ‏كەمبووەتەوە لەوانەیە لە ناو شاخەكاندا هەنگی كوردی مابێت، بەڵام زۆر ‏نییە، ئێستا وڵاتی میسڕ یەكێكن لەو وڵاتەی مێش هەنگی خۆیان ‏بەشێوەیەكی باش پاراستووە". سەبارەت بەوە كەسانەش كە دەڵێن بە تۆن ‏هەنگوینی شاخمان هەیە ئەو لەوە بەگومانە ‌و دەڵێت "هەنگوینی شاخ ئەوە ‏نییە كە بەتۆن هەبێت، رەنگە بڕی كەم هەبێت بەڵام بەو زۆرییە هەرگیز ‏نییە".‏
پسپۆڕەكەی بواری هەنگ جەخت لەوەش دەكاتەوە هەرگیز  هەنگوین ‏پێویستی بە موادی پارێزەر نییە، چونكە تێكناچێت
هەرچەندە بەپێی یاسا هاوردەكردنی هەنگوین، بەڵام وەك د.عەبدولڕەحیم ‏باسی دەكات بازاڕەكانی كوردستان پڕن لە هەنگوینی هاوردە ئەوەی جێگای ‏نیگەرانییە تاوەكوئێستا وەزارەتی كشتوكاڵ تاقیگەی پشكنینی هەنگوینی ‏نییە". ئەو پسپۆڕە لەوەش نیگەرانە، زۆرینەی ئەوانەی بڕوانامەیان لە ‏هەنگدا هەیە لەنێو تاقیگەدا پێگەیشتوون نەك واقعی كاركردن  ‏
لەبارەی بەرهەمی ئەو هەنگانەش كە شەكریان بۆ دەدەنرێت د.عەبدولڕەحیم ‏عومەر دەڵێت "ئەگەر هەنگ تۆنێك شەكر بخوات، تۆنێك هەنگوین دەدا واتە ‏چەند شەكر بخوات بە ئەندازەی ئەوە هەنگوین دەدات، بەڵام دیارە ‏هەنگوینەكەی ساخ نییە ئەوەشمان لەبیر نەچێت، بەپێدانی شەكر هەنگ ‏تەمبەڵ ‌و دەڕ دەبێت".‏
رێگایەكی دیكە بۆ ناسینەوەی هەنگوینی ساختە وەك د.عەبدولڕەحیم عومەر ‏باسی دەكات ئەوەیە هەنگوینی ساختە یەكەمجار كە تامی دەكەیت خۆشە، ‏بەڵام دواتر لەدەمدا ناخۆش دەبێت.د.عەبدولڕەحیم  گومانی لەوەش نییە  ‏ئەگەر پشتیوانی هەنگەوانان بكرێت، هەنگوین دەبێتە سەرچاوەیەكی داهاتی ‏باش بۆ هەرێمی كوردستان


بەرهەمی ساڵانەی هەنگ لە دهۆك
عەبدولغەفار ئیبراهیم، كە وەك سەرۆكی كۆمەڵەی هەنگەوانانی دهۆك ‏لەبەرنامەكەدا بەشدار بوو ئەوەی خستەڕوو لە ساڵێكدا لە دهۆك 300تاوەكو ‏‏350 تۆن بەرهەمی هەنگوین هەبێت ئەوا دەتوانرێ‌ بگوتری بەرهەمەكە باش ‏بووە، "بەڵام ئەمساڵ زۆر لەو بڕە كەمتر بوو".‏
عەبدولغەفار ئیبراهیم ئەوەشی خستەڕوو هەنگ ئەو هەستیاریەی هەیە هەر ‏كەسێك لێبترسێ‌ پێوەی دەدات.‏
لەبارەی كەشی گونجاو بۆ شاژنی هەنگ عەبدولغەفار باسی لەوە كرد "ئەبێت ‏شاژنی هەنگ وەها پەروەردە بكەین  لەگەڵ كەش‌و هەوای كوردستان ‏بگونجێ‌". عەبدولغەفار ئیبراهیم ئەوەش ناشارێتەوە كە یاسایەك هەیە ‏هاوردەكردنی شاژنی هەنگ قەدەخە دەكات، بەڵام كەمجار كار بەو یاسایە ‏دەكرێت. سەرۆكی كۆمەڵەی هەنگەوانانی دهۆك ئەوەشی خستەڕوو كە ‏هەنگەوانانی كوردستان لەبارەی نەخۆشی ڤاروای  كەمترین زانیاریان هەیە ‌و ‏گوتیشی "بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی ڤاروای، پێویستە رۆژێك تەرخان ‏بكرێت، چونكە بەراستی گیرۆدەی ئەو نەخۆشییە بووین كێشەشمان ئەوەیە ‏دەرمانی چارەسەری وەكو پێویست لەبەر دەست نییە".‏

هەنگ ژەهریشی هەیە
هەر لەبەرنامەكەدا كۆمەڵێك هەنگەوان ئامادەبوون ئەوانیش سەرنجی خۆیان ‏خستەڕوو هەنگەوانێك باسی لەوە كرد هەنگ ژەهریشی هەیە هەندێك بۆ ‏چارەسەر نەخۆشی بەكاردەهێنێ‌، سەبارەت بە چارەسەر نەخۆشی ‏هەنگەكان هەنگەوانێك باسی لەوە كرد بۆ بەشێك لە هەنگەكانی هیچ جۆرە ‏دەرمانێك بەكارناهێنێ‌، چونكە بەشی زۆری ئەو دەرمانانەی هاوردە دەكرێت ‏بەكەڵك نایەن هەروەك  هەنگەوانێك گوتی "ئەو دەرمانەی لە توركیاوە دێت ‏بۆ چارەسەر نەخۆشی هەنگ بۆ خۆیان باشە، بەڵام بۆ كوردستان نا".‏
هەنگەوانێكی دیكە باسی لەوە كرد ‏‎ ‎چەندین نەخۆشیم هەبوو وەك زەردا‌و ‏گورچیلە‌و كەم خوێنی، بەڵام بەخواردنی هەنگوین چاكبووەتەوە
هەنگەوانێكە دیكە داواكاربوو لە حكومەت جۆرە دارێك بچێنێ‌ كە سوود بە ‏هەنگ بگەیەنێ‌ نەك بەشێوەیەكی بۆ هەڕەمەكی نەمام ‌و دار هاوردە بكرێت ‏
‏"هۆكارێكی كەمی بەرهەمی هەنگ هاوردەكردنی هەنگ ‌و شاژنی خراپە". ‏هەنگەوانێك ئەو قسەی كرد ‌و گوتیشی "بەهەزاران شاژن هاوردە دەكرێت ‏هەمووشی كوالێتی خراپە بەتایبەت لە مانگەكانی چوار ‌و پێنج  هەزاران ‏شاژن دێهێنە كوردستان لەكاتێكدا هاوردەكردنی قەدەخەیە".‏
هەنگەوانێكی دیكە ئەوەی ئاشكرا كرد كە كەس هەیە هەنگی نییە، كەچی بە ‏‏500كیلۆ هەنگوین دەفرۆشێ‌، لە فرۆشتنەكەشدا خەش دەكات "هەنگوین ‏فرۆش هەیە سەرەتا دەڵێت كیلۆی بە 40هەزار دینار، بەڵام دواتر بە پێنج ‏هەزار دینار دیفرۆشێ‌". ژنە هەنگەوانێكی ناو بەرنامەكەش تكای لە ژنان كرد ‏لە پێناوی ئەوەی ببنە خاوەنی سەرچاوەی داهاتی خۆیان رووبكەنە ‏بەخێوكردنی هەنگ.‏

ئەم بەرنامەیە شەوی 26-01-2025 پێشكەش كراو میوانە ‏سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە ‏
‏-‏‎ ‎د.عەبدولڕەحیم عومەر، پسپۆڕی بواری هەنگ‎ ‎
‏-عارف شێروانی، سەرۆكی تۆڕی هەنگەوانانی كوردستان ‏
‏- عەبدولغەفار ئیبراهیم، سەرۆكی كۆمەڵەی هەنگەوانانی دهۆك ‏
‏- كاروان نووری، هەنگەوان لە سلێمانی ‏