لەگەڵ رەنج - بەرهەمی کارگەکانی ناوخۆ

09 February 2025
‏كوالێتیی كۆنترۆڵی سنوورەكانمان وەک پێویست نین، یاسای پاراستنی مافی ‏بەكاربەر ‌و یاسای پاراستنی بەرهەمە نێوخۆییەكان ئەوانیش چالاك نین، ئیتر ‏بۆ گلەیی لە وڵاتان بكەین بڵێن هیچمان بۆ ناكەن". 
 
لە بەشێكی بەرنامەكە ‏رەنج سەنگاوی پێشكەشكار بەو جۆرە دوا، تەواوی بەرنامەكە تایبەت بوو ‏گرنگیدان بە بەرهەمی كارگەكانی نێوخۆ بەپێی قسەی بەرپرسیچكی ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرنامەكەدا تاوەكو ئێستا لە هەرێمی ‏كوردستان مۆڵەت دراوەتە 4679  كارگە كە بەشێكیان لەدروستكردندان ‌و ‏زیاتر لە 1000 كارگەیەكیان بەكردار بەرهەمیان هەیە. بەشێك لەو كارگانە ‏وەك كارگەكانی چیمەنتۆی بەشی هەموو عێراق دەتوانێ‌ بەرهەمی هەبێت. ‏یەكێك لە گرفتەكانی خاوەنكارگەكان ئەوەیە كە ەزگاكانی حكومەت ‏بەرهەمەكانیان لێ ناكڕنەوە، لە كاتێكدا وەزارەتی بازرگانی ‌و پیشەسازی ‏پێش دوو ساڵ داوای كردوە لانی كەم 75% دەزگاكانی حكومەت بەرهەمی ‏كارگەكانی نێوخۆ بەكاربهێنن
 
سەباری ئەوەش وەك ئەندامێكی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازی ‏سلێمانی باسی دەكات "هەموو عێراق بە خشت ‌و چیمەنتۆ ‌و شیشی ‏كارگەكانی سلێمانی دروست دەكرێت یاخوود نۆژەن دەكرێتەوە". ‏بەرپرسەكەی حكومەتی هەرێمیش كە پلەی بەڕێوەبەری گشتی هەیە ‏پشتیوانی ئەو قسەیە دەكات دەڵێت "80% بۆ 90% بەرهەمی كارگەكانمان ‏بۆ نێوەڕاست ‌و خوارووی عێراق دەڕوات". خاوەن كارگەیەكیش لە هەولێر باس ‏لەوە دەكات كە نزیكەی 200 بۆ 300 خاوەن كارگە لە هەولێر بەهۆی بێ‌ ‏بازاڕییەوە وازیان لە كارەكەیان هێناوە.‏
 
‏"پێویستە لای راستی هەموو ماركێت ‌و سوپەرماركێتەكان بكرێتە بەرهەمی ‏كارگەكانی نێوخۆ". ئەوەش پێشنیازی ئەندامێكی ئەنجوومەنی ژووری ‏بازرگانی ‌و پیشەسازی هەولێر بوو.‏
‏ 
 
لە 4679 مۆڵەتی كارگە زیاتر لە 1000 دانەی كار دەكات
 
هەرچەندە ژمارەی كارگە مۆڵەتپێدراوەکان لە هەرێمی كوردستان 4679 ی تێپەڕاندووە، بەڵام بەكردار زیاتر لە 1000 كارگەیان بەرهەمیان ‏هەیە؛ ئەو ژمارەیەش كۆڤان جەلال بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی ‏‏پیشەسازی ‏لە ‏‏‏‏وەزارەتی ‏بازرگانی ‏‏‌و ‏پیشەسازی هەرێمی ‏كوردستان ‏پشتڕاستی كردەوە.‏
 
ئەوەی بۆ كۆڤان جەلال ‌و خەڵكی كوردستانیش جێگای شانازییە ئەوەیە كە ‏كارگە لە كوردستاندا هەیە دەتوانێ‌ بەشی هەموو عێراق بەرهەمی هەبێت ‏‏"بەرهەمی كارگەكانی چیمەنتۆی كوردستان، بەشی هەموو عێراق دەكات ‏جگە لەوە كارگەی زۆر باشی شیش ‌و بلوك ‌و بۆیاخ ‌و مۆبیلیات ‌ودەرگا ‌و ‏پەنجەر‌ە و ئەلەمنیۆمی زۆر باشمان هەیە كە بەپێی پێوەرە جیهانییەكان ‏بەرهەمیان هەیە".‏
 
كۆڤان جەلال ئەوەشی ئاشكرا كرد كە مۆڵەتیانداوە بە كارگەی تواندنەوەی ‏شوشە ‌و دووبارە دروستكردنەوەی، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە بەرهەم ‌و ‏گوتیشی، "نزیكەی 50 بۆ 60 كارگەی پاكکەرەوەی زۆر باشمان هەیە ‏بەرهەمیان لەوانەی دەرەوە زۆر باشترە". هەر بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین كارگەی زۆر ‏باشی كلینكسی تەڕ‌ و وشك هەن، ئەمە جگە لە كارگەكانی لەكیسكردن‌ و ‏لەقوتوونانی بەرهەمە جۆراوجۆرەكان. مۆڵەتدان بە كارگەیەكی بەستنەوەی ‏تەلەفۆنی سمارتفۆن كە ئێستا بەرهەمی هەیە یەكێكی دیكەیە لە ‏شانازییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی ‏پیشەسازی". كۆڤان ‏جەلال ئاماژەی بە چەند كارگەیەكی دیكەش كرد كە بەرهەمی زۆر باشیان ‏هەیە، وەك كارگەی قیری شل ‌و رۆنی ئۆتۆمبێل ‌و پاتری ‌و بۆری ئاو ‌و ‏كارگەكانی شیرەمەنیی ماست ‌و پەنیر ‌و ئایسكرێم. ‏
‏ 
 
عێراق ساڵانە بایی 30 ملیار دۆلار هاوردەی هەیە
 
بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی ‏پیشەسازی ‏لە ‏‏‏‏وەزارەتی ‏بازرگانی ‏‏‌و ‏‏پیشەسازی هەرێمی ‏كوردستان ئەوەی خستەڕوو كە عێراق ساڵانە بایی ‏‏30 ملیار دۆلار هاوردەی خۆراك ‌و كاڵای جۆراوجۆری دەرەكی هەیە و دەڵێت، ‏‏"تەنانەت 80% بۆ 90%ی بەرهەمی كارگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ‏نێوەڕاست ‌و خوارووی عێراق دەڕوات". هەر بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی ‏كارگەكانی نێوخۆ، كۆڤان جەلال ئەوەی روونكردەوە كە پێش دوو ساڵ ‏داوایان كردوە 75%ی دەزگاكانی حكومەت بەرهەمی كارگەكانی نێوخۆ ‏بەكاربهێنن. ئەو گوتی، "ئەگەر ئەو داوایەمان جێبەجێ‌ نەبووە پەیوەندی بە ‏ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕواناكەم بلۆك ‌و شیش ‌و ‏چیمەنتۆ لە توركیا ‌و ئێرانەوە بێتە كوردستان بازاڕیان باش بێت، زیاتر ‏بەرهەمی خۆمان بەكاردێت". ‏
 
كۆڤان جەلال شانازی بەوەش كرد كە 13 كارگەی چیمەنتۆ لە هەرێمی ‏كوردستاندا بوونی هەیە ئەو گوتیشی، "لە كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە تۆنی ‏چیمەنتۆ بە 45 هەزار دینارە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە پاڵپشتیی حكومەتی ‏هەرێمی كوردستانی هەیە".‏
 
كۆڤان جەلال جەخت لەوە دەكاتەوە، بەرهەمی نێوخۆ باشترە، چونكە ‏لە لایەن زیاد لە لایەنێك پشكنینی بۆ دەكرێت ئەو گوتی، "بەرهەمی نێوخۆمان ‏سەتان جار باشترە لەو بەرهەمەی لە دەرەوە دێت". ئەو بەرپرسەی ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی نەشاردەوە كە دەروازە هەیە رێگری ‏لە بەرهەمی نێوخۆ دەكات بڕواتە دەرەوە. ئەو گوتی، "لە دەروازەی ئیبراهیم ‏خەلیل كێشە بۆ بەرهەمی نێوخۆ دروست بووە بڕواتە دەرەوە".‏
 
سەبارەت بەو پێشنیازەش كە لای راستی ماركێت ‌و سوپەرماركێتەكانی ‏هەرێمی كوردستان بكرێتە بەرهەمی كارگەكانی نێوخۆ، ئەو گوتی، "ئەگەر بە ‏دڵی من بێت راست ‌و چەپی هەموو ماركێتەكان دەكەمە بەرهەمی نێوخۆ، ‏چونكە ئەگەر بمانەوێ‌ حكومەت ‌و میللەتێكی بەهێزمان هەبێت دەبێت ‏بەدڵنیاییەوە پیشەسازییەكی بەهێزمان هەبێت".‏
 
سەبارەت بە یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی كە لە 2022ـەوە بوونی هەیە، ‏كۆڤان گوتی، "خاوەن كارگەكان وەكو پێویست نایەن بەلای ئەو یاسایەدا".‏
 
ئەو گوتیشی، "ئێمە كارگەی زۆر باشی پاكکەرەوەمان هەیە، بەڵام گرفتێكیان ‏هەیە زۆرینەیان نایەن فۆڕمی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی پڕبكەنەوە تاوەكو ‏ئێمەش بەرگرییان لێبكەین".‏
 
 
"ناچار كردمە كتێب"
 
بیرۆكەی ئەم بەرنامەیە لە كتێبێكی ئارام ‏بابان، ‏ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری ‏بازرگانی ‌و ‏پیشەسازیی ‏سلێمانی سەرچاوەی گرتووە بەتایبەت كاتێك لە ‏بەشێكی كتێبەكەیدا باسی لەوە كردووە، بۆ پشتگیریی بەرهەمی نێوخۆیی ‏كارگەكان پێویستە لای راستی سەرجەم ماركێت ‌و سوپەرماركێتەكان بكرێتە ‏بەرهەمی كارگەكانی نێوخۆ، ئارام ‏بابان لە دەستپێكی قسەكانی ئاماژەی ‏بەوەدا، ئەوەندە بۆ بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) بانگكراوە ‌و دەرفەت نەبوو ‏هەمووی ئەو بابەتانەی ئامادەی كردووە بتوانێ‌ بیڵێ‌، ناچار كردویەتیە كتێبێك ‏بۆیە بە پێكەنینەوە دەڵێت، "دەبێت كاك رەنج سوپاسی تۆ بكەم وەهات ‏لێكردم ئەم كتێبە ئامادە بكەم".‏
 
ئارام ‏بابان جەخت لەوە دەكاتەوە، خاوەن كارگە واتە پێشمەرگایەتی، ‏دڵسۆزی، سیاسی، قبوڵ نەكردنی مووچەی بندیواری، سەرباری كاركردنی ‏ئەو كارگانە لەلای ئارام ‏بابان هێشتا لە دۆخەكە رازی نییە و باس لەوە دەكات، ‏بەهۆی نەبوونی كارگەی پێویست لە 1991ـەوە رۆژ بە رۆژ بەرهەمی تاكی ‏كورد كەم دەبێتەوە بەوەش حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی كەم ‏دەبێت ‌و خەرجی زۆر دەبێت. ئارام ‏بابان دەڵێت، "هیچ حكومەتێك نییە لە ‏دنیادا هەموو خەڵكەكەی بژیێنێ‌، دەبێت 20% بۆ 30%ی خەڵك كاربەدەستی ‏حكومەت بن، نەك وەك ئێمە پێنج ملیۆنین، نزیكەی ملیۆنێك ‌و ‏‏200 هەزارمان مووچەخۆری حكومەتین، ئەوە كارەساتە".‏
 
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی ‌و ‏پیشەسازیی ‏سلێمانی ئەوەشی ‏خستەڕوو، بوونی كارگەی باش ‌و بەرهەمدار بناخەی چارەسەری ئەو قەیرانەیە ‏كە حكومەتی هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە. ئەو گوتی، "ئێمە گەنج ‏پەروەردە دەكەین، بەڵام دەچێتە دەرەوە بۆ خزمەتی وڵاتێكی دیكە".‏
 
ئارام ‏بابان پێشنیازی ئەوەش دەكات، پێویستە ئەوانەی یەكەی نیشتەجێبوون ‏دروست دەكەن، ناچار بكرێن یەكەی پیشەسازیش دروست بكەن، شتێكی ‏دیكە كە ئارام بابان ‌و خاوەن كارگەكانی بێ‌ ئومێد كردووە ئەوەیە، حكومەتی ‏هەرێمی كوردستان لە تەندەری پڕۆژەكانی داوای بەرهەمی كارگەكانی ‏نێوخۆ ناكات، وەك ئارام بابان دەڵێت، "لە تەندەرەكانی حكومەت ‏دەنوسرێ‌ نابێت بەرهەمی ناوخۆ بەكاربێت، لەكاتێكدا هەموو عێراق بە خشت ‏‌و چیمەنتۆ ‌و شیشی كارگەكانی سلێمانی دروست دەكرێ‌ ‌و نۆژەن ‏دەكرێتەوە". ئەو بەرپرسەی ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازیی سلێمانی باسی ‏لەوەش كرد، ساڵانە بە 500 هەزار تۆنی ناوسكی ئاژەڵ، ژینگەكەمان پیس ‏دەكەین، "كەچی نایكەینە خواردنی سەگ ‌و پشیلە و لە دەرەوە هاوردە ‏دەكەین".‏

 
دەرپێ ‌و فانیلەكەی خۆمان
 
ئارام ‏بابان خەم بۆ ئەوەش دەخوات، لە رووی كارگەوە هێندە هەژارین ‏ناتوانین دەرپێ ‌و فانیلەكەی خۆشمان دروست بكەین و دەڵێت، "یەكەم ‏وڵاتین لە دنیادا نەمانتوانیوە دەرپێ ‌و فانیلەی خۆمان دروست بكەین".‏
 
بەپێی زانیارییەكانی ئەو بازرگانە زیاد لە 1100 جۆر خواردنی منداڵانی وەك ‏كێك ‌و پسكیت ‌و مەساسە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، "لەكاتێكدا ‏دانانی كارگەی بەو جۆرە بەرهەمانە زۆر ئاسانە". بەرزی نرخی كرێی ‏كارەبای كارگەكان یەكێكە لە گرفتەكانی خاوەن كارگەكان وەك ئارام بابان ‏باسی دەكات "نرخی كارەبای كارگەكان لەسەر كارگەكان كراوەتە دوو ‏هێندەی پێشوو، جگە لەوە كرێی زەویی كارگەكان لە دوو ملیۆن دینارەوە ‏كراوەتە هەشت ملیۆن دینار، ئێمە ئەو هەموو فشارەمان لەسەرە ئیتر خاوەن ‏كارگە چۆن ناچێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆ دانانی كارگە".‏
 
ئارام ‏بابان ئەوەشی خستەڕوو، 15 ساڵ لەمەوبەر هەرچی بەرهەم بوو لە ‏هەرێمی كوردستانەوە دەچووە بەغدا، بەڵام ئێستا بەپێچەونەوە "ناوچەی پیشەسازی لە هەموو شارەكاندا دروستكرا جگە لە ‏سلێمانی ‌و هەولێر، بەڕاستی ئەوانەی بەنیازی دانانی كارگە بوون بەشێكیان ‏مردن ئەوەندە چاوەڕێیان كرد". كۆتایی قسەكانی پێشنیازی ئەوەی كرد كە ‏لە یەكی سەرەتایی قوتابخانەكانەوە وانەیەك تایبەت بەگرنگی بەرهەمی ‏نێوخۆیی هەبێت، "ئیتر پێویستیمان بە فەوجی تازەی ‏پیشەسازی هەیە، نەك فەوجی عەسكەری".
 
‏"حكومەت خۆی بەرهەمی نێوخۆ ناكڕێتەوە"‏
 
‏"بەڵێندەرێك ویستی ئەلەمنیۆمان بۆ قوتابخانەیەك لێبكڕێت، كەچی ‏وەزارەت پێی گوتبوو دەبێت ئەلەمنیۆمەكە توركی بێت". ئەوە قسەی ‏سەردار سەعید، نوێنەری كارگەكانی فارووق گرووپ بوو، لە بەشێكی ‏بەرنامەكەدا كردی، ئەو رەخنەی لە خەڵكیش هەبوو كە وەكو پێویست ‏پشتیوانی بەرهەمی نێوخۆیی ناكەن ‌و گوتی، "پێویستە رۆشنبیریی خەڵكی بۆ ‏بەرهەمی نێوخۆ بەرز بكرێتەوە، بەڕاستی تاوەكو ئێستا وەكو پێویست ‏خەڵكی بڕوای بە بەرهەمی نێوخۆیی نییە‌ و پشتیوانی ناكات".‏
 
سەردار سەعید، نموونە بە كارگەیەكی ئەلەمنیۆمیان دەهێنێتەوە ‌و دەڵێت، ‏‏"كارگەكەم لە هەموو بەرهەمی دەرەكی باشترە ‌و نرخیشم لەوان هەرزانترە، ‏كەچی خەڵكی هەر پەنادەباتە بەر بەرهەمی دەرەكی".‏
 
رەخنەیەكی دیكەی سەردار، گرانی نرخی كارەبایە كە تاوەكو ئێستاش ‏یەكەی كارەبای كارگەكان بە 120 دینارە، بەڵام لە عێراق بە 60 دینارە ‌و ‏دەڵێت، "ئێمە بەناچاری گرانی نرخی كارەبا دەخەینەوە سەر فرۆشتنی ‏بەرهەمەكانمان". نوێنەری كارگەكانی فارووق گرووپ ئەوەشی خستەڕوو كە ‏پێشتر نەوتی رەشیان بە نرخی پاڵپشتیكراو پێدراوە، بەڵام ئێستا بە نرخی ‏بازرگانی دەیكڕنەوە.‏
‏"گومرگ لەسەر بەرهەمی دەرەكی زیاد بكەن"‏
 
د. خۆشەوی خاڵ، ئابووریناس و دكتۆرا لە بەڕێوەبردنی ‏پڕۆژەكان وەك ‏میوانێكی بەرنامەكە باسی لەوە كرد بۆ پشتیوانی بەرهەمی كارگەكانی ‏نێوخۆ پێویستە گومرگی زۆر لەسەر كاڵای دەرەكی دابنرێت. ئەمەش وەك ئەو ‏گوتی، "تاوەكو بەرهەمی نێوخۆ بتوانێ‌ كێبڕكێیان بكات".‏
 
د. خۆشەوی، خۆزگەیەك بۆ رابردوو دەخوازێ‌ و دەڵێت، "زۆر گرنگ بوو لەدوای ‏‏2003وە خاوەن كارگەكانی عێراقمان بهێنایەتە كوردستان، خۆزگە كاتی ‏خۆی ئەوەمان بكردایە، وەكو ئەوەمان نەكرد، عێراق لەدوای مانگی 2ی ‏‏2017وە (بازگەی سەفرە) ی دانا لە دوای دانانی ئەو بازگەیەوە پشتی ‏كارگەكانی هەرێمی كوردستان شكا".‏
 
ئەو ئابووریناسە جەخت لەوە دەكاتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ‏پشتگیرییەكی بەهێزی بەرهەمی نێوخۆیی نەكردووە‌ و دەڵێت، "ئەگەر ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی كارگەكانی خۆمان بكڕێتەوە ‏بەدڵنیاییەوە شكست ناهێنن".‏
 
ئەو بازرگانە نموونە لەسەر كارگەیەكی خۆی دەهێنێتەوە كە چەندین لایەن ‏پشتگیریان كردووە تاوەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان ‏رۆنی ئۆتۆمبێلی كارگەكەی ئەو بكڕێتەوە، بەڵام دواجار لێیان نەكڕیوەتەوە. ‏د. خۆشەوی خاڵ ئەوەش دەخاتەڕوو، ‎كارگەكانی دەرەوەی وڵات بانكیان لە ‏پشتە، بەڵام لێرە هیچ پشتیوانییەك نییە.
 
ئابووریناسەكە ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەو خاوەن كارگەیەی چووەتە دەرەوە ‏بۆ دانانی كارگە مانای ئەوەیە متمانەی بە شوێنەكەی خۆی نەماوە ‏‏"ئەگینا كەس حەز بەوە ناكات بڕواتە دەرەوە و خزمەتی شوێنێكی دیكە ‏بكات". لە كۆتایی قسەكانی د. خۆشەوی خاڵ پێشنیازی ئەوەی كرد، "لە ‏داهاتوودا گەشتی زانستیی قۆتابیان بۆ كارگەكان هەبێت، تاوەكو بەبەرهەمی ‏كارگەكانی نێوخۆ ئاشنا بن".
 
‏‏"200 بۆ 300 خاوەن كارگەی هەولێر دەناسم ‏دایانخستووە"‏
 
سالار عومەر، خاوەن كارگە لە هەولێر وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باسی ‏لەوە كرد نزیكەی 200 بۆ 300 خاوەن كارگەی هەولێر دەناسێ‌ كە ‏كارگەكەیان داخستووە، ئەو خاوەن كارگەیە كە 34 ساڵە كارگەی هەیە.
 
ئەوە دەخاتەڕوو لە بەغدا پێیان گوتووە شانازی بە بەرهەمی كارگەكانی ‏كوردستانەوە دەكەن "لە بەغدا بڵێی ئەوە بەرهەمی كوردستانە ‏زۆر جێگای متمانەیانە". بە بۆچوونی ئەو خاوەن كارگەیە، خاوەن كارگەی ‏كورد زۆر بەتوانایە "تەنانەت لە توركیاش كوردەكان زیاتر پەرەیان بەكەرتی ‏پیشەسازی داوە". سالار عومەر، ئەوەش ناشارێتەوە كە زەنگێكی مەترسیدار ‏هەیە بۆ ئەوەی خاون كارگەكانی هەرێمی كوردستان واز لە كارەكانیان بهێنن.‏
 
ئەو دەڵێت، "لە كاتی كێشەیەكدا بانكێك نییە پشتیوانیی خاوەن كارگەكان ‏بێت، كە دەچین بۆ قەرز لە بانك پێمان نادەن ‌و دەڵێن زەوی كارگەكەتان هی ‏خۆتان نییە ‌و حكومەت راستیش دەكەن".‏
 
ئەو جەخت لەوە دەكاتەوە وەك خاوەن کارگەكان هیچ نوێنەرێكیان نییە، لەكاتێكدا ئێران ‌و توركیا هاوكاری ئەو خاوەن كارگانەش دەكەن كە ‏بەشداری پێشانگەیەك لە كوردستان دەكەن.‏
 
لە كۆتایی قسەكانی سالار عومەر باسی لەوە كرد، ساڵانە یەك ملیار دینار ‏مووچە دەداتە كارمەندەكانی "ئەگەر كارم نەبێت لە كوێ‌ ئەو پارەیە بدەم؟ ‏بەڕاستی ژوورە بازرگانییەكان لەلایەنی پیشەسازییەوە زۆر كەمتەرخەمن".‏
 
‏"لەگەڵ یەكێتیی پیشەسازانی عێراق بەشێک لە کێشەکان چارەسەر ‏دەكەین"‏
 
شیرین یەحیا، ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری ‏بازرگانی ‌و ‏پیشەسازیی ‏هەولێر ‏وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باسی لەوە كرد بەنیازن بەشێك لە گرفتی ‏كارگەكان لە رێگای یەكێتیی پیشەسازانی عێراقەوە چارەسەریان بكەن ‏‏"ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ یەكێتیی پیشەسازانی عێراق بكرێت زۆربەی ‏كێشەكانیان چارەسەر دەبێت".‏
 
شیرین یەحیا، ئەوەی نەشاردەوە كە ئەندامی ژووری بازرگانی‌ و ‏پیشەسازی هەیە كارگەی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان داناوە، بەڵام ‏بەرهەمەكەی بۆ ئێرە دەنێرێتەوە دەشڵێت، "حاڵەتی وەها زۆرە".‏
 
گوێگرتن لە كێشەی خاوەن كارگەكان بە ئەرك ‌و رۆڵی خۆیان دەزانێ‌ ‌و ‏دەڵێت، "وەك ژووری بازرگانی رۆڵی ئێمە ئەوەیە گوێ‌ لە گرفتی خاوەن ‏كارگەكان بگرین ‌و بەدوای چارەسەری كێشەكانیاندا بگەڕێین، لەو ‏پێناوەشدا وەك ژووری بازرگانی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ یەكێتیی ‏پیشەسازانی عێراق واژۆ كردووە ئومێد دەكەین ئەنجامێكی هەبێت". ‏سەبارەت بە هەوڵەكانیشیان بۆ كەمكردنەوەی كرێی كارەبای كارگەكان ‏گوتی، "چەندین جار نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كردووە كە نرخی ‏كرێی كارەبای كارگەكان كەمبكرێتەوە".‏
 
شیرین یەحیا، جەخت لەوە دەكاتەوە وەك خۆی خاوەنی هیچ كارگەیەک ‏نییە، بەڵام بەردەوام لە هەوڵی چارەسەری گرفتەكانیاندایە، چونكە ‏پێوەری پێشكەوتنی ئابووری، هەر وڵاتێك پەیوەندی بە باشی بەرهەمی ‏كارگەكانییەوە هەیە.‏
 
لە كۆتایی قسەكانی ئەندامەكەی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانیی هەولێر ‏ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوام هەوڵیان بۆ ئەوە بووە لەگەڵ شاندەكانی خۆیان ‏خاوەن كارگەكانیش بچنە پێشانگەكانی دەرەوەی وڵات ‌و گوتیشی، "لە ‏مانگی چوار پێشانگەیەكی گەورە لە ئەڵمانیا دەكرێتەوە، بەنیازین بەشێك لە ‏خاوەن كارگەكانیش بنێرین".
 
 
"ماستی بەسەرچوو دەكرێتەوە دۆ"
 
لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا خاوەن كارگەیەك باسی لەوە كرد، ماستی ‏ئێران كە بەسەر دەچێت دەبرێتەوە ئێران و بە ماستاوی بۆ هەرێمی كوردستانی ‏دەنێرنەوە "لەو قسەیەم دڵنیام، لەوەش دڵنیام بەرهەمی ‏كارگەكانی ئێران 80% لە پشكنین دەرناچن".
 
خاوەن كارگەیەكی دیكە ئەوەی خستەڕوو، بەرهەمەكانیان نەك هەر باشە، ‏بەڵكو نرخیشی زۆر هەرزانە. ئەو گوتی، "كارتۆنی فاسم هەیە بە 10 دۆلارە، ‏بەڵام لە بەغدا بە 16 دۆلارە".‏
 
خاوەن كارگەی ئالین بۆ بەهارات، یەكێكی دیكە بوو لەو خاوەن كارگانەی لە ‏بەرنامەكەدا ئامادەبوو و گوتی، "بەهاراتمان هەیە بۆ ئەمریكاشی دەنێرین، ‏بەڵام بەشێك لە ماركێتەكانی ئێرە وەكو پێویست هاوكارمان نین، خاوەن ‏ماركێت هەیە داوای 52%ی داشكاندن دەكات، لەكاتێكدا قازانجی خۆم 5% بۆ ‏‏6%ـە". خاوەن كارگەیەكی دیكە باسی لەوە كرد لە وەزارەتی بازرگانی كە ‏مۆڵەت وەردەگرن ‌و دەچنە وەزارەتەكانی دیكە وەكو پێویست هاوكارییان ‏ناكەن "بەڕاستی تۆپانێمان پێدەكەن".‏
 
خاوەن كارگەیەكی دیكە گلەیی ئەوەی كرد زەوییان پێدەدەن، بەڵام ‏خزمەتگوزاری پێناگەیەنن تاوەكو ئەوان كارگەی لەسەر دروست بكەن.‏
 
خاوەن كارگەیەكی دیكە باسی لەو رۆتینیاتە زۆرە كرد كە لەكاتی ‏نوێكردنەوەی مۆڵەتی كارگە بۆیان دروست دەبێت، ئەو خاوەن كارگەیە ‏گوتی،
‏"جاران شەش مانگ جارێك دەهاتن بۆ پشكنین، بەڵام ئێستا بووە بە مانگی ‏جارێك و پارەیەكی زۆریش وەردەگرن".‏
 
خاوەن كارگەیەكی پاتری لە سلێمانی (پاتری مایە) ئەوەی خستەڕوو ئەگەر ‏ئۆتۆمبێلەكانی میری پاتری ئەوان بكڕنەوە ئەوا وەك خۆی گوتی، ‏‏"بەرهەمهێنانمان زۆر زیاد دەبێت، جگە لەوە بەرهەمی پاترییەكانمان بۆ سێ‌ ‏وڵاتی جیاواز دەچێتە دەرەوە". خاوەن كارگەیەكی پاكکەرەوەی نێوخۆیی ‏كە 23 جۆر بەرهەمی جیاوازیان هەیە گوتی "بەرهەمەكانی ئێمە بۆ هەر دوو ‏وڵاتی دانیمارك ‌و ئەڵمانیا دەچێت، ئێمە هەر نابێت گلەیی لە دەسەڵات ‏بكەین، ئێمە ئەو هەموو كارگەیەمان هەیە ئەگەر هەریەكەمان بەرهەمەكانی ‏یەكتری بەكاربهێنین زۆر شت دەگۆڕێت".