بێرنارد هێنری لێڤی- فەیلەسووفی فەڕەنسی

بێرنارد هێنری لێڤی- فەیلەسووفی فەڕەنسی
رووداو

ئێستا کە وڵاتانی رۆژئاوا کەمتر پێویستیان بە کوردە لە چاو دوو سێ ساڵ لەمەوبەر، چونکە داعش تا راددەیەکی زۆر لەنێو براوە، ئایا ئەمە کاریگەری لەسەر پشتگیری رۆژئاوا بۆ کورد هەیە؟

بێرنارد لێڤی

لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆنفڕانسێکمان هەیە لە زانکۆی یەیڵ کە کۆنفڕانسێکی زۆر گرنگە بەتایبەت بۆ باسکردنی ئەم مژارە. کۆنفڕانسەکە لە رۆژی سێزدەی نیسان ئەنجامدەدرێت. لەلایەن من و  تۆماس کاپڵانەوە بەڕێوەدەبرێت. هەروەها بە گوتارێکی گرنگی نێچیرڤان بارزانی دەستی پێ دەکەین. کۆنفڕانسێکی گرنگ دەبێت بۆ باسکردنی مژارێکی زۆر گرنگ ئەویش ئەوەیە کە هێشتا داعش لەنێونەچووە. پێویستی ئێمە بە کورد لەچاو دوو ساڵ لەمەوبەر هیچ کەمی نەکردووە. ئەم بابەتە هێشتا گەرمە. بابەتی گەرم مانای ئەوە نییە کە زۆر بەپەلەیە. هەندێک جار پەیوەندی خوێن و گۆشت و گیان لەنێوان هەندێ خەڵکدا هەیە، کە لەدەرەوەی بابەتی بەپەلە فریاکەوتنە، کە لێرەدا مەبەستم پەیوەندی نێوان وڵاتانی رۆژئاوا و کوردانە. پەیوەندی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان پشت بەوە نابەستێ ئاخۆ مانگی داهاتوو چ روودەدات. بەڵکو برایەتی، هاوگیانی و هاودڵییە کە یەکمان دەخات. لەو کۆنفڕانسەی زانکۆی یەیڵ ئەم مژارە تاووتوێ دەکەین.

ئومێدی من، نەک تەنیا ئومێد، بەڵکو باوەڕیشم وایە کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا و حکومەتی فەڕەنساش ئەمە دەزانن. ئێوە ئاگادارن کە بەم دواییانە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئێلیزێ لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن پێشوازی لێ کرا. من وای دەبینم کە پەیوەندی سەرۆک ماکڕۆن لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جگە لە پەیوەندی دوو قۆڵی، پەیوەندی فڕانکۆ-کوردە لەنێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان. بۆ ماکڕۆن ئەمە پەیوەندییەکی ستراتیژییە.

رووداو

ئایا هیچ وردەکارییەکی دیکە هەیە لەبارەی کۆبوونەوەکەی ماکڕۆن و بارزانی کە تۆ بیزانی و ئێمە نەیزانین؟

بێرنارد لێڤی

ئەگەر زانیاریشم هەبا باسم نەدەکرد، لێی دەگەڕام بۆ ئەو دوو سەرۆکە. ماکڕۆن و بارزانی.

نەخێر، زانیاری دیکەم لەلا نییە.

تاکە شتێک کە رەنگە تۆ نەیزانی، ئەوەیە کە پەیوەندییەکی تایبەت لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە و پەیوەندییەکی تایبەتیش لەنێوان ئەو دوو سەرۆکەدا هەیە. من سەرۆک ماکڕۆن دەناسم، لەو ناسینە کەمەوە دەتوانم بڵێم پەیوەندییەکی تایبەت هەیە لەنێوان ئەو دوو سەرۆکەدا. بێگومان پەیوەندییەکە ستراتیژی و هەموو ئەو شتانەیە کە گوتراون، بەڵام لەهەمان کاتدا پەیوەندییەکی تایبەتی نێوان ئەو دوو کەسایەتییەشە.

رووداو

ئەم هەفتەیە سی ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو بڕیارە کە بووە هۆی درووستبوونی هەرێمی کوردستان، واشی کرد فەڕەنسا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکە لە کورد نزیک ببنەوە، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی فەڕەنسا پشتگیری کوردی کرد و ئێستاش پشتگیرییان دەکات؟ بەرژەوەندی ستراتیژی فەڕەنسا لە پشتگیریکردنی کورددا چییە؟

بێرنارد لێڤی

ئەو یادەم لەبیرە، چونکە هۆکار بوو بۆئەوەی بۆ یەکەمجار بێمە کوردستان. سی ساڵ لەمەوبەر، رێک لەم کاتەدا، لە ساڵی 1991، کوردستانم دۆزییەوە. بۆیەکەمجار کەوتمە ژێر کاریگەریی ئەو کولتوور و نەریتی پێکەوەژیان و نەریتی ئازایەتی. چیرۆکی خۆشەویستی من بۆ کورد لەکاتی دەرچوونی ئەو بڕیارنامەیە دەستی پێ کرد. بۆ یەکەمجاریش سی ساڵ لەمەوبەر لە هەفتەنامەیەکدا بە ناوی لو پوا وتارێکیم بۆ کوردستان نووسی. 

گەر بپرسین بۆچی ئەم پەیوەندییە تایبەتە درووست بوو؟ رەنگە لەبەر هۆکاری ستراتیژی نەبووبێت. هەندێک جار لە پەیوەندی نوان دوو وڵات، دوو گەل یان دوو کەسدا،  پەیوەندییەکە بەجۆرێکە کە دڵ قسە دەکات و هۆکاری پەیوەندییەکە ستراتیژی نییە. لەم روانگەیەشەوە، پەیوەندی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان لەرێی چەند کەسێکەوە درووست بووە، چەند کەسایەتییەک رۆڵی گەورەیان تێیدا بینیوە. بۆ نموونە هاوژینی فرانسوا میتران، سەرۆکی پێشووتری فەڕەنسا، خاتوون دانیاڵ میتران، کە زۆر رژد بوو لەسەر ئەم پەیوەندییە. هەروەها پسیشکانی فەڕەنساش رۆڵیان هەبووە، بەتایبەت رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور. کەواتە فاکتەری تاکەکەس هەیە لە درووستبوونی ئەو پەیوەندییەدا. نامۆ دەردەکەوێ، بەڵام ئەوە راستیەکەیە.

چەند رووناکبیرێک رۆڵیان لە درووستکردنی ئەو پەیوەندییەدا هەبوو کە زۆر زوو لەوە تێگەیشتن خەڵکی کوردستان تایبەتە. رەنگە درووستبوونی پەیوەندی وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی لە کوردستانەوە دەستی پێ کردبێت. سی ساڵە وڵاتانی رۆژئاوا بەدوای ئیسلامێکی میانڕەو و دیموکراتدا دەگەڕێ. من سی ساڵ لەمەوبەر لە فەڕەنسا لە رۆژنامەکان وتارم خوێندووەتەوە کە نووسیبوویان کورد بەرجەستەکەری ئەوەیە. سی ساڵ لەمەوبەر لە رۆژنامەکاندا هەمان ئەو شتە نووسرابوو کە من ئێستا پێتان دەڵێم. دیزاینی پەیوەندی کوردستان تایبەتمەند و جیاوازە لە گەڵ ئیسلام کە زۆر لەگەڵ پێشبینیەکانی وڵاتانی رۆژئاوا دەگونجێ. وڵاتانی رۆژئاوا هیواخوازن پەیوەندی لەگەڵ ئیسلامێک درووست بکەن کە کراوەیە بەرووی ئاینەکانی دیکەدا. ئەو جۆرە ئیسلامە لەنێو کورددا هەیە.

رووداو

دەگوترێ فەرەنسا هەمیشە ململانێی جیۆپۆڵەتیکی و ستراتیژی لەگەڵ تورکیا هەبووە،فەڕەنسا کورد بەکاردەهێنێ بۆ لاوازکردنی تورکیا، پێتوایە ئەم هۆکارە لە پشت بایەخدانی فەڕەنسایە بە پرسی کورد؟

بێرنارد لێڤی

دەمەوێ بڵێم وای نابینم ئەمە پشت بە هاوسەنگی یاخود ئیرادەیەکی تایبەت ببەستێت بۆ لاوازکردنی تورکیا.  چونکە دەتوانم باسی هەندێک ماوە بکەم لە مێژووی سەدەی رابردوودا کە فەڕەنسا نزیکبووە لە تورکیا، بێگومان هەمیشە لە دیپلۆماسی وڵاتاندا گۆڕاناکری روودەدات،  بەڵام فەڕەنسا لە کورد نزیکبووە سەرەڕای نزیکبوونی لە تورکیا. من وای نابینم. دوو هۆکار لە پشت نزیکبوونەوەی فەڕەنسان لە کورد. یەکەم فاکتەری نزیکی ئەو دوو کەسایەتییە. هەندێ جار یەک دنکە لم دەتوانێ رۆڵێکی زۆر گەورە لە جیهانی دیپلۆماسیدا ببینێ. ئەو دنکە لمە دەکرێ ژنێک یان پیاوێک بێت. بۆ نموونە کەسێکی وەکو هاوڕێم بێرنارد کۆشنەر، کە هاو-دامەزرێنەری رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوورە. ئەو پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ سەرۆک بارزانی هەیە. تەمەنی لە هەشتا ساڵ زۆرترە و چەندین ساڵە دۆستی کوردە. ناتوانین رۆڵی ئەو کەسایەتییانە لەبەرچاو نەگرین. لە فەڕەنسا نەریتێک هەیە، نەریتی نزیکیی و هاوسۆزی لەگەڵ ئەفغانستان هەروەها لەگەڵ کورد. ئەوە بەشێکە لە دی ئێن ئەی کولتوورمان.

هۆکاری دووەم، وەک پێمگوتی، فەڕەنسا پتر لە هەر وڵاتێکی دیکە بەدوای پەیوەندییەکی تایبەتدا لەگەڵ ئیسلام دەگەرێت. ئەو جۆرە ئیسلامەش لە کوردستانە. من لە تەمەنی مێردمنداڵییەوە ئەمە دەزانم. کاتێک ساڵی 1991 بۆ یەکەمجار هاتمە کوردستان، پێشتر ئەمە دەزانی. ئەم زانیارییەم هەبوو. ئەمانە ئەو دوو هۆکارە سەرەکییەبوون لە پشت ئەو پەیوەندییەوە.

رووداو

ئێوە کە رێکخراوەکەتان دامەزراند، ئیدارەی تڕەمپ لە کاردا بوو، ئێستا ئیدارەیەکی نوێ دەستبەکار بووە بە سەرکردایەتی جۆ بایدن، بۆچوونت چییە لەبارەی ئەم ئیدارەیە؟ ئایا باشترە لە ئیدارەی تڕەمپ؟

بێرنارد لێڤی

پێش هەموو شتێک، مەجیدی ئازیز، من و تۆم کاپڵان،  هەرچەندە تۆم کاپڵان کاپتنی سەرەکی و کەسایەتی یەکەمی رێکخراوەکەیە، هەردووکمان جەخت لە یەک خاڵ دەکەینەوە: جەی ئێف کەی رێکخراوێکی بێ لایەنە. ئێمە پەیڕەوی خۆمان هەیە، دەنگمان هەیە لە زۆر وڵات، بەڵام پێمان وایە دۆزی کورد زۆر لەوە گەورەترە کە تێکەڵی حیزبایەتی بکرێت. لەبەرئەوە لە منی نابیستی بڵێم کام ئیدارەیەی ئەمریکا باشترە. هەر لەسەرەتای درووستبوونی ئەم رێکخراوەوە، هەر ئیدارەیەکی ئەمریکا لە کاردا بووبێت، ئێمە هەوڵمانداوە لەنێو کۆنگرێس، لەنێو ئەنجوومەنی پیران، لەلای  هەموو ئەندامانی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران رووبەروو تا بتوانین پشتگیری بۆ کورد کۆبکەینەوە. ئەمە خاڵی لە پێشە. ئێمە هەرگیز لەم هەوڵانە ناوەستین و ناشوەستین لە کارکردن لە نێو ئیدارەکانی ئەمریکا. ئامانجی سەرەکی رێکخراوی جەی ئێف کەی بەرژەوەندی کوردە.

بێگومان من وەکو خۆم بۆچوونی تایبەتم هەیە. پێموایە ئیدارەی نوێ چەند چەند بەرپرسێکی تێدان چەند خانمێک و چەند پیاوێک کە رەنگە لە هەموو بەرپرسانی پێشتر ئاگاداری گرنگی و ناوەندیبوونی دۆزی کوردن. دەزانن پرسی راستەقینە تەنیا داعش نییە، تەنیا پەیوەندی نییە لەگەڵ تورکیا و ئێران. پرسی راستەقینە سەقامگیری ناوچەکەیە. هەروەها دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

من و تۆم کاپڵان باوەرمان وایە بۆ ئەم ئامانجانە کوردستان رۆڵێکی گرنگی هەیە. ئیدارەی بایدن زۆر باش ئەمە دەزانێت. کاتێک باسی ئەم بابەتە دەکەین، هەست دەکەین بەباشی گوێمان لێ دەگیرێت لەلایەن بەرپرسانی ئەم ئیدارەیەی ئەمریکاوە. هەرێمی کوردستان و رۆژاڤا رۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەیە. ئەگەر بەجددی بمانەوێ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دیموکراسی بکەین ئەو دەبێ لەرێی کوردەوە بێت. ئیدارەی بایدن لەمە ئاگادارە.

رووداو

هەفتەی داهاتوو نێچیرڤان بارزانی بەشداری کۆنفڕانسێک دەکات کە لەلایەن رێکخراوەکەی ئێوە و زانکۆی یەیڵ رێکدەخرێت، ئەو زانکۆیە کە یەکێکە لە باشترین زانکۆکان و تاوەکو ئێستا سێ خوێندکاری ئەو زانکۆیە بوونە سەرۆکی وڵاتان. ئەو بەشدارییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

بێرنارد لێڤی

پێش هەموو شتێک، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن خاتوو ئێما سکای بەخێردەهێنرێ. کە کەسایەتییەکی ناسراوی ئەکادیمی و رووناکبیرە لە زانکۆی یەیڵ. ئەو خاتوونە کۆنفڕانسەکە بەڕێوە دەبات. من و تۆماس کاپڵان و خاتوو سکای ئەو شانازییەمان پێ دەبڕێ کە پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەین. کێ ئامادە بێت؟ ژمارەیەکی زۆری خەڵک ناویان تۆمار کردووە. کە هەموویان کەسانی ئەکادیمی ، پسپۆڕانی ستراتیژیی و جیۆپۆڵەتیکن. هەروەها کەسایەتی پلەباڵای سەربازیی خانەنشین. نووسەرانی بەناوبانگ و رۆژنامەڤانانی بە توانا. ئەو بینەرانە زۆر گرنگن. هەروەها خاتوو هامڵتن کە لەگڵي ئێمە رێکخراوەکە بەڕێوە دەبات، کار لەسەر ئەمە دەکات. بینەرانی زۆر تایبەتمەند ئامادەدەکات. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ جەی ئێف کەی. یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی ئەم رێکخراوە گەنجەمان. دەڵێم گەنج چونکە هێشتا تەمەنی دامەزراوەکەمان چوار ساڵە. شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە کە نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتەکەی قبووڵکردین.

رووداو

تۆ ئەو کاتە دۆستی کورد بووی کە کورد دۆستی زۆر کەمی هەبوون لە رۆژئاوا. چەند دەیەیەک لەمەوبەر کەس نەیدەزانی کورد کێن. دەتوانی پێمان بڵێی ئێستا پرسی کورد لە نێو خەڵکی وڵاتانی رۆژئاوا چەند ناسراوە؟

بێرنارد لێڤی

یەک نموونەت بۆ دەهێنمەوە. یەک نموونە، تەنیا وشەی پێشمەرگە، دە ساڵ لەمەوبەر، چەند کەسێکی کەم لە فەڕەنسا  و ئەمریکا دەیانزانی پێشمەرگە چییە. بێگومان هەندێ کەسیش دەیانزانی. بەڵام زۆر ناوێکی بڵاو نەبوو. ئەمڕۆ هەموو کەسێک لەنێو رای گشتی دەزانن پێشمەرگە چییە. ناوی پێشمەرگە بووەتە ناوێکی باو. بووەتە ناوێکی ئەفسانەیی. ئەفسانەی پێشمەرگە لە فەڕەنسا و لە ئەمریکا. ئەو دوو وڵاتەی کە من و تۆماس کاپڵان کاریان لەسەر دەکەین. دەکرێ ئەمە وەڵامی سادەی من بێت. تۆ دەتوانی لە واشنتن یان لە پاریس لە خەڵک بپرسی، بۆ دەردەکەوێ کە خەڵک دەزانن پێشمەرگە هاوپەیمانمانن. هەروەها ئەوان مێژووێکی درێژی ئازایەتیی و بوێرییان هەیە و دەتوانین پشتیان پێ ببەستین. پێنج ساڵ لەمەوبەر رەنگە خەڵک وایانزانیبێت پێشمەرگە ناوی کۆمەڵێ سەربازە کە کەس نایانناسێ لە کوردستان و رۆژهەڵآتی ناوەڕاست. بەڵام ئەمڕۆ هەموان دەزانن پێشمەرگە کێن. فیلمەکەی من بەناوی پێشمەرگە لە هەموو فێستیڤاڵي گەورەکانی وڵاتانی رۆژئاوا نمایشکرا. هەروەها ئەو فیلمە لەلایەن زۆربەی کەناڵە تەلەڤزیۆنەکانی وڵاتانی رۆژئاواوە پەخشکرا. جگە لەوەی لە فێستیڤاڵەکان نمایش کرا. دەکرێ بگوترێ بەشێک لە رێگەکەمان بڕیوە.

رووداو

کورد و سەرکردایەتی کورد، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانن سوود لەو ناسرانەی پرسی کورد ببینن لە وڵاتانی رۆژئاوا؟

بێرنارد لێڤی

چۆن دەتوانن سوودی لێ ببینن؟ سەیرکە ئەمە سیاسەتە. ناتوانم وەڵامی بدەمەوە. ئەمە پرسێکی ئاڵۆزە. سەرکردایەتی کورد پێویستە مامەڵە  لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خەڵکی کورد بکات. هەموو بەرژەوەندییەکان. جگە لە پرسی دەوڵەتی کورد و سەربەخۆیی هەروەها چۆن بتوانن بەبێ وازهێنان لە خەونی سەربەخۆیی خەڵکی کورد بپارێزن. ئەمە ئەرکێیک سەختە.

تەنیا دەمەوێ بڵێم ئەو قسە بەناوبانگە کە کورد هیچ دۆستێکی نییە جگە لە چیاکان پێنج ساڵ لەمەوبەر، دە ساڵ لەمەوبەر یان بیست ساڵ لەمەوبەر راست بوو. ئەمڕۆ چیدی راست نییە. لەخوا دەپاڕێمەوە رەوشی لەووجۆرە درووست نەبێتەوە، بەڵام ئەگەر جارێکی دیکە کارەساتی گەورە بەسەر کورد بێت ئەوە دەردەکەوێت کە ژمارەیەکی لەژماردننەهاتووی دۆستی راستەقینەتان لە ئەمریکا و فەڕەنسا و وڵاتانی رۆژئاوا هەن. دۆستی راستەقینە ئەوانەن کە تەنیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ستراتیژی و هاوسەنگی هەرێمیی دۆست نین،. بەڵکو ئەو کەسانەی لە دڵ و گیانەوە دۆستن. تا دێ ئەو جۆرە دۆستانەی کورد لە رۆژئاوا زیاد دەبن کە دەزانن ئەو برایەتییە گرنگترین شتە لەنێوان گەلانی رۆژئاوا و گەلی کورد.