نووسەری کتێبی ''کچانی کۆبانێ'' چیرۆکی ئەو کچە شەڕڤانانە دەگێڕێتەوە

نووسەری کتێبی ''کچانی کۆبانێ'' چیرۆکی ئەو کچە شەڕڤانانە دەگێڕێتەوە
کاتێکی رێکخراوی داعش هەوڵی کۆنترۆڵکردنی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان دەدات لە ساڵی 2014، گرووپێک کچی شەڕڤانی شارەکە بەڵێن دەدەن شارەکە لە داعش بپارێزن. گەیڵ زیماک لێمۆن نووسەری کتێبی ''کچانی کۆبانێ'' چیرۆکی ئەو کچە شەڕڤانانە دەگێڕێتەوە. 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: گەیڵ پێش ئەوەی بچینە سەر ناوەڕۆکی کتێبەکە دوو شت هەیە، دەمەوێت یەکلایی بکەینەوە. یەکەمیان ئەوەیە کە دەڵێی باوکت خەڵکی کوردستانی عێراقە. لە چ بەشێکی کوردستانی عێراق، زیاترم لەسەر ئەمە پێ بڵێ، ئەوە چۆنە؟
 
گەیڵ لێمۆن: بەڵێ، باوکم لە بەغداد لە دایکبووە. باپیرم خەڵکی کەرکووکە و داپیرم خەڵکی بەغدادە.
 
رووداو: گەیڵ پرسی دووەم، بێ گوومان مەسەلەی گۆڕینی کتێبەکەتە بۆ زنجیرە فیلمێک لەلایەن هیلاری کلینتنەوە، زیاترم لەسەر ئەمە پێ بڵێ، ئەمە بڕیارێک بوو کە هیلاری کلینتن دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی تۆ بڕیاری لەسەر دا، یان پێشتر خۆی سەرنجی راکێشابوو بۆ ئەو پرسە. 
 
گەیڵ لێمۆن: من زۆر بە جدی دەمەوێت ئەم چیرۆکە لای هەموو کەس لە جیهاندا ببێتە چیرۆکێکی شەخسی بۆیان. بۆ ئەوەی خەڵکی بتوانن ئازایەتی و چاونەترسی ئەو شەڕانە لە نزیکەوە ببینن. تامەزرۆم بۆ ئەو رێگەیەی کە دێتە پێش، هەرچەندە رێگەیەکی دوور و درێژ دەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ هونەرمەندانی ناوچەکە کار بکەین بۆ ئەوەی ئەو چیرۆکە بگەیەنینە زۆرترین خەڵک. بۆ من زۆر سەیر بوو کە ئەمریکییەکان دەربارەی ئەم چیرۆکە هیچیان نەدەزانی. نەیاندەزانی کە ئەم ژنانە کار لەسەر یەکسانی دەکەن، کار لەسەر نەوەی داهاتوو دەکەن، کار لەسەر ئازادکردنی ژن دەکەن و کار لەسەر دروستکردنی دامەزراوەیەکی حکومی دەکەن کە تێیدا ژن دەنگی خۆیان هەیە. کارە سەربازییەکانیان تەنیا بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورەتری سیاسی کە تێیدا ژن هاوسەرۆکایەتیی ئەنجوومەنە مەدەنییەکان دەکەن. کار لەسەر دامەزراندنی دادوەریی ژن دەکەن، تا ئەوان دادوەریی لەسەر کەیسی ژنان بکەن و بڵێن بەڵێ کچانیش دەبێت بخوێنن، نابێت رێگە بدرێت منداڵ هاوسەرگیرییان پێ بکرێت. هەموو ئەمانە کارکردنە لەسەر ئەزموونێکی درێژ مەودا بۆ یەکسانیی ژنان. ژیانی خۆیان و کچەکانیان و خوشکەکانیان خستووەتە مەترسییەوە بۆ جیهان. لەبەرئەوە، هیوادارم هەموو کەس بەم ژنانە ئاشنا بێت و پێموایە خستنە سەر شاشەی ئەم چیرۆکە رێگەیەکی باشە تا بە هەموو لایەکیان بناسێنین. 
 
رووداو: باشە، لەسەر کتێبەکەت قسە بکەین. لەسەرەتاوە دەڵێیت کە بێزار ببویت لە نووسین لەسەر شەڕ و رۆیشتن بۆ شەڕی ئێرە و ئەوێ، بەڵام چی وایکرد، یانی زۆرجار چیرۆکت دەگێڕایەوە کە ئەمریکییەکان گرنگییان پێ نەدەدا. چی وایکرد کە مەسەلەی کۆبانێ و یەپەژە جارێکی دیکە بتگەڕێنێتەوە بۆ نووسین لەسەر شەڕ؟ 
 
گەیڵ لێمۆن: رۆژ تۆ دەزانی، زۆر ئەستەمە لە ئەمریکا، ستافی هەواڵی میدیاکان رازی بکەیت گرنگی بە چیرۆکێک بدەن کە لە ئەمریکا رووی نەداوە. لەبەر ئەوە هەوڵێکی زۆری دەوێت، دەبێت تەلەفۆن بۆ هاوڕێ و دۆستەکانت بکەیت و بڵێی تکایە گرنگی بەم چیرۆکە بدەن، ئەم چیرۆکە زۆر گرنگە. لەبەر ئەوە پێموایە ماندوو بوو بووم لەوەی گوشار لە خەڵکی بکەم و بڵێم گرنگی بەم چیرۆکە و بەو چیرۆکە بدەن و گرنگە. بەڵام لەو کاتانەدا سەربازێکی ئەمریکی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە تەلەفۆنی بۆم کرد و گوتی دەبێت بێیت بۆ سووریا و ئەو هاوبەشانە ببینی کە ئەمریکا کاریان لەگەڵ دەکات چونکە چیرۆکێکی زۆر سەرنج راکێشە. نەک تەنیا ژن سەرکردایەتی شەڕ دەکەن، بەڵکو سەرکردایەتی پیاوانیش دەکەن و رێزێکی زۆریشیان لەلایەن ئەندامانی سوپای ئەمریکاوە لێ دەگیرێت، لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە رێزیان لێ دەگیرێت، تۆ بۆ خۆت دەزانی رۆژ هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا گرنگترین و مەشق پێکراوترین هێزن لە ئەمریکا. ئەو سەربازە گوتی نەک تەنیا هەر ئەوە، بەڵکو ئەوان تەنانەت شەڕ بۆ یەکسانیی ژنان دەکەن. 
 
هەر کە گوێم لەو قسانە بوو، یەکسەر گوتم دەبێت زیاتر دەربارەی ئەم گروپە بزانم. هەتا زیاترم لەسەر دەخوێندەوە زیاتر دەگەیشتمە ئەو باوەڕەی کە دەبێت خۆم بچم و بە چاوی خۆم بیان بینم. بەڕاستی کە جاری یەکەم هەندێ لە ئەندامانی یەکینەکانی پاراستنی ژنانم بینی و کاتێک بەچاوی خۆم لە هاوینی 2017 شەڕی داعشم لە رەققە بینی، ئەو کات زانیم کە ئەم چیرۆکە دەبێت هەموو جیهان و بەتایبەت ئەمریکییەکان ببینن. 
 
رووداو: باشە ئێستا کتێبەکەت لە ئەمریکا بڵاوبووەتەوە، بە هیوای چی کاریگەرییەکی لەسەر ئەمریکییەکان هەبێت، ئەم کتێبە؟
 
گەیڵ لێمۆن: هیوادارم هیوا لای خەڵکی دروست بکات. بەڕاستی خەڵکی ئەمریکا لەم چەند ساڵەی رابردوودا هیوایەکیان لەسەر سووریا نەماوە. هیوادارم خەڵک ئیلهامیان لە ئازایەتی و دڵ باشی و چاونەترسی ئەو کەسانە وەرگرتبێت، کە ئەمریکا بە راستی نایان ناسێت، ئەوان هاوبەشی ئەمریکا بوون لە ناوچەکە، شەڕی داعشیان دەکرد. ئەم ژنانە ژوور بە ژوور، ماڵ بە ماڵ، شار بە شار، بە هاوکاریی هێزی ئاسمانی ئەمریکا، پێنج ساڵ شەڕی داعشیان کرد. دەمەوێت خەڵکی، کەسانی وەکو رۆژدا بناسن. رۆژدا سەرکردایەتیی شەڕی رەققەی دەکرد، دەزانی کاتێک کە منداڵ بوو دەچووە گووندەکەی نەنکی، مامی جلێکی سپی لەبەر دەکرد بۆ ئەوەی وەکو خێو دەرکەوێت و منداڵەکانی دیکە لێی بترسن تا رۆژدا یاری تۆپی پێ نەکات. چونکە پێی وابوو کە کچ نابێت یاریی تۆپی پێ بکات. جێگەی قبوڵ نەبوو. بەڵام ئێستا ئەو کچە دەبینین، کە لەو کچەوە بووەتە سەرکردەیەک لە کۆبانێ، لە شەڕی کۆبانێ کە تێیدا داعش بۆ جاری یەکەم شکا. لەو کچەوە بووە کەسێک کە هاوئاهەنگیی شەڕەکەی لەگەڵ ئەمریکییەکان دەکرد. لە 2017 ئەمریکییەکان لەگەڵ ئەو هاوئاهەنگییان دەکرد بۆ ئەوەی رەققە لە دەستی داعش دەربێنن. 
دەمەوێت ئەوەت بۆ باس بکەم، کە تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا چوار، پێنج ئیمەیڵم لە سەربازەکانی ئەمریکاوە بۆ هاتووە. ئەو کەسانەی کە لەگەڵ هێزەکانی پاراستنی ژن کاریان دەکرد و دەڵێن زۆر سوپاس کە تۆ چیرۆکی ئەوان دەگێڕیتەوە. سوپاست دەکەین بۆ ئەوان و بۆ ئێمەش کە ئەم چیرۆکە دەگێڕیتەوە. 
کاتێک کە گوێت لەوە دەبێت ئەندامانی هێزی تایبەتی ئەمریکا وا دەڵێن، جێگەی خۆشحاڵییەکی زۆرە. 
 
رووداو: باسی رۆژدات کرد، کتێبەکەی تۆ زۆر بەوردی باس لە چیرۆکی رۆژدا و عەزیمە و نەورۆز دەکات. لە کتێبەکەتدا باس لەوە دەکەیت کە زۆرجار ناچاربوون کۆمەڵێ داب و نەریتی خێزانی و کۆمەڵایەتیی بشکێنن بۆ ئەوەی بتوانن ئەو رۆڵە بگێڕن کە ئێستا دەیگێڕن. وە لە کتێبەکەشدا باس لەوە دەکەیت کە باسیان لەوە دەکرد کە دەیان ویست تۆڵە لە داعش بسەننەوە. یەکێک لەو رەخنانەی کە ئەکادیمیستەکان لە نوەسەری سەر ئەو گرووپانەی کە ئافرەتی چەکدار تێیاندا بەشدارە دەگرن ئەوەیە کە دەڵێن زۆرجار نووسەران هۆکاری بەشداربوونی ئەوان بچووک دەکەنەوە بۆ کێشەی خێزانی یان بۆ ویستی تۆڵەسەندنەوە. تۆ لە کتێبەکەتدا باس لە هۆکاری دیکەش دەکەیت کە بۆ ئەمان پەیوەندییان بە یەپەژەوە کردووە، بەڵام ئەو رەخنەیە بۆ کتێبەکەی تۆش لە جێگەی خۆیدا نییە؟ یان بە شێوەیەکی دیکە بڵێم تۆ هۆکاری بەشداربوونی ژنانی کورد بەو ژمارە زۆرە چیە؟
 
گەیڵ لێمۆن: بەڕاستی ئەوان بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی بەشدارن نەک بۆ تۆڵەسەندنەوە. بەڵام پێموایە شتێکی گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئێمە باسی شەڕ دەکەین. تەماشای نووسینەکانی شکسپیر بکە. لێرە باسی شەڕ دەکەین، زۆر شتێکی ئاساییە کاتێک کە کەسێکی خۆشەویستت دەکوژرێت، تۆ بتەوێت تۆڵە بسەنیتەوە. بەڵام ئەوە پاڵنەری پەیوەندیکردنی ئەوان نییە بە یەپەژەوە. ئەگەر پرسیارەکە ئەوە بێت کە چی وای لێکردوون بچنە بەرەی شەڕ و ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە، لەسەتا سەت بەهۆی گەڕانە بە دوای یەکسانی بۆ ژن و بۆ نەوەی داهاتوو. 
بەڵام گوومانی تێدا نییە کە لە سەرەتاوە و دواتریش، بەشێکی پەیوەستە بە دۆزی کوردەوە. بۆ ئەوەی بتوانن بۆنەکانی خۆیان بگێڕن، بە زمانی خۆیان بنوسن، میوزیکی خۆیان بژەنن، ناوی کوردی لە منداڵەکانی خۆیان بنێن، هەموو ئەمانە بەشێکی سەرەکین لەوەی کە بۆچی دەیانەوێت هەرێمەکەی خۆیان بپارێزن و خۆیان حوکمی خۆیان بکەن. 
بەڵام کە دێتە سەر باسی ژن، تەماشای دەوڵەتی ئیسلامی بکە، تەماشای ئەو تاوانانە بکە کە لە دژی ژنان ئەنجامیان دا. بۆ من وەکو کەسێک کە چیرۆکەکە دەگێڕمەوە، ئەو شەڕە پێکدادانی دوو جیهان بینی جیاواز بوون، کە هەموو رۆژێک لە بەرەکانی شەڕدا ئەو دوو جیهان بینییە رووبەڕووی یەکتر دەبوونەوە، لە نێوان کۆمەڵێک پیاو کە بە راستی ژێر دەست خستنی ژنان و بە کۆیلەکردنی ژنانن، بینەرەکانی خۆت لە هەموو کەس باشتر دەزانن، لەوەش خراپتر، ئەمەیان کردبووە چەقی ئایدۆلۆژیاکەیان. ئەمانە دەبوو هەموو رۆژێک لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بۆ چەندین ساڵ شەڕی کۆمەڵە ژنێک بکەن کە ئازادی ژن، مافی ژن و یەکسانی ژن بەشێکی سەرەکی پێناسەی ئەوان و پاڵنەری ئەوانە. 
چیرۆکی ئەو پێکدادانی جیهان بینییانە کە من ویستم بۆ کەسانێکی بگێڕمەوە کە هەرگیز ئەم ژنانەیان نەبینیوە و هەرگیز ئەو بەختەی منیان نابێت ئەو ژنانە ببینن کە هاوبەشی ئەمریکا بوون لە شکاندنی داعش، نەک تەنیا بۆ خۆیان بەڵکو بۆ هەموو جیهان. 
 
رووداو: گەیڵ منیش جارێک رۆڵەکەی تۆم بینی، چوومە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بۆ رووماڵی شەڕی تورکیا کاتێک کە من لەگەڵ تیمەکەمان لە پردی نێوان هەرێمی کوردستان و سوریا پەڕاینەوە یەکسەر تەماشا دەکەیت دەم و چاوی خەڵکی باوکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەم و چاوێک بوو پڕ لە ترس پڕ لە نادڵنیایی. من دەمەوێت لە تۆ بپرسم، جگە لەوەی کە ئافرەتت لە هەموو شوێنێکی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بینی بەشدار بوون. چ شتێکی دیکە هەبوو کە سەرنجی تۆی، لە نێو خەڵکی سوریا راکێشا؟ 
 
گەیڵ لێمۆن: لە واشنتن زۆر جار دەڵێم، هیوا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا زۆر زیاترە وەکو هیوا لە باکووری رۆژئاوای واشنتن. شتێک کە هەموو کاتێک سەرنجم را دەکێشێت کاتێک کە من لەوێم، ئەوەیە کە بەربەستی زۆر گەورەیان لە بەردەستدایە، بەڵام گیانێکی زۆر بەهێزی بەرەوپێشچوونیان تێدایە. بەرەوپێشچوون نەک تەنیا بۆ خۆیان، بەڵکو بۆ نەوەی داهاتوویان ئەوە لە نێو هەموو خەڵکی ئەوێ هەیە، لە نێو کریستیانەکان لە نێو عەرەبەکان کە من شانازی ئەوەم هەبوو لە نێو هەردوو ئەو گرووپەدا کاتێکی زۆر بەسەر بەرم.
دایکێکم لە رەققە بینی کە هەموو خێزانەکەی خۆی لە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی داعش دەرکردبووە دەرەوە لە کاتێکدا کە دووگیان بوو، تەمەنی سکەکەی هەشت مانگ و نیو بوو. گوتی هەرگیز رێگە نادەم منداڵێکم لە ژێر ئەم دەسەڵاتەدا لە دایک بێت. چونکە دەمەوێت منداڵەکەم شتێکی جیاوازتر لەمە ببینێت. ئەوەیە کە دەڵێم خەڵکی ئەوێ هەموو ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ نەوەی داهاتوویان. 
من دەمویست کە ئەم چیرۆکانە بگێڕمەوە. زنارین، یەکێکی دیکەیە لەو سەرکردانەی کە لە کتێبەکەدا دەربارەی دەخوێنینەوە. زنارین لە کەسێکەوە کە مامی پێی دەڵێ نابێت بچێت بۆ زانکۆ، مامی دەڵێت نابێت شوو بەو کەسە بکات کە ئەو دەیویست شووی پێ بکات، دەبێتە چالاکوانێک کە داکۆکی لە مافی ژن دەکات و دواتر دەبێتە یەکێک لە سەرکردەکانی یەپەژە و سەرکردایەتیی شەڕی ئازادکردنی شارەکەی خۆی لە دەوڵەتی ئیسلامی دەکات و کچی منداڵ دێن بۆ لای ئەو، بووەتە نموونەیەک بۆ نەوەی داهاتوو. ئەمە ئەو جۆرە مرۆڤایەتیەیە کە لە ناوەڕاستی ئەو دڕەندەییەدا جێگەی گرتووە و من ویستم خەڵکی ئەوە ببینن. 
 
رووداو: کتێبەکەت زۆر بەوردی باس لە شەڕی کۆبانێ دەکات. یانی کاتێک کە ئەو کتێبە دەخوێنیتەوە هەست دەکەیت لە نێو شەڕەکەدا بوویت. بەڵام بە کورتیش باس لە رۆڵی پێشمەرگە دەکەیت. دەمەوێت بزانم رۆڵی پێشمەرگە لەوێ چۆن بوو، تۆ چۆن ئەو رۆڵەت بینی کاتێک کە ئەوان هاتن بۆ هاوکاریی هێزەکانی سووریای دیموکرات، یەپەگە و یەپەژە ئەو کات؟
 
گەیڵ لێمۆن: گرنگ بوو، بەڕاستی گرنگ بوو. چونکە پێش هەموو شتێک پێشمەرگە هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکا بوون و پێشتر پێکەوە کاریان کردووە و ئەمریکا رێز و متمانەیەکی زۆری بە پێشمەرگە هەیە. پێشمەرگە پێشتر لەگەڵ ئەمریکییەکان کاریان کردبوو، ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ 2014، یەکینەکانی پاراستنی گەل، لەگەڵ ئەمریکییەکان پێشتر کاریان نەکردبوو. لەبەرئەوە ئەو شارەزاییەی ئەوان زۆر گرنگ بوو، جگە لەوەش پێشمەرگە شارەزایی لە شەڕدا هەبوو، لەبەر ئەوە زۆر گرنگ بوو. پێموایە دوو سێ جار لە چاپتەرەدا باسی رۆڵی پێشمەرگەم کردووە.
 
رووداو: هەر لە کۆبانی باس لە گردی مشتەنوور و دەروازەی کۆبانێ دەکەیت. هەموومان دەزانین کە گردەنوور گرنگییەکی ستراتیژی سەربازی هەیە، شوێنێکی بەرزە بەڵام دەروازەی کۆبانێ بۆچی ئەوەندە گرنگ بوو بە لای یەپەژەوە، بۆ ئەوان پێیانوابوو کە دەبێت ئەو دەروازەش کۆنترۆڵ بکەنەوە؟ 
 
گەیڵ لێمۆن: دەبێت ئەوەت لە بیر بێت کە لە شەڕی کۆبانێ، یەک دوو شەقام بە دەست یەپەژەوە مابوو. بەڕاستی کاتێک کە من گوێم لەو کەسانە دەگرت کە شەڕی داعشیان بۆ جیهان کرد، باسی ئەوەیان دەکرد کە یەکێک لە شەوەکان نەیاندەویست لەگەڵ میدیا قسە بکەن، چونکە هەموو پەیامنێرەکان دەیان گوت بیستوومانە کە کۆبانی کەوتووەتە دەست داعش. کۆبانێ تەواو بووە. شەڕڤانان دەیان گوت ئەگەر تەنیا یەک شەوی دیکە بتوانین لێرە بمێنینەوە و خۆمان رێک بخەینەوە، ئەگەر هاوکاریی هێزە ئاسمانیەکانمان بۆ بێت رەنگە بتوانین خۆمان رزگار بکەین. ئەگەر چووبانە دەروازە سنوورییەکە و تورکیا لە پشتیانەوە با، دۆخێکی تەواو خراپ دەبوو. بەڕاستی، کتێبەکەش باسی ئەمە دەکات، تەنانەت کاربەدەستانی ئەمریکاش، کاتێک کە هێرشی ئاسمانییان ئەنجام دەدا، دەیان گوت کە رەنگە هێرشی ئاسمانیش بەس نەبێت و سەرەڕای هێرشی ئاسمانی، کۆبانی رەنگە هێشتا بکەوێتە دەستی داعش. 
من ویستم خەڵکی ئەوە بزانن کە من بۆ خۆم پێش نووسینی ئەم کتێبە، نەم دەزانی کاربەدەستانی ئەمریکا ئەوەندە بێ هیوابوون لە پاراستنی کۆبانێ و پێیان وابوو کۆبانی لە دەست چووە. کەوتنی کۆبانێ دەبووە سەرکەوتنێکی دیکەی مەیدانی شەڕ بۆ داعش، بەڵام لەبری سەرکەوتن، بووە شوێنی یەکەم شکستی داعش لە بەرەی شەڕ. 
 
رووداو: لە کۆبانێ کاتێ کە شەڕی داعش هەبوو، خەڵکی مەدەنی زۆر کەم مابوونەوە بەڵام لە کتێبەکەتدا باس لەوە دەکەیت هەندێ لەو خەڵکەی لەوێ مابوونەوە زۆر هاوکار بوون لەگەڵ یەپەژە. هەتا خواردنی ماڵەکانی خۆیان بۆ دەهێنان. چ شتێکمدەتوانی لەسەر خەڵکی کۆبانێم پێ بڵێیت؟ 
 
گەیڵ لێمۆن: گیانی کۆمەڵایەتیی خەڵکی کۆبانێ لە هەموو شتێک زیاتر سەرنجی منی راکێشا. کاتێک کە تەماشای چەندین کاژێر ڤیدیۆی کۆبانیم دەکرد، لە نێویشیاندا ڤیدیۆکانی تۆڕەکەی ئێوە و کۆمەڵێکی دیکە و قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لەوێ بوون، شتێک کە لە هەموو ئەوانی دیکە دیارتر بوو، گیانی لێکنزیکی خەڵکی ئەو شارە بوو. یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی نێو کتێبەکە، لەگەڵ دکتۆرێکە. ئەو یەکێک بوو لەو چەند دکتۆرە کەمەی کە لە کۆبانێ مانەوە، چونکە زۆرینەی خەڵک ترسی زۆریان لە سەلامەتی خێزانەکانیان و مانەوەیان هەبوو چونکە دەوڵەتی ئیسلامی چەکی باشتری هەبوو، تەقەمەنی زیاتری هەبوو، خەڵکی زیاتری هەبوو، مەشق و راهێنانی زۆرتریان کردبوو، لەبەرئەوە بەڕاستی ئەم چیرۆکە لە چیرۆکی دەیڤد و گۆلایەی تەوڕات دەچێت. 
کە لەگەڵ ئەو دکتۆرە قسەم کرد، گوتی بڕیارم دا لەپێناو خەڵکی شارەکەم بمێنمەوە. بەڵام هیچ پێداویستیەکی پزیشکیمان نەبوو، خەڵکی لەبەرنەبوونی هیچ پێداویستیەک دەمردن، ئەگەر ئەو پێداویستیانەمان هەبوا لە ژیاندا دەمانەوە. باسی ئەو شەوەی بۆ کردم کە کەلوپەلی ئەمریکیەکان لە ئاسمانەوە فڕێدرانە خوارەوە. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە ئەوان هیچ پێداویستیەکی پزیشکیان نەمابوو. کە بینی ئەو کەلوپەلانە گەیشتن دەستی بۆ ئاسمان بەرزکردەوە، و فرمێسک بە چاویدا هاتنە خوارەوە، چونکە چی دیکە بە تەنیا نەبوون. من ویستم لەم چیرۆکەدا هێزی ئەو ساتەوەختە بگێڕمەوە. 
 
رووداو: لە کۆبانی چیرۆکێکی دیکەی سەرنج راکێش دەگێڕیتەوە، باس لەوە دەکەیت کە یەکێک لە ئەندامانی یەپەگە، ئافرەتێکی قەناس بە دەستی داعش دەبینێت، بەڵام نایەوێت تەقەی لێ بکات لەبەرئەوەی ئافرەتە. تا رووخسەت لە فەرماندە ئافرەتەکانی یەپەژە دەخوازێت و پێی دەڵێن کێشە نیە. لە رێگەی ئەم چیرۆکەوە دەتەوێت بڵێیت کە گۆڕانکاریەکان لە دۆخی ئافرەت نەک تەنیا لە نێو ئافرەتانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دروست بووە، بەڵکو گۆڕانکاریەکە لە شێوازی بیرکردنەوەی پیاوانیش بەرامبەر بە ئافرەت و رۆڵی ئافرەت. ئامانجی ئەو چیرۆکە ئەوەیە؟ 
 
گەیڵ لێمۆن: با پێت بڵێم کاتێک کە جاری یەکەم سەربازێکی هێزە تایبەتەکان کە خەڵکی فلۆریدایە تەلەفۆنی بۆ کردم و پێی گوتم دەبێت بێیت ئێرە ببینی. ئەوە لە 2016 بوو، پێی گوتم ئەوەی کە بەلای منەوە سەرنج راکێشە ئەوەیە کە ئەم ژنانە رێزی تەواویان لێ دەگیرێت لەلایەن ئەو پیاوانەوە کە کاریان لەگەڵ دەکەن. من ناڵێم هەموو شتێک بێ کێشەیە و هەموویان شەو و رۆژ دەستی یەکیان گرتووە و هەڵپەڕکێ دەکەن و گۆرانی دەڵێن، بەڵام ئەو رێزەی کە خەڵکی لە یەکدی دەگرن و لە ژنانی دەگرن وای کرد کە ئەو سیناریۆیە لە کتێبی کچانی کۆبانێ دا دروست بێت. لەو نووسینەدا، ژنێکی داعش هەیە کە قەناس بەدەستە، کەس نەیدەزانی چی بکات لە دۆخێکی ئەوهادا، چونکە ئەستەمە لەوە تێ بگەیت کە بۆچی ژنێک ئامادەیە شەڕ بۆ داعش بکات، بەڵام ئەو ژنە دەیکرد. پانتۆڵی جینز و تی شێرتێکی کاڵی لەبەردا بوو، ئەو ئەندامەی یەپەگە، کە پیاوێک بوو، دەڵێت نازانم چی بکەم، ناتوانم ژنێک بکوژم.  شتی لەم شێوەیەمان پێشتر نەبینیوە. تەلەفۆن بۆ عەزیمە دەکات. عەزیمە بەڕاستی کەسێکی زۆر جیاوازە لە هەموو جیهاندا کە من لەسەر ئەو نووسیبم و راپۆرتم ئامادە کردبێت. کەسێکە کاراکتەرێکی زۆر مەزنی هەیە و بەردەوام لە پێشی هەموو شەڕڤانەکانی دیکەوە سەرکردایەتی ئەوانی دەکات. عەزیمە خەریکی کارێکی دیکە بوو، ئەو شەڕڤانە تەلەفۆنی بۆ دەکات و دەڵێت چی بکەم؟ عەزیمە دەڵێ مەبەستت چیە چی بکەم، ئەو هاتووە ئێمە بکوژێت و خاکەکەمان داگیر بکەن. ئێمە ئەم شەڕەمان دەست پێ نەکردووە، هەرچیەک پێویستە بیکەیت بیکە، پێویست بە پرسیار ناکات. بەڕاستی ئەو چیرۆکەم بە لاوە سەرنج راکێش بوو، زیاتر لە ٩ جار پێم دووبارە کردەوە، چونکە دەمویست هەموو وردەکاریەکانی بزانم، شوێنەکەی و وردەکاریەکانی دیکە بزانم. بەڵام بەڵێ پێم وابوو ئەوە چیرۆکێکی سەرنج راکێشە. 
 
رووداو: لە 2019 دۆناڵەد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گوتی کورد تەنیا کاتێک شەڕکەری باشن کە فڕۆکەکانی ئێمە پێشیان پاک بکەنەوە، ئەوان بچنە سەر ئەو شوێنانەی کە پاک کراونەتەوە. بەڵام کتێبەکەی تۆ گەیڵ، رێک پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنێت پێت وا نییە؟
 
گەیڵ لێمۆن: تەنیا کتێبەکەی من ئەوە ناسەلمێنێت، کاربەدەستانی ئەمریکاش ئەوە دەزانن. بەڵام هیوادارم خەڵک کات بۆ ئەم کتێبە تەرخان بکەن و ئەو رێزە زۆرە ببینن کە کاربەدەستانی ئەمریکا بۆ ئەوان هەیان بوو. ئەو کاربەدەستانەی ئەمریکا کە من لەگەڵیان قسەم کرد، دەڵێن کە هێزی ئاسمانی بە تەنیا نەیدەتوانی ئەم دەرەنجامە بە دەست بێنێت. شتێک کە من دەمەوێت خەڵک لەم کتێبەدا ببینن و لێی تێ بگەن، ئەوەیە کە بۆ شکاندنی داعش هەردوو لا پێویست بوون. هێزێکی زەمینی کە ئامادە بێت شەڕی داعش بکات و گەنجەکانی خۆی بکاتە قوربانی بۆ شکاندنی داعش پێویست بوو. چونکە ئەوان دەبوو کۆڵان بە کۆڵان، ماڵ بە ماڵ شەڕی داعش بکەن. داعش هەموو شتێکیان مینرێژ کردبوو، قۆری چا، سەلاجە. جگە لەوەی بارمتەیان دەگرت، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بە تەقەمەنیەوە دەنارد. ئێمە باسی هێزێک دەکەین کە رۆژی چەند جارێک ئۆتۆمبیلی مینڕێژکراوی دەنارد، لەبەرئەوە پێویستت بە هێزێکی زەمینی هەبوو کە ئامادەی شەڕکردن بێت، هێزێک کە خواست و توانای شەڕی هەبێت و ناوچەکان لە داعش بستێنێتەوە و لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا پارێزگاری لێ بکەن و لەوێوە بەرەو پێشتر بڕۆن. 
کاتێک کە لەگەڵ کاربەدەستانی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا قسە دەکەیت، یەکسەر باسی ئەو گرنگییە دەکەن. دەڵێن بە تەنیا لە ڕێگەی هێزی ئاسمانیەوە هەرگیز نەماندەتوانی داعش تێک بشکێنین. پێویستمان بە هێزێکی زەمینی بوو کە ئامادەی مەیدانی شەڕ بێت. بەڵام بێ گومان بە بێ هێزی ئاسمانی ئەمریکاش، ئەو شەڕە زۆر قورستر دەبوو. لەبەرئەوە ئەوەی کە لەوێ روویدا، هاوئاهەنگیەکی زۆر پێویست بوو بۆ ئەوەی داعش بوەستێنرێت. 
 
رووداو: لە کتێبەکەتدا زۆر بە وردی باسی کۆبانێ و رەققە دەکەیت، هەموو دەزانین کۆبانێ و رەققە بۆ چی گرنگ بوون بەڵام بەشێکی باشیش لە کتێبەکەت لەسەر مەنبج دەوەستێت، پەڕانەوەی ئەو رووبارە بەو زەحمەتیە بە شەو بۆ نێو مەنبج، بۆ چی مەنبج ئەوەندە گرنگ بوو بەلای یەپەژەوە، یان کتێبەکەی تۆ بۆ ئەوەندە گرنگی بە پرسی مەنبج دەدات؟
 
گەیڵ لێمۆن: بەڵێ ئەمریکا نیگەرانی زۆر بوو لەسەر مەنبج. نیگەرانی ئەوە بوون کە مەنبیج شوێنی پلاندانانی هێرشکردنە سەر ئەوروپا و ئەمریکا بوو. مەنبج ئەو شوێنە بوو کە چەکدارە بیانیەکان دەچوونە ئەوێ پاسپۆرت و منداڵ و ژنەکانیان دا دەنا و پلانی هێرشکردنیان دادەڕشت. جگە لەوەش هەڵکەوتەی جووگرافی مەنبجیش گرنگ بوو. 
 
رووداو: لە کاتی شەڕی داعشدا ئەمریکیەکان بەردەوام ئەوەیان دووبارە دەکردەوە کە یەپەگە یەکسان نیە بە پەکەکە. بەڵام دواتر لە ناکاو نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند کە یەپەگە بەشێکە لە پەکەکە. ئەو گۆڕانکاریە چی بوو، بۆچی ئەوەندە لە ناکاو ئەو گۆڕانکاریە روویدا ئەوەندەی کە تۆ ئاگادار بیت؟
 
گەیڵ لێمۆن: کتێبەکە باسی ئەو پەتە باریکە دەکات کە واشنتن لەسەری وەستابوو. بەڕاستی سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە 2014ەوە، وەکو لە کتێبەکەشدا هاتووە ئەوە بوو کە ئەو دوو لایەنە هەمان لایەن نین. بەڵام دژ بەرییەک لە نێوان هەندێ لە کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوە هەبوو، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، لە نێوان ئەو کاربەدەستانەی وەزارەتی دەرەوە کە دەیان گوت ناکرێت نیگەرانیە ئەمنییەکانی تورکیا پشتگوێ بخرێن و ئەمریکا نابێت لەگەڵ ئەم گرووپە کاربکات لەبەر جۆری تێڕوانینی تورکیا بۆ ئەو گرووپانە. بەڵام هەندێ کەسی دیکەش هەبوون، هەندێکیان ئێستا گەڕاونەتەوە نێو حکومەتی ئەمریکا، دەیان گوت کە ئەم گرووپە باشترین گرووپە کە ئەمریکا کاریان لەگەڵ بکات و ئەمانە خەڵکی سووریان و هەمان شت نین و یاسای ئەمریکاش بە هەمان باوەڕ گەیشت هەر لەبەرئەوەش بوو کە ئەمریکا توانی چەک بداتە هاوبەشە سوورییەکانی بۆ شەڕی رەققە لە 2017. لەبەرئەوە، بەڕاستی یەکێک لەو شتانەی کە من هەوڵم دا تۆماری بکەم ئەو دۆخە سیاسییە بوو، کە یەکەمجار تووشی ئیدارەی ئۆباما بووەوە، ئینجا ئیدارەی دواتر و ئێستاش تووشی ئیدارەی بایدن.
 
رووداو: لە دوای کشانەوەی ئیدارەی ترەمپ لە سووریا، زۆربەی کورد پێیان وابوو خیانەتیان بەرامبەر کراوە، یان بێ رێزیەک بەرامبەر بەو هەموو قوربانییەی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەبووە. تۆ تا ئێستا لە پەیوەندیدای لەگەڵ سەرکردەکانی یەپەژە، ئەو کاتەش پێیان دەگووتی کە ئەوان زۆر متمانەیان بەو پەیوەندیانەی نێوان ئەمریکا و کورد نییە. ئێستا چۆن لەسەر پرسەکە قسە دەکەن؟
 
گەیڵ لێمۆن: پێش هەموو شتێک پێموایە گرنگە سەرنجی ئەوە بدەیت کە ئەمریکا تا ئێستا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ماوەتەوە. زۆر کەس هەبوون لە ئەمریکا زۆر نیگەرانی ئەو رووداوانە بوون کە لە ئۆکتۆبەری 2019 روویدا لە سووریا. مەبەستم تەنیا خەڵکی ئاسایی نییە، کاربەدەستانی ئەمریکاش دەڵێم کە زۆر نیگەران بوون، لەبەر ئەوەیە کە تا ئەمڕۆش هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا ماونەتەوە. کتێبەکە باسی ئەوە دەکات، کە مەبەستم ئەوە نیتە کە بڵێم ژنانی یەپەژە متمانەیان بە ئەمریکا نەبوو، بەڵام ئەم دۆخە هەموو هەر لە سەرەتاوە پرسیاری لەسەر بوو. ئایا ئەمریکییەکان چی دەکەن؟ دواتر چی دەبێت؟ وە من ویستم ئەم کتێبە ئەو پرسیارانە بوروژێنێت و نیشانی بدات کە چەند قوربانی لەم پێناوەدا دراوە. چونکە دواجار ئەم پەیوەندییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکایە. ئەم هێزە توانیویەتی گوشارەکانی لەسەر داعش بۆ نیو دەیە بەردەوام بکات و 10 هەزار کەسی خۆیان لە شەڕی دژی داعش لەدەستدا. لەبەرئەوە ویستم کە خەڵک ئاشنای نەک تەنیا سیاسەتی سەر ئەم پرسە بکەم، کە ئەوەش بۆ خۆی شتێکی جیدییە و خۆت باش دەزانی کە ئێستاش دیبەیتی لەسەر دەکرێت، بەڵام ویستم کتێبەکەم خەڵکی ئاشنای ئەو کەسانەش بکات کە ژیانیان بۆ تا هەتایە گۆڕا بەهۆی ئەم شەڕەوە. بەڵام دەمەوێت بڵێم کە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و کورد بەشێوەی مەیدانیی تا ئێستا پەیوەندیەکی بەهێز و پڕ لە رێز و متمانەیە. بەڵام بە دڵنیاییەوە رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2019 ئەوەی زۆر روون کردەوە کە ئەمریکا و جیهان بەرژەوەندییەکانیان چۆن دەکرێت بخرێتە مەترسییەوە. 
 
رووداو: لە کتێبەکەتدا باس لە رۆڵی برێت ماکگورک دەکەیت لە دروستکردنی پەیوەندیی نێوان کورد و ئەمریکا، بایدن خۆشی لەو کاتەدا لە دەسەڵاتدا بووە ئێستا برێت ماکگورک راوێژکاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، پێتوایە لە چوار ساڵی داهاتوودا مامەڵەی ئیدارەی بایدن لەگەڵ کورد چۆن دەبێت؟ 
 
گەیڵ لێمۆن: ئەمە پرسیارە سەرەکییەکەیە کە ئێستا گەنگەشە دەکرێت. گرنگە ئەوە بزانین کە ئەمریکا ئێستا جەختی سەرەکی لەسەر پرسە ناوخۆییەکانیەتی. کۆڤید و ئابووری سەرنجی هەموو کەسێکی لە ئەمریکا بەلای خۆیدا راکێشاوە. هەر کە بیر لە وڵاتانی دیکە دەکەیتەوە، بیر لە شەڕی داعش دەکەیتەوە، بیر لەوە دەکەیتەوە کە چی لە هەولێر روویدا، ئیدارەی بایدن زۆر لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات و دەڵێن بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردن و راوێژپێدان بە هێزە عێراقییەکان، وەکو لەم هەفتەیەدا تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان پێ کرد. گوومان لەوەدا نییە کە هەندێک لەو کەسانەی کە بەرپرس بوون لە داڕشتنی سیاسەتەکانی ئەمریکا کە لە کتێبی کچانی کۆبانێدا باس کراون، ئێستا گەڕاونەتەوە نێو حکومەتی ئەمریکا، پێموایە ئەوە وا دەکات کە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکادا روو بدات، چونکە پێموایە سیاسەتی ئەم ئیدارەیە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی ئەمریکا و بەردەوام گووشار خستنە سەر داعش بنیات دەنرێت. 
 
بەڵام ئەو ناکۆکییە کە لە نێوان هەندێ لە کاربەدەستانی ئەمریکادا هەیە، کە دەڵێن نابێت لەگەڵ ئەم گرووپە کار بکەین بەهۆی گرنگی هاوپەیمانی ناتۆمان کە تورکیایە. لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی کە بەرگری لە هاوبەشە مەیدانییەکانمان دەکەن لە سووریا.