شەڕی بێ براوە: چارەنووسی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و تورکیا

شەڕی بێ براوە: چارەنووسی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و تورکیا
شەڕی بێ براوە: چارەنووسی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و تورکیا

پرۆسەی ئاشتی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دەوڵەتی تورکیا گەیشتووەتە قۆناخێکی نوێ و هەستیار، دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر دەستپێکی ناوهێنانی "چەکدانان لە پەکەکە" وەک دەوڵەتی تورکیا ناوی لێدەنێت، یان "پرۆسەی ئاشتی" وەک کورد پێی دەڵێت.
چوار هەنگاوی پرۆسەی ئاشتی
تاوەکو ئێستا چوار هەنگاوی سەرەکی بۆ پرۆسەی ئاشتی هاوێژراون، کە بە گوتەی جەنگیز چاندار، سیاسەتزان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، زەمینەسازییە بۆ خاڵی وەرچەرخانی پڕۆسەکە، واتە "چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە":
1. گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕالی.
2. بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بەناوی چەکدانانی پەکەکە و هاتنی ئۆجەلان بۆ نێو پەرلەمانی تورکیا لە مانگی 10-2024 .
3. پێکهێنانی شاندی ئیمڕالی لەلایەن دەم پارتییەوە و سەردانی گرتووخانەی ئیمڕالی، حیزبەکانی تورکیا و باشووری کوردستان.
4. گوتاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆتایی مانگی شوباتی 2025 لەسەر پڕۆسەی ئاشتی، کە تێیدا داوای کرد پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
سەرچاوەی ململانێکە: شەمزینان و دەستپێکی شەڕ
سەفەری یەڵماز، یەکێک لەو گەریلایانەی کە ساڵی 1984 لەگەڵ 21 کەسی دیکە یەکەمین چالاکی چەکداری دژی سوپای تورکیا لە دەڤەری شەمزینان ئەنجامدا، دواتر بە 19 ساڵ زیندانی کرا. قسەی بۆ هێشتا ماویەتی کرد و گوتی"ئەو کات شەڕ دژی تورکیا پێویست بوو، چونکە دەوڵەت ئینکاری بوونی کوردی دەکرد و کەس بۆی نەبوو بە کوردی قسە بکات، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و بە کوردی قسە دەکەین، بە کوردی سیاسەت دەکەن و پەرلەمانتارمان هەیە. ئێستا ئەو شەڕە پێویست نییە، ئەو شەڕ بۆ ئەم ئاشتییە بوو."
لە سەردانی شەمزینان، شوێنی لەدایکبوونی پەکەکە و یەکەمین هێرشی چەکداری دژی سوپای تورکیا، خانوویەکی بچووک دەبینرێت کە مێژوویەکی گەورەی تێدا دەستی پێکردووە و زیاتر لە 40 ساڵە دەوڵەتی تورکیا پێوە گیرۆدە بووە. بەرامبەر خانووەکە، بارەگایەکی سەربازی تورکیا لەسەر گردێکی گەورە هەیە و تەنیا شەقامێک دەکەوێتە نێوانیان، وەک ئەوەی پێمان بڵێت، چ شەڕ بێت یان ئاشتی، زۆر لە یەکدی نزیکن.
دەنگی دیاری کوردی
لەیلا زانا، پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە پەرلەمانی تورکیا و کەسایەتییەکی ناسراو لە باکووری کوردستان، لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە رایگەیاند "بە سەرۆکی تورکیا دەڵێم، پەلە بکە لە پرۆسەی ئاشتی و کاتی ئاشتی هاتووە. بە قەندیلیش دەڵێم ماڵتان ئاوا، خەباتێکی بەردەوامتان کردووە، بەڵام ئێستا شەرت و مەرجی ناوچەکە گۆڕاوە و کاتی ئاشتییە."
ئامەد و نەورۆزی جیاواز
لە ئامەد (دیاربەکر)، نەورۆزی ئەمساڵ تەنیا جەژن نەبوو، بەڵکو لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی و پەیامی ئۆجەلان بۆ دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە تێکەڵ ببوو. لە بارەگای سەرەکی دەم پارتی لە ئامەد، ئامادەکاری و هەیەجانی نەورۆز گەرم بوو. گۆرانییەکان باسی ئازادی و کێشەی کوردیان دەکرد کە هێشتا چارەسەر نەبووە.
دایکە ئاسییە، کە منداڵەکانی لە شەڕی 40 ساڵەی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا بوونەتە قوربانی، دەڵێت "ئەگەر ئەم جارە پرۆسەی ئاشتی سەرنەگرێت، کەس ناتوانێ بەرامبەرم بوەستێ."
لە رۆژی دوای ئەوە، 21ی ئادار، پەیامە سیاسییەکان بەهێزتر بوون لە گڕی ئاگری نەورۆز. خەڵک بەگشتی پەلەیان بوو، رادەکرد بۆ لای گۆڕەپانەکە. لەسەر روومەتیان ئاڵایەک دروستیان دەکرد کە رۆژێک لە رۆژان ئەو ئاڵایە قەدەخە بوو و سزای زیندانی لەگەڵ بوو. تەنانەت هەڵپەڕکێ و شایی بەتامی سیاسەت دەکرا، وەک پەیامێک بۆ ئەوەی بڵێن خەباتی کورد لە باکووری کوردستان هێشتا بەردەوامە.
دەنگی دەوڵەت لە ئەنقەرە
لە ئەنقەرە، پایتەختی تورکیا، بڕیاری شەڕ و ئاشتی و چارەنووسساز تێیدا دەدرێت. لێرەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی ملیۆنان کورد لە باکووری کوردستان دەدرێت. مەهدی ئاکەر، کە 31 ساڵە بەبێ دابڕان لەگەڵ رەجەب تەیب ئاردۆغانە، یەکێکە لەو کەسانەی کە بەبێ مەوعید دەچێتە ژوورە داخراوەکان و لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخەکەیە.
بەرنامەی نهێنی و نێچیرڤان بارزانی
جەنگیز چاندار، سیاسەتزان و پەرلەمانتاری دەم پارتی، ئاشکرای کرد کە پرۆسەی ئاشتی ساڵێک بە نهێنی ئەنجام دراوە و دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ ئۆجەلان لە زیندانی ئیمڕالی گفتوگۆی کردووە. تەنیا چەند کەسێکی کەم ئاگاداری ئەو گفتوگۆیانە بوون، و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش، ئاگاداری هەموو هەنگاوەکان بووە.
کورد لە سەردەمی گۆڕانکاریدا
بەپێی سەرۆکی ناوەندی ئۆرسام بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورد لەم دەڤەرە گەشە دەکات و خاڵی وەرچەرخان و گەشەی کورد لە هەموو ناوچەکە لە هەولێرەوە بۆ هەموو پارچەکانی دیکە دەست پێ دەکات.
دەرەنجام: شەڕێکی بێ براوە
دوای 40 ساڵ لە ململانێ و شەڕ، نە شەڕ بە راگەیێندراوی فەرمی کۆتایی دێت، نە ئاشتی بە تەنیا قسەکردن. خەڵک لە چاوەڕوانی ئاشتیدا ماندوو بوون، چونکە لەم شەڕە درێژخایەنەدا کەس براوە نییە.
وەک لە باکووری کوردستان بینرا، خەڵک پرسیاری ئەوە ناکەن کە کام لایەن سەرکەوت، بەڵکو بەدوای کۆتاییەکدا دەگەڕێن بۆ چیرۆکێکی 40 ساڵەی خوێنڕشتن. پڕۆسەی ئاشتی ئێستا لە دوو ڕێیانێکی مێژووییدایە، کە دەتوانێت کۆتایی بە چوار دەیە ململانێ بهێنێت یان شەڕێکی دیکە هەڵگیرسێنێتەوە.