هێشتا ماویەتی - بەهێزترین واژۆ

هێشتا ماویەتی - بەهێزترین واژۆ


لە هەر سووچێکەوە سەیری شار بکەیت، دیمەنی باڵەخانەی بەرز دەبینرێت، پڕۆژەی جوان دروستکراون، ئاماژەی پێشکەوتن و گەشەی ئابووری دەردەکەوێت.
ئەم پڕۆژانەی نیشتەجێبوون، گەلێک ملیۆن و گەلێک ملیار دۆلاری تێدا وەگەڕخراوە. خەڵک لەژێر ناوی وەبەرهێنەر لە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، سەرکەوتوون و سەردەکەون.
پرسیارێکی خەڵک هەیە، ئەویش بۆچی کەرتی عەقارات ئەوەندە گرانە؟ 
لەم بەرنامەیەدا دوو پرسیار دەکەین:
یەکەم: بە چ پێوەرێک نرخ بۆ پڕۆژەکان دادەنرێت؟
دووەم: بە کام یاسا پارە بەناوی خزمەتگوزاری نێو پڕۆژەکان وەردەگیرێت؟

بەدوای وەڵامی پرسیاری یەکەمدا دەگەڕێین. بۆ ئەوەی بزانین بۆچی نرخی پڕۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوون ئەوەندە گرانە، دەبێت بزانین ئەو پڕۆژانە بە چەند دروست دەکرێن.

بەڵێندەری دروستکردنی بەشێکی زۆری ئەو پڕۆژانەم بینی، گوتیان زۆر راستگۆ دەبین لە قسەکانی خۆماندا.
مەلا عوسمان حاجی ٢٨ ساڵە بەڵێندەرە لەگەڵ هاوبەشەکەی سەید ئیسماعیل حەمەدئەمین. هەر کە پرسیاریان لێ دەکەم، ئەرێ ئەم پڕۆژانە بە چەند دروست دەکرێن؟

مەلا عوسمان حاجی: "مەتری بە ٢٨٠ دۆلار تاوەکو ٤٢٠ دۆلار دروست دەکرێن، شوقە و خانوو وەکو یەکن. ئەگەر بە کوالێتی زۆر بەرز دروست بکرێن، لە ٤٢٠ دۆلار زیاتر بۆ یەک مەتری خەرج نابێت. ئەگەر دەتەوێت بڕۆ لە بازاڕ کامە شتی زۆر گرانە ئەوە هەڵبژێرە و وەرە من مەتری بە ٤٢٠ دۆلار بۆت دەکەم."

ئەندازیار ئەمیر ٢٠ ساڵە لەنێو ئیدارەی پڕۆژەکان کاری کردووە، چوار ساڵە کۆمپانیای عەقاراتی هەیە. شیکردنەوەیەکی وردی کردووە لەسەر پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بەسەر سێ ئاستدا دابەشی کردووە.

ئەندازیار ئەمیر تەها: "پڕۆژەکانی کوالێتی بەرز، مەتری تاوەکو ٤٥٠ دۆلار و بە ١١٠٠ دۆلار دەفرۆشن. دوای دەرهێنانی ٢٨٪ی قازانجیان، هێشتا ١٧٤٪ قازانجی زیاد وەردەگرن. پڕۆژەکانی مامناوەند و کوالێتی نزم بە ٢٧٠ دۆلار دروست دەکرێن و بە ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ دۆلار دەفرۆشن و دوای دەرهێنانی قازانجیان، بە ١٧٢٪ قازانجی زیاد وەردەگرن. لەنێو پڕۆژەکان شوێنی بازرگانی مەتری بە ١٥٠ دۆلار دروست دەکرێن، بە پێنج هەزار دۆلار دەفرۆشرێن."

لە رووی ئابوورییەوە دەبێت روون بکرێتەوە، دروستکردنی ئەم پڕۆژانە، چ قازانجێک لە کەرتی ئابووری هەرێمی کوردستان زیاد دەکات.

دکتۆرێکی ئابووری دێتە نێو بەرنامە، توێژینەوەی تایبەتی کردووە لەسەر کەرتی عەقارات لە هەرێمی کوردستان، ئەویش دکتۆر ئەرشەد تەهایە. ئەندازیار ئەمیر لەگەڵ دکتۆر ئەرشەد پێکەوە روونکردنەوەی زیاتر لەسەر پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و کێشەکانی دەخەنەڕوو.

دکتۆر ئەرشەد تەها: "پڕۆژەی وەبەرهێنان هەیە بە شەش کاژێر هەموو یەکەکانی فرۆشراوە. گەیشتە ئەوەی هەموو پارەکان بخرێتە نێو پڕۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوون، بۆیە بەشێک لەو پڕۆژانە کە تەواو بن هەر بەتاڵن و تەواویش نەبن هەر بەتاڵن! دەبێت یاسای وەبەرهێنان لە بەرژەوەندی هەموو لایەک دابێت. 

هەر لەبەر ئەوەشە پڕۆژەکان دەکرێن بەڵام دەرفەتی کار نابینرێت، چونکە پارەکان هەموو دەبنە کۆنکرێت و شیش."چووینە گەڕان، شەقام نەبوو باڵەخانەی زەبەلاح تێیدا بەرز نەکرێت، پڕۆژەی راگیراو زۆر بوون.

ئەندازیار ئەمیر تەها: "ئەو پڕۆژەیە ساڵێک لەمەوبەر دەبووایە رادەستی خاوەنەکانی کرابا، ئێستاشی لەگەڵدا بێت تەواو نەکراوە و راگیراوە و خەڵکیش پارەی داوەتە وەبەرهێنەر."

دکتۆر ئەرشەد تەها: "لە وڵاتان رێگە نادرێت پڕۆژە بفرۆشرێت پێش ئەوەی شۆفڵ لە زەوی بدرێت. لێرە کێشە ئەوەیە وەبەرهێنەر بە سۆتە دەبێتە وەبەرهێنەر، بەڵام ناتوانێت بە سۆتە پارەکە بپارێزێت. خۆی ئیفلاس دەکات و خەڵکیش ئیفلاس دەکات ئەگەر راوێژ بە خەڵکی شارەزا نەکەن."
چووینە رێگای بەحرکە لە هەولێر، پڕۆژەی تەواونەکراو لە کاتی خۆیدا و پڕۆژەی راگیراو لەسەر ئەمبەر و ئەوبەری شەقامەکە دەبینرێت.
پڕۆژە هەیە سێ قوفڵی لێدراوە، دیاریش نییە کەی و چۆن دەستپێدەکرێتەوە و تەواو دەکرێت. خەڵک دەڵێت ئەم پڕۆژانە زۆرن، چاودێری ناکرێن، ئاوها بە نیوەچڵی دەمێننەوە، کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەسەر دروست دەبن.ئەندازیار ئەمیر دەڵێت: "لە کۆمپانیاکانی خانووبەرە کەس ناوێرێت خۆی لە کڕین و فرۆشتنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی سەر رێگای بەحرکە بدات، چونکە بەجێهێڵدراون و کێشەی گەورە لەسەر دروست بوونە و چارەنووسی ئەو پڕۆژانە دیار نین. بگرە پڕۆژە هەیە پارەی وەرگیراوە و بردوویانەتە بەغدا و لەوێ پڕۆژەیان کردووە و بەرپرسیارم لە قسەکانی خۆم."

دکتۆر ئەرشەد تەها دەڵێت: "چارەسەر ئەوەیە یاسای وەبەرهێنان هەموار بکرێتەوە و کەرتی خانووبەرە رێک بخرێت و جەخت بخرێتە سەر پڕۆژە راستەقینەکان تاوەکو دەرفەتی کار دروست بکرێن."

پڕۆژەیەکی دیکەی تەواونەکراوی نیشتەجێبوون لەسەر رێگای بەحرکە ئێمەی راگرت:  "دەبووایە ئێستا گەرمەی کارکردنی بووایە، بەڵام هیچ دەنگی کارکردن نایەت و کەس لێرە نییە. خەڵک پارەی نێو ماڵی خۆی هێنا بۆ پێدانی قیستی یەکەی نیشتەجێبوونی نێو پڕۆژە. دەبێت خەڵک چەند بە ئومێدەوە ئەم پڕۆژەیەی کڕیبێتەوە کە ئاوها ماوەتەوە، دەبێت ئێستا چەند کاریگەری لەسەر ماڵی ئەو خەڵکە دروست کردبێت."

چووینە بەشی فرۆشتنی پڕۆژە، کەسێکی عەرەب لەوێ بوو، گوتی ئێرە نووسینگەی عەقاراتە، دواتر گوتی بنکەی فرۆشتنە، دواتر گوتی نا نووسینگەی عەقاراتە. کە لێم پرسی ئەگەر کەسێک ئێستا یەکەیەک بکڕێت تۆ چی پێ دەڵێیت، لە چەندی دیکە تەواو دەبێت؟ گوتی: "ناتوانم هیچی پێ بڵێم."

تەلەفۆنی بنکەی فرۆشتنی پڕۆژەکەم کرد، ژمارەکە داخراو بوو، کەس نەبوو وەڵامێکی دروست بدات.

ئێستا بەدوای وەڵامی پرسیاری دووەمی بەرنامەدا دەگەڕێین، ئەویش:بە کام یاسا پارە بەناوی خزمەتگوزاری نێو پڕۆژەکان وەردەگیرێت؟لەسەر کاغەز چوار بەڵگەی بەهێز بەردەست هەن، بەڵام لەنێو پڕۆژەکان پێچەوانەکەی هەیە و پارە وەردەگرن و خەڵک بۆ ئەم بەرنامەیە دەڵێن پارەی زۆر لە ئێمە وەردەگرن.

بەڵگەی یەکەم:
لە ٢٤/٩/٢٠١٢ بە واژۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو دەرچووە. دوو خاڵ لە خۆ دەگرێت:
یەکەم: ئیدارەکردنی سەرجەم خزمەتگوزارییە گشتییەکانی ناو پڕۆژە نیشتەجێکانی وەبەرهێنان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزارەوە دوای تەواو بوونی پڕۆژەکان.

دووەم: لەسەر وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزارە ئەم بڕیارە جێبەجێ بکات.

بەڵگەی دووەم:
لە ٢٨/٥/٢٠١٥ بە واژۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو دەرچووە و ٩ خاڵ لە خۆی دەگرێت. تێیدا جەخت لەسەر بڕیارەکانی ٢٠١٢ دەکات و ئەمجارە توندتر هاتووەتە سەر خەت، دەبێت بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان وەک گەڕەکێکی شار مامەڵە لەگەڵ پڕۆژەکاندا بکرێت.

بەڵگەی سێیەم:
لە ٢٦/١١/٢٠١٩ بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کابینەی نۆیەم بەناوی "بڕیار" دەرچووە: سێ خاڵ لە خۆی دەگرێت، ئەویش جەختکردنەوەیە لە بڕیارەکانی ساڵی ٢٠١٢ و ٢٠١٥.

لە خاڵی یەکەمدا هاتووە: وەزارەتی شارەوانی وەک گەڕەکێکی شار مامەڵە لەگەڵ ئەم پڕۆژانە بکات لە وەرگرتنی پارەی ئاو و باخچەکانی نێو پڕۆژە و کۆکردنەوەی زبڵ و خۆڵ و خاشاک. دەبێت لە ١/٦/٢٠١٠ەوە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەڵگەی چوارەم:
دەستەی وەبەرهێنان کە واژۆی دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی لەسەرە، بە ئاشکرا دان بەوەدا دەنێت: "سەبارەت بە وەرگرتنی داهاتی خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە تەنیایی (حەسرییەن) لەلایەن وەبەرهێنەر، هیچ بڕگەیەک لە یاسای وەبەرهێنان ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٠٦ باس لە وەرگرتنی داهاتی خزمەتگوزاری لەلایەن وەبەرهێنەرەوە نەکراوە."

چووینە نێو هەندێ پڕۆژەی نیشتەجێبوون. هەر کە لە خەڵکم پرسی ئەرێ پارەی خزمەتگوزاری دەدەن، گوتیان: "نەک هەر پارە دەدەین، بەڵکو ئەوەی لێمان وەردەگرن زۆرە." "هەموو مانگێک پارەی خزمەتگوزاری دەدەین، ئەگەر نەیدەین کارەبامان لێ 
دەبڕن."

ئێرە پڕۆژەی مامۆستایانە لە شاری هەولێر، چوار هەزار خێزان تێیدا دەژین. چووینە بەشی خزمەتگوزاری، بەڕێوەبەری ئیدارەی پڕۆژەکە نەیشاردەوە کە تا واستەت بەهێزتر بێت، پارەی زیاتر بە ناوی خزمەتگوزاری لە خەڵک وەردەگیرێت.

موئەیەد کارش: "من پارێزگاری ئەم پڕۆژەیەم، ئەگەر حکومەت پارەی خزمەتگوزاری ببڕێت، منیش خزمەتگوزاری رادەگرم. دوای دوو هەفتە ئەم پڕۆژەیە وێران دەبێت. پڕۆژەکانی دیکەی نیشتەجێبوون، لەبەر ئەوەی واستەی بەهێزیان هەیە، ئەوان پارەی زیاتر لە خەڵک وەردەگرن. ئێمە بە بڕیاری ئیدارەی پارێزگای هەولێر پارەی خزمەتگوزاری وەردەگرین."

دوای دەرچوونی یاسای وەبەرهێنان لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە تاوەکو مانگی ١١ی ئەمساڵ ٢٠٢٤، نزیکەی ٣٠٪ی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان یەکەی نیشتەجێبوون بووە، بە بەهای ٢١ ملیار دۆلاری ئەمریکی. (ئاماری فەرمی دەستەی وەبەرهێنان)هەر کاتێک موڵکێکت کڕی، فرۆشیارەکە مافی بەسەرەوە نامێنێت، ئەمە راستییەکی ١٠٠٪یە. بە گوێرەی یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، خاوەن پڕۆژەکان لە پێدانی باج و گومرگ بۆ پڕۆژەکانیان بەخشراون. سەرەڕای ئەوەی خاوەن پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە فرۆشتنی یەکەکان نزیکەی ٢٠٠٪ی قازانجیان هەیە، قازانجێکی دیکەی بەردەوامیان هەیە کە مانگانە لە رێگەی ئەم پڕۆژانەوە وەریدەگرن، ئەویش پارەی خزمەتگوزارییە کە پێی دەڵێن قازانجێکی هەتاهەتاییە.