هێشتا ماویەتی - ئۆپۆزیسیۆن سێبەری دەسەڵات

هێشتا ماویەتی - ئۆپۆزیسیۆن سێبەری دەسەڵات

بارودۆخی نوێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، ئێمەی بردە سلێمانی. لەم شارەدا، ئەنجامی هەڵبژاردن وێنەیەکی جیاواز نیشان دەدا، دەنگی ئۆپۆزیسیۆن بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێز بووە.
 
بۆچی سلێمانی؟ 
زۆربەی ئەو بەربژێرانەی وەک ئۆپۆزیسیۆن سەرکەوتن، لە سلێمانییەوە دێنە پەرلەمان. ئەمە تەنیا هەڵبژاردنێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو دەربڕینی دەنگێکی جیاواز بوو،  دەنگێک، دەیەوێت لە رێگەی ئۆپۆزیسیۆنەوە لە پەرلەمان بگاتە گوێی هەمووان.
 
سیاسەت لە سلێمانی، جیاوازە،  شوێنی لێدانی دڵی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە، ئێستا لە خاڵێکی وەرچەرخاندایە. 
دەنگی ئۆپۆزیسیۆن حیسابی بو دەکرێت،  زۆرترین قسە لەسەر نەوەی نوێیە.
بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم، سێ بژاردە هەن، لەو سێ بژاردەیە دەردەکەوێت کام لایەن حوکم دەکات و کام لایەن دەبنە دەنگی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆن؟
 
کاتێک دەچیە نێو کۆڵانەکانی سلێمانی، شارێک دەبینیت کە رەنگی ژیانی تێدا فرەچەشنە. لە هەر گۆشەیەکی ئەم شارەدا، دەنگی خەڵکێک دەبیستی، خوێندنەوە بۆ رووداوەکان دەکەن، لە چایخانە کۆنەکانی شارەوە تا دوکان و بازاڕە قەرەباڵغەکان.
لەگەڵ دانیشتوانی شار  قسەمکرد، باشتر تێگەیشتم کە چیان دەوێت. دەڵێن کاتی ئەوە هاتووە بەرگێکی نوێ بەباڵای سلێمانی دا بکەین.
کاتێک پرسیاری سەرەکیم کرد، بۆچی ئەمجارە دەنگی ئۆپۆزیسیۆن لە دەنگی دەسەڵات زۆرتر بوو؟  وەڵامەکان جیاواز و سەرنجڕاکێش بوون:
بەشێک لە خەڵک، بە گومانەوە باس لە ئۆپۆزیسیۆن دەکەن. 
هەشبوو تا سەر ئێسقان پێداگیری لەسەر بەهێزی ئۆپۆزیسیۆن دەکات لە سلێمانی.
 
لە بازاڕی مەلیک مەحموودەوە تاوەکو گەڕەکە کۆنەکانی شار، خەڵکی سلێمانی بە نەبرەیەکی تووند قسە دەکەن
باوکی جووتیارم بینی هەر گوتم ناوت چییە، ئاوها وەڵامی منی دایەوە ( ناوم کوردستانە، باوکم دۆڕاوە). پیاوێکی خانەنشینە تەمەنی لە حەفتا تێپەڕیوە، چەندین وەرزی سیاسی ئەم شارەی بینیوە، بە دەنگێکی جیاواز قسە دەکات. هۆشداری دەداتە نەوەی نوێ، دەڵێ کاکە گیان، بە کەیفی خۆتان نییە بڕیار بدەن و بچنە نێو حکومەت. 
 
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کاریگەری هەیە لەسەر پرۆسەی سیاسی، هەر زوو گوتی من ئۆپۆزیسیۆنم، خێریان لە ئۆپۆزیسیۆنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە، لە پێنج کورسی بوونەتە حەوت کورسی.
مستەفا عەبدوڵڵا دەبێتە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، لێم پرسی، مەجالێک ماوە، بڕیارەکە بگۆڕن؟
سلێمانی شاريکی خۆشە، بەرزی و نزمی زۆری تێدایە. هێشتا هەر لێرەم بەرەو گردی زەرگەتە دەچم.
 
ئەم گردە پازدە ساڵ لەمەوبەر، دروست لە ساڵی ٢٠٠٩دا، گۆڕەپانی لەدایکبوونی گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان بوو، ئێستا لە بێدەنگییەکی قووڵدا نوقم بووە.
ئەوەندە کپ و بێدەنگە، وەک دەڵێن 'دەرزی هەڵبدەی دەنگی دێت'. 
بزووتنەوەی گۆڕان پلانی ئەوەی هەبوو لەم گردەوە سیستەمی حوکمڕانی بگۆڕێت، بەڵام خۆی لەناو سیستەمەکەدا بزر کرد.
 
مەبەستم ئەوە بوو ووردتر بزانم، ئەم هەموو هێزەی ئۆپۆزیسیۆن و دەنگی ناڕازی خەڵکی سلێمانی لە دەسەڵات، چی بە سلێمانی بەخشیوە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، سەردانی پارێزگاری سلێمانیمان کرد کە خۆی لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە هاتووەتە ناو دەسەڵات. ئێستا لە هەرەمی سەرەکی بەڕێوەبردنی سلێمانی دایە. دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر،
لە ژوورە تاریککراوەکەیدا، پەردە لەسەر راستییە شاراوەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە سلێمانی لادەدات. دەلێت ٦٥٪‌ی سلێمانی وەک حوکم، لە ژێر کۆنترۆڵی راستەوخۆی یەکێتیدا نییە. ئەمە تەنیا ژمارەیەک نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە هاوکێشەی هێز و دەسەڵاتی ناوچەکەدا.
دەمەوێ بزانم چی بزووتنەوەی گۆڕانی بەو دەردە برد، لە ٢٥ کورسییەوە بێتە سەر تەنیا  یەک کورسی؟
کەسی یەکەمی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی، ئەم جارە رووی قسەکانی بە تەواوەتی لە ئۆپۆزیسیۆن بوو. باسی ئەزموونی خۆی لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان و حکومەتدا کرد، بە ئۆپۆزیسیۆن دەڵێت بۆ کوێ دەچن؟ لە دەرەوەی حکومەت لەناودەچن.
کەسێک کە خۆی رۆژێک لە سەنگەری ئۆپۆزیسیۆن بوو، ئەمڕۆ وەک پارێزگار و دەسەڵاتدار، هۆشداری یان ئامۆژگاری دەداتە هاوڕێیانی دوێنێی... کە هەمان رێگا  ئەو دەبڕن.
ئیدی هێزی ئۆپۆزیسیۆن ، لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازدایە.