بوورکانی موسڵ

بوورکانی موسڵ

هەر 10 ساڵ جارێک گورزێکی بەردەکوێ، شاری موسڵە، پایتەختی قووڵی سوننەی عێراق، ئەمە قسەیەکی باوی نێو مسڵاوییەکانە و تەواوکاری ئەم رستەیەش هەیە کە دەڵێن موسڵ جیاوازە "هەموو شەوێ کە دەخەوێن، رەنگە بەیانی هەستین حوکمێکی دیکە ببینین".

چارەنووسی موسڵ، ئەو پرسیارەیە کە خەڵکی موسڵ خۆیان لە "وەڵامەکەی" دەدزنەوە.

موسڵییەکان پێداگیری لەسەر ناسنامەی مەزهەبی سوننە دەکەن لە ئایینی ئیسلامدا، بەڵام شیعەکانی موسڵ ئێستا قسەیەکی دیکە دەکەن پێچەوانەی سوننەکانە، سوننە دەڵێن 95٪ی موسڵ مەزهەبەکەی سوننەیە و شیعەش دەڵێن "تەنیا شیعە 20٪ و ئەمە جگە لە کریستیان و ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکەی ئایینی نێو موسڵ".

وێنەی سەرکردەکان و سیمبولەکانی شیعەی عێراق لەنێو موسڵ لە زۆربەی شەقامەکان دەبینرێت.

هەموو سنووری جوگرافی موسڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەردوو پارێزگای (هەولێر و دهۆک) لە مەخموورەوە تاوەکو دەگەیە حەمدانییە و بەرتەڵە و فازڵییە و باشیک، نەوەران، تلکێف و بادۆش، تاوەکو دەگەیە ناوچەی رەشیدییە، کە لە موسڵ دەردەچی بو دهۆک لەلایەن هێزی حەشدی شەعبییەوە کۆنتروڵکراوە. سەرکردەکانی حەشدی شەعبی دەڵێن "هیچ هێزێک جارێکی دیکە ناتوانن دەست بو موسڵ بەرن".

لە هەر کام رێگای سەرەکی بچیە نێو موسڵ، (رێگای بەغدا، فرۆکەخانە، رێگای هەولێر، دهۆک...) هێشتا ئاسەواری شەڕی داعش بەباشی دەبینرێت، وا هەست دەکەی کەمێک پێش ئێستا شەڕێکی زۆر قورس لێرە کراوە. باڵەخانەی رۆخاو، شوێنی گولەی دۆشکەی 12 ملیمی لە دیواری خانووەکان بەئاشکرا دیارن.

دیمەنی دووەمی شارەکە شەقامە سەرەکییەکانی نێو شار زۆربەیان نۆژەنکراون و نوێن، بەرزە پرد و پردی پەڕینەوەی باشی تێدا دروستکراوە، شەقامەکانی (زانکۆ، زهۆر و جەمیلە) بازاڕی رێکن لە چاو شەقامەکانی دیکەی موسڵ کە هێشتا ناڕێکی پێوە دیارە. نەبی یونس هەر وەکو خۆیەتی و پڕ قەرەباڵخترین بازاڕی میللی نێو موسڵە.

گەڕانەوەی بەعس بو موسڵ یان بەناوێکی دیکە و هەمان بیرکردنەوە، قسەیەکی گەرمی نێو موسڵە. هەندێک دەڵێن بەعسی نەماون و کوژراون و پیربوون، هەندێکیش دەڵێن نا شانەی نوێ دروستبوون، رەنگە بگەڕێنەوە.

ماوەی یەک هەفتە بو تۆمارکردنی بەرنامەی (هێشتا ماویەتی) لە موسڵ بووین، لەهەر کەسێکی نێو خەڵکی موسڵ بپرسی، دۆخی موسڵ چۆنە؟ تەنیا یەک وەڵام وەردەگری، ئەویش (هیچ کاتێک هێندەی ئێستا ئاسایش تێیدا بەرقەرار نەبووە، کەس هیچت پێناڵێت و ئاوەدانی هەیە و ئەمەش وایکردووە کە عەقارات لە موسڵ بفڕێت." ئەوەی لە موسڵ بینیم، لەو ماوەی لە موسڵ و لەو دیمەنانەی تۆمارکراون بو بەرنامەکە، کەسم نەبینی "پێ بکەنێت".

رووباری دیجلە موسڵی بەسەر بەشی راست و بەشی چەپی دابەشکردووە. ئاوەدانی زیاتر لە بەشی چەپی موسڵ کراوە، باڵەخانەی سەرەکی حکومەت وەک شوێنی پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا هەر لەلای چەپی موسڵدان، چێشخانە و هۆتێلەکان کە خەڵک روویان تێدەکەن هەر لە لای چەپی موسڵە. لای راستی موسڵ گورزی گەورەی شەڕی رزگارکردنی موسڵی لە دەست داعش بەرکەوتووە، موسڵی کۆن ماڵەکان بێ ژیان ماون، ئێستا کاری تێدا دەکرێ بو دەرخستنی تەرمەکانی شەڕی پێش هەشت ساڵ.

دەچمە موسڵ، ئەو شارەی 10 ساڵ لەمەوپێش بووە کانگای دروستبوونی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق، ناسراو بە داعش. لە هەر رێگەیەکەوە بچیتە نێو موسڵ، وا هەست دەکەی بەرەو کەربەلا و نەجەف دەڕۆیت. وێنە و دیمەنی سیمبولەکانی شیعەی عێراق، شەقامەکانی ئەو شارەی داپۆشیون.

لە رۆژی10/6/2014  لە چەند کاژێرێکی کەمدا، موسڵ، پایتەختی سوننە و دووەم گەورەترین شاری عێراق، کەوتە دەست داعش. حوکمی داعش نزیکەی چوار ساڵی خایاند.