هێشتا ماویەتی - هۆچبەرێک "دەمەوێ بەس ئارام ببم"

هێشتا ماویەتی - هۆچبەرێک "دەمەوێ بەس ئارام ببم"
 
 
هیڤیدار ئەحمەد
 
ئەو کاتەی رێگەی کۆچکردن دەگرێتەبەر، مردنی حەتمی لە سەر سنووری ئەو وڵاتانەی دەیانبڕی تاوەکو دەگەیتە ئەورووپا لە پێشتە. 
جەنگەڵی دانکێخ لە باکووری فەرەنسا لەسەر سنووری دەریایی لەگەڵ بەریتانیا، پڕن لە کۆچبەر، زۆرترینیان خەڵکی باشووری کوردستانن. لە تەنیشت هەر دارێک کۆچبەرێک هەیە.
ژووان مێرمنداڵێکی 11 ساڵانە، بەتەنیا سەری خۆی هەڵگرتووە، لێم پرسی بۆ بەتەنیا هاتووی، گوتی "پێمخوش بوو، بە تەنیا هاتووم".
سەردانی باکووری فەرەنسام کرد کە شوێنی پەڕینەوەی کۆچبەرانە بۆ بەریتانیا، هەروەها سەردانی باشووری ئیتاڵیاشم کرد، دروست هەرێمی کالابێریا شوێنی گەیشتنی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ ئیتاڵیایە.
جەنگەڵستانی دانکێخ کە 235 کێلۆمەتر دەکەوێتە باکووری پاریس لە وڵاتی فەرەنسا، شوێنی قاچاخییەکان و کۆچبەرانە. ئەوێ بەمانای وشە جەنگەڵە و یاسا تێیدا سەروەر نییە. ئەوەی لەو جەنگەڵە حاکمە، قاچاخچییەکانی باشووری کوردستانن. بەبێ ئەوان کەس ناتوانێ بەوێدا تێبپەڕێت یان حوکم بکات.
قاچاخچییەکانی ئەو جەنگەڵە گوتیان "40٪ی ئەوانەی دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا کوردن. لەنێو کوردیش 30 بۆ 40٪ی خەڵکی دەڤەری راپەڕینن و بەشێکیشیان زاخۆ و بادینان".
حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە "تەنیا لە 2023 زیاتر لە (20 هەزار کەس وەک کۆچبەر لەرێگەی سنوورەکانی فەرەنساوە گەیشتوونەتە بەریتانیا". هەنگاوەکان بو رێگەگرتن لە پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ بەریتانیا لەنێوان هەردوو وڵاتی فەرەنسا و بەریتانیا تووندکراون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی رێژەی 19.8٪ی چوونی کۆچبەران لە 2023 کەمببێتەوە لە چاو ساڵی 2022.
 
چیرۆکی شکانی یەختی کۆچبەران لە کەنارەکانی ئیتاڵیا لە 15/6/2024 کە لە کۆی 76 کەسی نێو یەختەکە تەنیا 11 کەس رزگاربوون، هێشتا شۆک و کاریگەرییەکەی نێو ئیتاڵیا هەر ماوە.
لەم بەرنامەیەدا بو یەکەمجار دیوە شاراوەکانی نێو یەختەکە، دروست هۆکاری شکانی یەکخەتەکە باس دەکەین. یەکێک لەو کۆچبەرانەی بووەتە قوربانی ئەو یەختە و گیانی لەدەستداوە وەک لە یەکێک لە رزگاربووەکان بۆی گێڕامەوە گوتی "قورئانی پیرۆزی پێبووەو بە شەو قورئانی بەرزکرد و پڕ بەدەنگی هاواریکرد و گوتی "خودایە چۆن یونس پێغەمبەرت لەنێو دەریا رزگارت کرد ئێمەش رزگار بکەی"، بەڵام ئەو پیاوە دواجار هێزی تێیدا نەما و گیانی لەدەستدا و شەپۆڵەکانی دەریا لەگەڵ خۆی برد".
هاواری ئەم قوربیانییە و ئەوانەی دیکەی بوونەتە قوربانی بو ئەوە بوو بگەن بە ئەورووپا، بەڵام مردنێکی حەتمی لەرێگەی ئەواندا بوو، مردن خەونی ئەوانی لەنێو دەریادا پووچەڵکردەوە.
سەرباری هەموو ئەم قوربانیانە لەرێگەی کۆچکردندا بەرەو ئەورووپا، چوومە باشووری کوردستان، لەشاری رانیە لە خەڵکم پرسی، ئەم هەموو تراژیدیایە لەرێگەی کۆچکردندا هەیە، هەر کۆچ دەکەن؟ 
 
 
پزیشکێکی موسڵ چێشتخانەیەکی بۆ ژنانی موسڵ کردووەتەوە

موسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراق، دوای بەغدای پایتەخت.لەم شارە چەندین نەتەوەو پێکهاتەی جیاواز هەن و چەندین ساڵە پێکەوە دەژین.بەم هۆیەوە بووەتە شارێکی فرەڕەنگ و فرە کولتوور.
لە گەڕەکی حەمام مەنقوشەی موسڵی کۆن، چێشتخانەیەکی ژنان هەیە بەناوی ماڵی دایکم. تەواوی کارمەندەکانی ژنن. نوهاد عەبدولوەهاب، خاوەنی چێشتخانەکەیە. ئەگەرچی خۆی پزیشکە، بەڵام ئەم چێشتخانەیەی کردووەتە دەرفەتێکی کار بۆ چەندین ژنی شارەکە.

نوهاد عەبدولوەهاب - خاوەنی چێشتخانەی ماڵی دایکم دەڵێ ''شوێنەکە،مێرگێکە لەنێو شوێنێکی وێرانەییدا.بەری راستی موسڵ تووشی زۆرترین وێرانەیی بووەتەوە لە موسڵ دا. ئێرەمان کردووەتە مێرگێکی خۆش، خەڵک رووی تێدەکەن و یادەوەرییەکانی بەری راستی موسڵ-یان دێتەوە یاد. ژنانی بێدەرەتان لە رێگەی ئەم پرۆژەیەوە  بە دەنگێکی بڵندەوە دەڵێن ئەو دۆخە خراپەی کە تێیدابووینە دەیگۆڕین بۆ دۆخی سەرکەوتن. ژنان ئەمڕۆ ئەم  پرۆژەیە بەڕێوەدەبەن کە سوپاس بۆ خودا خۆیان و خێزانەکەیان پێ دەژیێنن بە مووچەیەکی مانگانە''.
 
ئامانجی نوهاد لە دامەزراندنی ماڵی دایکم ئەوەیە ژنەکان کاری تێدا بکەن و مانگانە داهاتێکی تایبەت بەخۆیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن ژیانی منداڵەکانیان دابین بکەن. 

لە چێشتخانەی ماڵی دایکم لە موسڵ، زیاتر لە 12 ژنی بێ هاوژین کاردەکەن کە ئەرکی خێزانەکانیان لەسەرە، ژنەکان مووچەی مانگانە وەردەگرن، بەشێکیان سبەینان و بەشێکیشیان ئێواران دەوام دەکەن.

هەوزان عەلی – شێفی چێشتخانەی ماڵی دایکم دەڵێ '' بیرۆکەی چێشتخانەکە بیرۆکەیەکی نوێ و نایابە لە شاری موسڵ؛ چونکە ئەو کارمەندانەی کە لێرە کاردەکەن هەمووی ژنن، پێکهاتوون لە ژنانی بێ هاوژین، ئەوانەی لە هاوژینەکانیان جیابوونەتەوە، دەرەتان و تەنانەت دەرچوانی زانکۆیش . ئەم  پرۆژەیە پشتیوانییکردنە لە ژنانی موسڵ بەگشتیی و ژنانی بەری راست موسڵ بەتایبەتی.

بەشی زۆری چێشتخانەکە خەڵکی موسڵن و زۆرجاریش گەشتیارانی شارەکانی دیکەی عێراق کە سەردانی موسڵ دەکەن، لەم چێشتخانەیە نان دەخۆن.

موسڵ بەگشتی بە چێشتخانەکانی بەناوبانگە، لەسەر ئاستی عێراق خواردنی تایبەتیان هەیە کە تام و چێژی لەگەڵ شارەکانی دیکە جیاوازە. ماڵی دایکم تاوەکو نیوەشەو بە رووی گەشتیارانی موسڵدا کراوەیە.