هێشتا ماویەتی.. کەرکووک، دڵێک بۆ کوردستان لێدەدا؟

هێشتا ماویەتی.. کەرکووک، دڵێک بۆ کوردستان لێدەدا؟

کەرکووک، دڵێک بۆ کوردستان لێدەدا؟

هیڤیدار ئەحمەد

مەلەفی کەرکووک، بۆمبێکە هەمیشە بە دانوستاندنەکانی نێوان کورد و حکومەتەکانی عێراق تەقیوەتەوە. ئەم دۆسیەیە وەکو بۆمبێک هەر ماوەتەوە. دوای حەوت ساڵ بو تۆمارکردنی بەرنامەی (هێشتا ماویەتی) چوومە کەرکووک. لە دوای 16ی ئوکتۆبەری 2017 جارێکی دیکە لە رەحیماوا، کە بە گەورەترین گەڕەکی کوردنشینی ئەو شارە دادەنرێت، گیرسامەوە.

ئەوەی لە کوردەکانی کەرکووکم بینی، لەبەردەم سێ ئاڵنگاری گەورەدان. یەکەم: هێشتا شۆکی 16ی ئۆکتوبەریان تێنەپەڕاندووە. دووەم: حوکمڕانی عەرەبی کەرکووک لە ماوەی حەوت ساڵی دوای 16ی ئوکتۆبەر ئازاری داون و بێ خزمەتگوزارترین گەڕەکی کەرکووک گەڕەکی کورد نشینن. سێیەم: داهاتوویان لەنێو کەرکووک دا بزر بووە.

هەر کوردێکی کەرکووکم دەدواند، هاواری بوو، دەیویست دەنگی هاوارەکەی بگاتە هەرێمی کوردستان بو ئەوەی فریایان بکەون. هەرچی گەڕەکی کوردە، تێیدا بگەڕی وەک (رەحیم ئاوا، شوراو، ئیسکان، فەلەق، ئیمام قاسم، شوریجە و ....) پیس و پلۆس و بێ خزمەتگۆزاری و بێ ئاون. کاتێ دەپرسی بۆچی ئاوایە، دەڵێن (لەوەتەی کورد لێرە حاکم نەماوە بێ باب ماوین و هەر یەکسەر ناوی پارێزگاری کەرکووک راکان جبووری دەهێنن، دەڵێن بە ئەنقەست ئەوها لە کورد دەکات).

چاوپێکەوتنم لەگەڵ ژمارەیەک کوردی کەرکووک کورد، رازی بوونی خۆیان بە دوخی ئێستای کەرکووک پێشاندا لە سەقامگیری و دۆخی ئابووری. هەندێکیش گوتیان ئەگەر بژاردەی حوکمڕانی کەرکووک لەدەست ئێمەدا بێ، دەمانەوێ ببێتە وڵاتێک یان هەرێمێکی سەربەخۆ، نە گرێدراوی هەرێمی کوردستان بێت و نە گرێدراوی عێراق بێت. کورد لە کەرکووک بێ دەسەڵاتی و پەرێشانییەکی زۆری پێوە دیارە. هەر لەوێوە هەموو هەرێمی کوردسدتانیش دێتە بەرچاو کە ئێستا لەم سەردەمەی عێراقدا کورد لە چ دۆخێکدان.

کاتێ بەرەو دوبز دەچی، گوندە کوردنشینەکان بە چۆڵی لەسەر رێگە دەبینی، چووینە گوندی قوتانی گەورە، یەک ماڵی کوردی تێیدایە و ماڵی عەرەبی حەویجەیان تێیدا جێگیرکردووەو مەڕ و ماڵاتی خۆیان تێیدا بەخێو دەکەن. هەر کە گەیشتمە گوندەکە، عەرەبەکانی حەویجە تەلەفۆنییان بو هەواڵگیری سوپای عێراق کرد و هەر زوو گەیشتنە گوندەکە و ئێمەیان دەرکرد. گوندەکانی قوتانی گەورە و قوتانی خەلیفە و قوتانەکانی دیکە و قۆشخایا زۆر حەز دەکەن بگەڕێنەوە سەر موڵکی خۆیان. بەڵام سوپای عێراق لەو ناوچەیە بەهێزێکی زۆرەوە بڵاوەیان پێکراوەو رێگە نادەن.

سەرباری ئەم مامەڵە سەربازییانەی عێراق لەگەڵ کوردی کەرکووک، کورد لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا لەسەرجەمی 16 کورسی، حەوتییان بەدەستهێناوە، پێنج کورسی یەکێتی و 2 کورسی پارتی. بەڵام تاوەکو ئێستا یەکێتی و پارتی رێککنەکەوتوون. حوکمەکە هەر لەدەستی عەرەبدایە کە کورد حەوت ساڵە ناڵەیانە لەدەستی. تەنیا کەرکووکم نەبینی، چوومە حەویجە، کە دڵی عەرەبی کەرکووکە. لەوێ چێشتخانەیەکی گەورە هەیە بو دروستکردن و ئامادەکردنی بڕیاری عەرەب و لە کەرکووک جێبەجێدەکرێن.

خەڵکی حەویجەم بینی، جبوورییەکان دەڵێن دەبێ حوکمی ئەو شارە هەر لەدەستی ئێمەدا بێت. هیچ جارێک هیندەی ئێستا ئەم دەڤەرانەی حەویجە بەوشێوەیە سەقامگیری و پێشکەوتن و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی بەخۆیانەوە نەبینیوە.