هێشتا ماویەتی - ژانی لە دایکبوونی کابینەی 10 یەم

هێشتا ماویەتی - ژانی لە دایکبوونی کابینەی 10 یەم
ژانی لە دایکبوونی کابینەی 10 یەم

هیڤیدار ئەحمەد

سیناریۆیەکان و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی دەیەم لە هەرێمی کوردستان، دوای هەڵبژاردنەکانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20/10/2024 ئەنجام درا. لە بەرنامەی ئەمجارەی (هێشتا ماویەتی) بڵاودەبێتەوەو لەنێو بەرنامەدا، وەڵامی دوو پرسیاری سەرەکی دەدرێتەوە کە، حکومەتی ئەمجارە چۆن؟ کەی؟ پێکدەهێنرێت.

هەڵبژاردن کۆتاییهات، ئێستا هەموو لایەنێکی سیاسی و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەسیری دەستی پێکهێنانی حکومەتێکن. ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ململانێ بێوێنەکەی نێوان پارتی و یەکێتی، پێمان دەڵێت، کابینەی دەیەم بە ئاسانی لەدایک نابێت.
لەم بەرنامەیەدا

سیناریۆیەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم 10یەم باس دەکەین:


دوو جۆر هێز  هەن، بو پێکهێنانی حکومەت بەکاردێن، هەردووکیان باس دەکەین:

جۆری یەکەم: هێزەکانی  (جوگرافیا، سەربازی، ئابووری، ئیدارە، سامانە سرووشتییەکان، پەیوەندی هەرێمی و نێودەوڵەتی، پێگەی جەماوەری، ئەندامانی پەرلەمان و میدیا)

لە هەرێمی کوردستان پارتی و یەکێتی ١٠٠%ی ئەم نۆ جۆرە هێزەیان هەیە

جۆری دووەم: تاڕادەیەک میدیا و هێزی پەرلەمانی یە...

نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، بەرەی گەل و هەڵویست، گۆڕان و لایەنەکانی دیکە دەگرێتەوە

کێ لەم هێزانە دەبێتە دەسەڵات و کێ ئۆپۆزیسیۆن؟
ئەم سیناریۆیانە هەن:

1- کێ بتوانێ 50+1ی لەنێو پەرلەمان کۆبکاتەوە و حکومەت پێک بهێنێت ئەمە (لاوازترینە، بە مردوویی لە دایک دەبێت).

2- پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بەبێ یەکێتی هەوڵبدات حکومەت پێکبهێنێت (ئەم سیناریۆیە رەنگە قورس بێت، حکومەتێک یەکێتی تێیدا نەبێت، ئەگەر پێکیش بهێنرێت سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت، تەنانەت رەنگە سەربکێشێت بۆ هەنگاوی نەخوازراو...) ئەمە بۆ یەکێتیش راستە هەنگاوێکی وەها بەبێ پارتی بهاوێژیت.

3- پارتی و یەکێتی لەگەڵ پێکهاتەکان (پارتی هەمیشە حکومەتێک بەتەنیا لەگەڵ یەکێتی و پێکهاتەکان پێکناهێنت، بەڵکو شەریکێکی دیکە دەبێ حزووری هەبێت، رەنگە پارتی بیەوێ بڕیارێک بدات، یەکێتی قبووڵی نەکات، یان پێچەوانەکەی،  سەقامگیری نێو کابینە نامینێت، هەمیشە لایەنی سێیەم بەشدار بووە، بۆیە پارتی و یەکێتی لەگەڵ پێکهاتەکان بەتەنیا ئەستەمە حکومەت پێکبهێنن)

کشانەوەی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان وەک نیشاندانی ناڕەزایەیی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پێش پارتی و یەکێتی کەوت بۆ بەشدار نەبوون لە حکومەت و ئۆپۆزۆسیۆن بوونی خۆیان راگەیاند.

بەم دوو هەنگاوەی کۆمەڵ و یەکگرتوو، هەنگاوەکانی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت قورس دەبێت، جگە لە یەکێتی و پێکهاتەکان، بژاردەی زیاتر لەبەردەست نەماوە.
بژاردەکانی بەردەم پارتی بۆ شەریکی زیاتری نێو حکومەت، خۆی لە دوو کورسی بەرەی گەل، کورسییەکی هاوپەیمانی نیشتمانی دەبینێت.
رەنگە یەکێک لە مەرجەکانی یەکێتی بۆ پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت، بەقەتعی نابێت بەرەی گەل بە سەرۆکایەتی لاهور شێخ جەنگی بەشداربێت لەو حکومەتەدا.
هەر یەک لە نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رەوتی هەڵویست و بەرەی گەل و بزووتنەوەی گۆڕان لە ئوپۆزیسۆن دا دەمینن، کە نزیکەی ٣٠%ی هێزی پەرلەمان پێکدەهێنن.

تەحەدییەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەت لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
 
یەکەم: ناسەقامگیری زۆر لەنێوان پارتی و یەکێتی لەسەر مەلەفەکانی (پێگەی دەسەڵات، دارایی و ئیداری و مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا) لە کابینەی نۆیەمدا هەبوو .
دووەم: یەکێتی بە ئاشکرا باسی مسۆگەرکردنی پێگەی خۆی دەکات لە کابینەی دەیەمدا
سێیەم: کێ لە یەکێتی دەبێتە جێگری سەرۆکی حکومەت؟ پارتی بە هەموو کەس رازی نابێت!
چوارەم: کارنامەی حکومەت و پێدانی دەسەڵات بە جێگری سەرۆکی حکومەت 
پێنجەم: کاری پەرلەمانی، پارتی داوای گەرەنتی لە یەکێتی دەکات، بەرۆژ لە حکومەت و بە شەو ئۆپۆزیسیۆن نەبێت.
شەشەم: وەزارەتە سیادییەکان (ناوخۆ، دارایی، سامانەسرووشتییەکان و پێشمەرگە) هەروەها وەزارەتەکانی (خوێندنی باڵا و تەندروستی) جێگەی مشتومڕ دەبن کە چۆن دابەشدەکرێن؟
حەوتەم: مەلەفی ئەمنی هەم وەک پێشمەرگە، هەم هێزی ئاسایش و دژەتیرۆر و هێزەکانی دیکە
هەشتەم: مەلەفی کەرکووک و پەیوەندییەکانی بەغدا و پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق کە بڕیارە لە مانگی 10ی 2025 هەڵبژاردنی عێراق بکرێت، یەکێتی داوای پاڵپشتی پارتی دەکات بو پارێزگاری کەرکووک.
نۆیەم: مەلەفی دەرەوە، یەکێتی بەردەوام گلەیی هەیە کە ئەو مەلەفە بەتەواوەتی لە دەست پارتی دایە و ئاگاداری بەشێک لە مەلەفەکان نییە.
دەیەم: مەلەفی دادگە، دیموکراسی، ئازادی، مافی ئافرەت و پێکهاتەکان

پێکهێنانی حکومەتی ئەمجارە لە هەرێمی کوردستان، بڕیارەکانی تەنیا لە هەولێر یان سلێمانی نابن، رەنگە وەک پاڵپشتییەک بۆ یەکێتی (ئەمە زانیاری دەقیقە لە یەکێتییەوە بو بەرنامەی هێشتا ماویەتی) یەکێتی لە بەغداوە هەندێ کارت بەکاربهێنێت بۆ ناچارکردن یان قبووڵکردنی پارتی بە داواکانییان. 

یەک: راگرتنی کارەکانی حکومەتی کاربەرێکەر وەک پڕۆژە، گرێبەست، دامەزراندن تاوەکو حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت، حکومەت تەنیا دەسەڵاتی دابەشکردنی مووچەی هەبێت.

دوو: یەکێتی لە سەر مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان و فرۆشتنی؛ لەرێگەی دادگەی فیدڕالەوە موخاتەبەی پارتی دەکات
سێ: مەلەفی غاز لەگەڵ پارتی، تووندترین مەلەف دەبێت.
 
هەرکاتێ پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی ئاڵۆزی تێبکەوێت، کاتێ باسی دەسەڵات بکرێت، زۆر بە راشکاوانە ئەو قسەیە دەگوترێت، کە هیچ کام لەم دوو لایەنە دەسەڵاتیان بەسەر ئەوبەری دێگەڵەدا نییە...

دەچینە دێگەڵە ٣٤ کێلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ناوەندی شاری هەولێر.

هەر کە گەیشتم، خەڵکی ئەوێ، دەڵێن ئێرە بووەتە دیواری بەرلین...

هیڤیدار ئەحمەد: هاتوومەتە کوێ؟
وەستا عومەر دێگەڵەیی: هاتووی بۆ دیواری بەرلین
هیڤیدار ئەحمەد: کوا دیواری بەرلین؟
وەستا عومەر: ئەی ناڵێن لە دێگەڵەیە!
هیڤیدار ئەحمەد: ئەتۆش لەگەڵی؟
میکائیل عەلیاوەی: لە چی؟
هیڤیدار ئەحمەد: ئێرە دیواری بەرلینە؟
میکائیل : وەڵڵاهی پێمان خۆش نییە ئەو ناوەی لێیە..
هیڤیدار ئەحمەد: بۆ؟
میکائیل: وەڵڵاهی حەز ناکەین، حەزمان لێیە هەموو یەک پارچە بێت، باسی دێگەڵە و باسی سەیتەرە نەکرێت، لۆ خەڵکی ناوچەکەش خۆش نییە.
هیڤیدار ئەحمەد: هەرکاتێ نێوان پارتی و یەکێتی تێکدەچێت ناوی دێگەڵە دەهێنن، پێتان خۆشە ناوی دێگەڵە بگۆڕن؟
وەستا عومەر: ناگۆڕدرێت.
میکائەل: بە بڕوای من تاوەکو پارتی و یەکێتی هەبێت، سنووری دێگەڵە هەر دەمینێت.
هیڤیدار ئەحمەد: واتە کەس لەوبەرە دەسەڵاتی نییەو کەس لەم بەرەش دەسەڵاتی نییە؟
میکائیل: تاوەکو ئێستا وابووە.
هیڤیدار ئەحمەد: تۆ سمبێڵت سپی ترە و شارەزایی زیاترە، تۆ چ دەڵێ؟
وەستا عومەر: بە قورائان .... وەکی ئەوە گوتی پیاوی سەری لێدەرناچێت..ئاڵۆز بووە زۆر..
کاروان بەکر: سنووری ئەولا بە ئێمە دەڵ بوونەتە پارتی و سنووری ئەم لا بە ئێمە دەڵێ ئێوە بوونەتە یەکێتی.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەی ئێوە چنە؟
کاروان بەکر: واڵڵاهی نازانین لە هەردوو لا بووینە.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەتووش وا دەڵێ؟
ماجید عەزیز: ئاوها کەرتی بکە، نیوە بە نیوەینە، لایەک کەسکە و لایەک زەردە، لەولایە کەسکین و لەم لایە زەردین.
هیڤیدار ئەحمەد: لای دڵە تۆ بۆ کام لا دەچێت؟
ماجید عەزیز: دێگەڵە لە هەموو دینان بووە.

برێدج (ئەم گرد و بەردە رەنگکراوەکان، زاکیرەیەکی ناخۆش لە مێژۆی تازەی کوردستان لای تاکی کورد دروست کردووە، ئەم بەردانە دیواری بەڕلین نین، بەڵام پێدەچێت زۆر لەوە بە قایمتر بێت. ئەو وڵاتانەی بە زرۆفی جەنگدا تێپەڕیون دوای ئەوە ئاشتییەکی گشتگیری بنەڕەت بەرپا دەکەن. بەڵام ئەم بەردانە بوونەتە هێمایەکی روون لە هەبوونی دوو جۆگرافیا لەیەک هەرێمدا، لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا مرۆڤەکان، خاک، شارەکانە ئەم هەرێمە وا بوونەتە دوو لەت، بە هیچ رێککەوتنێک و برایەتییەک ئەم هەرێمە نەبووەتە یەک. چێرۆکی بەشبوونی جوگرافیای هەرێمی کوردستان هێشتا ماویەتی...)

ویستم پێش سیاسییەکان قسەی ئەو خەڵکە بزانین کە دەنگیان داوە بە حیزبەکان تاوەکو ئایندەی خۆیان تێیدا ببیننەوە. سنووری دێگەڵەمان بەجێهێشت. دەچینە جێگەی مشتومڕی سیاسەت، ئەویش سلێمانییە.
سەدا ٤٠ی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان لە سلێمانی دەکرێت، گرنگە دیدگای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بزانرێت، دەنگیان لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەرامبەر شەریکە ستراتیژییەژکەی کە پارتییە، تووندبوو، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن رەنگە وا بکات یەکێتی بەهەمان نەفەسی بانگەشە قسە لەگەڵ پارتی نەکەن.
چاویان لەوەبوو بەو تووندییەی بانگەشە ٢٧ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن، کەچی خەڵک قسەیەکی دیکەی کرد، یەکێتی ٢٣ کورسی بەدەست هێنا. 
لەم شارە هەرکەسێ بدوێنی باسی سیاسەتت بۆ دەکات. لە هەر مەجلیسێک دابنیشی دەڵێن کاتی گۆڕانکارییە، دەمانەوێ یەکێتییەکی بەهێزتر لە دەسەڵات ببینین.

هیڤیدار ئەحمەد: لە هەولێرەوە هاتووم، پرسیارێکم هەیە، یەکێتی بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێت، یان پارتی بەتەنیا یان بە پێکەوە؟
ئەنوەر حەمە رەشید : با ئەوان قسە بکەن من دوا کەس قسە دەکەم.
سەید نووری: بە یەکەوە پێکبهێنن
رێبوار عەلی: بەیەکەوە، نەک ئەوان هەموو لایەنەکان پێکەوە بن، بە مەرجێک تەحەیۆزی تێیدا نەبێت، عونسری نەبێت، بە شێوەیەکی دیموکراسییانەبێت
ئاکۆ شێخ خالید : من دەڵێم هەر وەک ئەم حکومەتەی ئێستا دەبێت و هەر ئەوها پێکدەهێنن
هیڤیدار ئەحمەد: چۆن ئەوها دەبێت؟
ئاکۆ شێخ خالید : دەبێت و هەر وا دەبێت
رێبوار حەمە: حکومەتێکی دکتاتۆری عادل بێت
هیڤیدار ئەحمەد: باشترە؟
رێبوار حەمە: ئەرێ واللە زۆر باشترە، دکتاتۆر بێت، بەڵام عادل عادل بێت
هیڤیدار ئەحمەد: لەگەڵ ئەوەی؟
سەید نووری: ئەرێ واللە ١٠٠%
ئەنوەر حەمە رەشید : من دڵنیات دەکەمەوە، یەکێتی ناچیتە حکومەتێک وەکو ئێستا ئەو شوێنانەی لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدایە بە لاوازی بمینێتەوە. پارتی کەدەچیتە سەر دەسەڵات، حیساب بو یەک کەس ناکات
هیڤیدار ئەحمەد: وایە کە پارتی دەچیتە دەسەڵات حیساب بو کەس ناکات؟
سەید نووری: بەڵێ وایە 
ئەنوەر حەمە رەشید: ئەمە راستیەکەیە
هیڤیدار ئەحمەد: وایە؟
رێبوار عەلی: فعلەن وایە
هیڤیدار ئەحمەد: ئەوانە زۆر یەکێتییانە قسە دەکەن...... کێ کوردستانیانە قسە دەکات نە پارتیانە و نە یەکێتیانە؟
رێبوار عەلی: هەموومان واین، کوردستانیانە قسە دەکەین
ئەنوەر حەمە رەشید: کاکە کەسی بێلایەن نییە، کەس ناتوانێ کوردستانیانە قسە بکات

هیڤیدار ئەحمەد: پرسیارێکم نووسیوە لەو دەفتەرە، دەڵێت پێتان وایە هاوپەیمانی تەقلیدی نێوان پارتی و یەکێتی دەمینێت؟
ئاکۆ شێخ خالید: یەکەم وەڵام من ئەوەم گوت و هەر دەبێ وابێت
دانیشتووی سلێمانی: ئەرێ واللە یەکێتی و پارتی نەبێت، نابێت.

بو ئەوەی بزانین دیدگای پارتی چییە بو پێكهێنانی حکومەت، دەبێ سلێمانی بە جێبهێڵین، دەچینە سنووری قەڵەمڕەوی پارتی لە هەرێمی کوردستان، لە پارێزگای دهۆک.

دهۆک قەڵا و نوقتەی بەهێزی پارتییە. دەڵێن قوربانییەکی زۆرمان داوە بۆ مانەوە و بەهێزیی پارتی لە کوردستان. 

قسەمکرد لەگەڵ دهۆکییەکان، باسەکەمان پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، پرسیارم کرد دەبێ پارتی چ هەنگاوێک بنێت؟ 

هیڤیدار ئەحمەد: بوچۆنی ئێوە چییە، پارتی و یەکێتی پێکەوە حکومەت پێکبهێنن یان پارتی بەتەنیا و یەکێتی بە تەنیا بێت؟
نووری حەسەن: بیانەوێ و نەیانەوێ دەبێ ببن بە یەک
هیڤیدار ئەحمەد: ئەگەر نەبن بە یەک، دەچین یەک بە یەک
نووری حەسەن:  ناتوانین زیاتر باسی بکەین...
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوە چۆن سەیری داهاتووی هەرێمی کوردستان دەکەن؟
کامل زێوەی: ئێمە لەگەڵ یەک نەبین (پارتی و یەکێتی) نە پارتی و نە یەکێتی هیچ دەستکەوییان نابێ، چەند دژایەتی یەکدی بکەین، جگە لە خرابی هیچ سوودێکی دیکە نابینین
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوە لەگەڵ ئەوەن ئەم دوو حیزبە (پارتی و یەکێتی) ببن بە یەک؟
ئەمین گلبیشی: ئەرێ واللە
کامل زێوەیی: دەبێ ببن بە یەک ئەگەر نا فاشیل دەبین 
ئەمین گلبیشی: کێ زۆرترین دەنگی هەیە دەبێ ئەوەی دیکە بە گوێ ئەو بکات...
هیڤیدار ئەحمەد: ئەگەر بە توویان گوت قۆفڵ بووەو وەرە ئەو گرێیە بکەرەوە
حوسێن حەسەن: گەز و مەقەس لەدەست ئەوان دایە، قسەیەکی کوردی هەیە دەڵێت :چیا نەڕۆا، دەروێش بڕۆ: دەبێ یەکێک بو ئەوەی دیکە بهێلیت توەکو کێشەکە گەورەتر نەبێت.

برێدج ( دهۆک و بادینان، هێزی گەورەی پارتین بگرە دەڵێن بڕبڕەی پشتی پارتین ، مەتڵەبیان حیزبەکەیان هێز و داینامۆی ئاشتی بن، لە زۆربەی ئەو خەڵکەم پرسی، وەلائی خۆیان بو پارتی بەیان دەکەن، بەڵام نایشارێنەوە چەند لە گەڵ بەهێزبوونی پارتین، ئەوەندە لەگەڵ پێکەوەیین.... من هیڤیدار ئەحمەد، هێزی هەرێمی کوردستان لە دوای هەڵبژاردن هێشتا ماویەتی )

پارتی دیموکراتی کوردستان، پێکهێنەری سەرەکیی حکومەتە، پرسیاری لێ دەکەین، حکومەتێک بەبێ یەکێتی پێکدەهێنێت؟ دروستتر بڵێم مەبەستم بوو بزانم پارتی چۆن بیردەکاتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
گفتوگۆ لەگەڵ دکتور عومەر نورەددینی دەکەین، دەستی هەیە لە داڕشتنەوەی بەشێک لە سیاسەتی پارتی، باشتر ئاگادارە کە پارتی بە نیازی چییە و ئێستا چۆن بیردەکاتەوە؟ هەموو ئەم روئیایەی پارتی بۆمان باس دەکات.

هیڤیدار ئەحمەد: حکومەتێک بەبێ پارتی پێکدەهێنرێت؟
د.عومەر نورەددینی: نەخێر
هیڤیدار ئەحمەد: ئەگەر پێچەوانە بکەین، حکومەتێک بەبێ یەکێتی لە هەرێمی کوردستان پێکدێت؟
د.عومەر نورەددینی: بەبێ یەکێتی پێکنەهێنرێت باشە، بەڵام بژاردەی ئەوەش هەیە بەبێ یەکێتی پێکبهێنرێت

هیڤیدار ئەحمەد: ئەگەر حکومەت بەبێ یەکێتی پێکبهێنرێت، هەرێمی کوردستان چی لێدێت لە رووی سەقامگیرییەوە؟
د.عومەر نورەددینی: یەکێتی دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزیسیۆن؟ گۆمانم هەیە.. ئایا دەتوانێ ببیە ئۆپۆزیسیۆن و لەهەمان کاتدا تووند دەست بە جومگەکانی دەسەڵات و ئیدارە و هێزی پێشمەرگە بگری، ئەمە سەختە، بۆیە پارادۆکسێک دێتە ئاراوە و لێکەوتەی خرابی دەبێت، بۆیە هەرەشەی وجودی لەسەر هەرێمی کوردستان لە ئارادایە، کە گەرەنتی سیادی و نێودەوێڵەتیش نەبێت، بەدیلی ئەوە یەکگرتووی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتییە.  کە دەکرێ بلێن رێککەوتنی ناچاری و رێککەوتنی ستراتیژی نوێ لەنێوان پارتی و یەکێتی بێتە ئاراوەو ئەمە مەحال نییە، مێژۆ پێمان دەڵێت کراوەو دەکرێت. پێکهێنانی کابینەی نوێ، لایەنی نێودەوڵەتی و هەرێمیش قسەی تێیدا دەبێت، تەنیا ئەرکێکی ناوخۆی نابێت و رەنگە درێژە بکێشێت.

لەم گفتوگۆیانەدا بۆمان دەرکەوت، پارتی و یەکێتی هەر پێکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن، بەڵام زۆر یەکدی ئازار دەدەن تا دەگەنە رێککەوتن. قوناغەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بەم شێوەیە دەبێت.
ئەزموونی رابردوو پێمان دەڵێت: توووند دەبێت، قۆفڵ دەبێت، قسەی خێر دەکرێت و دەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، نەرمتر قسە دەکەن، کابینەی دەیەم لە دایک دەبێیت.