هەژی و هەنی - 24

04 January 2025
هەژی و هەنی - 24
بەرنامەی ئەمجارەی هەژی و هەنی لە باشووری کوردستان بوو و بەهرە و زیرەکی چەند منداڵێک دەخاتەڕوو، ئەم بەرنامەیە لە سێ فیچەری بالکێش پێکهاتووە و تیشک دەخاتە سەر چیرۆکی سەرنجڕاکێشی منداڵانی بەهرەمەند.

لە بەشی یەکەمدا، هەژی چاوی بە دوو منداڵی زیرەک دەکەوێت، رەنا و میراس کە لە بواری تەکنەلۆژیادا بەهرەیەکی تایبەتیان هەیە. ئەم دوو منداڵە لە رێگەی کۆمپیوتەرەوە رۆبۆت پرۆگرام دەکەن و بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە رێگەی دەنگەوە کۆنترۆڵی رۆبۆتەکان دەکەن. هەردووکیان خودی خۆیان خاوەنی چەندین بیرۆکە و پرۆژەی داهێنەرانەن بۆ داهاتوو.

فیچەری دووەمی بەرنامەکە تیشک دەخاتە سەر منداڵێکی دە ساڵان لە شاری سلێمانی کە بەهرەیەکی دەگمەنی لە دوو بواری جیاوازدا هەیە. ئەم منداڵە توانیویەتی بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ مۆسیقای کلاسیکی لەسەر پیانۆ بژەنێت. هەروەها لە وەرزشی مەلەوانیشدا بەهرەیەکی بەرچاوی هەیە.

لە فیچەری کۆتاییشدا، بەرنامەکە گرنگی بە تەندروستی منداڵان دەدات و تیشک دەخاتە سەر کێشەیەکی گرنگ کە پەیوەندی بە قورسایی جانتای قوتابیانەوە هەیە. لەم بەشەدا، لە رێگەی دوو نموونەی کردارییەوە، کێشی جانتای قوتابیان دەپێورێت و زیانە تەندروستییەکانی هەڵگرتنی جانتای قورس بۆ منداڵان روون دەکرێتەوە. هەروەها رێنوێنی پێویست پێشکێش دەکرێت سەبارەت بەو قورساییەی کە هەر منداڵێک دەتوانێت بە شێوەیەکی سروشتی هەڵیبگرێت.