هەژی و هەنی - 09

10 August 2024
هەژی و هەنی - 09

 
بەرنامەی ئەمجارەی هەژی و هەنی کۆمەڵێک مژار لە خۆ دەگرێت لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک.
 
دانیاڵ سامان یاریزانی شەتڕەنجە و  دانیشتووی شاری سلێمانییە، ئەو تەمەنی 11 ساڵە و لەسەر دەستی باوکی فێری یارییەکە بووە، ئێستا لە سلێمانی کۆمەڵێک منداڵ لای ئەو فێری یاریی شەتڕەنج دەبن و باوکیشی هاوکارییان دەکات و دەیەوێ پەرە بە یارییەکە بدات.
 
هەژی دەچێتە هەولێر، لەوێ مێرمێنداڵێک هەیە بەناوی راوێژ، لەدایکبووی هەولێر و باوکی یاریزانی تێنسی سەرزەوییە و خۆشی ئارەزووی فێربوونی یارییەکەی هەبوو، بۆیە باوکی گرنگی پێدەدات و وەک راهێنەر بە باشی فێری یارییەکەی دەکات و لە چەندین پاڵەوانێتی تەمەنی خۆیدا بەشداریی کردووەو خەڵاتیشی بەدەستهێناوە، ئەو بە هەژی دەڵێت "دەمەوێ لە داهاتوودا ببمە ئەستێرەیەکی یاریی تێنسی سەرزەوی و ببمە پاڵەوانی جیهان".
 
هەژی جارێکی دیکە دەچێتە سلێمانی، ئەمجارە لەو عەلی دەبینێت ئەو مێردمنداڵێکە و ئارەزوویەکی جیاوازی هەیە، ئێستا ئەو خەریکی تەواوکردنی پەرتووکێکی چیرۆکە و تێیدا چەندین چیرۆک بۆ منداڵان دەگێڕێتەوە بە وێنەوە، بەڵام وێنەکانی جیاوازن، چونکە بە خەیاڵی خۆی کێیشاون، عەلی دەیەوێ کتێبەکەی چاپ بکرێت و سوود بە منداڵان بگەیێنێت.
 
لە دهۆک، هەژی لەوێ منداڵێک دەبینێت بەناوی رامی، ئەو خولیایەکی سەیری هەیە، هەڵساوە بە کۆکردنەوەی دراوی زۆربەی وڵاتان و لە ئەلبوومێکدا کۆیکردوونەتەوەو، دواتر هەڵساوە بە لەبەرکردنی هەموو جۆرە دراوەکان، هەژی دەچێتە لای و پرسیاری زۆرێک لە دراوەکانی لێدەکات و ئەویش بەڕوونی وەڵامی دەداتەوەو یەک بەیەک ناوی دراوەکە و وڵاتەکەکە بەهەژی دەڵێتەوە.دەشڵیت هیواخوازم رۆژێک بێت دراوی کوردستانیش بخەمە نێو ئەلبوومەکەم.
 
لە هەولێر هەژی دەچێتە نێو تیپێکی باسکەی کچان بە ناوی تیپی باسکەی ئەکەدی کچان، تێیدا دەیان منداڵی زیرەک و ئازا هەن و هەموویان بە گرج و گۆڵەوە هەوڵی فێریبوونی یارییەکە دەدەن و دەیانەوێ ببنە ئەستێرەی یارییەکەو بەشداریی لە پاڵەوانییەتییەکاندا بکەن.