هەژی و هەنی - یاری منداڵان

03 August 2024
هەژی و هەنی - یاری منداڵان

بەرنامەی هەژی و هەنی ئەمجارە بە کۆمەڵێک یاریی جیاوازی منداڵان و چالاکییەکانیان لەلایەن هەژی ئامادەکراوە و پیشانی بینەرەکانی دەدات، هەژی چووەتە سلێمانی و دهۆک و هەولێر لەوێ چەندین منداڵ پیشان دەدات کە خەریکی فێربوونی یاریی جیاوازن.
فیچەری یەکەم:
کۆمەڵێک منداڵ خۆیان فێری یاریی تۆپی پێ دەکەن، ئەوان لەژێر دەستی ئەڵمانی راهێنەر فێری یارییەکە دەکرێن و مەشقیان پێدەدرێت، هەژی پێشکێشکار چووەتە ناویان ئەویش حەز دەکات فێربێت و یارییان لەگەڵ دەکات.
یەکێک لە فێرخوازەکان دەڵێت" خانەوادەکەم پێیان گوتم ئێستا قوتابخانە نییە و کاتی بەتاڵت هەیە و بچۆ خۆت فێری یاریی تۆپیپێ بکە، بۆیە منیش هاتم و فێری زۆر شت بووم لێرە".
منداڵێکی دیکەش دەڵێت، لە جیاتی ئەوەی بەردەوام چاوم لەسەر ئایپادەکەم بێت و چاوەکانم کز و ماندوو بکەم، هاتم خۆم لێرە فێری یاریی تۆپی پێ دەکەم کە سوودی زیاتری هەیە بۆم بەتایبەتی لەڕووی تەندروستییەوە.

فیچەری دووەم:
لەنیا فاخیر، کچێکی تەمەن 10 ساڵانە و ئەسپسوارێکی بەناوبانگە و کۆمەڵێک ئەسپی هەن، ناوی هەموو ئەسپەکانی بۆ بەرنامەی هەژی و هەنی ئاشکرا دەکات و دواتر راهێنەری ئەسپسوارییەکەی پیشانی هەژی دەدات و باسی چۆنیەتی فێربوونی ئەسپسواری خۆی دەکات و دەیەوێت منداڵانی دیکەی کوردیش خۆیان فێری ئەسپسواری بکەن.
لەنیا ماوەیەک لەمەوبەر دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەکی لە سۆشیاڵ میدیا کە بۆ ئەسپە مردووەکەی دەگریێت، لەلایەن میری دووبەیەوە بانگهێشت دەکرێت و خۆی ئەسپێکی نایابی بە دیاریی پێدەبەخشێت.
ئێستا لەنیا شوێنێکی گونجاوی هەیە بۆ بەخێوکردن و پەروەردەکردنی ئەسپەکانی و هەروەها بۆ مەشق و راهێنانەکانی خۆی.

فیچەری سێیەم:
لە سلێمانیش کۆمەڵێک منداڵ کە ئارەزووی فێربوونیان بۆ یاریی کاراتێ هەیە خۆیان فێری یارییەکە دەکەن.
دکتۆر فوئاد کە راهێنەری کاراتێیە باسی هەموو رەنگی قایشەکانی کاراتێ دەکات کە یاریزانەکان دەیبەستن، نیشانە و هۆکاری وەرگرتنی رەنگی قایشەکان لەلایەن یاریزانەکان بۆ هەژی روون دەکاتەوە، جگە لەمانەش چەندین وشەی ژاپۆنی و هەروەها وشەکانی یارییەکە بە هەژی دەڵێت و بۆی روون دەکاتەوە.
دوای مەشق و راهێنانی منداڵەکان بەشێکیان توانیویانە بەشداریی لە چەندین پاڵەوانییەتی نێوخۆیی و دەرەکی بکەن و پلەی باشیش بەدەستبێنن.