هەژی و هەنی - دروستکردنی جپس

27 July 2024
هەژی و هەنی - دروستکردنی جپس
ئەم بەرنامەیەی هەژی و هەنی، چەندین بڕگە و چیرۆکی سەرنجڕاکێشی  تێدایە.

لە بڕگەی یەکەم هەژی لەنێو کارگەیەکی دروستکردنی چپسدا، پیشانی منداڵان دەدات کە چۆن پەتاتە دەکرێتە چپس، هەژی لەنێو کارگەکەدا هەموو قۆناخەکانی دروستکردنی چپس لە پەتاتەوە تاوەکو دەخرێتە نێو کیسەوە پیشانی منداڵان 
دەدات.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا  چیرۆکی دوو برا  کە رکابەری لە یاریی شەتڕەنجدا دەکەن دەخرێتە روو ئەو دوو برایە پاڵەوانن و بەشداریی چەندین پاڵەوانییەتییان کردووە و خەڵاتیان بەدەستهێناوە، هەژی دەکەوێتە نێوانیان و یارییان لەگەڵ دەکات.

لە بڕگەیەکی دیکەدا لە دهۆک دوو کچی پاڵەوان لە یاریی تێنسدا بۆ هەژی قسە دەکەن و باسی بەشداریی خۆیان لە پاڵەوانییەتییەکاندا دەکەن، کچەکان ناویان لارا و زەڵاڵە و لەژێر دەستی ئاڤدەل حەسەنی راهێنەر کە باوکی لارایە مەشق 
دەکەن، هەژی دەچێتە لایان و یاریی دەکەن و قسەی خۆش پێکەوە دەکەن.

هەروەها باسی یاریی شاولینگ کۆنفۆ کلاسیک دەکرێت و دوو منداڵ سەرپەرشتی قوتابییانی بنەڕەتی دەکەن و هاوکاریی راهێنەر دەکەن، کۆمەڵێک منداڵ ئارەزووی فێربوونی یارییەکە دەکەن و مەشقی فێربوون دەکەن، راهێنەری 
یارییەکە دەڵێت"یارییەکە بۆ گەشەی منداڵان زۆر بەسوودە و هەروەها سوودی بۆ میشک و بیرکردنەوەی منداڵ هەیە.

دواتر چیڕۆکی  خێزانێکی هونەرمەند هەیە و دایک و باوک و دوو منداڵ و تەنانەت لەگەڵ دراوسێکەیان وەکو گرووپ پێکەوە گۆرانی دەڵێن، بەتایبەت هەردوو کچی خێزانەکە پەریا و سینا دەنگیان زۆر خۆشە و گۆرانییەکانی هەردوو هونەرمەندی کۆچکردوو ئەیاز زاخۆیی و ئەردەوان زاخۆیی دەڵێنەوە، هەردوو کچە گۆرانیبێژەکە لە نێو سۆشیاڵمیدیادا ناوبانگیان دەرکردووەو خەڵکێکی زۆر پشتیوانیان دەکەن و گوێیان بۆ دەگرن.