منداڵێکی بەنێوبانگ لە سۆشیال میدیا

29 June 2024
منداڵێکی بەنێوبانگ لە سۆشیال میدیا

ئەم بەرنامەیەی هەژی و هەنی، چەندین بڕگە و چیرۆکی سەرنجڕاکێشی دیکەی تێدایە.

سەرەتا گفتوگۆیەک لەگەڵ رەسەن دەکەین. رەسەن منداڵێکی بەنێوبانگە لە سۆشیال میدیا، زۆر حەز بە یاری تۆپی پێ دەکات، تووشی نەخۆشیێک بووە و وەکو پێویست گەشە ناکات، ئێستا لە شاری زاخۆ دەژیت.
 
لە شارۆچکەی شاریا منداڵانی بێسەرپەرشت لەلایەن کەسێکی خێرخوازەوە بەخێوەدەکرێن، زۆربەی ئەو منداڵانە لە شنگالەوە هاتوون، سەنتەرێک هەیە بەناوی بەشیر کۆریا، تێیدا منداڵان فێری میوزیک و کۆمپیوتەر و زمانی ئینگلیزی دەکەن.
 
لە هەولێر، ئۆراس یاریزانی تێنسی سەرزەوییە، چەندین نازناوی لەسەر ئاستی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی بەدەستهێناوە، ئارەزوو دەکات ببێتە پاڵەوانی جیهان.
 
لە سلێمانی فێرگەیەک بۆ فێربوونی یاریی جیمناستیک هەیە و تێیدا منداڵان فێری یارییەکە دەکرێن. منداڵێک کە خۆی فێرخوازە لەوێ دەڵێت "لەجیاتی ئەوەی کاتەکانمان بە سەیرکردنی ئایپپاد و مۆبایلەوە بەسەر ببەین، یاریی جیمناستیک دەکەین و فێردەبین".
 
ئەحمەد بچووکترین منداڵە کە لەبەرزی چیاکانی کوردستان بە پارادایڤینگ دەفڕێت و کەسێکی زۆر بوێر و زیرەکە.
 
مەلیک، منداڵێکی زیرەکە و گیانەوەری کێوی و ماڵی خۆشدەوێت، هەروەها ئارەزووی بوون بە ئەکتەر دەکات و لەهەمان کاتدا یاریزانێکی لێهاتووە لە یاریی تۆپی پێدا.