پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە نێوان هاونیشتمانیانی پارچەکانی کوردستان

02 April 2024
پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە نێوان هاونیشتمانیانی پارچەکانی کوردستان
پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە نێوان هاونیشتمانیانی پارچەکانی کوردستان
لە بەرنامەی ئەمجارەی گفتوگۆی کچان باسی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و تێکەڵاوی لە نێوان هاونیشتمانیانی پارچەکانی کوردستان دەکرێ. نڤار و شەیما، بنەوش و بەهرە لە بەرنامەکەدا خاتوو زۆزان چەتین دەکەن کە هاونیشتمانی باکووری کوردستانە و لەگەڵ هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوسەرگیریی کردووە و بەیەکەوە لە باشووری کوردستان دەژین. لە بەرنامەکەدا پێشکەشکاران لەگەڵ میوانەکەیان باسی ئەو تێکەڵاوییە دەکەن و تیشک دەخەنە سەر ئەو لایەنە جوانەی باشووری کوردستان کە چۆن بووەتە شوێنی کۆبوونەوە و ژیانی هاونیشتمانیانی پارچەکانی دیکە. زۆزان چەتین ماوەی حەوت ساڵە لە باشووری کوردستان لەگەڵ هاوژینە رۆژهەڵاتییەکەی دەژی، باسی دڵگەرمی و باوەشکراوەیی خەڵکی باشووری کوردستان دەکات، بۆ ئەوەش بەسەرهاتێکی خۆی و هاوژینەکەی لەگەڵ ئەو شۆفێری تەکسییە دەگێڕێتەوە کە لە رۆژی مارەبڕینیان لەگەڵیدا سەرکەوتوون بۆ ئەوەی بیانگەیێنێتە دادگە بۆ واژۆکردنی گرێبەستی هاوسەرگیریی لەبەردەم دادوەر.

بە بڕوای زۆزان ئەو دڵگەرمی و هاوڕێیەتییەی هاونیشتمانیانی باشووری کوردستان وایکردووە کە هەرگیز هەست بەوە نەکات کە لە زێدی خۆی دوورە و دەڵێت ئێستا هاوڕێی وای هەیە کە جێگەی خوشک و برای بۆ گرتووەتەوە. زۆزان چەتین هونەرمەندێکی میوزیکژەن و گۆرانیبێژە و لەبەرنامەکەدا لەگەڵ ژەنینی گیتار گۆرانییەکیش دەڵێت.