جیاوازی قەبارەی خێزانی ئێستا و جاران چییە؟

01 April 2024
جیاوازی قەبارەی خێزانی ئێستا و جاران چییە؟

لە بەرنامەی ئەمجارەی گفتوگۆی کچان باسی دروستکردنی خێزان دەکرێت، پرسیاری ئەوە دەکرێ ئەگەر ئێستا کچێک ژیانی هاوژینی پێکبهێنێت، چەند مناڵی ببێت باشە؟ نڤار و شەیما ، بنەوش و بەهرە لە بەرنامەکەدا میوانداریی سازان ئەمینی مەیکئەپ ئارتیستیان کردووە، گفتوگۆیەکی خۆشیان لەنێواندا هەیە و باسی بچووکبوونەوەی قەبارەی خێزانی ئێستا دەکرێت و بەراورد دەکرێت بە قەبارەی خێزانی جاران. سازان ئەمین و پێشکەشکارانی بەرنامەکە هۆکارەکەی بۆ زەحمەتی ژیان و زۆربوونی پێداویستی منداڵ و خێزان و چەند هۆکارێکی دیکە دەگەڕێننەوە، هەروەها باسی کاریگەرییە نەرێنییەکانی بچووکبوونەوەی خێزانیش دەکەن. لەبەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا لەگەڵ میوانەکە باسی ئەوە دەکەن کە چۆن دایکانی ئێستا بتوانن هاوسەنگییەک رابگرن لەنێوان کاری دایکایەتی و سەرقاڵییان بەکاری دەرەوە، بەوپێیەی ئێستا وەکو جاران نییە و ژن کاری تەنیا بەخێوکردنی منداڵ نییە، بەڵکو ئەوانیش زۆر زیاتر لە جاران لە دەرەوە کاردەکەن. سازان ئەمین کە خۆی ئەزموونی کارکردن و دایکایەتی هەیە، باسی چۆنێتی راگرتنی ئەو هاوسەنگییە دەکات.