نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری

30 March 2024
نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری

لە بەرنامەی ئەمجارەی گفتوگۆی کچان باسی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری دەکەن لەنێو کچاندا. نڤار و شەیما ، بنەوش و بەهرە میوانداریی دکتۆر ناز نەجار، پزیشکی نەشتەرگەری جوانکارییان کردووە، ئەوان باسی بەربڵاوی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری دەکەن لەلای کچان و دەپرسن ئەو نەشتەرگەرییانە چەندە پێویستیی پزیشکین و چەندەش چاولێکەری و زیادەڕۆیین؟ هەروەها لەبەرنامەکەدا ئەوە رووندەکرێتەوە کە بۆچی ئێستا بەشێکی زۆری کچان پەنا دەبەنە بەر نەشتەرگەریی جوانکاری؟

دکتۆر ناز دەڵێت تا دێت نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری لەنێو کچاندا بەرەو هەڵکشان دەچن و زۆرترین داواکاریش لە نەشتەرگەرییەکان، نەشتەرگەری جوانکاریی لووت و بۆتۆکس کردنە. دکتۆر ناز باسی چەندین داواکاری سەیری کچان دەکات بۆ نەشتەرگەرییەکان و وەکو خۆی دەڵێت بەشێکی کچان وێنەی کەسایەتییەکی ناسراو دەهێنن و داوادەکەن وەکو ئەوانیان لێبکرێت. هەروەها زۆرجار نەشتەرگەرییەکانی جوانکاریی کچان لەپێویستییەوە نین و بەڵکو تەنیا حەزێکە. دکتۆر ناز زیاتر باسی کاریگەرییە لاوەکی و نێگەتیڤەکانی نەشتەرگەرییەکان دەکات و ئامۆژگاری کچان دەکات ئەگەر پێویست نەبێت پەنا نەبەنەبەر نەشتەرگەریی جوانکاری.