هاوڕێیەتی نێوان کچان و کوڕان

03 April 2024
هاوڕێیەتی نێوان کچان و کوڕان

لە بەرنامەی ئەمجارەی گفتوگۆی کچان باسی هاوڕێیەتی رەگەزی بەرامبەر دەکرێت. نڤار و شەیما ، بنەوش و بەهرە لە بەرنامەکەدا گفتوگۆ لەسەر هاوڕێیەتی نێوان کچ و کوڕ دەکەن، لەگەڵ ئەوەی هەر چواریان هاوڕان کە هاوڕێیەتی نێوان کچ و کوڕ هەیە و لەهەندێ کاتدا پێویستیشە، بەڵام پێیانوایە لەو پەیوەندییە لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر دەبێ سنوورێک هەبێت تاوەکو پەیوەندییەکە هەر لەچوارچێوەی هاوڕێیەتیدا بمێنێتەوە و سەرنەکێشی بۆ پەیوەندییەکی دیکە یان هەستی یەکێکیان بەرامبەر ئەوەی دیکەیان بگۆڕێت.

بنەوش پێیوایە کە زۆربەی ئەو حاڵەتانەی کە لەپەیوەندی هاوڕێیەتی نێوان کچ و کوڕ دا روودەدەن و یەکێکیان هەستی خۆشەویستی بۆ ئەوی دیکە زیاد دەکات لەلایەن کوڕانەوەیە، بۆ سەلماندنی ئەوەش باسی راپرسییەک دەکات کە لەسەر کۆمەڵێک هاوڕێی کوڕ و کچ کراوە. بەپێی ئاماری راپرسییەکە بەشی زۆری کوڕان لە پەیوەندیی هاوڕێیەتییان لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر هەستەکانیان لە هاوڕێیەتییەوە گۆڕاوە بۆ خۆشەویستی و بەوەش بەشێکی پەیوەندییەکان لەناوچوون، چونکە مەبەستی سەرەکی پەیوەندییەکە هاوڕێیەتیی بووە نەک خۆشەویستی. بەهرە ئەنجامی راپرسییەکە وەک بەڵگەیەک نابینێت و دەڵێت راستییەکەی ئەوەیە کە کچان سۆزدارترن و رەنگە زۆرجار هەستەکە یەکەمجار لای کچانەوە دروستببێت بەڵام زیاتر بە هۆشیارییەوە مامەڵە دەکەن و ناتوانن هەستەکانیان دەرببڕن.