جلی کوردی
مژاری ئەمجارەی گفتوگۆی کچان، جلوبەرگی کوردی و شێواز و دیزاینەکانی جلی کوردییە. شەیما، نڤار، بنەوش و بەهرە، هەرچواریان جلی کوردییان لەبەرکردووە و میوانداری ئاشنا محەممەد دیزاینەری جلوبەرگی کوردییان کردووە. ئاشنا محەممەد ماوەی 30 ساڵە کاری دیزاینی جلوبەرگی کوردی دەکات. لەبەرنامەکەدا خاتوو ئاشنا گلەیی لەو دیزاینەرانەی جلوبەرگی کوردی دەکات کە دەستکاری شێوازی جلی کوردییان کردووە، ئەو پێیوایە بەهیچ شێوەیەک نابێ دیزاینەرەکان بەناوی بە مۆدێرن کردن و نوێکردنەوەی جلوبەرگی کوردی دەستکاری رەسەنایەتی ئەو جلە بکەن، چونکە وەکو خۆی دەڵێت جلوبەرگی کوردی کولتووری کوردییە و کولتووریش دەستکاری ناکرێت.
هەروەها باسی جۆر و شێوازی دوورینی جلوبەرگی کوردی دەکات، بەپێی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان. ئەوەش رووندەکاتەوە کە چۆن ئەو کارەسات و رووداوانەی بەسەر کورد هاتوون کاریگەرییان بەسەر رەنگ و شێوازی دوورین و دیزاینی جلوبەرگی کوردییەوە هەبووە. دیزاینەرە کوردەکە کە خۆی کۆلێکشنێکی تایبەتی بۆ بەهاری 2024 هەبووە، لە بەرنامەکەدا باسی ئەو شێواز و رەنگانە دەکات کە لە کۆلێکشنی ئەمساڵ بەکاریهێناون و وەک خۆیشی ئاماژەی پێدەدات کە ئێستا بەبەراورد بە چەند ساڵێک پێش ئێستا کچان زیاتر جلی کوردی دەپۆشن.