سالار عەزیز: سیاسەتڤان و دووەم پارێزگاری سلێمانی لەدوای راپەڕین (بەشی سێیەم)

26 March 2024
سالار عەزیز: سیاسەتڤان و دووەم پارێزگاری سلێمانی لەدوای راپەڕین (بەشی سێیەم)

01:00
سالار عەزیز: ئەو كاتەی پارێزگار بووم هەموو دەسەڵاتێكم هەبوو
08:00
سالار عەزیز: دەیان جار لەگەڵ بەکر عەلی دانیشتووم
14:30
سالار عەزیز: هەرکەسێک رازی نییە با بڕوات لە دادگە سکاڵا بکات
22:45
سالار عەزیز: ئەگەر میللەت بڕوای بە تۆ بوو، ئامادەیە هەموو شتێکت بۆ بکات

لەگەڵ ناوهێنانی سالار عەزیز، زۆرجار باسی كوشتنی بەكر ‏عەلی شاعیریش ‏دەكرێت. هەندێك تۆمەتباری دەكەن بە كوشتنی ‏ئەو شاعیرە. بەکر عەلی لە رۆژی یەكی ئەیلوولی ساڵی 1994، لە خۆپیشاندانێكدا ‏لە نزیك بینای پارێزگای ‏سلێمانی كاتێك تەقە لە بەكر عەلی ‏دەكرێت ‌و دەكوژرێ‌، ئەو دەمە سالار ‏عەزیز پارێزگاری سلێمانی ‏دەبێت.‏

لەم بەشەی دیداری گفتوگۆی باڵۆن، سالار عەزیز رەتیدەكاتەوە ‏كە ئەو ‏بەكر عەلی كوشتبێت ‌و چۆنێتی چیرۆكەكەش بە ‏جۆرێكی دیكە ‏دەگێڕێتەوە.‏ بەپێی گێڕانەوەكانی سالار عەزیز بێت ئەو رۆژەی بەكر عەلی ‏كوژراوە ئەو بۆ ‏كارێك چووەتە دەرەوەی بینای پارێزگا "لەكاتی ‏گەڕانەوە هەستم بە دۆخی ‏نائاسایی كرد، بەڵام كاتێك پرسیارم كرد ‏گوتیان هیچ نییە خۆپیشاندانێك ‏بووە". دواتر لە رێگەی هاتنی ‏نوێنەری كەناڵێكی راگەیاندن بۆی ‏دەردەكەوێت، كەسێك كوژراوە ‏بەناوی بەكر عەلی. سالار عەزیز دەڵێت  ‏‏"بەشەرەفم هەر ‏نەمزانیوە شاعیریش بووە، یان لەگەڵ حیزبی كۆمەنیست ‏كاری ‏كردووە".‏

ئەم میوانەی بەرنامەی گفتوگۆی باڵۆن جەخت لەوە دەكاتەوە "لە ‏هەموو ‏ئەوانەی شین بۆ بەكر عەلی دەكەن زیاتر رووداوەكەی ‏پێناخۆشە بوو". ‏بەبڕوای ئەو، كەسانێك نان ‌و پیاز بە‌و رووداوەوە ‏دەخۆن ‌و بۆ مەبەستی ‏سیاسی بەكاریدەهێنن. "دەیان جار لەگەڵ ‏بەكر عەلی دانیشتووم، بەڵام ‏نەمزانیوە شاعیرە، بەشەرەفم ‏نەشمزانیوە لەگەڵ حیزبی كۆمەنیست كاری ‏دەكرد". ئەو ‏دەمە بەكر عەلی وەكو نوێنەرێكی دانیشتووانی ئەو كاتەی ‏حامیەی ‏سلێمانی كە ئێستا كراوەتە پاركی ئازادی لەگەڵ سالار عەزیز ‏بۆ ‏چارەسەری گرفتەكانیان كۆبووەتەوە، سالار عەزیز دەڵێت "لەگەڵ ‏بەكر عەلی ‏رێككەوتنین لەلای راپەڕین جێگایەكەمان بۆ دۆزینەوە ‏بۆ ئەوەی بیكەنە ‏خانۆچكەیەك". ‏

بەپێی قسەكانی سالار عەزیز بێت، دوای لێكۆڵینەوەكانی لە‌و ‏كوشتنە بۆی ‏دەركەوتووە كارمەندێكی هێزە ئەمنییەكان "كە ‏كوڕێكی 18بۆ ‏‏19ساڵی گەرمیان بووە تەقەی لە بەكر ‏عەلی كردووە". لەدوای ناسینەوەی ‏بكوژەكە رادەستی یاسا دەكرێت، ‏بەڵام وەكو سالار عەزیز دەڵێت "دواتر ‏رووداوەكانی 31ی ئابی ‏بەسەردا هات نازانم ئەو بكوژە چی بەسەرهات". لە قسەكانی سالار عەزیز دەردەكەوێت كە بنەماڵەی بەكر ‏عەلی قەرەبوو ‏كرابێتنەوە "دوای ئەو رووداوە هەرچیم لە ‏توانادابوو بۆ كەسوكاری بەكر ‏عەلی كردم".‏ سالار عەزیز سوورە لەسەر بێتاوانی خۆی لەو تۆمەتانەی رووبەڕووی دەکرێنەوە و دەڵێت "سكاڵای لەسەر هەموو ئەوانە ‏تۆمار كردووە ‏كە ئەویان بە كوشتنەكە تۆمەتبار كردووە".‏

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكە سالار عەزیز ئەوە رەتدەكاتەوە لە ‏سەردەمی ‏ئەودا خەڵك لەسەر بیروڕای سیاسی لەسەر كارەكەی ‏دەركرابێت "با یەك ‏كەس هەبێت بڵێ‌ لەسەردەمی مندا لەسەر ‏بیروڕای سیاسی دركراوم". 
پرسیارێكی رەنج سەنگاوی، سالار عەزیز كەمێك تووڕە دەكات، ‏ ‏كاتێك دەپرسێ‌ ئەو كاتانەی پارێزگار بوویت ‏هەڵسوكەوتت لەگەڵ ‏فرۆشیارانی نێو بازاڕ توند بووە ‌و شەقت لە ‏عارەبانە هەڵداوە، سالار عەزیز ‏دەڵێت "هەموو ئەو كارانەی ‏كردوومن بەراوردی دەكەیت بەوەی كەسێك ‏دەڵێت شەقی لە ‏عارەبانە هەڵداوە؟ لەكاتێكدا هەر ئەو كاتانە شوێنم ‏بۆ ‏عارەبانچییەكان دانابوو كاسپی خۆیان بكەن، جگەلەوە رۆژی ‏‏200 بۆ 300 ‏ژنی عەبا بەسەر دەهاتنە لام خواردنم بۆ پەیدا ‏دەكردن ‌و بۆیان دەگریام بۆ ‏باسی ئەوان ناكرێت". لە گەرمەی ئەو ‏گفتوگۆ توندەدا رەنج سەنگاوی ‏گیتارێك دەداتە دەست  ‏میوانەكەی ‌و پێیدەڵێت "دەمێكە وازت لە تفەنگ ‏هێناوە با ئەم ‏گیتارەت بدەمە دەست". ئەویش بە پێكەنینەوە  وەریدەگرێ‌ ‌و ‏دەڵێت ‏‏"زۆر دەمێكیشە گیتارم لێنەداوە" سالار عەزیز داواكاری ‏رەنج ‏سەنگاوی بۆ گوتنی گۆرانییەك رەتدەكاتەوە، بەڵام وەك ‏خۆی دەڵێت ‏‏"زۆرم لەمێشكدایە بنووسم، بەڵام بڕوام بە نووسینیش ‏نەماوە".‏

لە دوابەشی قسەكانی‎ ‎سالار عەزیز، باسی سەردەمی هاوڕێیەتی ‏شەهید ‏ئارام دەكات ‌و بە كەسێكی قسە خۆش ناوی دەبات ‌و دەڵێت ‏‏"كاك ئارام ‏قسە خۆش ‌و هەمیشە دەم بەپێكەنین بوو''. رووداوێکی ئەو کاتەش دەگێڕێتەوە ''جارێك ‏گەنجێك هاتبووە دەرەوە ‏بۆ پێشمەرگایەتی، كاك ئارام پێیگوتبووە ‏كاكە تۆ بۆ هاتوویتە دەرەوە؟ ‏گەنجەگەش گوتبووی وەڵا قۆڵی ‏كوردایەتیم لێهەڵكردووە، كاك ئارامیش پێی ‏دەڵێت وەڵا كاكە ئێمە ‏دەمێكە هەڵمانكردووە تۆ دایبەرەوە".‏
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی سالار عەزیز ئاماژەبەوەش دەكات ‏كاتێك كاك ‏ئارام چووەتە ناوچەی قەرەداخ ئەو وەكو هاوڕێیەكی، ‏زۆر پێداگری لەسەر ئەوە ‏كردووە كە نەچێت "بە كاك ئارامم گوت ‏مەچۆرەوە بۆ قەرەداخ وەڵا تیا ‏دەچیت، بەڵام بەقسەی نەكردم ‏هەتاوەكو وایلێهات". ‏