سالار عەزیز: سیاسەتڤان و دووەم پارێزگاری سلێمانی لەدوای راپەڕین (بەشی دووەم)

25 March 2024
سالار عەزیز: سیاسەتڤان و دووەم پارێزگاری سلێمانی لەدوای راپەڕین (بەشی دووەم)

03:00
سالار عەزیز: لە دوای راپەڕینەوە هیچ كێشەیەكم لەگەڵ كاك نەوشیروان نەبووە
08:00
سالار عەزیز: کاک نەوشیروان بەدزی ئێمەوە سەرکردایەتییەکی دیکەی دروستکرد
17:20
سالار عەزیز: ئەو یەکێتییەی جاران هەبوو ئەوەی ئێستا نییە

"بەیانییەك لە خەو هەڵساین، كاك نەوشیروان بەدزی ئێمەوە ‏گۆڕانێكی ‏دیكەی دروستكردبوو". سالار عەزیز سەركردەی پێشووی ‏بزووتنەوەی گۆڕان لە بەشی ‏دووەمی گفتوگۆی باڵۆن بەو جۆرە ‏باس لە سەرەتاكانی ناكۆكییەكانیان ‏دەكات لەنێو بزووتنەوەی ‏گۆڕان، ئەو سەركردەیەی پێشووی گۆڕان باسی ئەوەش دەكات ‏‏"ئەوەی نەوشیروان مستەفا بەرامبەر ئەوان كردویەتی، ‏رەحمەتی ‏مەلا مستەفای بارزانی، بە مەكتەبی سیاسی ئەو كاتەی ‏نەكردوە، ‏تەنانەت بەكاك نەوشیروانم گووت، ئەم دۆخە قبووڵ ‏ناكەین، چونكە ئێمە ‏خۆمان گۆڕانمان دروستكردووە".

سالار عەزیز ئەوەش دەخاتەڕوو، سەرباری ئەو دۆخەی بۆیان ‏دروستكرا، ‏ئەو لەگەڵ ئەوە بووە كە لە گردەكەی گۆڕان ‏بمێننەوە، بەڵام برادەرەكانی ‏بۆچوونیان جیاواز هەبووە و لەگەڵ مانەوە ‏نەبوون، هەر بۆیە گۆڕان ‏بەجێدەهێڵن و دەشڵێت "ئەزموونی ‏نێو گۆڕان زۆرباش دەنووسینەوە، ‏چونكە بۆ ئێمە وانەی زۆر ‏باشی تێدایە".‏

سالار عەزیز باسی سەرەتاكانی كاركردنیان دەكات لە نێو ‏بزوتنەوەی ‏گۆڕان و دەڵێت "ئێمە لە گۆڕاندا شتێكمان دروست ‏نەكردووە جیاواز بێت لە ‏یەكێتی، كە مام جەلال دەهاتە گردەكە ‏پێمان دەگووت دەست بە چاكسازی ‏بكە، ئێمە پشتیوانیت لێدەكەین". ‏

هەر بەپێی قسەی سالار عەزیز بێت، لە سەرەتاكانی ‏دروستبوونی ‏بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوە نەبوون تەنانەت ‏لیستی جیاوازیان لە ‏بەرامبەر یەكێتیدا هەبێت "كاتی هەڵبژاردن ‏دەمانگوت چۆن بە لیستی ‏جیاواز دابەزین لەكاتێكدا ئێمە هەر ‏یەكێتین، بەڵام هاتنی خەڵكی بە لێشاو ‏بۆ گردەكە بووە هۆی ئەوەی ‏ئێمە لیستی جیاوازمان هەبێت، رۆژ هەبووە ‏هەزار كەس خۆی ‏دەكرد بە گردەكەدا، ئەوەش بۆ ئێمە چاوەڕوان نەكراوبوو، ‏ئەوە ‏راستییەكە دەبێت بڵێین ئێمە لە گۆڕان هیچ بەرنامەیەكمان نەبوو، ‏ئەو ‏خەڵكە وای كرد گەورەببین". 

سالار عەزیز بەداخیشە بۆ ئەو ‏جەماوەرەی بێئومێد ‏كران و گوتی "سەركردایەتی گۆڕان ‏دەستبەرداری هەموو ئەو خەڵكە بوون، كە ‏كاتی خۆی ببوونە ‏گۆڕان، هەر بۆیە بەشێكی ئەو خەڵكانەش بوونەوە بە ‏یەكێتی". ‏
سالار عەزیز دان بەوەشدا دەنێت،‌ كە راستە لە پێش راپەڕین گرفتی ‏لەگەڵ ‏نەوشیروان مستەفا هەبووە، بەڵام لە دوای راپەڕین هیچ ‏گرفتێكی لەگەڵی ‏نەبووە، باشترین نموونەش ئەوە بووە كە چووەتە نێو ‏بزووتنەوەی گۆڕان.‏
سالار عەزیز جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەو هیچ كاتێك بۆ وەرگرتنی ‏پلە ‌و پۆست ‏نەچووەتە نێو بزووتنەوەی گۆڕان "ئێمە لە نێو ‏یەكێتی پلە ‌و ‏پۆستمان هەبوو، بەڵام كە دۆخەكەمان بەدڵ نەبوو، ‏زانیمان كارەكان بەباشی ‏ناڕوات، هەر بۆیە لە 2001 من ‌و ‏ملازم عومەر ‌و قادر حاجی عەلی، بە مام ‏جەلالمان گوت ‏دەچینەوە ماڵەوە".‏

رەنج سەنگاوی پرسیاری ئەوەش لە میوانەكەی دەكات، ئەی ئێستا ‏پشتیوانی ‏چ حیزبێك دەكات؟ لە وەڵامدا سارلا عەزیز دەڵێت "ئێستا ‏هیچ نیم ‌و لەناو ‏ماڵی خۆم دانیشتووم".‏

هەر لەم بەشەی بەرنامەكەدا سالار عەزیز كەمێك باسی ئەو ‏سەردەمەش ‏دەكات كە پارێزگاری سلێمانی بووە ‌و ئەو كاتەش بە ‏سەردەمێكی زەحمەت ‏پێناسە دەكات ‌و دەڵێت "حكومڕانی سەردەمی ‏پارێزگاریی من زۆر قورسبوو، ‏چونكە كەمترین بودجە هەبوو، ‏بودجەی پارێزگا بەسێ‌ مانگ جارێك 10 هەزار ‏دۆلار بوو".‏