دکتۆر رێکەوت حەمە رەشید، وەزیری پێشووی تەندروستی

28 March 2024
دکتۆر رێکەوت حەمە رەشید، وەزیری پێشووی تەندروستی

02:30
دكتۆر رێكەوت: خەڵکێکی زۆر حەزیان بە جوانکاریی لووتە
12:00
دكتۆر رێكەوت: گرنگە لە ئازاری نەخۆش تێبگەیت
13:20
دكتۆر رێكەوت: هەرگیز هەستم نەکردووە سەرۆکی حکومەت {نێچیرڤان بارزانی} لە حیزبێکی دیکەیە

لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیران لە كابینەی هەشت، عەبدولستار ‏مەجید وەزیری ئەو كاتەی كشتوكاڵ، بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیران ‏دەڵێت گرفتێكمان هەیە، ئێستا كە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆیی ‏تەماتە ‌و خەیار ‌و بەرهەمەكانی دیكەیە، بەرهەمی هاوشێوە لە دەرەوە زۆر ‏دێت بۆیە پێویستە بەرهەمی دەرەكی باجێكی زۆری بخرێتەسەر بۆ ئەوەی ‏بەرهەمی جووتیارانی نێوخۆ پارە بكات.‏ وەزیرەكەی كۆمەڵەی دادگەری لیستێكیشی بەدەستەوە دەبێت كە ‏دەیخوێنێتەوە و دەڵێت پێویستە ئەو تەماتەیەی لە دەرەوە دێت ‏باجی 300% زیاد بكرێت ‌و خەیار ‌و بەرهەمەكانی دیكەش بەهەمان شێوە ‏دەبێت باجیان زیاد بكرێت. لەو كاتەدا سەیرێكی وەزیری دارایی رێباز ‏حەملان دەكات ‌و دەڵێت "دەبێت وەزیری دارایی ئەو باجانە زیاد بكات". ‏رێباز حەملانیش دەڵێت "جەنابی سەرۆكوەزیران ئەوەی مامۆستا داوای ‏دەكات جێبەجێبكەین زەڵاتەیەكی خەیار ‌و تەماتە پارەی قۆزییەكی ‏تێدەچێت". ئەو قسەیە پێكەنینێكی زۆر لە كۆبوونەوەكەدا دروستدەكات. د. رێكەوت حەمەڕەشید ئەو یادگارییە لە باڵۆنەكەدا بۆ رەنج ‏سەنگاوی.

د .رێكەوت جەخت لەوە دەكاتەوە لە كابینەی حەوت ‌و هەشت كە وەزیر بووە ‏هیچ كاتێك هەستی بەوە نەكردووە كە سەرۆكی حكومەت لە حیزبێكی دیكەیە ‏‌و دەشڵێت كاك قوبادیش پەیوەندیی خۆی ‌و كاك نێچیرڤانی هەمیشە بە ‏ستراتیژی ناو دەبرد ‌و دەیگوت هەرگیز نابێت ئەو پەیوەندییە تێكبچێت.

سەرەتای گفتوگۆی نێو باڵۆنەكە زیاتر باسی نەشتەرگەری لووت كرا، ‏چونكە ئێستا د. رێكەوت سەروكاری لەگەڵ ئەوەدا هەیە رۆژانە لە شاری ‏پزیشكی فارووق لە سلێمانی نەشتەرگەری تایبەت بۆ لووت دەكات، ئەو ‏دەڵێت "ئێستا خەڵكێكی زۆر حەز بە نەشتەرگەری لووت دەكەن، رۆژانە ‏خەڵك دێتە لامان داوای نەشتەرگەری دەكەن، بەڵام كە دەزانین پێویستی ‏پێی نییە بۆی ناكەین.'' هەروەها دەڵێت دەبێت خەڵك لەوە تێبگات كاری سەرەکیی لووت بۆ هەناسەدانە ‏نەك‏ بۆ جوانی.‏

كاتێك باسەكە دێتە سەر لووتی كورد ئەو بۆچوونی وایە بە شێوەیەكی گشتی ‏خراپ نییە ‌و دەشڵێت "دوو جۆر لوت هەیە، ‏‎لوتی ئێسقانی، ئەوە ئەگەر ‏كێشەیەكیشی هەبێت چارەسەری ئاسانە، بەڵام لووتی گۆشتی وا نییە ئیش ‏كردن تێیدا قورسە".‏ 

پێش ئەوەی ببێت بە وەزیر، د. رێكەوت خەمی لە ماوی زۆری نۆرەی ‏نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حكومییەكاندا خواردووە، هەر بۆیە لەگەڵ ‏وەرگرتنی ئەو پۆستە ئەنجامدانی نەشتەرگەری نیمچە تایبەت لە نەخۆشخانە ‏حكومییەكاندا دەخاتە بواری جێبەجێ‌كردنەوە، بەو جۆرەی نەخۆش 20% ‏تێچوی نەشتەرگەری بدات ‌و حكومەتیش 80% "ئەوە یەكێك بوو لە ‏كارەكانم كە زۆر شانازی پێوە دەكەم، هەر ئەوەش بووە هۆكاری ئەوەی ‏نۆرەی نەشتەرگەری ئەو ماوە زۆرە نەبێت.'' شانازییەکی دیکەی وەزیری پێشووی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان كردنەوەی نەخۆشخانەی ‏فریاكەوتنی ‏نەشتەرگەری سلێمانییە و دەڵێت زۆر شانازی پێوە دەکات.