هونەرمەند ناسر رەزازی - بەشی سێیەم

03 April 2024
هونەرمەند ناسر رەزازی - بەشی سێیەم

03:00
ناسر رەزازی: خەمگینترین مەقامی کوردی لە کورمانجیدا بەیاتە
04:30
ناسر رەزازی: زیاتر لە دوو هەزار گۆرانی کوردی کراون بە تورکی
16:00
ناسر رەزازی: چەندجارێک لە مردن گەڕاومەتەوە


"یەك خانووم هەیە، با خێزانم ‌و سێ‌ منداڵەكەم، لە نێو خۆیاندا دادپەروەرانە دا‏بەشی بكەن، كۆمپیۆتەرەكەشم بدەنە ئەو دوو برادەرەم بەناوەكانی دیاكۆ ‌و ‏نەبیل بۆئەوەی ئەو كارانەی فریاناكەوم بڵاویان بكەمەوە" ئەوە وەسیەتی هونەرمەندی نێوداری كورد ناسر ‏رەزازییە دوای ئەوەی نەخۆش دەکەوێت. ناسری رەزازی مەترسیی ئەوەی هەیە، رۆژێك دابێت خۆی ‌و گۆرانییەكانیشی ‏لەبیری خەڵك بچنەوە، بەتایبەت كە رۆژ لە دوای رۆژ، تەكنەلۆژیا بەرەو پێش ‏دەچێت "هیچ دوور نییە، رۆژێك لە رۆژان خەڵكی خۆم ‌و ‏گۆرانییەكانیشمیان ‏‏لەبیربچێتەوە." ‏

جگە لە گۆرانی گوتن، رەزازی سەرقاڵی كارێكی دیكەشە، كە لەلای خۆی هیچ ‏لە گۆرانی گوتنەكە كەمتر نییە، ئەویش وەرگێڕانی چوارینەكانی خەیامە لە ‏زمانی فارسییەوە بۆ سەر زمانی كوردی "ئێستا خەریكی وەرگێڕانی ‏چوارینەكانی خەیامم، پێش من 10 كەسی دیكە كردوویانەتە كوردی، گوتم ‏با بەمنەوە ببێتە 11 كەس خۆ دنیا خراپ نابێت". هەر لەم بەرنامەیەدا ‏نموونەیەكی وەرگێڕانەكەی بۆ رەنج سەنگاوی خوێندەوە و گوتیشی "چوارینەكانی خەیام 80 دانەیە، بەڵام زیادكراوە بۆ 243".‏

رەزازی بە داخە بۆ ئەوەی هەندێک‌ ئاوازی كوردی براوە و كراوەتە موڵكی ‏تورك یان عەرەب، ئەو گوتی "174 گۆرانیبێژی كورد هەن بە توركی گۆرانی ‏دەڵێن، جگەلەوە زیاتر لە 2300 گورانی كوردی كراون بە توركی" ‏دەستخۆشیش لە جەواد مەڕوانی نووسەری كورد دەكات، كە 43 هەزار بەند ‌و ‏گۆرانی كوردی ‏لە دوو كتێبدا نووسیوتەوە.‏

گرنگیدان بە پاراستنی زمانی كوردی وەك رەزازی دەڵێت "ئەركی هەمووانە" ‏ئەو دەڵێت "هەر نەتەوەیەك زمانی خۆی بپارێزێت ئەو نەوەتەیە نامرێت‌".‏ ئەو هونەرمەندە رەخنە لە حیزبە كوردستانییەكانیش دەگرێت بەوەی ‏رۆڵێكی باش نابینن لە پاراستنی زمانی كوردیدا "ئەو زمانە كوردییەی ئێستا ‏هەیە، پارتی بە جۆرێك ‌و یەكێتی ‏بەجۆرێك ‌و ‏دیموكرات ‌و كۆمەڵەش بەجۆرێكی ‏دیكە بەكاریدەهێنن".‏