دادوەر ناز نووری

27 March 2024
دادوەر ناز نووری

05:00
دادوەر ناز: لە خێزانێک گەورەبووم کە رێزی ئافرەتیان گرتووە
08:00-10:00
چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی زیندانییەک
11:30
دادوەر ناز: دەستێوەردان لە دادگە لە 2007‌ و 2008 وردە وردە دەستیپێكرد

لە رۆژێكی ناوەڕاستی ساڵی 2008 وەكو سەرۆكی داواكاری گشتیی ‏سلێمانی دەچێت بۆ نێو بەندینخانەی ئاسایشی سلێمانی ‌و لەوێ‌ لە دۆسیەی ‏راگیراوەكان دەكۆڵێتەوە، راگیراوێك دەچێتە بەردەمی دەڵێ‌ "من بە لێدان ‏ئیعترافم پێكراوە، هەموو گیانم وەك بێژنگ شوێن سووتاوی جگێرەیە". بە ‏نموونەش چەند شوێنێك لە قاچی پیشاندەدات كە جێگەی سووتاوی جگەرەیە. ‏ئەوەی بۆ بەندییەكە جێگای سەرسوڕمان دەبێت، داواكارییەكی دادوەر نازە كاتێك پێی دەڵێت "دەتوانی شوێنەكانی دیكەی جەستەتم پیشان ‏بدەیت بزانم وایە؟" زیندانییەكە چاوەڕێی پرسیارێكی لەو جۆرە نییە، ‏بەتایبەت لەلایەن دادوەرێكی ژنەوە، بۆیە وەڵامەكەی نەخێر دەبێت. ''باشە ‏ئەگەر لێرە شەرم دەكەیت، وەرە لە ژوورێكی دیكە شوێن سووتاوەییەكانمان ‏پیشان بدە" دادوەر ناز ئەو پێشنیازەشی بۆ دەكات. بەڵام گەنجەکە هەر رەتیدەكاتەوە و دەڵێت‌ "قەینا وازیلێبهێنە حەواڵە بە خوایان دەكەم". دادوەر ناز ‏دەڵێت "زانیم راستناكات، وایهەستكرد ئەگەر ئەوە بڵێ‌ ئەوە سۆزی من ‏وەكو دادوەرێكی ژن رادەكێشێت، چاوەڕی ئەوەشی نەدەكرد من ئەو ‏داواكارییەم هەبێت، بۆیە هیچ كاتێك ژن بوونم وەكو دادوەر وای لێنەكردم، ‏بكەومە ژێر كاریگەی سۆز و بڕیارێكی هەڵە بدەم" ئەوە ئەو چیرۆكە بوو كە ‏سەرۆكی پێشووتری داواكاری گشتیی سلێمانی، لە نێو باڵۆنەكەدا بۆ رەنج ‌و ‏بینەرەكانی رووداوی گێڕایەوە. ‏

ئەو بە حەزێكی زۆرەوە كاتێك قۆناخی شەشی ئامادەیی تەواو دەكات، لە ‏فۆڕمی پڕكردنەوەی بۆ چوونە زانكۆ تەنیا كۆلێژی یاسا دەنووسێت‌، ئەوەش ‏لەژێر كاریگەری پورە گەلاوێژی بووە، كە یەكەم دادوەری ژن بووە لە سلێمانی، دواتر ‏هەر لە بەشی یاسا وەردەگیرێت‌، دوای تەواوكردنی كۆلێژی یاسا لە 1988 ‏دەبێتە پارێزەر، هەر ئەو كاتە لە چاوپێكەوتنێكی گۆڤاری رەنگین دا دەڵێت ‏‏"بۆیە بوومەتە پارێزەر ‏تاوەكو حەق ‏بەسەر ناحەقدا سەربخەم". ئێستاش ‏هەر ئەو ئاواتەی هەیە و دەڵێت‌ "پێش ئەوەی بمرم حەز دەكەم ئەوە ببینم كە ‏حەق بەسەر ‏ناحەقدا ‏سەركەوتووە". بەو هەموو حەزەوە بۆ یاسا ‌و دادوەری ‏‌و لە دوای وەرگرتنی چەندین پۆستی جیا لە بواری یاسا كە دواترینیان ‏سەرۆكی داواكاری گشتیی سلێمانی بووە، دادوەر ناز نووری رۆژێك بڕیار دەدات ‏واز لە هەموو كارێكی پەیوەست بە یاسا ‌و دادوەری بهێنێت،‌ بۆیە خۆی ‏خانەنشین دەكات ‌و دواتریش هەموو كتێبە یاساییەكانیشی دەسووتێنێت‌.‏

هۆكاری تووڕەبوونی لە یاسا ‌و كاروباری دادوەری وەكو خۆی باسی دەكات زۆرن، ‏سەرەكیترینیان دەستێوەردانە كار‌وباری دادگە و دەڵێت ‏‏"دەستێوەردان لەكاروباری دادگا لە 2007‌ و 2008وە ‏دەستیپێكرد ‌و لە ‏‏2010 بەدواوە بەرفراوان ‏بوو".  ‏

ئەو كاتەی مرۆڤەكان لە شتێك هەڵدێن، هەوڵدەدەن بە شتێكی دیكە‎ ‎ ‏قەرەبووی رۆژە تەنیاكانیان بكەنەوە، هەر بۆیە ناز نووری روو لە هونەری وێنە‏كێشان دەكات، لەوێشەوە بە جۆرێك لە جۆرەكان دەچێتەوە سەر كەلەپچە ‌و ‏قفڵ ‌و كلیلەكانی زیندان "یادوەریم پڕە لە چیرۆكەكانی زیندان، مەبەستم بوو ‏ئازارەكانی نێو زیندان بە تابلۆ باسبكەم".‏

بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەی ناز نووری پەیوەستبوو بە كەسایەتی ‏خۆی، وەكو خۆی دەیگێڕێتەوە لە خێزانێكدا گەورە بووە، كە حەزیان لەوە بووە ئافرەت هەست بە ‏بوونی ‏خۆی بكات‏ ‌و دەربكەوێت "لەگەڵ براكانم ‏گەورەبووم ‌و لەگەڵ ئەوان دەچوومە دەرەوە، بۆیە زیاتر ‏هەڵسەكەوتێكی ‏كوڕانەم ‏هەبووە". كاتێك دێتە سەر باسی منداڵەكانیشی بە شانازییەوە ئەوە ‏دەخاتەڕوو كە هەردوو كچەكەی پزیشكن ‌و كوڕە تاقانەكەشی قوتابی كۆلێژی ‏پزیشكییە.

تێكەڵاوبوونی بە دنیای وێنەكێشان ‌و زۆربوونی تابلۆ كێشراوەكانی، وای ‏لە دادوەر ناز كرد پێشەنگەیەك بۆ تابلۆكانی بكاتەوە و هەندێک‌ لە تابلۆكانیشی ‏بفرۆشێت‌، هەرچەندە ئەو لەگەڵ ئەوەیە هونەرمەند بەبێ‌ بەرامبەر تابلۆ ‏نەبەخشێت، بەڵكو دەبێت بیفرۆشێت‌، بەڵام پەشیمانە لە فرۆشتنی چەند ‏تابلۆیەكی و دەڵێت ‏"بەشێك لە تابلۆكانم فرۆشتووە، بەڵام ئیتر نایانفرۆشم، چونكە ‏هەست دەكەم وەك منداڵەكانم خۆشەویستیم بۆیان هەیە".