عەدنان کەریم – بەشی سێیەم
دوای گەڕانەوەی لە ئەوروپا و دابەزینی لە فڕۆكەخانەی هەولێر، بەئۆتۆمبیل بەرەو سلێمانی بەڕێدەكەوێت، لە قەزای دووكان بە مەبەستی كڕینی چەند ماسییەك دادەبەزێ، دوای مامەڵەی كڕین، كابرای ماسی فرۆش بە مەبەست بۆ ماوەیەك دوایدەخات تاوەكو لەلایەن برادەرێكییەوە كامێرەیەكی بەدەست دەگات و پێیدەڵێت "مامۆستا عەدنان وێنەیەك بۆ یادگاری بگرین؟" ئەوەیش بەڵێی بۆ دەكات و وەك رێزێكیش دەیەوێ دەست بخاتە سەرشانی، بەڵام ماسی فرۆش دەڵێت نا مامۆستا تۆزێك دوور بوەستە، ئەویش بە قسەی دەكات و نیو مەترێك بەینایان دەبێت و بەو جۆرە وێنە دەگیرێ، بەڵام بۆ عەدنان كەریم ئەوە دەبێتە پرسیار بۆچی ئەم كوڕە وێنەكەی بەو شێوەیە گرت؟ بۆیە بیر لەوە دەكاتەوە بڵێی مەبەستی ئەوە بووبێت، بۆنی ماسی لێدێت تاوەكو ئەو بێزار نەكات؟ چەندین پرسیاری لەوشێوەیە بە مێشكیدا دێت، بۆیە پرسیار لەهۆكارەكەی دەكات، كاكی ماسی فرۆشیش دەڵێت ئەوە بەنیازم بە کۆمپیوتەر وێنەی ماسییەك بخمە نێوان هەردووكمانەوە وەك ركلامێك لە دووكانەكەمدا هەڵیواسم. هونەرمەند عەدنان كەریم كاتی گێڕانەوەی ئەو بەسەرهاتە بە پێكەنینەوە گوتی "بەبێ ئەوەی بەخۆم بزانم ركلامێكیان پێكردم، دواتر بەماسی فرۆشەكەشم گووت ئەشهەدوو بازرگانێكی".
لەم بەشەی كۆتایی بەرنامەكە هونەرمەند عەدنان كەریم. جگەلە گێڕانەوەی ئەو بەسەرهاتە باسی لەوەش كرد لەگەڵ هەوادارانی پەیوەندی زۆر خۆشە، بەتایبەتە گەنجەكان و گوتی زۆربەی ئەوانەی دێنە كۆنسێرتەكانم گەنجن و لەگەڵ من گۆرانییەكان دەڵێنەوە ئەوە زۆر خۆشحاڵم دەكات.
حەسەن زیرەك و محەممەد ماملێ، وەك چۆن بۆ كورد دوو سمبولی بەرزی هونەرین، بۆ ئەم هونەرمەندەش بە هەمان شێوەن بە تایبەتی كە ماوەیەك لەگەڵ محەممەدی ماملێ بووە، كاتێك پرسیار دەربارەی رۆڵ و پێگەی هەر یەكێك لەو دوو هونەرمەندە لە عەدنان كەریم دەكرێت، لە وەڵامدا ئەوە رووندەكاتەوە كە حەسەن زیرەك بە هەموو كوردستاندا گەڕا و لە هەر شوێنێك شتێك فێربووە، ئەوەش بە خاڵێكی سەركەوتنی حەسەن زیرەك دەزانێ، بەڵام ماملێ بەو جۆرە نەبووە تاوەكو لە ژیاندا بووە لە سابڵاخ دوور نەكەوتۆتەوە "تەنیا یەكجار هاتۆتە قەڵادزێ''.
كاتێك دێتە سەر باسی ژیانی خۆی بە تایبەتی لە دەرەوەی وڵات، باس لەوە دەكات بە گوێگرتن لە هونەرمەندە گەورەكانی كورد لە ئەوروپا توانیویەتی زیاتر پەرە بە هونەرەكەی بدات "زۆربەی ئاوازی گۆرانییەكانم لە دەرەوەی وڵات داناوە".
هەر لەم بەشەی بەرنامەكەدا هونەمەند عەدنان كەریم، باسی بەهەرەیەكی دیكەی خۆی دەكات، ئەویش كاركردنە لەسەر هونەری شێوەكاری، ئەو هاوشێوەی هاوژینەكەی لە سەرەتادا بەشی شێوەكاری پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانی تەواوكردووە، ئێستاش لەو بوارەدا شارەزایە، بە تایبەتی لە بەكارهێنانی رەنگی ئاوی لە تابلۆكانیدا شارەزاییەكی زۆری هەیە "بەنیازم پێشەنگەیەك بۆ تابلۆكانم بكەمەوە.''