رووماڵی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا: کۆچبەری و کۆرۆنا گرنگترین نین

22 September 2021
رووماڵی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا: کۆچبەری و کۆرۆنا گرنگترین نین

ئەڵمانیا پەرلەمانێکی فیدراڵیی نوێ هەڵدەبژێرێ. لە هەرێمی بەرلینیش هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان دەکرێن. نزیکەی سی کورد بۆ هەردوو پەرلەمانەکە بەربژێرن. هێمن عەبدوڵڵا و زنار شینۆ و ئاڵا شاڵی لە دووەمین رۆژی تەنیا رووماڵی کوردیی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا، لە ستۆدیۆی ئەوروپای رووداوەوە بەو هەواڵانە رووماڵیانکرد. 

- بەپێی راپرسییەک دەرکەوتووە کە دەنگدەری ئەڵمانیا هێندەی مژاری دیکەی پێ گرنگە، هێندە بایەخ بە سیاسەتی کۆچبەری لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا نادەن. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو پارتەکان بەرنامەی خۆیان لەوبارەیەوە ئاشکراکردووە. هەندێکیان داوای زوو دیپۆرتکردنەوە و هەندێکیشیان داوای ئاسانکاریی بۆ پێدانی مافی پەنابەری دەکەن. زنار شینۆ لە بەرلینەوە زانیاریی نوێ دەدات.
 
- لە یەکێتیی ئەوروپا و لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپاش بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە دوای چوار رۆژی دیکە کام پارتانە لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا دەیبەنەوە و راوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا کێ دەبێت. ئاڵا شاڵی لە کوێلنەوە باسی سیاسەتی دەرەوە لە بانگەشەی پارتە بەشدارەکانی لە هەڵبژاردندا دەکات. 

- لەسەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی رادەوەستین، کە مژاری هەرە گرنگی نێو بانگەشەکانە، کامیل بازرگان، شارەزای کاروباری ئەڵمانیا، روونیکردەوە کە بۆچی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە کۆرۆنا و کۆچبەری بایەخی زۆرترە بۆ دەنگدەری ئەڵمانی. 

- ئینجا یەکێک لە بەربژێرە بەشدارەکان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەناسن. هاکان تاش روونیدەکاتەوە کە بۆچی پێویستە کورد لە ئەڵمانیا دەنگی بدەنێ.