رێككەوتننامەی 11 ئازار

رێككەوتننامەی 11 ئازار

بەعسییەکان تازە هاتبوونەتە سەر کار و دەیانخواست ماندوێتی ئینقیلابەکەیان دەرچێت، پێشمەرگەش، لەچەندین لاوە ماندووتری کردوون، شۆڕشی کوردستان لە قۆناغێکی دیکەی بەهێزیدا بوو، سوپای بەعس لەبەرامبەر هێرشەکانی پێشمەرگەدا هەراسان ببوو.

حکومەتی ناوەندی خوازیاری ڕێکەوتن بوو لەگەڵ  سەرکردیەتی شۆڕش، ڕێبەرایەتی شۆڕشی کوردستان بەسەرۆکایەتی مستەفا بارزانی و حکومەتی ناوەندیش بە سەرۆکایەتی ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆککۆمار، گەیشتنە ڕێکەوتننامەی ١١ ی ئازار.

کورد لە چوارچێوەی عێراقدا، دانی پێدا نرا، بەڵام سنورەکەی یەکلایی نەکرایەوە و هەڵدەگیرا بۆ کاتی ڕاپرسی و سەرژمێریی.

ئەم ڕێکەوتننامەیە کە بەرهەمی شۆڕشی ئەیلول بوو، بۆ کورد پڕ بەها و مایەی خۆشحاڵی بوو، چونکە بۆ یەکەم جار لە مێژووی حکومڕانی عێراقدا، لەژێر گوشاری پێشمەرگە و شۆڕشی کوردستاندا، دان نرا بە مافە نەتەوەییەکانی کورددا.

بەندەکانی ناو ڕێکەوتننامەی ١١ی ئازار، چەندین دەستکەوتی گرنگی بۆ کورد تێدا ڕاگەیەندرا بوو، بەڵام هیچیانی پێ نەدرا، جگە لە خەشم و تووڕەییەکی زۆر لە بەعس و دامو دەزگاکانی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆرش...

تەنیا سێ مانگ پاش ئەم ڕێکەوتننامەیە، (٧-٧-١٩٧٠) بەعسییەکان یەک لایەنە، دەستوری کاتی عێراقیان بەبێ بەندی حەوتەمی ڕێکەوتننامەی ئازار کە دەڵێت: عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکیی کورد و عەرەب پێک دێت، داڕشتەوە...

بەدووایدا ١٢٠ هەزار کوردی فەیلی ڕووە و سنورەکانی ئێران ڕادەگوێزن، لەپاش ئەمەش هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا بارزانی دەدەن لە (29 -9- 1971)، ئیدی لێرەوە بەعس، وەک بوونەوەرێکی پەیمانشکێن لە هزر و فەرهەنگی کوردەکاندا ناوی تۆمار دەکرێت.

پاش رێکەوتننامەی جەزائیر، لەنێوان سەدام حسێن و محەمەد ڕەزا شا، سەدام یەک لایەنە رێکەوتننامەی یازدەی ئازاری نێوان خۆیان و کورد هەڵدەوەشێنێتەوە و هەر تاک لایەنەش ئۆتۆنۆمی بۆ کورد ڕادەگەیەنێت بەڵام بەبێ شاری کەرکوک و ناوچە نەوتییەکانی تری باشوری کوردستان...