هێرشبەرانی سەر ئەمنە سوورەکە

هێرشبەرانی سەر ئەمنە سوورەکە


هێرشبەرانی سەر ئەمنە سوورەکە

رۆژی 7ی سێی ساڵی 1991 تەواوی خەڵکی سلێمانی بە هاوکاری و پشتیووانی هێزی پێشمەرگەدژی رژێمی بەعس راپەڕین و سلێمانی لە دەستی بەعس رزگارکرا.

لەم کاتەدا بەشێكی زۆر پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی لە بەندیخانەی ئەمنەسوورەکەی سلێمانی بوون، بەشێك لەوانەی خزم و هاوڕێیان بەندکرابوون، هێرشیان بردە سەر ئەمنە سوورەکە، بۆ ئەوەی ئەوانەی نێو بەندیخانەکە رزگاربکەن.

سەلاح سالح، یەکێکە لە بەشداربووانی راپەڕین و هێرشی کردووەتە سەر ئەمنە سوورەکە دەڵێ "یەکەمجار هێرشمانکرد بەڵام ئەوان هاتنە دەست و گەڕاینەوە نەمانتوانی، بچینە ناوەوە، جاری دووەم هێرشمانکرد چوینە ناوەوە لەپشتی بیناکەوە  

رارەوێک هەیە چوینە ئەو رارەوەوە لەوێدا ژمارەیەکی زۆر لە بەعسیەکان  کوژرابوون.  ئێرە هەرچواردەوری گیرابوو لەودیویشەوە تەقەی لێدەکرا، لە  پشتەوە دەرگایەک هەبوو هەر ئەمنێک لەو دەرگایە رایکردبوو، کوژرابوو".

فازڵ ئەحمەد، یەکێکی دیکەیە لەوانەی هێرشیان کردبووە سەر ئەمنە سوورەکە دەڵێ "چوار هاوڕێ بووین خەڵکی کانێسکان بووین ئێمە لەدیوی حامییەوە هاتینە خوارەوە بەرەو ئەمنە سورەکە، بەو بەیانیە کە ئێمە هاتین بەرگرییەکی  زۆر زۆر هەبوو".

دۆشکەی ئەمنە سوورەکە، ئەو چەکەی لە بیرەوەری تەواوی خەڵکی راپەڕیوی سلێمانی دەمێنێتەوە، بە رەمزی راپەڕینی بەردەم ئەمنە سوورەکەوە بەستراوەتەوە. دلێر مەلا ئەحمەد، بەشداربووی راپەڕین دەڵێ "رۆژی ٧ی مانگ کە ئێرەمان گرت و شەڕ کۆتاییهات لە ئەنفالەکەدا رۆژی دواتر چووین دۆشکەکەمان داگرت خستمانە سەر پیکئابێک و بردمان بەرەو ئەمنەسورەکە، ئەو دۆشکەیە ورەی خەڵکی زۆر بەرزکردەوە خەڵک هەمووی بە  کڵاشینکۆفەوە شەڕیدەکرد بۆ یەکەمجار کە چەکێکی قورسیان بینی لە دەستی ئێمە خۆشحاڵ بوون".

زۆرترین رق و تۆڵەی خەڵک، لە راپەڕینی سلێمانیدا بەسەر ئەمنە سوورەکەدا رژا. ئەو دەزگەیەی کە تاوەکو ئێستاش کە باسی دەکرێ، خەڵکی سلێمانی لێیدەترسێ. فازڵ ئەحمەد، دەڵێ "ئەم جێگایە قەسابخانەیەک بوو حکومەتی بەعس دروستی کردبوو هەرچی مەشاکیلی  ئەم شارە هەیە ئەم شوێنە دروستیکردبوو، هەموو پیاوخراپی رژێم لەم بینایەدا کۆکرابووەوە".

هەرکەسێک بۆ جارێک پێی بکەوتایە نیو ئەمنە سوورەکەی سلێمانی، ئەستەمبوو جارێکی دیکە بگاتەوە کەسوکاری، هەر دەرگەیەژی بەندیخانە 3 بۆ 4 قوفلی پێوەبوو. 

سەلاح سالح دەڵێ "یەکێک هات باوەشی پیداکردین، دەگریا دەیگوت بەقوربانتانبم بڕیاربوو من سبەی گولەباران بکرێم".