فیچەر - لە گوندی گوندک سرکە بەشێوازی 60 ساڵ پێش ئێستا دروستدەکرێت

فیچەر - لە گوندی گوندک سرکە بەشێوازی 60 ساڵ پێش ئێستا دروستدەکرێت
وەرزی پایزە و کاتی بەرهەمهێنانی سرکەی هەنارە. لە زۆربەی ئەو گوندانەی باخی هەناریان هەیە دووکەڵی ئاگر  لە ژێر مەنجەڵەکان بەشێکی ئاسمانەکە دادەپۆشێت. ژنان و کچان و منداڵانیش هەر یەکە و دارێکیان بەدەستەوەیە و سەرقاڵی داکوتینی دەنکە هەنارەکانن.

ئەمە دیمەنی بەشێکی زۆربەی باخەکانی هەنارە لە گوندی گوندکی قەزای ئاکرێ.
خانەوادەی محەممەد ساڵح دەروێش زیاتر لە 60 ساڵە بەم شێوازە سرکەی هەنار کە لە قەزای ئاکرێ پێیدەگوترێت (شەبرمان) دروستدەکرێت.

بەهۆی نەبوونی کارگەیەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی سەرکە، دیارنییە ساڵانە چەند سرکە لە گوندەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت. بەڵام هەر خاوەن باخێک زیاتر لە 30 کیلۆ سرکەی ساڵانە دروستدەکات. کە هەر کیلۆیەکی لەنێوان 8 بۆ 15 هەزار دینارە.

محەممەد ساڵح دەڵێ '' هەنارە شیرینەکان دەخۆین و دەفرۆشین و لە هەنارە ترشەکانیش شەبرمان دروستدەکەین''.