فیچەر - بەهۆی کارکردن نەمتوانی شوو بکەم

فیچەر - بەهۆی کارکردن نەمتوانی شوو بکەم
ئەمە چیرۆکی زەحمەتکێشی و سەرکەوتنی ژیانی کچێکی کوردە لە ناوچەی موکریانی رۆژهەڵاتی کوردستان. خەجیج ساڵخوردە، لە ساڵی 1954 لە گوندی حاجی خۆشەی بنەماڵەیەکی هەژار لەدایکبووە.
 
ئەگەرچی رۆژ بە رۆژ تەمەنی بەرەو سەرەوە دەڕوات، بەڵام بە دەستە نەرم و ماندووەکانی بەردەوامە لە کارێک کە تاوەکو ئێستا بە کار پیاوان ناسراوە. بەهۆی کارەکەیەوە نەیتوانیوە شوو بکات و ئێستا لە ماڵەوە بە تەنیا دەژی.
 
خەجیج دارتاش دەڵێ ''دایکم نەخۆشکەوت، براکانم ژنیان هێنا رۆیشتن و منیش بەردەستی باوکمم دەکرد. پیرەباب و پیرە دایکم لە ماڵێ مانەوە، هەرچەندی کردم نەمتوانی بە تەنیا لە ماڵێ بەجێیانبهێڵم. کاتێک باوکم لە ماڵ نەدەبوو، کاتی کارکردن، جیرانەکان و خەڵکی گوند شتێکیان لێدەشکا دەهاتن، دەیانگوت وەستا خەجیجک بە قوربانت بم بۆم چاککەوە. لەوکاتییەوە وەستا خەجیجم بەسەردابڕا و کار کەوتە سەر شانی من''.
 
ئێستا وەستا خەجیج بووەتە دەست و قاچی گوندنشینەکان و دەڵێ ''کە دێمە ئێرە دڵم پێخۆش دەبێت، چونکە بە عەشقەوە کاردەکەم. ئەگەر بچمە سەفەرێک و بگەڕێمەوە، پێشئەوەی بچمەوە ژوورەوە سەرێک لە دووکانەکەم دەدەم. بەڵام بەداخەوە ئێستا پیربووم و لەکارکەوتووم و جومگە و ئێسکم بەژان کەوتوون''.

وەستا خەجیج نەچووەتە قوتابخانە و خوێندەواری نییە، بەڵام پێش ئەوەی کارێک بکات، ئەندازەی بۆ دەگرێت و هەموو کرەکانی بە پلان جێبەجێدەکات. ئەو باس لە زەحمەتییەکانی ژنانی پێشتر دەکات، کە بە بەراورد لەگەڵ ژنانی ئێستا زەحمەتی زۆریان بینیوە. ''ئەو کوێرەوەرییەی ئەوکات هەبوو لەگەڵ ئێستا جیاوازی زۆرە. ئەوکات پیاوەکان زەحمەتی زۆریان دەبینی، بەڵام ژنەکان لەوان ناڕەحەتتر بوون. هەموو رۆژێ کاژێر 4ی بەیانی هەڵدەستاین هەویرمان دەکرد و نانمان دەکرد و مەشکەمان دەژاند''. 
 
وەستا خەجیج خزمەتی خەڵکی جوتیار و ئاژەڵداری گوندەکانی ناوچەی موکریانی کردووە، ئێستا بەتەمەندا رۆیشتووەو توانای جارای نەماوە، بەڵام ئەگەر کەسێک کارێکی پێ بسپێرێت، بەپێی توانای خۆی ئەنجامیان دەدات.