فیچەر - چیرۆکی حەیرانبێژیی تریفە ئەمیری هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان

فیچەر - چیرۆکی حەیرانبێژیی تریفە ئەمیری هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان
بە دەنگە خۆش و ناسکەکەی گوێگرانی دەباتە دونیایەکی دیکە. تریفە ئەمیری، لە ساڵی 1989ی زایینی لە بنەماڵەیەکی هونەری شاری مەهاباد لەدایکبووە. لە منداڵییەوە لە ماڵەوە گۆرانی گوتووە. ماوەیەکە بە گوتنەوەی گۆرانی هونەرمەندانی دیکە هاتووەتە مەیدانی کاری هونەری. 
 
تریفە قوتابخانەی لەشاری مەهاباد تەواوکردووەو بڕوانامەی لە بەشی ئایتی لە کۆلێژی تەورێز بەدەستهێناوە. دواتر لە سابلاخ دەستی بەکارکردووەو لەگەڵ کارەکەشی درێژەی بە هونەر داوە. 
 
تریفە ئەمیری جگە لە دەنگەخۆشەکەی ئامێری عودیش دەژەنێ. کاتێک قوتابی بوو، لە نێو هاوڕێکانی و بۆ مامۆستاکانیش گۆرانی گووتووە. 
 
ئەم کچە هونەرمەندەی رۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ بەشێکی ئەکادیمی هونەری نەخوێندووە، بەڵکو خۆرسکانە لەگەڵ باوک و برا و پوورەکانی دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە. 
 
بەشی زۆر هونەرمەندانی کورد، یەکەمجار کە دەستیان بە گۆرانی کردووە، حەیران و بەستەی کوردییان گووتووەتەوە. تریفە جگە لەوەی دەنگێکی خۆشی بۆ گۆرانی هەیە، حەیران و بەستەش بەشێوازێکی تایبەت دەڵێتەوە. 
 
تریفە ئەمیری یەکەم کاری هونەری لەگەڵ عەلی سخاوەتی بە دووێت بڵاوکردووەتەوە، لەگەڵ زۆربەی گرووپە میوزیکییەکان گۆرانی گووتووە. 
 
ئێستا هونەرمەندێکی دیاری کوردە، لە زۆربەی فێستیڤاڵ و میوزیکی گەلان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئێران و تەنانەت بەشووری کوردستانیش بەشداری کردووە. هەروەها چەند کلیپێکی بڵاوکردووەتەوە. 
 
دەیەوێ بە دەنگەکەی ئەرشیفی گۆرانی و میوزیکی کوردی زیاتر دەوڵەمەند بکات.