فیچەر - شاری مێژوویی نەمروود: لە شکۆوە بۆ وێرانی و هەوڵەکانی نۆژەنکردنەوە

فیچەر - شاری مێژوویی نەمروود: لە شکۆوە بۆ وێرانی و هەوڵەکانی نۆژەنکردنەوە
لە 30 کیلۆمەتری باشووری موسڵەوە، شاری مێژوویی نەمروود هەڵکەوتووە کە یەکێکە لە گرنگترین شوێنەوارە مێژووییەکانی ناوچەکە. ئەم شارە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 14ی پێش زایین، لە سەردەمی شکۆداری خۆیدا پایتەختی ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری و ناوەندێکی گرنگی شارستانییەت بووە.

بەڵام چارەنووسی ئەم شارە مێژووییە پڕ بووە لە کارەسات. لە کۆندا، کلدان و میدییەکان دوای سەد ساڵ لە گەشەسەندنی، هێرشیان کردە سەر شارەکە و وێرانیان کرد. 

لە ساڵی 2015دا، رێکخراوی داعش بە بەکارهێنانی 200 بەرمیلی پڕ لە مادەی تەقینەوە، بەشێکی زۆری تەقاندەوە و زۆر لە پارچە گرانبەهاکانیشی دزران.

حەمید جاسم، خەڵکی موسڵ دەڵێت: "ئەم شوێنە سیمبوڵی پارێزگای نەینەوایە. پێش چەندین ساڵ گەشتیاران لە زۆربەی وڵاتانی جیهان سەردانی ئەم شارەیان دەکرد. داواکاریمان ئەوەیە دووبارە نۆژەنی بکەنەوە، چونکە سیمبوڵی عێراق و نەینەوایە."

ئێستا، لە هەوڵێکی هاوبەشدا، فەرمانگەی شوێنەواری موسڵ لەگەڵ پەیمانگەیەکی ئەمریکی دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی پارچەکانی پەیکەری نەمروود. د. ئەحمەد فەکاک ئەلبەدرانی، وەزیری رۆشنبیری عێراق رایگەیاند کە تا ئێستا 35 هەزار پارچەیان کۆکردووەتەوە.

عەلی ئیسماعیل، فەرمانبەری شوێنەواری نەینەوا، باسی گرنگی پرۆژەکە دەکات و دەڵێت: "زۆر بە دیقەتەوە کار لەگەڵ پارچەکان دەکەین بۆ ئەوەی تووشی هیچ هەڵەیەک نەبین. بەربەستی زۆرمان هەن، چونکە پێشتر تەقێنراوەتەوە، ترسی ئەوەمان هەیە پارچەی دیکە مابن و بتەقنەوە."

کۆگای تایبەت دابینکراون بۆ پاراستنی پارچە مێژووییەکان لە سەرما و گەرما، و پلانی درێژخایەن هەیە بۆ گەڕاندنەوەی شارەکە بۆ شکۆی پێشووی خۆی و کردنەوەی بۆ گەشتیاران. ئەم هەوڵە بەردەوامانە هیوایەک دەبەخشن بۆ پاراستنی ئەم میراتە گرنگەی مرۆڤایەتی و گەڕاندنەوەی وەک ناوەندێکی گەشتیاری جیهانی.