فیچەر - جەرەش: شارە مێژووییەکەی ئوردن

فیچەر - جەرەش: شارە مێژووییەکەی ئوردن
لە باکووری عەممانی پایتەختی ئوردن و بە دووری 48 کیلۆمەتر، شارە مێژووییەکەی جەرەش (جەراسای یۆنانییەکان) هەڵکەوتووە، کە یەکێکە لە دە شارە خۆشەویستەکەی رۆمانییەکان. ئەم شارە کە لەسەر رووبەری 410 کیلۆمەتر دووجا بونیاتنراوە، بە دیوارێکی بەردین بە درێژایی 3462 مەتر، بەرزی 3 مەتر و پانی 80 سانتیمەتر دەورە دراوە.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەی یۆنانییەکان، مێژووی ئەم شارە بۆ نزیکەی 5500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. دکتۆر فیراس ئەبوو مەحارب دەڵێت: "شارێکی تەواو بوو، مۆزەخانە، ستێجی شانۆی گەورە، پەرستگا و هەموو شتێکی لێبووە. دەڵێن لە سەردەمی ئیمپڕاتۆری پۆمپێ دروستکراوە و بۆ حەسانەوەی سەربازەکانی رۆم بەکارهاتووە لە کاتی شەڕ لە خۆرهەڵات."
 
ئیبراهیم عەتمە، کە 18 ساڵە رێبەری گەشتیارییە و بە زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی، فەرەنسی و ئیسپانی قسە دەکات، دەڵێت: "لە وەرزی گەشتیارییدا مانگانە سەد بۆ دوو سەد هەزار کەس سەردانی ئێرە دەکەن. گەشتیاران لە ئیسپانیا، ئیتاڵیا، فەرەنسا و هەموو وڵاتانەوە دێن."
 
لە نێو شارەکەدا 16 کڵێسا و مۆزەخانە هەن، هەروەها بازاڕێکی تەواوی تێدابوو بۆ کڕین و فرۆشتنی پێداویستییەکان. ئەحمەد کەرکووکی، لە کوردستانەوە سەردانی جەرەشی کردووە، دەڵێت: "بەڕاستی تووشی شۆک دەبیت کە دەبینی هەندێک شوێن هەزاران ساڵە دروستکراون و وەک خۆی ماونەتەوە. ئەمە داهاتێکی گەورەیە بۆ ئوردن و ئەزموونێکە پێویستە لە کوردستانی خۆمان سوودی لێ ببینین."
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی گەشتوگوزاری ئوردن، ساڵانە 5 بۆ 7 ملیۆن گەشتیار سەردانی ئەم وڵاتە دەکەن کە بە یەکێک لە گرنگترین وڵاتانی خاوەن شوێنەواری رۆمانی لە رۆژهەڵات دادەنرێت.