فیچەر - شەرارە ئەحمەدی نەژاد، پاڵەوانی بەرزکردنەوەی قورسایی لە ئێران

فیچەر - شەرارە ئەحمەدی نەژاد، پاڵەوانی بەرزکردنەوەی قورسایی لە ئێران
ئەمە کچێکی کوردی خەڵکی شاری نەغەدەیە، یەکێکە لە ناسراوترین کچە وەرزشوانەکانی بەرزکردنەوەی قورسایی لە ئێران.

شەرارە ئەحمەدی نەژاد، کچێکی کوردی خەڵکی شاری نەغەدەیە، لەساڵی 2006 لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بنەماڵەیەکی وەرزشی لەدایکبووە. ئێستا تەمەنی 18 ساڵە و یەکێکە لە ناسراوترین کچە وەرزشوانەکانی بەرزکردنەوەی قورسایی لە تەواوی ئێران.

تەها ئەحمەدی نەژاد باوکی شەرارە و شیرین ئەحمەدی نەژاد پوری شەرارە، راهێنانی رۆژانە بە شەرارە دەکەن. شەرارە لە تەمەنی 15 ساڵی دەستی بە راهێنان کردووەو لە 16 ساڵی لە هەموو ئێران ناسرا بەهۆی پلە بەرزەکانی لە پاڵەوانێتییەکاندا. ''لە یەکەم پاڵەوانێتی لەگەڵ کەسانی لەخۆم گەورەتر بەشداریم کرد و ملوانکەی برۆنزم بەدەستهێنا. تەنیا ئەو برۆنزەم هەیە، ئەوانی دوای ئەوە هەموویم زێڕن''.

شەرارە ئێستا قوتابی زانکۆیە لە بەشی پەروەردەی وەرزشی، ''لە زانکۆ قوتابیم و راهێنانی وەرزشیش دەکەم، ئەگەر مەبەستت بێت دەتوانی کاری باش بکەی و بشخوێنی''.

تەها ئەحمەدی نەژاد، باوکی شەرارە دەڵێ ''دەمەوێ شەرارە لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکاندا ببینم''.

شەرارە ئێستا لە هۆڵەکانی لەشجوانی بە هاوکاری شیرینی پووری راهێنان دەکات، خۆی ئامادە دەکات تاوەکو لە پاڵەوانێتی داهاتوو بەشداری بکات و پلەی یەکەم بەدەستبێنێت.