فیچەر - هونەرمەند شاکر ئاکرەیی: نیو سەدە لە خزمەتی گۆرانی کوردیدا

فیچەر - هونەرمەند شاکر ئاکرەیی: نیو سەدە لە خزمەتی گۆرانی کوردیدا

هونەرمەند شاکر محەممەد ئەمین ئاکرەیی، یەکێک لە دەنگە ناسراوەکانی میوزیکی کوردی، زیاتر لە پەنجا ساڵە لە خزمەتی هونەری کوردیدایە. ئەم هونەرمەندە لە 21ی نیسانی 1954 لە شاری ئاکرێ لەدایکبووە و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لە قوتابخانە بە گوتنی سروود دەنگی خۆی ناساندووە.
 
سەرەتای ژیانی هونەری ئەم هونەرمەندە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1969، کاتێک لە ماڵی هونەرمەند خەلیل ئاکرەیی لە موسڵ، دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندی بەناوبانگی کورد، وەک محەممەد عارفی جزیری، عیسا بەرواری، حەسەن جزیری، نەسرین شێروان و گوڵبەهار ئاشنا ببێت.
 
هەر لەو ساڵەدا بۆ یەکەمجار لەسەر شانۆ دەرکەوت و لە چەندین چالاکی قوتابیان و لاواندا لە شارەکانی موسڵ، دهۆک، ئاکرێ و شێخان گۆرانی گوت. دواتر بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی کرد و بووە پێشمەرگە. پاش نسکۆی 1975 گەڕایەوە دهۆک و لە چەندین ئاهەنگدا بەشداری کرد.
 
یەکەم گۆرانی بە ناوی "تۆ جوانتری لە هەموو گوڵان" لە 16ی تشرینی یەکەمی 1976 لە رادیۆی دەنگی کوردستان لە بەغدا بڵاوکرایەوە. هونەرمەند سەمیر زاخۆیی، کە لەو کاتەدا لە رادیۆی بەغدا کاری دەکرد، دەنگی شاکر ئاکرەیی بە "دەنگێکی چیایی" وەسف دەکات.
 
لە ماوەی ژیانی هونەریدا، شاکر ئاکرەیی زیاتر لە 150 گۆرانی تۆمارکردووە و چەندین کاسێتی بڵاوکردوەتەوە. ساڵی 1980 لەبەر فشاری حکومەتی عێراق پەیوەندی بە شۆڕشی گوڵانەوە کرد و یەکەم تیپی هونەری بە ناوی گوڵان دامەزراند.
 
لە کۆتاییدا، بەهۆی خزمەتی زیاتر لە 50 ساڵەی لە بواری هونەری کوردیدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری دهۆک رێورەسمێکی رێزلێنانی بۆ رێکخست، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی نەوەی کۆن و نوێی دهۆک، زاخۆ و هەولێر.