فیچەر - پەیکەرسازێکی کورد سەرنجی خەڵکی ئەڵمانیا رادەکێشێت

فیچەر - پەیکەرسازێکی کورد سەرنجی خەڵکی ئەڵمانیا رادەکێشێت
ساڵح نەمر خەڵکی دێرکی رۆژئاوای کوردستانە و هەر لە کوردستانیش دەستی بە کاری هونەری کردووە.ئێستا لە ئەڵمانیا کارە ناوازەکانی بوونەتە جێی سەرنجی ئەڵمانەکان. 


ناوم ساڵح نەمرە و خەڵکی گوندێکی کۆچەرانم لە دێرکی رۆژئاوای کوردستان، لە شام پەیمانگەی هونەرە جوانەکانم تەواو کردووە لە ساڵی 1995. هەر لە سەرەتای قۆناخی خوێندنی پەیمانگە لە قۆناخی یەکەم و دووەمدا بە باشی دەستم بە فێربوونی پەیکەرتاشی کردووەو بەباشی فێربووم.

من لە ساڵی 2014ەوە لە ئەڵمانیا دەژیم  ولێرەش هەر کاری پەیکەرتاشی دەکەم و لێرە خوولی فێربوونی پەیکەرتاشی دەکەینەوەو خەڵک حەز بە فێربوونی دەکات، سەرەتا گرنگە چۆن بتوانی لەگەڵ بەردێک مامەڵە بکەیت و وەک ئەوەی قسەی لەگەڵ بکەی و بیکەی بەشتێک کە خۆت بتەوێت.

فلۆریان توولی - پەیکەرتاش
"رۆژێک هاتمە شوێنی کارەکەم. دوو پیاوی سووری لەوێ وەستابوون و یەکێکیان گوتی من بە دوای کاردا دەگەڕێم و گوتم هیچ کارێکم بۆ تۆ نییە، پاشان تەلەفۆنەکەم زەنگی لێدا و ژنێک گوتی. ئەو بە دوای کاردا ناگەڕێت، بەدوای شوێنێکدا دەگەڕێت کە بتوانێت کار بکات، بەم شێوەیەش هاوڕێم ساڵح نەمرم ناسی. من بە پیشەی خۆم وەستای بەردم، ساڵحیش هەمیشە پێم دەڵێت، تۆ ماسترۆی منیت، منیش دەڵێم بەڵێ، بەڵام تۆ پرۆفیسۆری منیت".

لە 2016ەوە کاری پەیکەرسازی لێرە دەکەم و ئێستا پڕۆژەیەکم هەیە و ماوەی ساڵێک زیاترە کاری لەسەر دەکەم و  ئەویش ئەوەیە کەلە ناوچەی کۆچەری ئێمە هەندێک شایی و هەڵپەڕکێی هەن بەداخەوە ئێستا نەماون و ونبوون، دەمەوێ لە رێگەی پڕۆژەکەمەوە ئەو شایی و هەڵپەڕکێیانە لەرێگەی تاشینەوە دۆکیۆمێنتیان بکەم.

گرنگە خەڵک و حکومەت بزانن کە کولتوور وەک قەڵایەکی گەورە وایە کە بتوانین خۆمان لەنێویدا بپارێزین و لەنێو نەچین.

ساڵح نەمر لە سوێدەوە لە رێگەی سکایپ باسی چالاکییەکی کرد کە بڕیارە رۆژی شەممە دەستپێبکات و گوتی" فێستیڤاڵ و چالاکییەکی هونەرییە لە شاری مالمۆ لە باشووری سوێد بەڕێوەدەچێت و تاوەکو 18ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، کە تێیدا بەشی کوردی لە چالاکییەکەدا بەشدارە".

ساڵح نەمر گوتیشی" لە چالاکییەکەدا 11 هونەرمەندی کورد بەشدارن و پێکهاتوون لە 8 پیاو و 3 ژن و لە ماوەی چوار بۆ پێنج رۆژدا کارە هونەرییەکانی خۆیان نمایش دەکەن".