فیچەر - لە بەعشیقە وانەی ئایینی ئێزدی بە منداڵان دەگوترێتەوە

فیچەر - لە بەعشیقە وانەی ئایینی ئێزدی بە منداڵان دەگوترێتەوە

لە بەعشیقە قوتابخانەیەکی ئایینی ئێزدی کراوەتەوە کە منداڵانی ئێزدی فێری وانەی ئایینی ئێزدی دەکات. منداڵەکان بە جلوبەرگی رەسەنی کوردی ئێزدی دەچنە قوتابخانە، لەوێ فێری بەیت و قەول و تێکستی ئایینی ئێزدی دەکرێن.

ئەیراس فیراس، قوتابییەکی کوردی ئێزدییە هەموو رۆژێک سەردانی قوتابخانەکە دەکات و وانەکان دەخوێنێ ''لێرە فێری رەوشت و رێزگرتن دەبین، فێرمان دەکەن چۆن رێز لە کەسانی لەخۆمان گەورەتر بگرین''. 

دڵزاد دەروێش، یەکێکی دیکەیە لە قوتابییەکان و دەڵێ ''لێرە فێری دووعا و سەبق و قەول دەکرێین، ئێواران شەرعی قوبەمان فێردەکەن. دەمانبەنە لالش و تەریقەتی حەجمان فێردەکەن''.

سێ کەسایەتی ئایینی ئێزدی ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە بە خۆبەخش ئەم قوتابخانەیەیان کردووەتەوەو وانە دەڵێنەوە. ئامانجیان بەهێزکردنی بیروباوەڕی ئایینی ئێزدییە لەنێو منداڵانی ئێزدی.

قەواڵ قاید، یەکێک لە مامۆستاکانە و دەڵێ ''داوای قوتابخانەیەکی تایبەت بە منداڵانی ئێزدیمان کردووە، نووسراوێکیشمان کردووە بۆ حکومەت بۆ ئەوەی بۆمان دروستبکەن''.

لەم قوتابخانەیە نزیکەی 200 قوتابی کوردی ئێزدی هەن کە لە تەمەنی 5 ساڵی تاوەکو 13 ساڵین.