فیچەر – چاوەڕێی گەڕانەوەی براکەمم

فیچەر – چاوەڕێی گەڕانەوەی براکەمم
ئەمە چیرۆکی سەربازێکی عێراقی کوردە بەناوی قادر کەریم،  لە ساڵی 1988 لە جەنگی عێراق و ئێران دەستگیرکراوە.

ئەوکات قادر کەریم تەمەنی 33 ساڵ بووەو سێ مانگ بوو ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو. بەڵام بە دیل دەکەوێتە دەستی سوپای پاسدارانی ئێران و تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.

(مستەفا کەریم) برای قادر کەریم چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوەو دەڵێ ''لە گرتە ڤیدیۆییەکدا دەردەکەوێت کە دەستی بەرزکردووەتەوەو بە دیلگیراوە، هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە، بەڵام هیوامان هەیە کە مابێت''. 

قادر کەریم پێش ئەوەی بە دیل بگیرێت ئۆتۆمبێلێکی بە دیاری پێدراوە، تاوەکو ئێستا براکەی ئەو ئۆتۆمبێلەی بۆ پاراستووە، دووکانێکی لە چەمچەمال بەکرێ بۆ گرتووەو لەوێ رایگرتووە.

قادر کەرم، پێش ئەوەی بە دیل بگیرێت، ئۆتۆمبێلێکی بەرازیلی لە ساڵی 1986 بە دیاری وەرگرتووە، تاوەکو ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلە لەلای براکەی پارێزراوەو دەیەوێ لەکاتی ئازادکردنی براکەی دووبارە بە دیاری پێیبداتەوە.
مستەفا کەریم دەڵێ ''دووکانێکم بۆ ئۆتۆمبێلەکە بە کرێ گرتووەو لەناوی پاراستوومە، تاوەکو ئێستا 12 هەزار دۆلارم داوەتە کرێی دووکانەکە''.