فیچەر | میوزیکی کوردی لەنێو ئۆرکێسترای ئۆزبەکستان

فیچەر | میوزیکی کوردی لەنێو ئۆرکێسترای ئۆزبەکستان
میوزیکی کوردی لەنێو ئۆرکێسترای ئۆزبەکستان
لە فیلارمۆنیکی ئۆزبەکستان، میوزیکژەن و ئاوازدانەرانی ئۆزبەکی میوزیکی کوردی نوێدەکەنەوە. ئەوان میوزیکی فۆلکلۆری کوردی نوێدەکەنەوەو لەلایەن ئۆرکێسترای سەمفۆنیای ئۆزبەکی دەژەنرێت.
 
فیلارمۆنیکی ئۆزبەکستان لە ژێر چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری ئۆزبەکستان دامەزراوە. دەیان گروپی گۆرانی و سەما و چەندین ئۆرکێسترای جیاواز هەیە.
 
ئاوازدانەری ئۆزبەکستان ئومێدجان حەبیبوڵڵایێڤ سێ ساڵ لەمەوبەر بە هاوکاری موزیکژەنێکی کورد سەدان گۆرانی کوردی بۆ ئۆرکێسترای سەمفۆنی ڕێکخست.
ئومێدجان دەڵێ ''گەلی کورد مێژوویەکی دوو هەزار ساڵەی هەیە. خاوەنی میوزیک و کولتوورێکی زۆر دەوڵەمەندە. بێگومان میوزیکی کوردی، شێواز و ڕیتمێکی ناوازەی خۆی هەیە. کاتێک ئۆفەرەکە هاتە لای من بۆ هاوکاریکردن لە میوزیکی کوردیدا، بە خۆشحاڵیەوە ئەو ئۆفەرەم قبوڵ کرد. وە دەستم کرد بە ئامادەکردنی ئاواز و پارچە بۆ ئۆرکێسترای سەمفۆنی لەسەر بنەمای گۆرانی فۆلکلۆری کوردی. لە وەرزی یەکەمدا کارمان لەسەر 30 کاسێت کرد و زیاتر لە 100 گۆرانی کوردیمان بۆ سەمفۆنیا تۆمارکرد''. 
 
ئومێدجان بڕوانامەی خوێندنی لە ئەکادیمیای میوزیکی تاشکەند وەرگرتووە. لە ساڵانی خوێندکارییدا زیاتر حەزی لە هونەری میوزیک بووە. بەتایبەت میوزیک بۆ فیلم. کۆمپانیای ئومێدجان میوزیکی بۆ دەیان فیلمی ناوخۆیی و بیانی ئامادە کردووە.
 
 
ئامێرە فۆلکلۆرییەکانی ئۆزبەکستان خۆی بۆ کۆنسێرتەکە ئامادە دەکات. هەروەها بەرهەمێکی کوردیش لە ڕێپرتوارەکەدا هەیە.
 
شێرزۆد شاڤریکۆڤ، سەرۆکی ئۆرکێسترایە دەڵێ ''لەگەڵ مامۆستا ئومێدجان کار لەسەر میوزیکی کوردی دەکەین. میوزیکی کوردی زۆر لە ئێمەوە نزیکە. هیوادارین لەگەڵ ئۆرکێسترای ئامێرە فۆلکلۆرییەکان سەردانی کوردستان بکەین و لەبەردەم ئامادەبووانی کورد نمایش بکەین و میوزیکی نەتەوەیی خۆمان پێشکەش بکەین. هەروەها پێشکەشکردنی میوزیکی کوردی. بەهیوای ئەوەی ئەم هیوایە بێتە دی''.