فیچەر - زوبەیدا محەممەد: دەمەوێ خانەوادەکەم خۆشتر بژین

فیچەر - زوبەیدا محەممەد: دەمەوێ خانەوادەکەم خۆشتر بژین
زوبەیدا محەممەد کچێکی گەنجی شاری موسڵە، بە وشککردنەوەی میوەو فرۆشتن و دابەشکردنی بەسەر مارکێت و دووکانەکانی شاری موسڵ، هاوکاری خانەوادەکەی دەکات بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتر بەدەستبهێنن.
موسڵ یەکێکە لەو شارانەی زۆرترین خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتی تێدایە. دوای ئازادی شارەکە لە دەستی داعش کچان و کوڕان شانبەشانی گەورەی ماڵەکەیان دەستیان بە کار کردووە.
زوبەیدا محەممەد دەڵێ ''دەمەوێ ژیانێکی خۆشتر بۆ خانەوادەکەم فەراهەم بکەم''.
زوبەیدا هەموو رۆژێک دەچێت بازاڕ و جۆرەها میوە دەکڕێت، بەتایبەت ئەوانە دەکڕێت، کە لەلایەن کڕیارانەوە زۆرتر دەکڕێن. دواتر لەماڵەوە بەهاوکاری خوشکێکی وشکیان دەکاتەوە. زوبەیدا دەڵێ ''هەموو جۆرەکانی سێو، ئەناناس، مانگۆ دڵخوازی خەڵکن و بەردەوام خواستیان لەسەرە''.
زوبەیدا زەرفی تایبەت بەخۆی دروستکردووەو لە هەر مارکێت و دووکانێکی موسڵ میوە وشککراوەکانی دەناسرێنەوە ''زەرفی کاخەزم بۆ میوەکانم دیاریکردووە، چونکە نامەوێ ژینگەی شارەکەم پیس بکەم''.
ئەمە ژیانی بەشێکی زۆری کچ و کوڕی موسڵە، دوای گەڕانەوەیان لە ئاوارەیی و ئازادکردنی موسڵ، بەم شێوازە هاوکاری خانەوادەکانیان دەکەن بۆ ژیانێکی خۆشتر و دەرچوون لەو بارودۆخە ناخۆشەی پێشتر تێیکەوتبوون.