فیچەر - خێزانێکی کورد سەرنجی دانیمارکییەکان رادەکێشن

فیچەر - خێزانێکی کورد سەرنجی دانیمارکییەکان رادەکێشن
کاتێک مرۆڤ دەچێتە ماڵی مەلەک موختاری شێوەکار لە دانیمارک، هەستدەکات هاتووەتە نێو بەهەشتێکی هونەری. ئەو هونەرمەندە عەفرینییە بەدەم کێشانی تابلۆکانیەوە گۆرانیی دڵڕفێن دەڵێت. هاوژین و کوڕەکەشی بە میوزیک هاوڕێیەتیی دەکەن. 
من مەلەک موختارم، خەڵکی عەفرینم، ماوەی 10 ساڵە لە دانیمارک دەژیم، من زۆر پێشانگام کردوونەتەوە، یەکەم پێشانگام لە دانیمارک کردەوە، دووەم پێشانگام لە ئەڵمانیا بوو، لە زۆر شار، وەک شتوتگارت، هامبۆرگ و بۆن..، دوای ئەویش لە مۆزەخانەی ستراسفۆر لە فەرەنسا کردەوە، پاشان چوومە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان و لەوێ پیشانگایەکم کردەوە، من خۆم لەمەدا دەبینمەوە.
زۆر جار پرسیارم لێدەکەن، بۆچی رەنگی خۆڵەمێشی بەسەر تابلۆکانتدا زاڵە، پێیان دەڵێم ئەمە رەنگدانەوەی ئەو ژیانەیە کەمن تێیدا دەژیم، من لە دانیمارک دەژیم لێرە رەنگەکانم خۆڵەمێشین، هەمووی بەستووەو تەنانەت دارەکانیشی من بە رەشی دەیانبینم، بۆیە کاریگەری کەشی ئێرە رەنگدانەوەی زۆری بەسەر رەنگەکانی تابلۆکانمدا هەیە، بۆیە من رەنگی خۆڵەمێشی و رەش لە زۆربەی تابلۆکانمدا بەکاردەهێنم و گوزارشتەکانم پێی دەردەبڕم، من خۆم لە قوتابخانەی گیدا دەبینمەوە، چونکە پێموایە نزیکە لە رۆحمەوە لە میوزیکمەوە لە نۆتەکانمەوە.
دەمێکە من دەستم بەکارێکی نوێ کردووە، بە عەرەبی پێی دەڵێن(کائینات ملک موختار) من وەک کائیناتەکانی خۆم دەیانبینم، بۆیە من لەسەر تابلۆکانم دەیاننەخشێنم، کە پرۆژەیەکی خۆمە و کاری لەسەر دەکەم.

زۆر کەس پرسیارم لێدەکەن باسی تابلۆکانت بکە و بۆمان روونبکەوە، منیش وەڵامیان دەدەمەوەو دەڵێم، هەندێجار تابلۆکار لەبەردەم تابلۆکەی دادەنیشێت و نازانێت چی لێبکات، بەڵام دواتر رەنگەکانی و ریشەو هێڵەکانی دەبن بە جیهانێکی دیکە، بۆیە کاتێک بەو رەنگ و ریشاڵ و هێڵانە دەچینە نێو جیهانێکی دیکە دەبینین شتێکی نایابی لێدروست دەبێت و کائیناتەکانی منی لێدەردەکەون، واتە خۆم ناوم ناون کائینات.
من زەیت و ئاو بەکاردەهێنم و کارلێکیان پێدەکەم، بەڵام زیاتر حەزم لە بەکارهێنانی زەیتە.
وەلید حەمۆتۆ ، هاوژینی مەلەک موختار:
"ماوەی 25 ساڵە لەگەڵ مەلەک پێکەوە دەژین و دەستمان لەناو دەستی یەکە و من پاڵپشتی دەکەم و ئەویش پاڵپشتیم دەکات لەکاری میوزیکدا، من لێرە چالاکیم هەیە.  پشتگیری و هاوکاریی مەلەک دەکەم لە کردنەوەی پێشانگەکانی ئێمە پێکەوە سەربڵندین، ئێمە منداڵێکمان هەیە بەناوی عەلی شێر ئەویشمان فێری میوزیک کردووە و بەشێوەیەکی ئەکادیمی ئێستا میوزیسمانە و  رۆحی ئەو لە رۆحی ئێمە نزیکە، ئێمە هەموومان رۆحێکین لە ماڵێکدا، من زیاتر کاری میوزیک دەکەم، بەتایبەتی ئەو ئامێرانەی فوویان پێدا دەکرێن، وەک باڵەبان و دوودووک، عەلی کوڕیشم ساز دەژەنێت و مەلەکی هاوژینیشم گۆرانی دەڵێت، کاتەکانمان بەو جۆرە بەسەر دەبەین، هەندێکجار مەلەکیش ئامێر دەژەنێت وەک دەف".
عەلی شێر حەمۆتۆ ، کوڕی مەلەک موختار:
"لەوکاتەی من هاتوومەتە دونیاوە لەنێو میوزیکدا گەورەبووم، دایک و باوکم زۆرهانیان دام و فێریان کردم، باوکم بەشێوەی ماددی و مەعنەوی و هەروەها وەک مامۆستایەک لەپشتم بوو بۆ فێربوونی میوزیک بەشێوەی ئەکادیمی، هەروەها دایکیشم بەهەمان شێوە، بۆیە کاریگەری ئەوان زۆر لەسەرم هەبوو، کاتێک دەێینەوە ماڵەوە پێکەوە هەموو شتێک وەلا دەنێنین  و گۆرانی دەڵێن و ئامێری میوزیک دەژەنین و کەشێکی خۆش دروست دەکەین".